هەردو كاندیدی سەرۆكوەزیرانی بەریتانیا سورن لەسەر ناردنی پەناخوازان بۆ رواندا
  2022-07-28       2290       

‎ئا: كاوە رەش


 

دوای چەندین گەڕ لەهەڵبژاردن و دەنگدانی پارلەمانتارانی پارتی پارێزگارانی دەسەڵاتداری بەریتانیا، ئێستا تەنها دوو كاندید پێشبێڕكێ دەكەن بۆ گرتنەدەستی دەسەڵات لەباڵەخانەی ژمارە١٠ی سەرۆكوەزیران، هەردو كاندیدی سەرۆكوەزیرانی داهاتووی بەریتانیاو سەرۆكی پارتی پارێزگاران، بەڵێن دەدەن كەبەردەوام دەبن لەسەر جێبەجێکردنی پلانی حكومەتی بەریتانیا بۆ ڕەوانەكردنی پەناخوازان بۆ ڕواندا.

 

بەپێی  ڕێكەوتنامەی  واژۆكراوی نێوان ڕوانداو بەریتانیا، لەئێستادا بڕی ١٢٠میلۆن پاوەندی لێدراوەتە ڕواندا، بۆ حەوانەوەی ئەو پەناخوازانەی بەنایاسایی دەگەنە بەریتانیا.

وەزیری خەزێنەی پێشو، كاندیدی سەرۆكوەزیرانی داهاتووی بەریتانیا، ڕیشی سوناك ڕایگەیاندوە هەموو هەوڵێكی جدی خۆی دەخاتە گەڕ، بۆ جێبەجێ كردنی ئەو پلانەی حكومەت، كە واژۆ كراوە بۆ دیپۆرتكردنی پەناخوازان بۆ ئەفریقا.

سوناك ئەماژە بەوەدەدات، كەهەمووان دەزانن سیستەمی ئێستای پەنابەریی دەبێ ڕێكبخرێتەوەو سنورەكان كۆنتڕۆڵ بكرێن،ناكرێ خەڵكی بەریتانیا، تەنها تەماشاكەر بێت لەهاتنی بەلێشاوی بەلەمی چوپی پڕ لەپەناخوازی نایاسایی، لەكاتێكدا پاسەوانەكانی سنورپارێز نەتوانن ڕێگری بكەن و تەنها تەماشاكەر نەبن بەهۆی بڕیارەكانی دادگای وڵاتانی ئەورپی.

 سوناك دەڵێ، ئێمە دەبێ بزانین كێ پەناخوازی لێوەشاوەیەو پێویستی بەپاراستنی جدی هەیە، بۆ ئەوەی پێشوازی لێبكەین نەك پەناخوازی ئابوری، ئەوانەی بەدوای هەلی كاردا دەگەڕێن و بەوڵاتانی دیكەی سەلامەتی ئەوروپادا دەپەڕنەوە بۆ ئێرە.

لەخاڵێكی دیكەی كۆنتڕۆڵكردنی كۆچی نایاسایی ئاماژە بەوە دەدات كە لەگەڵ گەیشتنی كۆچبەران بەبەلەم، ڕوبەڕووی سزای زیندانی كردن بكرێنەوە، هەر شوێنێكیش دەرفەتی كاری بۆ پەناخوازێكی نایاسایی ڕەخساند، ڕوبەڕوی سزای زیندانی و پێژماردن دەبێتەوە..

سوناك دەڵێ "ئەگەر وڵاتانی هەژارو دۆست ئەو كۆچبەرانە وەرنەگرنەوە كە ئێمە بەلێوەشاوەیان نازانین، ئەوە هاوكارییە مرۆییەكانیان لێدەبڕین، كە ساڵانە لەبودجەی هاوكاری بیانی پێاندەدرێت و لەڕوی مامەڵەی فیزاو بازرگانی، بێ بەشیان دەكەین".

سوناك پلانێکی 10 خاڵی ئامادەكردوە بۆ بەرتەسكردنەوەو ڕێگری لەکۆچی نایاسایی و بەگوتەی ئەو، هاوتەبایە لەگەڵ چەمکەكانی پەیماننامەی مافی مرۆڤی ئەوروپا (ECHR).

لەنوسینێكدا لەڕۆژی یەکشەممەی تەلەگرافدا دەڵێ : "ئی سی ئاڕ ناتوانێت ڕێگە لەتوانای ئێمە بگرێت بۆ کۆنتڕۆڵکردنی سنورەکانمان و نابێت ڕێگە بدەین دەست وەربداتە سیستەمی كۆچی ئێمەوە، چونكە هەستی گشتی بەریتانیا، پێویستی بە دەرمانێكی تەندروستە، بۆ ناو سیستەمەکە، ئەمە ئەو شتەیە کە پلانەکەم دەیکات".

هەروەها ڕیشی سوناك، بەڵێن دەدات، كە ئەو کۆچبەرانە بوەستێنێت بەڕێگای بەلەمە بچووکەکان لەفەرەنساوە دەگەنە بەریتانیاو دەڵێ "ئەولەویەتی دوای پێكهێنانی كابینەی نوێ، ڕێكخستنی دیدارێکە لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا بۆداڕشتنی پلانێكی تۆكمەی كۆنتڕۆڵكردنی سنور".

