ئا: ئاوێنە
سەڕەرای ناڕەزایی توندی خۆپیشاندەرانی هەواداری موقتەدا سەدر بەرامبەر بەکاندید کردنی محەمەد شەیاع سودانیو بەزاندنی سنوری ناوچەی سەوزو چونە باڵەخانەی پەرلەمانی عێراقەوە، هێشتا سودانی دەڵێت "سورم لەسەر خۆ کاندید کردن بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران".
ئێستا زیاتر لە9 مانگ بەسەر هەڵبژاردنەكانی عێراقدا تێدەپەڕێت، كە مانگی تشرینی یەكەمی ساڵی رابردو بەڕێوەچو، بەڵام هێشتا پەرلەمانی عێراق سەركەوتو نەبوە لەهەڵبژاردنی سەرۆك کۆمارو سەرۆك وەزیرانی نوێ. بنبەستی سیاسی عێراق کاتێک گەیشتە لوتکەکە ، براوەی سەرەکی هەڵبژاردنەکە، موقتەدا سەدر، هاوپەیمانی لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمان، محەمەد حەلبوسی (سەرکردەی سەرەکی عەرەبە سوننەکانی عێراق)و سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان مەسعود بارزانی پێکهێناو هەوڵی دا لەسەر بنەمای زۆرینە، نەک تەوافوقی سیاسی کە لەساڵی ٢٠٠٥ەوە بۆ پێکهێنانی حکومەت لەعێراقدا پەیڕەو دەکرێت، کابینەی نوێی حکومەت پێکبهێنێت، بەڵام لایەنە شیعەکانی "چوارچێوەی هەماهەنگی"، سەرەڕای شکستیان لەهەڵبژاردنەکاندا، توانیان پێکهێنانی حکومەت لەلایەن "سەدر- حەلبوسی- بارزانی"یەوە پەکبخەن.
سەرەنجام نوێنەرانی رەوتی سەدر لەمانگی حوزەیرانی رابردودا دەستیان لەپەرلەمان کێشایەوەو بەپێی دەستوری عێراق نوێنەرە یەدەکەکانی "چوارچێوەی هەماهەنگی" شوێنەکانیان پڕکردەوەو پاش مشتومڕێکی زۆر محەمەد شەیاع سودانی کاندید کرا بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران.
بەڵام هێشتا ٤٨ کاتژمێر بەسەر کاندید کردنی "محەمەد شەیاع سودانی" لەلایەن چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکانی عێراقەوە تێنەپەڕی بو، کە هەوادارانی موقتەدا سەدر وەک ناڕەزایی دەربڕین بەرامبەر بەو کاندید کردنە ڕژانە سەر شەقامەکانو بەچونە ناوچەی سەوزو باڵەخانەی پەرلەمانی عێراقەوە، هەمو پلانو بڕیارو هاوکێشەکانیان سەرلەنوێ تێکدایەوە.
محەمەد شەیاع سودانی یەکێک بوو لەو دو کاندیدەی کە نوری مالیکی سەرۆکی هاوپەیمانی "دەوڵەتی یاسا" پێشنیاری کردبو، بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە.
محەممەد شیعە سودانی یەکێکە لەسەرکردەکانی حیزبی دەعوە کە لەماوەی ١٥ ساڵی رابردودا، چەندین وەزارەتی بەڕێوەبردوەو چەندین پۆستی لەحکومەتە یەک لەدوای یەکەکاندا هەبوەو لەساڵی ٢٠٠٥ەوە تا ئێستا لەهەمو هەڵبژاردنەکاندا وەک نوێنەری ئەنجومەنی نوێنەران هەڵبژێردراوەو چەندین پۆستی جیاوازی پێسپێردراوە.
کاندید کردنی سودانی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران دوای ئەنجامدانی 103 کۆبونەوەی فەرمی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکان، سازشێک بو لەنێوان هێزە گەورەو بەهێزەکانی ئەم چوارچێوەیەدا، لەبەرئەوەی حزبەکەی سودانی "رەوتی فورات" لەدواهەڵبژاردنی عێراقدا تەنها یەک کورسی بەدەستهێنا کە ئەویش کورسییەکەی خۆی بو، دوای کشانەوەی رەوتی سەدریش دو کورسی تری بەرکەوت.
