بەهرۆز جەعفەر
پوختەیەک
هەموو نوخبەیەکی سیاسی ئەو ڕاستییە ئەبینێت کە کۆماری ئیسلامی ئێران دەوڵەتێکی ناوچەیی گەورەیە. لە ئێراندا، دەوڵەتی قووڵ و دەستوەردان لە دەرەوەی خۆی ڕیشەیەکی کۆنی هەیەو ئەگەڕێتەوە بۆ نزیک (1000) ساڵ لەمەوبەر، کە سەردەمێک حوکمڕانی خۆیان گەیاندۆتە میسر، تونس و مەغریبی عەرەبی. ئەقڵی دەوڵەتیی لە ئێراندا ئەوەندە بەهێزە کە لایەنی کەم لە ئاسیادا کەم وێنەیە، بەو پێیەی بۆ هەموو ڕووداو و سیناریۆیەک کە هێشتا زۆری ماوە ڕووبدات، ئەوان کارت و بژاردەی لە قوتونراویان ئامادەیە، تاوەکو لە کاتی پێویستدا دەستی بۆ ببەن. ئێران لە عێراقی دوای ڕووخانی سەدام حوسەین (2003) دا، هەژمون و دەستوەردانەکانی ئەوەندە زۆر بوە، کە وێنەکانی خامەنەئی و قاسمی سولەیمانی بە شانازییەوە لە شەقامەکانی عێراقدا هەڵواسراون. ئایا لەڕاستییدا ململانێی نێوان حەوزە ئاینییەکانی نەجەف و قووم لە کوێوە هاتوەو بەرەو کوێ ئەچێت؟ کورد چۆن ئەم ڕووداوانە بکاتە بەردەبازێکی گەورەو، وەبەرهێنانی سیاسی و ئابوری و دیبلۆماسی و ئەمنی لەسەر بکات؟
یەکەم / تێگەیشتن لە ڕیشەی ململانێکان بنەمای بونیادنانی دیدگایەکی نوێیە
چیرۆکەکە لە دوای کۆچی دوایی پەیامبەری ئیسلام (د.خ) تا ئیمڕۆکە هەر هەموی لە دەوری "دەستەڵات" ئەخولێتەوە، کێ خەلیفەو ئیمام بێت؟ بەیعەت بە کێ بدرێت و نەدرێت؟
ئیمام جەعفەری سادق (699- 765 م) ئیمامی شەشەمی شیعەکان بو، لەسەردەمی ئەودا ئەو پرسە بەتەواوی قەدەخەکرا کە ئیمام و مەرجەعی شیعەگەرایی دەستوەربداتە سیاسەت و کاروباری سیاسی. ڕابەرو ڕێبەری شیعە پێویستە خەریکی زانستی فیقهو کەلام و کاروباری ئاینەکەیان بن بە گشتی نەک سیاسەت. ئیمام جەعفەر بە پێنج پشت ئەچیتەوە سەر ئیمامی عەلی. خاوەنی (8) کوڕو (3) کچ بوە. دیارترینیان ئیسماعیل و موسای کازم بوە. لەسەردەمی ژیانی خۆیدا یەکێک لە کوڕەکانی "ئیسماعیل" مردووە. کەچی یەکێک لە کوڕەکانی ئیسماعیل ناوی "محەمەد ئەلمەکتوم- مەکتوم نازناوە واتە بێدەنگ"ە و، بانگەشەی ئەوە ئەکات کە باوکی نەمردوەو خۆی شاردۆتەوە! وەک بەڵگەش کاخەزێک ئەهێنێت، ئیتر دوای ئەویش کوڕاو کوڕ فێربون هەریەکەو نامەیەکیان ئەهێناو ئەیانگوت "ئیسماعیل" ی باوک و باپیرمان نەمردوەو ماوە. تاوەکو پێگەو دەستەڵات وەربگرن! دواتر ئەمە سەری کێشا بۆ دابەشبونی ڕێرەوی شیعەی (دوانزە ئیمامی- کە ئیمام جەعفەر ئیمامەتی ئەکرد) لەگەڵ هاتنی شیعەی ئیسماعیلی کە پەلهاویشتن و دەستوەردان لە سیاسەت ئەجێنداکەیان بوە.
