ئا: ئاوێنە
فرێدریک گێردینک، ئەو ژنە رۆژنامەنوسە ئازادە هۆڵەندییەی کە كار لەسەر كێشەی كورد دەكات، تا ئێستا دوجار لەتورکیا لەسەر داکۆکیکردن لەپرسی کورد دەستگیرکراوەو دیپۆرتی وڵاتەکەی کراوەتەوەو ئەمڕۆ رێگەی چونە ناو تورکیای لێقەدەغەیە، ئەم رۆژنامەنوسە لەماوەی ساڵێکیشدا دوجار لەڕێگەی فڕۆکەخانەی هەولێرەوە لەلایەن دیپۆرت کراوەتەوە، ئەو دەڵێت "شانازی دەکەم کە قەڵەمەکەم ئەوەندە تیژە دەسەڵاتدارانی تورکیا لێی دەترسن، بهداخیشەوه بۆ دهسهڵاتدارانی ههرێم بهو ئەندازەیە لهژنێك دهترسن كه پێنوسی ههڵگرتوه".
فرێدریک گێردینک (Fréderike Geerdink)ی تەمەن ٥٢ ساڵ، رۆژی چوارشەممەی رابردو لە تویتێكدا رایگەیاند "من لەهەرێمی كوردستانی عێراقەوە دیپۆرت دەكرێمەوە، خەریكبو لە سنور دەپەڕیمەوە بۆ باكوری رۆژهەڵاتی سوریا (رۆژئاوای كوردستان)، لەناكاو دۆخەكە گۆڕا، پۆلیس خستمیانە ناو ئۆتۆمبێلێكو هێنایانم بۆ فڕۆكەخانەی هەولێر، ئەردۆغان دەستی ئەڕوات".
ئەمە دوەم جار بو لەماوەی ساڵێکدا کە فرێدریک گێردینک لەلایەن دەسەڵاتدارانی هەرێمەوە لەفڕۆکەخانەی هەولێرەوە دیپۆرت بکرێتەوە، ساڵی رابردوش ئەم رۆژنامەنوسە یەكێك بو لەئەندامانی ئەو وەفدە بیانییەی لەهەولێر دەستبەسەركران، کاتێک 21 کەسایەتیو چالاکوانی کوردو نێودەوڵەتی، بەمەبەستی هێورکردنەوەی گرژیەکانی نێوان پەکەکەو پارتی سەردانی هەولێریان کردو بڕیار بو کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی ببەستن، لەفڕۆکەخانە ڕاگیرانو پارتی دیپۆرتی کردنەوە.
ئەوکات فرێدریک ڕەخنەیەكی توندی ئاڕاستەی پارتی کردو لەهەژماری تایبەتی خۆی لەتویتەر نوسی "كاتێك كە لەفڕۆكەخانەی هەولێر دەستگیر كراین، بەلێپرسراوانی فڕۆكەخانەكەم وت: پێویستە وێنەی ئەرۆدغان لەپاڵ وێنەی بارزانی لەفڕۆكەخانە هەڵبواسن".
ئەمە لەکاتێکدایە ئەم ڕۆژنامەنوسە ساڵانێکی زۆرە کاری رۆژنامەوانیو لێکۆڵینەوە لەسەر پرسی کوردو کێشەکانی کوردستان دەکات.
فرێدریک گێردینک، لەساڵی ١٩٧٠ لەشارۆچکەی هێنگێلۆ لەهۆڵەندا لەدایکبوە، لەساڵی ١٩٨٨ تا ١٩٩٢ لەقوتابخانەی کریستلییکە هۆگێشێیم خوێندنی ڕۆژنامەگەری تەواو کردوەو لەسەرەتای نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوودا لەهۆڵەندا دەستی بەکاری ڕۆژنامەگەری کردوە.
