ئا: ئاوێنە
رۆژی دوشەممە، سێ روداوی چاوەڕواننەکراو، بەڵام مێژوویی عێراقی گرتەوە: ئایەتوڵڵا کازم حائیری رەخنەی لەموقتەدا سەدر گرتو دەستی لەمەرجەعیەت کێشایەوە، بەدوای ئەودا موقتەدا سەدر رەخنەی توندی لەحائیری گرتو ماڵئاوایی لەکاری سیاسی راگەیاند، پاش ئەوەش شەرو پێکدادانی چەکداریی شەقامەکانی بەغدای گرتەوە.
حائیری: عەلی خامنەئی شایستەترین كەسە بۆ رابەریی
ئایەتوڵڵا سەید کازم حوسێنی حائیری کە مەرجەعێکی گەورەی شیعەی تەمەن ٨٤ ساڵەو لەکەربەلا لەدایکبوەو ئێستا لەقومی ئێران نیشتەجێیە، ڕۆژی دووشەممە ٢٩ی ئاب پەیامێکی بڵاوکردەوەو رایگەیاند بەهۆی پیرییو نەخۆشییەوە دەست لەمەرجەعیەتی تەقلیدی شیعە دەکێشێتەوە.
ئەم مەرجەعە گەورەیەی شیعەکانی عێراق، بانگهێشتی شوێنکەوتوانو شیعەکانی کرد بۆ شوێنکەوتنو گوێڕایەڵی عەلی خامنەئیو رابەری کۆماری ئیسلامی ئێرانی بە"شایستەترین کەس بۆ سەرکردایەتی ئومەتی ئیسلامی" ناوبرد.
لەپەیامەکەی ئایەتوڵڵا حائیریدا، بەڕەخنەیەکی ناڕاستەوخۆ لەموقتەدا سەدر، هاتووە "هەرکەسێک بەبێ مەرجی پێویست بۆ ئیجتیهاد، بیەوێت ناوی دو شەهیدی سەدر بەکاربهێنێت بۆ ناکۆکی نانەوە لەنێوان خەڵکی عێراقداو بەدوای سەرکردایەتی شەرعیدا بگەڕێت، لەڕاستیدا سەدریی نییە".
ئەمە لەکتێکدایە ئایەتوڵڵا محەمەد سادق سەدر (باوکی موقتەدا سەدر) پێش ئەوەی لەلایەن ڕژێمی سەدامەوە بکوژرێت، بانگی شوێنکەوتوانی خۆی کردبو بۆ ئەوەی دوای مردنی، شوێن ئایەتوڵڵا کازم حائیری بکەون.
ئایەتوڵڵا حائیری داوای لەگەلی عێراق کرد کە یەکڕیزیی خۆیان بپارێزنو ڕێگە نەدەن بەجێبەجێ کردنی پڕۆژەی ئەمەریکیو زایۆنیەکان بەمەبەستی دروستکردنی فیتنەو ئاژاوە.
موقتەدا: دەستلەکارکێشانەوەی حائیریو پەیامەکەی بەویستی خۆی نەبوە
تەنها چەند خولەکێک پاش بڵاوکردنەوەی پەیامەکەی ئایەتوڵا حائیری، موقتەدا سەدری تەمەن ٤٨ ساڵی سەرکردەی رەوتی سەدر لەتویتێکدا رایگەیاند "بڕیارم داوە چیتر دەست لەکاروباری سیاسی وەرنەدەم".
سەدر جەغتی لەوە کردەوە کە "كشانەوەی خۆی لەهەمو كاروباره سیاسییەكانو داخستنی سەرجەم دامەزاراوەکان رادەگەیەنن، جگه لەمه زارگه ی باوكیو مۆزەخانەو دەستەی کلتوریی بنەماڵەی سەدر".
موقتەدا سەدر لەتویتەکەیدا رەخنەی توندی لە کازم حائیری گرتوەو دەڵێت "زۆرێک وەک سەید حائیری پێیانوایە ئەم سەرکردایەتییەی من بەنیعمەت یان فەرمانی ئەوان بەدەستهاتووە، لەکاتێکدا بەفەزڵی خوداو بەنیعمەتی باوکمان بوە، کە دەستبەرداری عێراقو گەلەکەی نەبو".