بەشێوەیەکی گشتی، هەر لە ئیمام جەعفەری سادقەوە "مەرجەعییەت" لە شیعەدا دەستوەردانی لەسیاسەت دا حەرام و قەدەخە کردوە تا ئەو ڕۆژەی "شا" لە ئێران ڕووخاو، "ئیمام خوموینی" لە دوای ساڵی (1978) ەوە هات، فتوای دا کە ڕابەر و مەرجەعییەتی قووم پێویستە دەست لە کاروباری سیاسەت وەربدەن و، ڕێبەرایەتی پرۆسە سیاسییەکان بکەن.
دووەم/ ململانێی حەوزە ئاینییەکان لە بنەڕەتدا سیاسییە
لە فیکری سیاسییدا، هەمیشە جڤاتەکان بۆ ئەوەی بیانوی "بوون"ی خۆیان بۆ خەڵک و جیهانی بەرانبەر بسەلمێنن، پێویستییان بە حیکایەتێک، یان پرسێک هەیە. ئەم نەرەتیڤە "حیکایەت" ە بوونی ئەوان وەک بیروباوەڕێک لە گۆڕەپانەکەدا ڕائەگرێت. ئیتر هەیە بەناوی ژینگەوە، هەیە لیبراڵ-دیموکراتە، هەیە سۆشیال- دیموکراتە، هەیە کۆمۆنیست، هەیە بەناوی بیروباوەڕی ئاینییەوە، هەیە مانگایەک ئەکات بە سلۆگەن و بابەتی خۆی، هەیە بۆق و هەشە لەگەڵ خیتابەکەی خۆی بە پێی ڕۆژگار ئەگۆڕێت...
حەوزەی نەجەف، جگە لە پێگە جوگرافییەکەی، بە قەت مێژووی بونی شیعە کۆنە. یەکەمین مەڵبەندی ئاینی و فیکری و پەروەردەیی شیعەکانە کە لێوەی بریسکەیان داوە بۆ تەواوی دونیا.
شیعە بە گشتی بە 12 ئیمامی ناسراون كە بریتین لە:
1- عەلی كوڕی ئەبوتالیب 2- حەسەن كوڕی عەلی 3- حوسێن كوڕی عەلی 4- عەلی كوڕی حوسێن زەینولعابدین 5- محەمەد كوڕی عەلی باقر 6- جەعفەر سادق7- موسا كازم 8-عەلی رەزا 9- محەمەد جەواد 10- عەلی هادی 11- حەسەن عەسكەری 12- محەمەد مەهدی مونتەزیر.
لێرەدا، شیعە پێیانوایە "مەهدی مونتەزیر" كە ئیمامی دوانزەیەمینە ڕۆژێک دێت و لە بێدادی و ستەم و چەوسانەوەو گەندەڵی قوتاریان دەكات.
کاتێک ئیمامی یانزەهەم "حەسەن عەسكەری" لە ساڵی 260ی كۆچیدا ئەمرێت، لە سامەرا مقۆ-مقۆ سەری هەڵدا كە كێ شوێنی بگرێتەوە؟ هەندێ پێیان وایە كە مەهدی شوێنگرەوەیەتی، بەڵام باوكی لە ترسی كوشتنی شاردوویەتیەوە، بۆیە ئێستا زیندووەو كاتێ گەندەڵی و ستەم لە دنیادا بڵاودەبێتەوە، ئەو پەیدادەبێت و جیهاد دەكات و دادپەروەری لە سەر زەوی بڵاودەكاتەوە (دوور نییە ئەم گروپە شیعانەی عێراق بە ئەنقەست گەندەڵی و چەوسانەوەی زۆریان کردبێت لەعێراقدا بۆ ئەوەی ئیمام مەهدی بێتەوە دۆخەکە چاک بکات!). لەمدواییە کە خومەینی هات، تەماشای کرد هاتنی مەهدی زۆری پێ ئەچێت و درێژەی كێشاوەو رەنگە سەدەها و هەزارەها ساڵی تریش هەر نەیات! بۆیە خۆی خستە جێگەی مەهدی و بەناوی چاککردنی جیهانی شیعەوە ڕێبەرایەتی سیاسەتی خستە ئەستۆی خۆی.