 

هاوكات لیز تراس، وەزیری دەرەوەی بەریتانیاو كاندیدی ڕكابەری ڕیشی سوناك، بۆ هەردوو پۆستی سەرۆك وەزیرانی بەریتانیاو سەرۆکی پارتی پارێزگارانیش دوپاتی دەكاتەوە، پابەند دەبێت بەپلانی ناردنی پەناخوازان بۆ ڕوانداو دەڵێ "دەخوازێت گۆڕانكاری لەبەشێكی پلانەكە بكات، بەزیادكردنی وڵاتانی دیكەش بۆ ناردنی پەناخوازی نایاسایی و پێیوایە، كاتی ئەوە هاتووە ئەو سیستمە تێكشكاوەی ڕابردوی پەنابەریی ڕاست بكرێتەوە".

لیز تراس دەڵێ "دەبێ خۆمان بڕیار بدەین چەند پەناخواز وەربگرین و چۆن كۆنتڕۆڵی تەواوی سنورەكانمان بكەین، چونكە ڕای گشتی بەریتانیا،چیدیكە قبوڵی هاتنی بەلێشاوی پەناخوازان بۆ وڵاتەكەمان ناكەن بەناو وڵاتانی دیكەی سەلامەتی ئەوروپاوە بۆ خاكی ئێمە". 

خانمە لیز دەڵێ "لەئەگەری بونی بەسەرۆكوەزیران، هەوڵی تەواو دەدات بۆ ڕێگری كردنی (دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا) لەدەستوەردانی لەڕێگری كردنی بەردەوامەكانی بەریتانیا بۆ کۆنترۆڵکردنی سیاسەتی کۆچبەران. لەهەمانكاتدا هەوڵی هاتنەدەرەوە لەڕێكەوتنامەی دادگای مافەكانی مرۆڤی ئەوروپا دەدەم".

 وەزیری دەرەوە وتییشی "توانای هێزی سنوورپارێز بەڕێژەی 20٪ زیاد دەکات و ئاستی کارمەندانی هێزی دەریایی سەرسنور، بۆ دوو هێندە بەرزدەكاتەوە لەكەناڵە ئێشكگرەكانی بەریتانیا".

لەگەڵ ئەوەش،ئەو سەیری هەموو بژاردەو تاکتیکە جیاوازەكان دەکات، بۆ ڕێگریكردن لەپەڕینەوەی کۆچبەران بەشێوەیەكی نایاسایی. تەنانەت سەرباری گەڕانەوە بۆ تاكتیكی وەزیری ناوخۆ پریتی پاتێل، لەپلانی گەڕاندنەوەی بەلەمەكان بەرەو فەرەنسا، كە پێشتر توشی ئاڵانگاری یاسای كراوەتەوەو وەزیر

بەجێیهێشتوە. 

‎لیز، دەڵێ "من لەوە تێدەگەم کە ئەركی لەپێشینەی من بۆ خەڵک و وڵات چییە، بۆ ئەوەی دڵنیابینەوە کە سیستەمی کۆچبەرانمان دادپەروەرانەیە. ‎ ئەو کۆچە نایاساییەی کە ئێمە دەیبینین لەسەر کەناڵەکان ڕوودەدات، هەمووی نادادپەروەرانەیەو زۆر مەترسیدارە. ڕاستكردنەوەی ئەو نادادپەروارییەش، یەکێکە لەئەولەوییەتەکانی من بۆ كابینەی داهاتو. لەگەڵ ئەوەش من وەك وەزیری دەرەوە، لەکارەکەمەوە ئەزمونم وەرگرتووە، دەزانم کە وڵاتانی زیاتر هەن دەخوازن کار لەگەڵ ئێمە بکەن بۆ توندوتۆڵكردن و ڕێگری لەكۆچی نایاسایی. ئەگەر من ببمە سەرۆكوەزیران، لەژێر ڕێبەرایەتیی مندا ئەو هەوڵانە بەرەو پێشەوە دەڕۆن".

 

‎لەلایەكی دیكەوەو بەپێی ئەو دانگدان و ڕاپرسیانەی ڕاگەیاندەكانی بەریتانیا، ئەنجامی دەدەن، تائێستا ‎سوناک، وەک سەرۆک وەزیرانێکی باش پیشاندەدرێت و دەنگەكانی لەسەروی لیز تراسەوەیە.

‎ئەمە لەکاتێکدایە، لەڕاپرسییەکی نوێدا نیشانی دەدات کە 43٪ لەو باوەڕەدان، ڕیشی سوناک، دەبێتە سەرۆک وەزیران، بەبەراورد بە 36٪ پشتگیری لەوەزیری دەرەوە دەكەن.

‎ئەندامانی پارتی پارێزگاران تا ڕۆژی 2ی ئەیلولیان لەبەردەمە، بۆ ئەوەی لەنێوان ئەو دوو كاندیدە یەكیان هەڵبژێرن.

‎ئەنجامی كۆتایی لە ٥ی سێپتەمبەر ڕادەگەیەنرێت، لەگەڵ ئەوە  پێشبینی دەکرێ ڕۆژێک دواتر كاندیدی سەركەوتووی سەۆكی پارت و سەرۆكوەزیران، جێگەی بۆریس جۆنسن، بگرێتەوە لەبینای ژمارە١٠ی شەقامی داونینگ.

‎تا ئەو كاتەش بۆریس جۆنسن، لەپۆستی سەرۆك وەزیرانی وڵاتەكەی بەردەوام دەبێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×