دەشڵێت "سەرەڕای دەستلەکارکێشانەوەی ئایەتوڵا حائیری، نەجەفی پیرۆز وەک هەمیشە گەورەترین بنکەی مەرجەعیەتە، ئەگەرچی من پێموایە دەستلەکارکێشانەوەی ئایەتوڵڵا حائیری بەئیرادەو ویستی خۆی نەبوەو پەیامەکەشی هەر بەهەمانشێوە، بەڵام من بڕیارم داوە بەیەکجاری دەست لەکاروباری سیاسی وەرنەدەم".
سەدر جەختی لەوەش کردەوە کە "من هیچم نەدەویست جگە لەڕاستکردنەوەی هەڵەو خواوخێچییەک کە هۆکاری سەرەکی هێزە سیاسییە شیعەکان وەک زۆرینە بون، دەمویست لەمیللەتەکەیان نزیک بکەمەوەو هەست بەئازارەکانی بکەن بە هیوای ئەوەی کە ڕێگەیەک بێت بۆ ئەوەی خودا لێیان رازی بێت".
ئەمە لەکاتێکدایە کە تا ئێستا وا بیردەکرایەوە موقتەدا سەدر پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ ئایەتوڵڵا سەید کازم حائیری هەیەو یەکێکە لەپشتیوانەکانی.
هەرچەندە موقتەدا سەدر رایگەیاندوە بۆ هەمیشە گۆڕەپانی سیاسی بەجێدەهێڵێت، بەڵام هیچ دڵنیایییەک لەپابەندبوون بەو بڕیارەوە نییەو لەچەندین حاڵەتدا موقتەدا سەدر لەهەڵوێستە ڕاگەیەندراوەکانی پاشگەز بوەتەوە.
تویتەکەی سەدر ئاگری لەشەقام بەردا
بەدوای تویتەکەی سەدردا، ١٥ لایەنگری موقتەدا سەدر شەوی دوشەممە بەگولە کوژران، لەناوچەی سەوز لەبەغدا، دوای ئەوەی سەرکردە رەوتی سەدر "دەست لەکارکێشانەوەی لەکاری سیاسی" راگەیاند، ئەمەش توڕەیی لای لایەنگرانی لێکەوتەوە کە هەڵیانکوتایە سەر کۆشکی حکومەتو سوپاش قەدەغەی هاتوچۆی گشتگیری سەپاند.
ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە، لانیکەم شەڕو پێکدادانی چەکداریی ناوچەی سەوزی گرتەوە، سەرچاوە پزیشكییەكان بەئاژانسی فرانس پرێسیان راگەیاندووە، 15 لایەنگرانی موقتەدا سەدر كوژراون، هەروەها 270 خۆپیشاندەری دیكەش برینداربوون، كە بەشێكیان فیشەكیان پێوە بوەو هەندێكی دیكەشیان بەهۆی هەڵمژینی گازی فرمێسكڕێژەوە بوە.
شەڕە تەقە لەنێوان لایەنگرانی ڕەوتی سەدرو نەیارەکانیان لە"چێوەی هەماهەنگی" کە بەلایەنگری ئێران دادەنرێت، تا بەرەبەیانی سێشەممە ٣٠ی ئاب بەردەوام بو.
شاری بەسرەش لەگێژاودایە. بەپێی وێنەو ڤیدیۆ بڵاوکراوەکان، لایەنگرانی موقتەدا سەدر بەپاڵپشتی هێزەکانی "سەرایا سەلام"، باڵی سەربازیی رەوتی سەدر، بەشێک لەشەقامەکانی بەسرەیان داخستوە.
هاوکات لەگەڵ ئەم روداوانەدا، ئاژانسی هەواڵی عێراق بڵاویکردەوە، موقتەدا سەدر، دەستیکردوە بەمانگرتن لەخواردن "تا ئەو کاتەی توندوتیژیو بەکارهێنانی چەک دەوەستێنرێت".