سێهەم/ بۆچی حەوزەی نەجەف ناچێتە ژێر باری حەوزەی "قووم" ەوە؟
مەسەلەکە لە سەرەتاوە بۆ کۆتایی پرسی هەژمونگەرایی و دەستەڵاتە. لێرەدا دوو ئارگیۆمێنت هەیە:
1/ فاتمییەکان بنەماڵەیەکی دەستەڵاتخوازی شیعەی ئیسماعیلی - ئێران بوونە، لە ماوەی ساڵەکانی (900- 1170ز) دا حوکمی شام و میسر و تونسیان کردووە، ماوەیەکیش لە جەزائیر و مەغریب فەرمانڕەوا بوون، تەنانەت لە باکوری سودانیش لایەنگر و جەماوەریان هەبووە. ئەمەش لە ڕێگەی بانگەواز و داعییەکانەوە. بەتایبەت کەسێکی ئێجگار کاریگەری ئەم بانگەوازخوازییە "حەسەنی سەباح" کە لە مێژووی ئیسلامیدا زۆر قسەوباسی لەسەرە، هەر لە قەزوین و مازندەرانەوە تا باکوری ئەفریکا زیرەکانە کاری لەسەر بڵاوکردنەوەی شیعەی ئیسماعیلی کردووە. حەسەنی سەباح سەر بە بنەماڵەی "حەششاشەکان" بووە! دوای ئەوەی نەوەکانی ئیسماعیلی کوڕی جەعفەری سادق ئەچن لە میسر و تونس و مەغریب دەوڵەت دروست ئەکەن، حەسەن سەباحیش لە ئێرانەوە ئەڕوات بۆ ماوەی دە مانگ دەورەیەک لە قاهیرە ئەبینێت، ئینجا ئەگەڕێتەوە ئێران دە ساڵ ئەگەڕێت، تا قەڵایەکی سەخت بەناوی "ئەلەموت" ئەدۆزێتەوەو ئەیکڕێت، لەوێ دەست ئەکات بە پەروەردە کردن و ڕاهێنانی خەڵک، گەنجانی تەمەن (14) ساڵ و خوارتریش ئەکڕێت، دوای چەند ساڵێک بانگی فێرخوازەکان ئەکات حەشیشەو ماددەی هۆشبەریان پێ ئەدات، ئەڵێت "دەتان نێرم بۆ بەهەشت"، سەرچاوە مێژووییەکان (بەتایبەتی مارکۆپۆڵۆ) باس لەوەش ئەکات لە خواری قەڵاکەشەوە نزیکەی (70) ئافرەتی جوانی داناوە، ئینجا کە گەنجەکان ئەهاتنەوە هۆشی خۆیان لەناو چەندین حۆری و ئافرەتی جواندا خۆیان ئەبینیەوە. ئیتر بەم جۆرە لەسەر ئەو قەڵایەوە لەناوچەی قەزوینەوە فەرمانڕەوایی زۆر ناوچەی دونیای کردووە.
ئێران و ئێرانییەکانی ئەمڕۆ ئیلهام و بەهرەیان لەوەوە وەرگرتووە کە لە دەرەوەی خۆیان دەست بە هەژموونی شیعەگەرییەوە بگرن، لەو پێناوەشدا کاری سەیرو جۆراو-جۆر ئەکەن. لەسەردەمێکدا کە "سەڵاحەدینی ئەیوبی" پایتەختی فاتمییەکانی لە قاهیرە گرت، حەسەنی سەباح دوو جار هەوڵی کوشتنی سەڵاحەدینی لە حەلەب و قاهیرەداو، سەرکەوتوو نەبوو. لەسەردەمی ئەمڕۆشدا، لە سوریاو عێراق و یەمەن زۆر زیرەکانە کار لەسەر هەڵکەندنی ڕەگەز و تایەفەکانی تر ئەکەن و، نەخشەی ئیتنی لە بەرژەوەندی ئێران ئەگۆڕن. ئەگەر بەووردی تەماشا بکەیت، لە دامەزراندنی حیزبی دەعوەو ناو-لێنانەکەیەوە لە ساڵی (1956) ەوە تا ئەمڕۆش بەو ڕێچکەو کاری بانگەوازییەدا ئەڕۆن کە ئێران کاری لەسەر ئەکات.