ئەمە لەکاتێکدا بو کە نوری مالیکی سەرۆک وەزیرانی پێشوتری عێراق، پاش دزەکردنی تۆمارە دەنگییەکانی ئەمدواییەی بێبەخت کرا لەوەی کە بەتەما بو جارێکیتر کاندید بکرێتەوە بۆ ئەو پۆستە بەو پێیەی سەرۆکایەتی گەورەترین فراکسیۆن دەکات کە "هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا"یە.
بەڵام ئایا سەرۆکی ڕەوتێکی بچووک لەئەنجومەنی نوێنەران، دەتوانێت سەرۆکایەتی دەربازبونی عێراق لەو بنبەستە سیاسییە بکات کە لەئەنجامی ناکۆکی نێوان هێزە گەورەکان، تێیکەوتوە.
محەممەد شیعە سودانی، سهرهڕای ئهوهی خۆی وهك سهربهخۆ پیشان دهدات، بەڵام ڕهگو ڕیشهی فکری لهحیزبی "دەعوا"دایه، ئەو حزبەی کە ٤٢ ساڵ لەمەوبەر، کاتێک سودانی تەمەنی دە ساڵ بوو، باوکیو پێنج ئەندامی بنەماڵەکەی بەهۆی ئەوەی سەر بەم حیزبەی شیعە بون، لەلایەن رژێمی سەدامەوە لەناوبران.
محەممەد شیعە سودانی سودانی کاندیدکراوی خودی مالکییەو لەساڵانی رابردوشدا زۆر نزیک بوە لەم سەرکردە کاریگەرەی عێراقەوە، مالکی ئەوی لەهەمو سەرکردە گەورەکانی دیکەی "چوارچێوە" لا پەسەندکراوترە، لەبەرئەوەی ئەگەر کاراکتەرێکی گەرورەی چوارچێوە کاندید بکرایە، پەسەند کردنی لای مالیکی ئاسان نەبو، کە خۆی بەشایستەتر دەزانێت.
سودانی کە لەهەمو هەڵبژاردنەکانی پێشوتری پەرلەمانی عێراقدا، کاندیدی "هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا" بوە، ساڵی ٢٠١٩ لەبەرئەوە دەستی لە"حزبی دەعوە" کێشایەوە کە وەک ئەلتەرناتیڤی عادل عەبدولمەهدی پێشنیار کرا بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک وەزیران، تەنها بۆ ئەوەی لەلایەن هێزە ناڕازییەکانی دەوڵەتی یاساوە، بەتایبەتی "رەوتی سەدر" پەسەند بکرێتو رەتنەکرێتەوە، بەڵام لەلایەن سەدرییەکانەوە پشتیوانی نەکرا.
ئێستاش بەهەمانشێوە، "چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکان" کاندیدیان کردو پێیانوابو "موقتەدا سەدر"و سەدرییەکان پێی ڕازی دەبن، گوایە سەدر ڤیتۆی لەسەر مالیکیو حیزبی دەعوەیە، نەک ئەم پیاوە کە سەربەخۆیە!
بەڵام کاردانەوەی توندی سەدرییەکان پێچەوانەی ئەم بۆچونەی سەلماند، دەرکەوت سەدر رێگە لەمالکیو هەر کەسێکیش دەگرێت ببنە سەرۆک وەزیر کە کاندیدکراوی ئەو بن، هاوکات هەمو ئاماژەکانیش روەو ئەو ئاڕاستەیەن کە موقتەدا گرەو لەسەر شكستی هەر حكومەتێك ده كات كه لەلایه ن "چوارچێوه"وه پێكبهێنرێت، تەنانەت گەربێتو "محەمەد شەیاع سودانی" بشبێتە سەرۆک وەزیرانی عێراق.