دەمیرتاش: دو تورکیا هەن،یەکەمیان تورکیای ڕەگەزپەرست‌و دز و تاڵانچییە
  2022-08-25       2410       

ئا: ئاوێنە

 

سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە، کە لەزیندانی ئەدیرنە زیندانی کراوە، لەوتارێکیدا لەماڵپەڕی "دیکین" دەڵێت "ئەو پارتانەی بەرگری لەمافی هەمووان دەکەن‌و بەرەنگاری زوڵم دەبنەوە لەم وڵاتەدا بە "پارتی تورکیا" هەژمار ناکرێن، بەڵکو ئەوانەی خەڵک تاڵان دەکەن بە "پارتی تورکیا" ناودەبرێن".

 

سەڵاحەدین دەمیرتاش لە وتارەکەیدا نوسیویەتی "یەک تورکیا بونی نییە، دو تورکیا هەن، یەکەمیان تورکیای ڕەگەزپەرست‌و دز و تاڵانچییە، دووەمیان تورکیای گەلان‌و کرێکاران‌و ژنانە، ئەگەر رازی نەبیت پابەندی ئایدۆلۆژیای فەرمی تورکیای یەکەم بیت‌و هاوبەش بیت لەگوناهەکانیدا، تەنانەت ئەگەر چارەسەر بۆ هەموو کێشەکانی تورکیاش بدۆزیتەوە، کەسێک هەرگیز بە "پارتی تورکیا" ناوت نابات.

 

دەمیرتاش لە وتارەکەیدا نووسیویەتی "لەبندقەکانی دەریای ڕەشەوە تا ترێی ئیجە، لەکێشەی هاتوچۆی ئەستەنبوڵەوە تا کێشەی گەشتیاریی لەدەریای ناوەڕاست، لەموچەی خانەنشینەوە تا کێشەی شوێنی مانەوەی خوێندکار، ئەو لایەنانەی کە چارەسەر بەرهەم دەهێنن لەڕێگەی داڕشتنی سیاسەتەوە پێیاندەوترێت پارتی تورکیا".

 

دەمیرتاش پرسیار دەکات "ئایا بەڕاستی وایە؟ با چاوێک لەدۆخەکە بکەین‌و حوکمەکە بۆ ئێوە جێدەهێڵم. ئەگەر پارتێکی سیاسی بێ جیاوازی بەرگری لەمافی هەموان بکات لەڕێگەی دەربڕینی ئەو زوڵم و نادادپەروەریی‌و پاشاگەردانییەی لەم خاکەدا روبەڕوی کوردو عەلەوی‌و ئەرمەنییەکان دەبێتەوە، دەوترێت ئەو پارتە پارتی تورکیا نییە. ئەگەر پارتێک گوزارشت لەئازارو گوندسوتاندن‌ بکات‌و بڵێت پێویستە روبەڕوی تاوانباران‌و ئەشکەنجەی دەوڵەت ببینەوە، دەوترێت ئەو پارتە پارتی تورکیا نییە".

 

سەڵاحەدین دەمیرتاش ئاماژه‌ بەوەش دەدات ئەگەر پارتێک لەهەڵەکانی سیاسەتی دەرەوەدا لەپاڵ حکومەتدا نەبێت، دەوترێت ئەو پارتە پارتێکی تورکیا نییە. ئەگەر پارتێک بڵێت "با بەدیالۆگ کێشەکان چارەسەر بکەین، بەبێ ئەوەی کەس بکوژرێت" نەک "تا دوا تیرۆریست بکوژرێت"، هێشتا ناتوانێت ببێتە پارتێکی تورکیا.

 

سەڵاحەدین دەمیرتاش لە وتارەکەیدا نوسیویەتی "کاتێک پارتێک دژایەتی چەمکی یەک زمان، یەک نەتەوە دەکات‌و دەڵێت "نەخێر، زمان‌و کولتورو گەلی جیاواز لەسەر ئەم خاکە هەن، دەبێت دانیان پێدا بنرێت بۆ ئەوەی پێکەوە لەئاشتیدا بژین"، لایەنێک دەڵێت "تۆ پارتێکی تورکیا نیت".

 

پاشان دەنوسێت "بەڵام؛ لە شارەوانییەکانەوە تا کۆشکەکان، لەکۆمپانیا گشتییەکانەوە تا وەزارەتەکان، ئەوانەی بەملیۆنان دۆلار لەپارەی خەڵک دەبەن‌و دەوڵەت دەدزن، هەمویان بە"پارتی تورکیا" ناودەبرێن. بەڵام: ئەوانەی دەڵێن "جگە لەتورک نەتەوەی تر نییە، جگە لەتورکی زمانێکی تر لەم وڵاتەدا نییە"، دەتوانن تەواو حیزبێکی تورکیا بن. ئەوانەی دەڵێن "خواردنی کوردو عەلەوی مەخۆن"، ئەوانەی بڵاوکراوە دابەش دەکەن‌و لافیتە هەڵدەواسن کە نوسراوە "بازاڕیان لەگەڵ مەکەن"، دەتوانن ببنە حیزبی تورکیا. ئه‌وانه‌ی كه‌ هه‌موو سه‌رچاوه‌ی دارایی‌و زه‌وییه‌كانی توركیا ده‌به‌خشنه‌ كۆمپانیاكانی رۆژئاوا، هه‌ندێكجاریش به‌سه‌رمایه‌ی عه‌ره‌بی دەبەخشن، ده‌كرێت به‌ "پارتی توركیا" ناوببرێن‌و "تورکیاییترین پارتی تورکیا" بن. هیچ ئاستەنگ‌و رێگرییەک نییە لەبەردەم ئەو کەسانەی کە دەوڵەت ڕادەستی مافیاو باندەکان دەکەن، هەموو جۆرە بەدرەوشتییەک ڕێکدەخەن، لەماددە هۆشبەرەکانەوە تا چەک‌و بەتریلیۆنان دەبەن بەیارمەتی دەوڵەت، بە"پارتی تورکیا" ناودەبرێن. "حزبی تورکیا" هی ئەو کەسانەیە کە بەئەنقەست کۆتایی بەکشتوکاڵ‌و ئاژەڵداری دەهێنن‌و وڵات دەکەنە وابەستەی وڵاتانی دەرەوە، ئەوانەی بەمین دارستانەکان تاڵان دەکەن، ئەوانەی بۆ زێڕ سیانید دەڕێژنە ناو چەمەکان، ئەوانەی بەکۆمەڵکوژی ژنان ئاهێک هەڵدەکێشن، ئەوانەی کە لەسۆما لەکەسوکاری مانگرەکانی زیندان دەدەن‌و دایکانی شەممە لەگۆڕەپانی گالاتەسەرای".

