ئا: ئاوێنه
هاوڵاتیه‌كی شاری سلێمانی دەڵێت ''كاتژمێر ٢و ٤٥ خوله‌كی بەرەبهیان له‌سه‌ر رێگای به كرهجۆ له‌لایه‌ن هێزێكی ئاسایشه‌وه كه جلی سواتیان له‌به‌ردا بووە، به‌شێوه‌یه‌كی زۆر توندوتیژو بهجوێنو سوكایهتیهوه لێم درا و له‌چه‌ند لایه‌كه‌وه سه‌رم شكاوه، لەسەر ئەوەی پشتیوانی لەلاهوری شێخ جەنگی دەکەم''.
هێمن شه‌هید ره‌فیق، ئەو هاڵاتیەی کە بەلێدان سەری شکێنراوە، به‌ئاوێنه‌ی راگه‌یاند ''من به‌رپرسی سكیورتیم لهتێرمیناڵه تازه‌كه، كاتژمێر ٢ و ٤٥ خوله‌كی بەرەبەیانی ١٣ی ٨، دوای تەواو بونی ئهركهکەم له سه‌ر رێگای به‌كره‌جۆ پێش ئه‌وه‌ی بگه‌یته گه‌ڕه‌كی خاك، له لایه‌ن ئوۆمبێلێکی پڕ لهچهكدارهوه كه جلی ره‌ش و ده‌مامكدار بون، له‌سه‌ر جله‌كانیان نوسرا بو سوات، رێگریم لێكراو پێیان وتم بۆچی پشتگیری له‌لاهور شێخ جه‌نگی ده‌كه‌یت؟ بۆچی كۆمێنتی بۆ ده‌نوسی؟ دواتر به‌شێوه‌یه‌كی زۆر خراپ به‌جوێن و سوكایه‌تی لێیاندامو سه‌ریان شكاندم''.
راشیگه‌یاند ''تاكو كاتژمێر ٤و ٣٠ خوله‌كی بەرەبەیان له‌نه‌خۆشخانه بوم، له‌دولاوه سه‌رم شكاوه‌و به ٧ ته‌قه‌ل دوراوه‌ته‌وه، پشتم هه‌موی برینه‌و چاوم جێگه‌ی قۆناغه تفهنگو پۆستاڵه''.
هێمن ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا کە كێشه‌ی له‌گه‌ڵ هیچ كهسو لایه‌نێك نیه ته‌نیا پشتیوانی لاهوری شێخ جه‌نگیی كردوه، ئەو وتی "برازای حه‌مه سور دوشیوانیم، به‌رپرسی پێشوی مه‌ڵبه‌ندی یه‌كێتی له‌كه‌ركوك، به‌ڵام روداوه‌كه هیچ په‌یوه‌ندی به‌كه‌یسی ئامۆزاكهمو بنه‌ماڵه‌ی كوژراوهكهوە نیه، هه‌ڤاڵ كه ئامۆزاكه‌م كوشتی ١٠ ساڵ هاورێم بو".
محەمەد دوشیوانی، به‌رپرسی پێشوی مه‌ڵبه‌ندی یه‌كێتی له‌كه‌ركوك باوکی ئەو گەنجەیە کە بەرەبەیانی رۆژی 14ی تشرینی یەکەمی 2021، کارمەندێکی سكیوریتی پرۆژەی نیشتەجێبوونی دەروازە سیتی لەشاری سلێمانی لەپرسگەی پڕۆژەكە بەدوو فیشەک کوشت.
هێمن بەتوندی ئەوە رەتدەکاتەوە کە ئەم لێدانە پەیوەندی بەو روداوەوە بێت‌و جەغت لەوە دەکات کە تەنها لەسەر دەربڕینی پشتیوانی خۆی بۆ لاهور شیخ جەنگی، هاوسەرۆکی پێشوی یەکێتی ئەو کارەی بەرامبەر کراوە، ئەو وتی ''بەنیازیش نیم سكاڵا لەسەر کەس تۆمار بكه‌م، چونكه ئه‌وانه‌ی سەریان شکاندم، خۆیان حاكم‌و خۆشیان یاسان، ئیتر سكاڵا لهكێو لای کێ بكه‌م؟!''.