ئێران هەڕەشە لەموقتەدا دەکات
  2022-07-31       3351       

ئا: ئاوێنە

 

ئێران بەوردی‌و لەئاستێکی باڵادا چاودێری رەوتی روداوەکانی عێراق دەکات، میدیاکانی کۆماری ئیسلامی بەنیگەرانییەوە لەخۆپیشاندانەکانی رەوتی سەدر دەڕوانن‌و دەڵێن "موقتەدا سەدر لەڕێگەی دژایەتی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکانەوە، دەیەوێ روبەڕوی ئێران بێتەوە".

 

هیچ وڵاتێک وەک ئێران، بەبایەخەوە لەروداوەکانی ئێستای عێراق ناڕوانێت، هەمو ئەو بەرپرسانەی کە سیاسەتی کۆماری ئیسلامی بەرامبەر بەعێراق دادەڕێژن، ئەم رۆژانە لەهاتوچۆو پەیوەندییەکی بەردەوامدان لەگەڵ هەمو لایەنەکانی شیعەو کوردو سونییەکان، بۆ ئەوەی پرۆسەی سیاسی بەرەو ئەو ئاڕاستەیە بڕوات کە ئێران پلان‌و نەخشەی بۆ کێشاوە.

 

بەشیکی بەرچاو لەمیدیاکانی ئێران بەشێوەیەک روماڵی خۆپیشاندانەکانی رەوتی سەدرو چونە ناو هۆڵی پەرلەمانی عێراق دەکەن کە موقتەدا سەدر خوازیارە عێراق بەرەو نائارامی‌ ببات‌، بەشێکیشیان بەزمانی هەڕەشە شیکاری هەنگاوەکانی موقتەدا دەکەن، بەو پێیەی بەرەنگاری هەوڵەکانی ئێران دەبێتەوە کە بۆ چارەسەری بنبەستی سیاسی عێراق لەئارادان، بەتایبەتی لەدیاریکردنی محەمەد شەیاع سودانی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران، کە وەک کۆتایی بنبەستی سیاسی دە مانگەی عێراق وێنا دەکەن.

 

ئەم روداوانە لەکاتێکدایە کە رۆژی چوارشەممەی رابردو، میدیاکان هەواڵی سەردانی پێشوەخت رانەگەیەندراوی ئیسماعیل قائانی فەرماندەی سوپای قودسیان بۆ عێراق بڵاوکردەوە، کە هەوادارانی سەدر بۆ رێگرتن لەکاندید کردنی سودانی چونە باڵەخانەی پەرلەمانەوەو دروشمیان دەدا لەدژی چوارچێوەی هەماهەنگی‌و كۆماری ئیسلامی ئێران.

 

هاوکات بەشێک لەمیدیاکانی ئێران ئاماژە بەوە دەکەن میلیشیای "سەرایا سەلام"ی سەر بەرەوتی سەدر ماوەی چەند رۆژێکە خراونەتە حاڵەتی ئامدەباشییەوە، بەمەبەستی روبەڕوبونەوەی هەر روداوێکی نەخوازراو.

 

میدیاکانی ئێران باس لەوە دەکەن کە موقتەدا لەپێناو دەستگرتن بەسەر دەسەڵاتدا، روبەڕوبونەوە لەگەڵ تاران هەڵدەبژێرێت، چونکە چارەنوسی پەیوەندی نێوان کۆماری ئیسلامی‌و موقتەدا ئێستا بەستراوەتەوە بەپەیوەندیی موقتەدا سەدرو چوارچێوەی هەماهەنگی‌و رازیبون بەچارەسەرەکانی ئێران بۆ بنبەستی سیاسی، بۆیە تێکچونی پەیوەندییەکانی سەدر لەسایەی ئەم روداوانەدا لەگەڵ تاران سیناریۆیەکی نەک چاوەڕوانکراوە، بەڵکو حەتمییە، لەو ڕوانگەیەوەی رێگری لەمحەمەد شەیاع سودانی‌و هەر بژاردەیەکی دیکە دەکات لەلایەن چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکانەوە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکوەزیران دیاری بکرێت، کە هاوپەیمانی نزیکی تارانە.

 

بەپێی میدیاکانی ئێران، هەرچەندە ئەولەویەت لای كۆماری ئیسلامی كۆدەنگی‌و یەكڕیزی شیعەیە، بەڵام ئەگەر موقتەدا سوور بێت لەسەر هەڵکشانی هەڵوێستەکانی‌و گەورەکردنی خۆپیشاندان‌و ناڕەزایەتییەکان‌و شکستی تەواوەتی چوارچێوەی هەماهەنگی‌و هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی ئێستاو زەمینەسازی بۆ هەڵبژاردنێکی پێشوەخت، ئەوا پەیوەندییەکانی نێوان ئێران‌و موقتەدا نەک ساردی تێدەکەوێت، بەڵکو سیاسەتی ئارامکەرەوەی ئێستای کۆماری ئیسلامی دەگۆڕێت بەسیاسەتێکی توندو رادیکالتر بەرامبەر بەموقتەدا.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×