 

سەڵاحەدین دەمیرتاش جەخت لەپرسیارەکەی دەکاتەوە: ئه‌گه‌ر ئه‌وانه‌ی تورکیا تاڵان ده‌که‌ن‌و‌ هاوبەشن له‌هه‌مو ئه‌و تاوانانه‌ی به‌درێژایی مێژووی کۆمار به‌ناوی ده‌وڵه‌تەوە ئه‌نجامدراون‌و ئه‌وانه‌ی بێده‌نگ ده‌بن حیزبی تورکیا بن، کەواتە پارتی تورکیا کێن؟

 

پاشان وەڵام دەداتەوە "بەڵێ، ئەوانە رێک پارتی ئەم تورکیایەن".

 

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا كه‌ "دوو هێڵ له‌نێوانیاندا هه‌یه‌، كه‌شتیوان له‌نێوان خۆیاندا شەڕیانە بۆ ئەوەی حوکمڕانی ئەم تورکیایە بکەن. یەک بەیەک دەست بەسەر دەسەڵاتدا دەگرن‌و تورکیا دەڕەتێننەوەو بەکاریدەهێنن."

 

سەڵاحەدین دەمیرتاش جەغت دەکاتەوە لەوەی کە ئەوان لەهەدەپە حیزبی ئەم تورکیایە نین‌و ناشبن، "هەربۆیە ئێمە بەخۆمان دەڵێین ڕێگای سێیەم".

 

هه‌روه‌ها جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌ له‌توركیا كه‌ ئامانجی هه‌مو سته‌ملێكراوه‌كانه‌، گه‌لان‌و بیروباوه‌ڕو شوناس‌و كرێكارو ژنان خاوه‌نی راسته‌قینه‌ی ده‌وڵه‌تن، "دەوڵەت نەئاغای گەلە، نەپاسەوان، نەجەلاد، نەدزی گەلە، بەڵکو خزمەتکارەکەیەتی. مەرجی هەمو هاوڵاتیەک یەکسانییە، نەک یەک زمان‌و یەک شوناس.

 

سەڵاحەدین دەمیرتاش نوسیویەتی "یەک تورکیا نییە، بەڵکو دو تورکیا هەیە. یەکەمیان تورکیای ڕەگەزپەرست‌و تاڵانچییە. دووەمیان تورکیای گەلان‌و کرێکاران‌و ژنانە. ئەگەر رازی نەبیت پابەندی ئایدۆلۆژیای فەرمی تورکیای یەکەم بیت‌و هاوبەش بیت لەگوناهەکانیدا، تەنانەت ئەگەر چارەسەر بۆ هەموو کێشەکانی تورکیاش بدۆزیتەوە، کەسێک هەرگیز بە"پارتی تورکیا" بانگت ناکات".

 

ئەو ئاماژەی بەوەدا کە هەركەسێك بانگەشەی دیموكراتیزەكردنی كۆمار لەسەدەی دووەمدا بكات، دەبێت هێڵی دیموكراسی رادیكاڵ بکاتە رێباز، بزانێت رزگاری راستەقینەو تاكە توركیا لێرەدایەو بەو پێیە رو لەگۆڕانێكی بوێرانە بكات. کاتێک درزەکانی دەوڵەت بچوک دەکەیتەوەو بەڕەنگی پەمەیی بۆیاخی دەکەیت، ئەوا تۆ وای لێناکەیت بەرگەی بومەلەرزە بگرێت.

 

ئەم سەرکردە زیندانیکراوە کە سەرکردایەتی بزوتنەوەیەکی سیاسی دەکرد بۆ ئەوەی لەسەدەی دوەمی کۆماردا هەوڵی بنیاتنانی تورکیای دووەمی دەداو هەوڵی دەدا ببێتە حیزبی ئەم تورکیایە. دەنوسێت "لەگەڵ حیزبەکانی تری تورکیا تێکەڵمان مەکەن، ئێمه‌ كێین؟ بێگومان من باسی پارتی دیموکراتی گەلان، هەدەپە دەکەم، کە سەرەڕای هەموو جۆرە گوشارێک بەپاڵپشتی خەڵک سەربەرزانە بەپێوە وەستاوە".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×