لەساڵی ٢٠٠٦ تا ٢٠٢٠، وەک رۆژنامەنوسی ئازاد لەتورکیاو باکوری کوردستان کاری کردوە، ئەو دەڵێت "ڕوماڵە ڕۆژنامەوانییە ڕاستگۆکانم ئەوەندە ئەو کەسانەی لەدەسەڵاتدان توڕە کرد کە دو جار دەستگیریان کردمو دواتر دیپۆرتیان کردمەوە".
دەشڵێت "لای من ئەولەویەت پاراستنی پەیوەندییەکانم نییە لەگەڵ کەسانی دەسەڵاتداردا، بەڵکو ئەرکی من ئەوەیە دڵسۆزانە دەنگی گروپە پەراوێزخراوەکان گەورە بکەم، بۆ نمونە: ئەگەر من ڕۆژنامەنووسێک بوومایە لەسییەکانی سەدەی ڕابردودا، کاتێک دەبو ڕاپۆرت لەسەر سەرهەڵدانی فاشیزم لەئەڵمانیا بکەم، ئایا هەوڵم دەدا چاوپێکەوتن لەگەڵ ئەو پیاوە دەسەڵاتدارەدا بکەم لەبەرلین یان خەڵکی گەڕەکە جولەکەکان؟".
فرێدریک ئەوە روندەکاتەوە کە "لەتورکیا سەرەتا لەئەنادۆڵی ئیستەنبوڵ، بۆ ماوەی شەش ساڵ نیشتەجێ بوم، بەڵام لەسەرەتای ساڵی ٢٠١٢دا هەموو شتێک گۆڕا، دوای ئەوەی سەردانی شارۆچکەیەکی بچوکم کرد لەسەر سنوری عێراق بەناوی ڕۆبۆسکی. دیمەنی کۆمەڵکوژییەکم بینی: لەمانگی کانونی دووەمی ٢٠١١دا، گوندنشینانی کورد کە بەقاچاخ کەلوپەلیان لەسنوورەکانەوە دەگواستەوە، لەلایەن هێزی ئاسمانی تورکیاوە بۆردومان کرابونو جەستەیان هەلا هەلا لەجەڵتانی خوێندا بو، سیو چوار پیاوو کوڕ گیانیان لەدەستدا بوو. زۆر زوو تێگەیشتم کە گێڕانەوەی چیرۆکی ئەم کارەساتە، کە لەسەر کیلۆمەترێکی چوارگۆشە لەچیا ناڕێکو سەهۆڵبەندەکانی کوردستاندا ڕوویدا، تەواوی پرسی کورد لەتورکیا رون دەکاتەوە، کە نزیکەی سەدەیەکە کورد لەلایەن دەوڵەتی ناسیۆنالیستی تورکەوە سەرکوت دەکرێت".
فرێدریک لەساڵی ٢٠١٤دا کتێبێک سەبارەت بەکۆمەڵکوژی ڕۆبۆسکی بە ناوی "رۆبۆسکی: کوڕەکانی مردون" بەزمانی هۆڵەندی بڵاودەکاتەوەو خەڵاتی برۆس بۆ باشترین کتێبی ڕۆژنامەوانی پێدەبەخشرێت، لەساڵی ٢٠١٥دا ئەم کتیبە بەزمانەکانی ئینگلیزیو تورکی بڵاودەکرێنەوەو لەساڵی ٢٠١٨شدا بەزمانی عەرەبی.
