ئا: بارام سوبحی
ره‌جه‌ب عه‌بدولمه‌جید كه دوربینترین نه‌خشه‌كێشی شۆڕش بو، ده‌یوت: كورد مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی خۆی دابمه‌زرێنێت، د.كه‌مال مه‌زهه‌ر له‌پێشه‌كی كتێبی شۆڕشی (14/ته‌موز/1958) له‌عێراق واده‌ڵێت.
٦٤ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر، خه‌ڵكی عێراق به‌بیستنی هه‌واڵی روخانی رژێمی پاشایهتیو راگه‌یاندنی سیستمی كۆماری به‌خه‌به‌رهاتن. كتێبی شۆڕشی (14ی ته‌مموزی 1958 له‌عێراق) له‌نوسینی مافناس عه‌بدولقادر ساڵح، روداوه‌كانی ئه‌و رۆژگاره له‌دوتوێی (250) لاپه‌ڕه‌دا ده‌گێڕێته‌وه. ئه‌م كتێبه له‌بڵاوكراوه‌كانی به‌ڕێوه‌به‌رێتی گشتی چاپ‌و بڵاوكردنه‌وه‌یه له‌وه‌زاره‌تی رۆشنبیری.
ئه‌م كتێبه له‌دو به‌ش پێكدێت، له‌به‌شی یه‌كه‌مدا باسی كورته‌یه‌ك له‌مێژوی عێراق‌و گرنگترین گۆڕانكارییه‌كانی پێش شۆڕشی چوارده‌ی تهمموزو مێژوی ئه‌فسه‌رانی ئازادیخواز ده‌كات، له‌به‌شی دوه‌میشدا گرنگترین ده‌رهاویشته‌كانی شۆڕشه‌كه توێژینه‌وه‌ی له‌باره‌وه كراوه، كه زیاتر باس له‌ده‌رهاویشته سلبیه‌كان كراوه.
رهجهبو ده‌وڵه‌تی كوردی
مێژونوسی ناسراوی كورد د.كه‌مال مه‌زهه‌ر، له‌پێشه‌كی ئه‌م كتێبه‌دا نوسیویه‌تی: ئایا رژێمی پاشایه‌تی وا گه‌نده‌ڵ بوبو تا له‌ناوبردنی ببێته ئه‌ركێكی مێژویی ره‌وا؟ ئه‌گه‌روایه چی وای له زۆرینه‌ی ده‌سته‌بژێری وڵات كردوه خه‌ون به‌وه‌وه ببینن ره‌وڕه‌وه‌ی مێژو بگه‌ڕێته‌وه به‌ره‌به‌یانی (13/7/1958)؟
له‌باره‌ی كاره‌كته‌ره‌كانی شۆڕشه‌كه‌وه، مه‌زهه‌ر ده‌ڵێت "ره‌جه‌ب عه‌بدولمه‌جید كه دوربینترین نه‌خشه‌كێشی شۆڕش بو، له‌وه په‌شیمان بو كه بۆ به‌رپابونی شۆڕش كردی، ئه‌وم له‌نزیكه‌وه دهناسیو ئه‌و قسه‌یه‌م له‌خۆی بیستوه، هه‌روه‌ها له‌خۆیم بیستوه كه ده‌یوت: كورد مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی خۆی دابمه‌زرێنێت". ده‌رباره‌ی عه‌بدولكه‌ریم قاسمیش ده‌ڵێت: پیاوێكی نیشتیمانپه‌روه‌رو خاوێن‌و دڵسافو ساویلكه بو، بۆ هه‌مو كارێك ده‌ستی ده‌دا په‌ت پهتێنو فێڵ‌و فه‌ره‌جی سیاسه‌ت نه‌بێت".
