ئا: ئاوێنە
بڵاوکردنەوەی چەند وێنەیەکی باڵیۆزی عێراق لەلوبنان، حەیدەر بەراک کە لەکاتی سەردانیکردنی بۆ گوندێکی ناوچەی بیقاع لەرۆژهەڵاتی لوبنان، بەکۆمەڵێک چەکدار بەجلی مەدەنییەوە دەورە دراوە لەگەشتێکی ڕاوکردنی باڵندەداو بە ئاڕ پی جی RPG ڕاوی باڵندە دەکات، هەرایەکی گەورەی لەسۆشیال میدیادا نایەوەو لەپۆستەکەی لابرا.
ئەو هەڵسوکەوتەی حەیدەر بەراك، باڵیۆزی عێراق لەلوبنان، شەپۆلێکی گاڵتەجاڕیو توڕەییو مشتومڕێکی گەورەی لەسۆشیال میدیادا دروست كرد، چ لەلوبنانو چ لەعێراق، دوای ئەوەی لەکۆمەڵە وێنەیەکدا دەركەوت كە ئاڕ پی جی-یەکی خستوەتە سەر شانیو دەیتەقێنیت، لەم وێنانەدا باڵوێز بەیاوەری چەند چەکدارێک دەردەکەوێت بەجلی مەدەنیو بەکاروانی ئوتومبێل لەناوچەی بیقاع خەریکی راو کردنی باڵندەن، بەمەرجێک لەو وڵاتەدا بەیاسا راوکردن قەدەغە کراوە.
هاوڵاتییەکی لوبنانی وەک توانجدان لەم کارە لەتویتێکدا نوسیویەتی "ئەمە باڵوێزو دبلۆماتکارە لەوەزارەتی دەرەوە RPG دەتەقێنیت، ئەی ئەگەر لەوەزارەتی بەرگری بوایە ئەبوایە چی بتەقاندایە؟!".
هاوڵاتییەکی عێراقیش لەفەیسبوکدا بەگاڵتەجارییەوە بە"کازمی" دەڵێت "کاری باڵیۆز دروستکردنی پەیوەندی دیپلۆماسیو هەماهەنگی نێوان وڵاتانو گواستنەوەی کولتوری دەوڵەتو گەلو بایەخدانە بەڕەوەندەکەی، تۆش دەڵێیت لەکۆنفرانسی سعودیە وێنەیەکی ساغلەمی عێراق پیشان دەدەم".
ئەمە یەکەم کاری نەشیاوی ئەم باڵیۆزە نییە، پێشتریش لەبەیروت بەشێوەیەکی سەیرو سەمەرە مامەڵەی کردبو، کە لەکاتێکدا سەرۆکی شاندێکی عێراقی پاش گفتوگۆکردن لەگەڵ وەزیری وزەی لوبنانی، قسە بۆ کەناڵی عێراقیە دەکاتو وەڵامی رۆژنامەنوسێک دەداتەوە، لەناکاو حەیدەر بەراکی باڵوێز دێو ڕێگری لەسەرۆکی شاندەکە دەکاتو قسەکانی بەزۆر پێدەبڕێو نایەڵێ چاوپێکەوتنەکەی تەواو بکاتو دەستی دەگرێو لەرۆژنامەنوسەکەی دوردەخاتەوەو دەیبات. ئەمەش لەمیدیاکانی لوبناندا دەنگدانەوەی گەورەی هەبو، کە وەک هەڵسوکەوتێکی ناشارستانی ئاماژەی پێکرا.
شاندەکە لەگەڵ بەرپرسانی لوبنان گفتوگۆیان کردبو لەسەر ئەوەی کە چۆن عێراق دەتوانێت سود لەو خزمەتگوزارییو کاڵایانە وەربگرێت کە لەلوبنانەوە پێویستی پێیەتی، لەبەرامبەر ئەو نەوتەی کە پێشکەشی دەکات.
دوای ئەم هەڵسوکەوتە، وەزارەتی دەرەوەی عێراق، بەخێرایی بانگهێشتی باڵوێزەکەی لەلوبنان کرد، بۆ ئەوەی لێكۆڵینەوە سەبارەت بەم هەڵسوکەوتەی بکات، ئەوکات لەپۆستەکەی دورنەخرایەوە.
بەڵام دوای بڵاوبونەوەی ئەم وێنانەی کە خەریکی راوکردنی باڵندەیە لەگوندێکی بیقاعو ئاڕ پی جی-یەکی خستوەتە سەر شانیو دەیتەقێنیت، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق حەیدەر بەراكی باڵیۆزی عێراقی لەلوبنان لەئەركەكانی دوورخستەوەو فەرمانێكی دەركرد بۆ گەڕانەوەی بۆ بارەگای وەزارەت لەبەغدا.