فرێدریک تاکە ڕۆژنامەنوسی بیانی بووە کە لەنێوان ساڵانی ٢٠١٢ تا ٢٠١٥ لەشاری ئامەد نیشتەجێ بوەو روداوەکانی باکوری کوردستانی بۆ میدیا جیهانییەکان بەزمانەکانی ئینگلیزیو هۆڵەندیو فلاندەریو تورکی روماڵ کردوە، ئەو دەڵێت "دوای ئەوەی لەساڵی ٢٠١٢ چوومە دیاربەکر کە دڵی خەباتی کورد بوو، چاودێری دەوڵەتی تورکم خرایە سەر، ئەم چاودێرییە کاتێک چڕتر بوەوە کە دەستمکرد بەبڵاوکردنەوەی بابەت بەزمانی تورکیو ئینگلیزی سەبارەت بەپرسی کورد، لەساڵی ٢٠١٥دا، لەلایەن پۆلیسەوە لەدیاربەکر دەستبەسەر کرام، گومانم لێدەکرا کە پڕوپاگەندەم بۆ پەکەکە کردبێت لەڕێگەی چاوپێکەوتنو ڕاپۆرتەکانمەوە، پۆلیس لێپێچینەوەی لەگەڵ کردم، بەڵام بێتاوان دەرچووم. لەمانگی ئەیلولی 2015یشدا، لەکاتی کارکردن لەسەر رێپێوانێک لەسەر سنوورەکانی ئێرانو عێراق، جارێکی دیکە دەستبەسەر کرام، ئەمجارەیان لەگەڵ کۆمەڵێک چالاکوانی کورد کە ڕاپۆرتم لەسەر دەکردن دەیانویست ڕێگری بکەن لەئۆپەراسیۆنێکی سەربازی دەوڵەتی تورکو رێگە نەدەن بەپێکدادانی زیاتری نێوان سوپای تورکیاو گەریلاکانی پەکەکە، دوای دو شەو لەدەستبەسەر کردنم لەبنکەیەکی پۆلیس، سواری فڕۆکەیەک کرام بۆ ئەمستردام. تا ئێستاش چونم بۆ تورکیا قەدەغە کراوە".
بەڵام فرێدریک کۆل ناداتو وەک خۆی دەڵێت "لە هەنگاوێکی سەرپێچیکارانەدا، پلانێکی شێتانەم داناو چومم ساڵێک لەگەڵ ژنە گەریلاکانی پەکەکەو شەڕڤانانی یەپەگەم بەسەربرد بۆ ئەوەی لەسەر ئەم بزوتنەوەی چەکدارییە بنوسم، کە ئەنجامەکەی بریتی بو لە کتێبی "ئەم ئاگرە هەرگیز نامرێت"، کە لەساڵی ٢٠١٨ لەهۆڵەندا بڵاوکرایەوەو خرایە لیستی باشترین کتێبی ڕۆژنامەوانیو لەساڵی ٢٠٢١ وەرگێڕانی ئینگلیزی ئەم کتێبە بڵاوکرایەوە.
فرێدریک کە پسپۆڕە لەنوسین لەسەر کوردو لەساڵی ٢٠٢٠دا بڕوانامەی ماستەری لەڕۆژنامەگەری نێودەوڵەتی لە زانکۆی ئەدینبۆرگ ناپیر بەدەستهێناوەو خاوەنی چەندین وتارو راپۆرتو کتێبە لەسەر پرسی کوردو سیاسەتەکانی تورکیا، دەڵێت "من ڕۆژنامەنوسێکی پیشەییو سەربەخۆم کە تەنیا لەلایەن ئەو میدیا سەربەخۆیانە پارەم پێدەدرێت کە کاریان بۆ دەکەم".
هەفتەی رابردو، فرێدریک بەڕێگاوە بو بەرەو کۆبانی بۆ ئەوەی راپۆرت بۆ گۆڤارێکی هۆڵەندی ئامادە بکات، بەڵام وەک خۆی دەڵێت لەلایەن پارتییەوە رێگەی پێنەدراوە بپەڕێتەوە بەرەو رۆژئاوای کوردستانو دیپۆرت کراوەتەوە، ئەو ناڕەزایی خۆی بەرامبەر بەم کارە دەردەبڕێو پێیوایە "تورکیا، هەرێمی کوردستانی کۆلۆنی کردوە"و ئەمەی بەرامبەری کراوە بەفەرمانی تورکیا بوە، کە دەیەوێت جارێکی دیکە ڕێگری لەکاری ڕۆژنامەوانی ئەم بکاتو نایەوێت راپۆرتێکی ئازادو سەربەخۆ لەسەر پرسە هەستیارەکانی کورد بڵاوبکرێتەوە.