2/ هەرچی حەوزەی نەجەفە، تەنانەت لە ڕۆژگاری سەختی سەردەمی بەعس دا ئامادەبون لەژێر دەستی سەددام حوسەین و سەرکردایەتی بەعس و ناسیۆنالیزمی سووننی دا بیگوزەرێنن، نەچوون بۆ ئێران و ملکەچی حەوزەی قووم نەبوون لە تاران. سەید عەلی سیستانی لە مەرجەعیەتی نەجەفەوە بڕوای بە ویلایەتی فەقیهی ئێران نییە، بەلای ئێرانیشەوە عەلی سیستانی مەرجەعی ئینگلیزەکانە نەک شیعە. ڕەوتی سەدرو حەوزەی نەجەف وای ئەبینن، کە نەجەف و کەربەلا لە بنەڕەتدا هەموویان ئالوبەیتن و، نەوەی پەیامبەر (د.خ) ن، "پەیامبەر" ی خوداو "حوسێن" ش لە ئێران و قووم نەبووە، بەڵکو لە عێراق و نیمچە دوورگەی عەرەبی دا بووە.
ئیتر لێرەوە، ئەوە هەیە کە عێراق لە ژێر چنگی ئێران دەربهێندرێت و، بگەڕێتەوە باوەشی جیهانی عەرەبی. لێرەوە پاڵپشتی و دەستوەردانەکانی کەنداو بە تایبەتی سعودییە هەیە، کە وەک پێویست دیار نییە موقتەدا سەدر و جموجوڵەکانی بەرەو کوێ ئەبەن؟!
چوارەم/ موقتەدا سەدر و ڕێگە سەختەکان
- سەدر لە هەڵبژاردنی پێشوەختی ساڵی (2018)ەدا زۆرینەی دەنگەکانی بە (54) کورسی بردەوە، نەیانهێشت حکومەت پێک بهێنێت.
- هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئۆکتۆبەری 2021 یشی بە زۆرینەیەکی بەرچاو بردەوەو، بەرانبەرەکانی کە نزیکەکانی ئێران بوون، بە شێوەیەکی بەرچاو تێکشکان.. سەدر (73) کورسی بە دەستهێنا، لەگەڵ زۆرینەی سووننەکان و زۆرینەی کورددا ڕێککەوت، بەڵام جەمسەرە نزیکەکانی ئێران کە هەیانە تەنها (1) کورسی یان (2)ٚ کورسی هێناوە قسە لەسەر بابەتی گەورە ئەکات و، ڕێگر بو لەوەی موقتەداو هاوپەیمانەکانی حکومەت پێک بهێنن!
- سەدر هەنگاوی جۆراوجۆری بۆ پێکهێنانی حکومەت لەڕێگەی پەرلەمانەوە هەڵنا، پەکیان خست. دەرفەتی چل ڕۆژی بە بەرانبەرەکانی دا هەر نەیانتوانی حکومەت پێک بهێنن. دەرفەتی دا بە سەربەخۆکان ئەوانیش نەیانتوانی حکومەت پێک بهێنن. لە پەرلەمان کشانەوەو دەستلەکارکێشانەوەیان پێشکەش کرد. خۆپیشاندان و نوێژی ملێونی و سەدان هەزاریان کرد، ئینجا لایەنگرەکانی دەستیان بەسەر بینای پەرلەمان و هەندێ دامەزراوەدا گرت. هەر سوودی نەبو!
