ئا: ئاوێنە
چوار هاوڵاتی کورد کە لەبەرازیلەوە بەقاچاخ چوبونە وڵاتی ئەرجەنتین، لەفڕۆکەخانەی ئێزەیزا لەبۆینیس ئایریسی پایتەختی ئەرجەنتین دەستگیر کران، لەکاتێکدا دەیانویست سواری گەشتێکی هێڵی ئاسمانی فەنزوێلا KLM بن بۆ وڵاتی هۆڵەندا، لەبەرئەوەی پاسپۆرتی ساختەی فەرەنسییان پێبوە.
رووداوەكە كاتژمێر 8ی ئێوارەی رۆژی دوشەممە ٨ / ٨ / ٢٠٢٢ رویداوەو ئەو چوار گەنجە کوردە تۆمەتبارن بەساختەكردنی پاسپۆرت، ئەوان دوو ژنو مێردی گەنجی کوردی عێراقین کە لەبەرازیلەوە بەپاسپۆرتی ساختەی فەرەنسی چوبونە ئەرجەنتینەوەو بەلێکۆڵەرانی پۆلیسیان وتوە "کۆچبەری نایاسایین، دەیانەوێت لەهەر ڕێگەیەکەوە بێت خۆیان بگەیەننە ئەوروپا".
بەپێی ئەوەی بەپۆلیسیان رایاگەیاندوە، پاسپۆرتە ساختەکانیان لەبەرازیل کڕیوەو ئەم ناوانەی لەسەرە: هۆزان عیدۆ، پاسپۆرتی ژمارە A15910283، تەمەن 21 ساڵ؛ مەسعود فەعیدی، پاسپۆرتی ژمارە A9068590، تەمەنی 23 ساڵە؛ سەلما سەلیم، پاسپۆرتی ژمارە A17106980، تەمەنی 20 ساڵەو سەعد قۆلۆ پاسپۆرتی ژمارە A19263910، تەمەنی 20 ساڵە.
ئەو چوار کوردە بەفڕۆکە گەیشتبوونە بەرازیل، لەوێشەوە بەشێوەی وشکانی پەڕیبونەوە بۆ ئەرجەنتین لەباکووری وڵاتەکەوە گەشتیان کردبوو بۆ فڕۆکەخانەی ئێزەیزا، لەوێ هەوڵیاندا بەرەو ئەمستردام بەڕێبکەون، بەڵام دەستگیرکرانو گواسترانەوە بۆ بنکەی ئاسایشی فڕۆکەخانەکە، پاشان پەیوەندی بەدادگاوە دەکرێو دادوەر پاش ئاگادار بون لەوردەکارییەکان، دەستبەجێ بڕیاریدا ئەو چوار کەسە دەستبەسەر بکرێنو بە بێ پەیوەندی ڕابگیرێن.
هاوکات فەرمان درا کە پەیوەندی بەپۆلیسی ئینتەرپۆلەوە بکرێت بۆ ئەوەی بزانرێت ئایا دەستگیرکراوەکان پێشینەی تاوانیان هەیە یان فەرمانی دەستگیرکردنی نێودەوڵەتییان لەسەر نییە، لەهەمان کاتدا دەست بەسەر پاسپۆرتو کەلوپەلەکانیاندا گیراوە.
سەرچاوە دادوەرییەکان رایانگەیاندوە "ئەوەی زۆرترین سەرنجی کارمەندانی فڕۆکەخانەیان ڕاکێشاوە ئەوە بوە کاتێک کەلوپەلی دەستگیرکراوەکانیان پشکنیوە، پاسپۆرتە ئەسڵیەکانیان دۆزیوەتەوەو دەستیان بەسەر بڕێکی بەرچاو لەپارەدا گرتوە کە "دۆلارو یۆرۆو پێسۆو ریاڵی قەتەری" بوە، جگە لەوەش چوار مۆبایلو دە پاسپۆرتی عێراقو دۆمینیکانو فەرەنسییان پێگیراوە.