له‌قاهیره‌وه بۆ به‌غدا
نوسه‌ر، به‌پشت به‌ستن به‌چه‌ندین سه‌رچاوه ئاماژه به‌وه‌ده‌كات بیرۆكه‌ی دامه‌زراندنی ئه‌فسه‌رانی ئازادیخواز كه سه‌ركردایه‌تی شۆڕشه‌كه‌یان كرد، بیرۆكه‌ی رائیدی ئه‌ندازیار ره‌فعه‌ت حاج سری بوه. سری له ئه‌یلولی (1952) بۆ یه‌كه‌مینجار ده‌ستپێشخه‌ری بیرۆكه‌ی دامه‌زراندنی ئه‌فسه‌رانی ئازادیخواز بۆ هاوڕێی خۆشه‌ویستی موقه‌ده‌می ئه‌ندازیار ره‌جه‌ب عه‌بدولمه‌جید ده‌خاته‌ڕو، ئه‌مه‌ش له‌ژێر كاریگه‌ری ئه‌فسه‌رانی ئازادیخوازی میسر كه له (22/7/1952) شۆڕ‌شیان له میسر ئه‌نجام داب‌و.
هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: سری رێگه‌ی خۆشكرد بۆ دروستكردنی رێكخستنێكی پته‌و له‌سوپادا، كه ئه‌نجامه‌كه‌ی له‌و رێكخستنه به‌هێزه‌دا خۆی بینیه‌وه كه به‌سه‌ركردایه‌تی قاسم له (1957) پێكهات.
لیژنه‌ی باڵای ئه‌فسه‌رانی ئازادیخواز له‌چوارده ئه‌فسه‌ر پێكده‌هاتن، هه‌مویان له‌دایكبوی به‌غدا بون ته‌نها سێ كه‌سیان نه‌بێت، باری داراییان له‌یه‌ك نزیكبو، هیچ یه‌كیان ماڵی نیشته‌جێبونی خۆیان نه‌بو، ته‌نها عه‌قید روكن ناجی تالیب نه‌بێت كه باوكی خاوه‌ن زه‌ویوزار بوه، هه‌مویان سوننی مه‌زه‌ب بون جگه لهناجی تالیبو موحسین حسێن حه‌بیب نه‌بێت كه شیعه بون، قاسمیش دایكی شیعه بو، به‌ڵام هیچ كات له‌ژیانیدا شتێكی نه‌كردوه به‌لای ئه‌وه‌دا بشكێته‌وه شیعه بێت. یه‌كێك له‌ئه‌ندامه كاراكانی لیژنه‌ی باڵاش به‌ره‌گه‌ز كورد بوه، ئه‌ویش عه‌قید روكن محێدین عه‌بدولحه‌مید بوه‌و سه‌رۆكی كوتله‌ی رێكخستنی به‌غدا بوه.
گرنگترین بنه‌ماكانی كاركردنی لیژنه‌ی باڵا بریتی بون له: له‌كۆبونه‌وه‌كاندا نوسین به‌هه‌مو شێوه‌یه‌ك قه‌ده‌غه‌یه، له‌كاتی تهلهفۆنكردندا وشه‌ی ره‌مز به‌كاربهێنرێت، لایه‌نگیری نه‌كردن به‌لای هیچ پارت‌و بیروباوه‌ڕێكی سیاسی‌دا، لیژنه‌كه كه‌سی رانهسپاردبو په‌یوه‌ندی به‌وڵاتانی ده‌ره‌كیه‌وه بكات، ئاماژه‌یان به‌كوشتنی مه‌لیك فه‌یسه‌ڵ یان لێپرسینه‌وه‌ی نه‌كردبو، به‌ڵكو ئامانجی سه‌ره‌كی بریتی بو لهدهستگیركرنو دادگایكردنی نوری سهعیدو عه‌بدولئیلا.
دوانه‌ی عارف‌و قاسم
زۆرینه‌ی ئه‌ندامانی لیژنه‌ی باڵای ئه‌فسه‌رانی ئازادیخواز، له‌سه‌ره‌تاوه وه‌رگرتنی عه‌بدولسه‌لام عارفیان ره‌تكردۆته‌وه، ئه‌وه‌ش به‌هۆی هه‌ڵچونی بهردهوامیو متمانه نه‌بون پێی، به‌ڵام قاسم به‌رپرسیارێتی ده‌خاته گه‌ردنی خۆیه‌وه‌و له‌حوزه‌یرانی (1957) به‌ئه‌ندام وه‌رده‌گیرێت.