1. 4 . ئێران و وەشاندنی گورزێکی کاریگەر
ئێران، گورزێکی کاریگەری لە شوێنێکی کاریگەر وەشاند. ئەوەش دەستلەکارکێشانەوەی "کازمی حائیری " بو، وەکو مەرجەعی موقەلەدی سەدرییەکان کە خەڵکی عێراقەو لە تاران دائەنیشێت، لەکاتێکدا ئەوە یەکەمجارە لە مێژووی شیعەدا مەرجەع دەستلەکار بکێشتەوە! حائیری داوای لەلایەنگرانی سەدر کرد "لەمەولا وەلائیان بۆ خامەنەئی دەرببڕن، نەک سەدر". سەدر هەر هەمان سات و ڕۆژ لە (29 ی ئابی 2022 ) دا دوو ڕێگەی لەبەردەست بو، یان خۆ-ڕادەستکردن (جۆرێکە لە خۆ-لەناوبردن)، یان کاردانەوەی زۆر بەهێز و خێرا بۆ ئەوەی لە کاریگەری گورزە کوشندەکە کەم بکاتەوە، دووەمیانی هەڵبژارد بەم شێوەیە:
٭ وەک پیشەی خۆی تویتێکی کرد و، ئەو پەیامەی دا کە ئەم سەرکردایەتییە هی شیعەی عێراقە نەک ئێران، لە باوکمەوە ئەم هێزەم بۆ ماوەتەوە نەک کەسی تر.
٭ دەستی لەکاری سیاسیی کشاندەوە، بۆ ئەوەی چاوی میدیا و ڕای گشتی لەسەر ئاکتەکەی ئەو بێت نەک ئێران و دەستلەکارکێشانەوەی مەرجەعی سەدرییەکان لە تاران.
٭ بە ناڕاستەوخۆ هێزەکانی خۆی و جەماوەرەکەی هاندا بۆ ئەوەی دەست بەسەر هەموو دامودەزگەو سەرۆکایەتییە عێراقییەکاندا بگرن. کردیان. بەڵام سەرکەوتوو نەبون لەوەی کودەتاکە بکەن، تا بڵێن ئەمە شۆڕشی جەماوەرە و، دواتر سەدر بێتەوە ناو گۆڕەپانەکە بڵێت "لەسەر خواستی هاوڵاتیان هاتومەتەوە بۆ فەرمانکردن بە چاکە و نەهی کردن لە خراپە". بۆیە ڕۆژی دواتر دوای کوژرانی (30) کەس و برینداربونی سەدان کەس، هاتنە سەرهێڵی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی (هەریەکەو بە پێی بەرژەوەندی و ئەجێندەی خۆی)، ئیتر سەدر بە توڕەییەکەوە لە جەماوەر و هێزەکانی خۆی دەرکەوت و، کشاندنیەوە.
پێنجەم/ کورد لە ناو ڕووداوەکاندا.. بکەر دیارە یان نا دیار!
بەردەوام ئاڕاستەیەک هەیە لە ناو سەرکردایەتی سیاسی کورددا ئاوها قسە ئەکات: " ئێمە نابێت ببینە بەشێک لەم ململانێیانەی لەناو شیعەو لە عێراقدا هەن". لە کاتێکدا ڕاستەوخۆ ئەم ڕووداوانە لە ڕووی سیاسی وئابوری و ئەمنی و دیبلۆماسی و میدیاییەوە کاریگەری هەبوەو هەیە لەسەر هەرێمی کوردستان. لە کاتێکدا کورد لەناو ئەم ڕووداوانەدا دابەشبووە بەسەر تەیار و ئیتاردا.
بە کورتی، کوردیش پێویستی بە حیکایەتێک، پرسێک، چەند کارتێک هەیە بەردەوام بیڕێسێت و بیڵێتەوە، بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان پێگەکەی بەهێزتر و خەڵکەکەی لە سەقامگیریی زیاتر دا بمێننەوە:
٭ پێویستە ئەنجومەنێکی سیاسی و دیبلۆماسی و ئەمنی هاوبەش لە کەسانی خاوەن متمانەو کارامە لە کوردستانی عێراق دروست بکرێت. بۆ ئەوەی خێرا لەگەڵ ڕووداوەکاندا بێنە دەست.
