ئا: زریان محەمەد
بەرێوبەری پاراستنی شوێنەوار، رایدەگەیەنێت ''بەشی پێشەوەی ئەو شەقامەی کە بە خانووی نەجمەدین مەلا ناسراوە، رێزێک دوکانە لە بەشی پشتەوەی خانویەکی روخاو و کەلاوە بووە''.
حسێن حەمە غەریب، بەرێوبەری پاراستنی شوێنەوار بە ئاوێنەی راگەیاند ''چەندین ساڵە ئەو موڵکەی کە پێدەڵێن خانووی نەجمەدینی مەلا ڕوخاو و کەلاوە بووە و رێگەی هاتووچۆی نەبووە کاتی خۆی کەسێک بە موڵک بەشی پێشەوەی کڕیوەتەوە و کردوێتی بە ریزيک دوکان''.
جەختی لەوەش کردەوە، ''ئەو موڵکە هی حکومەتی هەرێمی کوردستان نیە، موڵکی شەخسیە و کابرایەک هاتووە و ئەو موڵکەی کڕیوەتەوە و کردوێتی بە دوکان''.
زاهیر کەریمە ڕەش، سەرمایەدار بە ئاوێنەی راگەیاند ''ئەو موڵکە دوور و نزیک پەیوەندی بە منەوە نیە، من لە شوێنێکی تر بینایەکم هەیە لە خۆشەویستی نەجەمدینی مەلا کردومە بە ناوی ئەوەوە وە بینایەکیشم بەناوی کەشتی نوح ناوناوە لەبەر ئەو خزمەتەی نەجمەدینی مەلا بۆ ئەم شارەی کردووە".
ئەمەش لە کاتێکدایە شاناز ئیبراھیم ئەحمەد، کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتی دوێنی لە وتارێکدا رایگەیاند: ڕوخاندنی ئەو خانوەی مامۆستا "نەجمەدینی مەلا" یەک لە تاوانە گەورەکانە کە بەرامبەر بە سلێمانی کرابێت، کاولکردنی ئەو خانوە سڕینەوەی مێژوی ئەم شارەیە، لەناوبردنی یادگارییەکانی خەڵکی ئەم شارەیەو تاوانێکە کە نابێت بێ سزایەکی یەکجار قورس تێپەرێت و ناشبێت رێگە بەهیچ کەسێک بدرێت کە نە ئێستا و نە لەئایندەشدا هیچ پرۆژەیەک لەو شوێنە جێبەجێ بکات، پێویستە ئەو شوێنە هەروا بەڕوخاوی بمێنێتەوە، تا کەس جورئەتی ئەوە بە خۆی نەدات کە چاو ببڕێتە گەڕەک یان خانویەکی کۆن و پێویستە هەر سێ لایەنەکە (شوێنەوار و وەبەرهێنان و ئەو لایەنەی کڕیویەتی) بۆ کردنی بە مۆڵ و بازار بەقورسترین شێوە سزابدرێن.