تا ئێستا لێکۆڵەران توانیویانە ئەوە بسەلمێنن کە ئەو چوار گیراوە خەڵکی هەرێمی کوردستانن، بەڵام هێشتا دۆسیەی ئەم چوار 'عێراقییە' پرسیاری زۆرو وەڵامی کەمی بەجێهێشتووە، هەرچەندە ئەو گیراوانە رایانگەیاندوە "لەلایەن داعشەوە هەڕەشەیان لەسەر بوە"و دوای ئامادەبوونیان لەبەردەم دادوەری لۆماس دی زامۆرا، وتویانە کوردی عێراقنو دوو هاوسەرنو ئایینەکەشیان ئێزیدییەو لەلایەن گروپی تیرۆریستی داعشەوە هەڕەشەیان لێکراوەو پلانیان هەیە داوای مافی پەنابەری سیاسی بکەن.
ئەم چوار کەسە ئاماژەیان بەوە کردوە، "ویستویانە دوای گەشتی هێڵی ئاسمانی KLM بۆ شاری ئەمستردام، روبکەنە ئەڵمانیا کە دوا شوێنی مەبەستیان بوەو رەوەندێکی ٢٠٠ هەزار ئێزیدی تێدا دەژی".
میدیاکانی ئەرجەنتین ئاماژە بەوە دەکەن کە دادگا داوای ئەم زانیاریانەی لەم چوار دەستگیرکراوە کردوە: لەکوێوە گەشتیان کرد بۆ بەرازیلو چۆن چوونە ئەرجەنتین بۆ ئەوەی بچنە هۆڵەندا؟ بۆچی بەرازیلیان هەڵبژارد بۆ گەیشتن؟ ئایا لەعێراقەوە گەشتیان کردوە بۆ بەرازیل؟ بە چ پاسپۆرتێک چوونەتە بەرازیل؟ ماوەی چەند لەبەرازیل بون؟ بۆچی بەئەوروپادا ڕۆیشتن بۆ ئەوەی بچنە بەرازیلو بۆچی لەوێ داوای مافی پەنابەرییان نەکرد؟
بەپێی میدیاکانی ئەو وڵاتە ئەم چوار کوردە گواستراونەتەوە بۆ دادگای فیدراڵی لۆماس دی زامۆراو ئێستا لەژێر لێكۆڵینەوەدان، دادوەر لەچەند رۆژی داهاتودا بڕیار دەدات ئایا فەرمان بدات دەستبەسەر بکرێن یان نا؟
ئەو دادوەرەی فەرمانی دەستگیر کردنو لێکۆڵینەوەی لەگەڵ ئەم چوار کوردە دەرکردوە، ناوی دادوەر " فێدریکۆ ڤیلێنا"یەو هەمان ئەو دادوەرەەیە ماوەی دو مانگە لێکۆڵینەوە لەگروپێکی 19 کەسی ئێرانیو ڤەنزوێلی دەکات کە بەفڕۆکەیەکی بارهەڵگری فەنزوێلی ئێرانی چوبونە هەمان فڕۆکەخانەو پارچەی ئۆتۆمبێلیان لەمەکسیکەوە گواستبوەوە.
ئەو فڕۆکەیە کە تا ئێستا دەستی بەسەردا گیراوە لەفڕۆکەخانەی ئێزەیزای بۆینیس ئایریس، پێشتر لەلایەن کۆمپانیای ئێرانی ماهان ئایرەوە بەکاردەهێنرا، کە لەلایەن ئەمریکاوە سزای بەسەردا سەپێندراوە بەهۆی پەیوەندییەوە لەگەڵ هێزی قودس-ی سوپای پاسداران.
لەچەند ڕۆژی ڕابردودا "نیکۆلاس مادۆرۆ"ی سەرۆکی فەنزوێلا هەڵمەتێکی بۆ ئازاد کردنی ئەو فڕۆکەیەو هاوڵاتییە فەنزوێلیو ئێرانییە دەستگیرکراوەکان دەستپێکردوە، کە لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ دەکرێ بەگومانی ئەوەی پەیوەندییان بە"تیرۆریزم"ی نێودەوڵەتیو قاچاخچێتی چەکەوە هەبێت.