٭ پێویستە کورد لەسەر بنەمای نەوت و گاز، لەسەر بنەمای بەگژاچونەوەی تیرۆر، لەسەر بنەمای ئەو ستەمە مێژووییەی لە دوای یەکەمین جەنگی جیهانی و لە دروستبونی دەوڵەتی عێراقەوە بەرانبەری کراوە، لۆبی بۆ خۆی بکات و، خۆی بکاتە بەشێکی گەورە لە ستراتیجی بەریتانیاو ئەمریکاو فەڕەنسا.
٭ قووڵایی ستراتیجی کوردستان ناوچە کێشە لەسەرەکانە کە خاک و خەڵکی کوردستانن و بەردەوام لە ژێر هەڕەشەدان. ئەو هێڵەی لە خانەقینەوە تا داقوق و کەرکوک و تا ئەگاتە شەنگال و خانسۆر و سنوری سوریا، ماوەیەکی زۆرە ئێران بە جۆرەها ڕێگە خەریکی گۆڕینی ناسنامەی ئەو سنورانەیە. ئەکرێت ئەم هەوڵەی موقتەدا سەدر دەرفەتێکی گەورە بداتە کورد لەو ناوچانە بونێکی بەهێزتری خۆی نیشان بدات.
دەرئەنجام
ئێران، نمایندەکار و نوێنەری شیعەی هەموو جیهان بووە، لە ناوچەکەدا نزیکەی (150 - 200) ملیۆن شیعە لە ئێران و ئەفگانستان و عێراق و سوریاو لوبنان و یەمەن و بەحرەین ئاڕاستە ئەکات. بەڵام لەمەودوا ئەم باوەڕە لەق ئەبێت و، لایەنی کەم لەدوای دەرئەنجامەکانی هەڵبژاردنە پێشوەختەکەی ئۆکتۆبەری 2021 ەوە، هەروەها لەدوای هەڵوێستە ئازاکانی ئەمدواییەی سەدرەوە عێراقییەکان ئەو جورئەتەیان پەیداکردووە کە فەرمانڕەوایی خۆیان- خۆیان ئەیکەن.
ڕووداوەکان، نیشانی ئەدەن هیچ چەکێک لە بیروباوەڕ"عەقیدە" بەهێزتر نییە. ملیۆنەها کەس لە پێناویدا خۆیان بەخت ئەکەن، بە ئاماژەیەک ئەچنەوە ماڵەوەو دێنەوەو شەقامیش. لە هەموو حاڵەتێکدا ئێران وەک یەکەیەکی ناوچەیی عێراق بە کۆئەندامی هەناسەی خۆی ئەزانێت، دەیان سیناریۆی ئامادەکراوی لە ناو عێراق و لە ئێرانەوە بۆی هەیە. ئەو هەڵبەزو دابەزەی موقتەدا سەدر ئەینوێنێت لەسەر تەختەی شانۆکەدا، کەس ناتوانێت پێشبینی ئەوە بکات چی ئەکات، بەرانبەرەکانی هەمیشە خستۆتە دڵەڕاوکێ و حاڵەتی بەرگرییەوە، ئەوە دیوە ئێجگار بەهێزەکەی موقتەدا سەدرە.
کاراکتەرەکانی نزیک و زۆر نزیکەکانی ئێران "نوری مالیکی، هادی عامری، قەیس خەزعەلی، عەممار حەکیم، فالح فەیاز، لەناو کوردیشدا یەکێتی نیشتیمانی کوردستان" بەنزیکەیی هەموو جومگە ئیداری و ئەمنی و سەربازی و دارایی و سیاسییەکانی عێراقیان بەدەستەوە بوە. بەڵام سەدر بەگژی هەر هەمویاندا چویەوە، بە گژی ئێرانێکدا چووەوە کە ئەمریکا لە هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بە دەستییەوە گیری خواردوە.
بەهرۆز جەعفەر / دکتۆرا لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، دامەزرێنەرو بەڕێوەبەری پەیمانگەی میدیتریانە بۆ توێژینەوەی هەرێمایەتی-MIRS