نوسه‌ر، رایده‌گه‌یه‌نێت پلانی شۆڕش نه‌خراوه‌ته به‌رده‌ستی لیژنه‌ی باڵا تا گفتوگۆی له‌سه‌ر بكرێت، به‌ڵكو له‌لایه‌ن قاسم‌و عارف‌و دهراجیهوه داڕێژراوه. بۆ راستاندنی ئه‌م وته‌یه‌ش وته‌یه‌كی عارف له‌به‌رده‌م دادگای باڵای سه‌ربازیدا له‌رۆژی (31/12/1958) ده‌هێنێته‌وه، كه وتبوی: زه‌عیم قاسم پێیوتم با له‌گه‌ڵیاندا بۆ هه‌ندێك قسه‌و باس لوتف بنوێنین، به‌ڵام له‌بواری كاری یه‌كلاكه‌ره‌وه‌دا با له‌نێوان ههردوكماندا بێت.
شۆڕش یان كوده‌تا؟
دوای ناساندنی شۆڕش‌و كودهتاو خستنه‌ڕوی ئه‌نجامه‌كانی شۆڕشی چوارده‌ی تهمموز، نوسه‌ر ده‌ڵێت: ئه‌وه‌ی له (14/ته‌موز) رویدا دو كوده‌تا بو، یه‌كه‌میان به‌سه‌ر لیژنه‌ی باڵادا كرا‌و له‌ناو نه‌خشه‌ی شۆڕشدا هه‌ڵیوه‌شانده‌وه، دوه‌میان بو به‌مایه‌ی هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی سیستمی پاشایه‌تی له‌عێراقدا.... له‌ڕاستیدا ئه‌وه‌ی رویدا كوده‌تایه‌كی سه‌ربازی بو نه‌ك شۆڕش، ئه‌م كوده‌تایه‌ش كۆمه‌ڵێك ئه‌فسه‌ر پێی ههستانو پاش راگه‌یاندنی شۆڕش خه‌ڵكی له‌ده‌وری كۆبونه‌وه‌و له‌گه‌ڵیدا تێكه‌ڵ بون‌و پشتگیریان لێكرد‌و به‌ته‌واوی سه‌ریانخست.
قاسم‌و (55) نازناو!
نوسه‌ر باس له‌وه‌ده‌كات پاش سێ مانگ له‌شۆڕش، شیوعیه‌كان نازناوی تاكه پێشه‌وایان له‌قاسم نا، له‌كاتێكدا "قاسم له‌وكاته‌دا هێنده متمانه‌ی به‌خۆی نه‌بو تاوه‌ك ده‌سه‌ڵاتێك حوكم بكات". هه‌روه‌ها ده‌ڵێت "به تێپه‌ڕبونی رۆژو مانگیش هۆكاره‌كانی پڕوپاگه‌نده‌و راگه‌یاندن زیاتر وه‌سفی قاسمیان ده‌كرد، تا ئه‌وه‌ی (55) نازناوی بۆ دانرا لهعیملاقی ته‌مموزه‌وه هه‌تا سه‌ركرده‌ی دنیایه‌كی نوێ".
به‌بڕوای نوسه‌ر، هه‌مو ئه‌و نازناوانه هێما بون بۆ سه‌رهه‌ڵدانی مه‌سه‌له‌ی شه‌خسپه‌رستی، دواتریش ئه‌و كاره بوه‌ته سیمای گه‌لی عێراقی‌و پێیده‌ناسرێته‌وه، كه هه‌ر خۆیان دیكتاتۆر دروستده‌كه‌ن‌و پاشان ده‌یڕوخێنن. له‌وباره‌یه‌وه ده‌ڵێت "هه‌ر بۆیه ده‌بینین دیكتاتۆرێك دهڕواتو یه‌كێكی تر دێته جێگه‌ی. قاسمیش له‌به‌رئه‌وه‌ی سایكۆلۆجیهتێكی نه‌رجسی هه‌بو، ئه‌م باره‌ی قۆرغكرد بۆ زیاتر چه‌سپاندنی دهسهڵاتهكهیو پیاده‌كردنی حوكمی تاكڕه‌وی له‌عێراقدا".