نەتەوە یەکگرتوەکان: لەساڵی ٢٠٢١دا هەژارترو نەخوێندەوارو بێهیواتر بوین
  2022-09-09       1907       

ئا: ئاوێنە

 

لەساڵی ٢٠٢١دا کوالیتی ژیان‌و گەشەسەندنی مرۆیی لە ٩٠٪ی وڵاتان بەرەو دابەزین دەچێت، پێوەری گەشەپێدانی مرۆیی بەرنامەی گەشەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکان باس لەوە دەکات کە خەڵک هەژارترو نەخوێندەوارو بێهیواتر بون.

 

ڕاپۆرتی بەرنامەی گەشەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بەپێوەرەکانی گەشەپێدانی مرۆیی لەساڵی ٢٠٢١ بڵاوکرایەوە، هۆشداری دەدات لەوەی چەندین قەیران رێگری لەپێشکەوتنەکانی گەشەپێدانی مرۆیی دەکەن کە لەزۆربەی هەرە زۆری وڵاتاندا لەپاشەکشەدایە، ئەم ڕاپۆرتە دەریدەخات کە دۆخی ژیان لەهەر ١٠ وڵاتێکدا لە٩یاندا خراپتر بوە.

 

راپۆرتی گەشەپێدانی مرۆیی ساڵی 2021/2022 بەناوی "کاتێک بەبێ دڵنیایی، ژیان بەبێ سەقامگیریی: داڕشتنی داهاتوومان لەجیهانێکی گۆڕاودا"، وێنەیەک لەکۆمەڵگەیەکی جیهانی دەکێشێت کە لەقەیرانێکەوە بۆ قەیرانێکی دیکە مل دەنێت‌و زیاتر بەرەو مەترسی بێبەشبوون‌و کوێرەوەری‌و بێهیوایی دەچێت.

 

پەتای کۆڤید-١٩و لەشکرکێشی روسیا بۆ سەر ئۆکرانیا لەپێشەنگی ئەو روداوانەدایە بونەتە هۆی پەککەوتنی گەشەی مرۆیی جیهانی، هەروەها گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتی‌و ئابورییە بەرفراوانەکان‌و گۆڕانکارییە مەترسیدارەکانی کەشو‌ هەوای ئەم هەسارەکان‌و زیادبون‌و جەنگ‌و بەرفراوانبونەوەی ململانێ‌و جەمسەرگیرییەکان.

 

جگە لەوەش راپۆرتەکە ئاماژە بەگەشەسەندنی ڕەشبینی لەسەرانسەری جیهاندا دەکات، کە لەکۆی حەوت کەس شەش کەس هەست بەنائەمنی دەکەن‌و یەک لەسەر سێی خەڵک متمانەیان بەیەکتر نییە.

 

لەساڵی ١٩٩٠ەوە کە ئەم پێوەرە رەچاوو ئەندازەگیریی دەکرێت، هەمیشە لەبەرزبوونەوەدایەو بۆ یەکەمجار لەساڵی ٢٠٢٠و دواتر لەساڵی ٢٠٢١ دابەزیوە. بەپێی بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گەشەپێدان، ئەمە مانای ئەوەیە کە دەستکەوتەکانی پێنج ساڵی رابردو لەدەستچوە.

 

ئاخیم شتاینەر، سەرۆکی بەرنامەی گەشەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکان بەئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاندوە "دابەزینی بەرچاوی پێوەرەکانی گەشەپێدانی مرۆیی لەساڵی ٢٠٢١دا، لەدوای ئامادەکردنی یەکەم ڕاپۆرتی ئەم پێوەرە لەساڵی ١٩٩٠، بێ وێنە بوە، دابەزینی ئەم پێوەرە بەو مانایەیە کە زوتر دەمرین، کەمتر دەخوێنین‌و داهاتمان کەم دەبێتەوە، بە بەردەوامی تێچوی ژیان‌و نرخی وزە بەرزدەبێتەوەو دەرئەنجامی ئەمانەش گەشەسەندنی هەستی نائومێدی‌و توڕەیی‌و ترس لەداهاتووەو جیهان لەقەیرانێکەوە بەرەو قەیرانێکی تر دەچێت".

 

لە گەورەترین قەیرانی داراییدا کە نزیكەی 10 ساڵ لەمەوبەر رویدا، ئەم پێوەرە تەنها لە 1%ی وڵاتاندا دابەزی، بەڵام لەنوێترین راپۆرتدا لە 90%ی وڵاتاندا دابەزیوە.

 

بەپێی راپۆرتی بەرنامەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ گەشەپێدان لە ساڵی 2021دا، سویسرا بەرێژەی 0.962 لەرووی گەشەسەندنی مرۆییەوە لەبەرزترین پلەدایە لەلیستی 191 وڵاتدا، دوای ئەوە نەرویج و ئایسلەندا دێن.

 

لەیەکەمین پێوەری گەشەپێدانی مرۆیی کە لەساڵی ١٩٩٠ بڵاوکرایەوە، ئەمریکا بەرزترین پلەی بەدەستهێنا بو، بەڵام ئێستا ئەم وڵاتە بۆ پلەی ٢١ دابەزیوە.

 

نزمترین وڵاتان لەڕووی گەشەسەندنی مرۆییەوە بریتین لەنیجیریاو چادو باشوری سودان.

 

بۆ دیاریکردنی پێوەرەکانی گەشەپێدانی مرۆیی کە لەساڵی ١٩٩٠ەوە پەیڕەو دەکرێت، جگە لەداتاکانی پەیوەست بەگەشەی ئابوری، هۆکارەکانی وەک درێژیی تەمەن‌و بەرزیی داهات‌و ماوەی خوێندنیش رەچاو دەکرێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×