ئا: ئاوێنە
بەهۆی سکاڵایەکی لاهور شێخ جەنگی، دادگای کەرخ هەمو ئەو بڕیارانەی راگرت بافڵ تاڵەبانیو سەرکردایەتی یەکێتی لەدوای ٨ی تەموزی ساڵی رابردوەوە دەریانکردوەو دۆسیەی یەكێتیی نیشتیمانی كوردستانیش لەفەرمانگەی حزبەكان لەبەغدا هەڵپەسێردرا.
بەر لەچەند رۆژێك دادگای كەرخ لەبەغدا "بڕیارێكی وەلائی" لەبارەی یەكێتیی نیشتیمانی كوردستان دەركردووەو بەپێی بڕیارەكە هەموو كاروبارەكانی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستانی راگیراوە.
بەپێی زانیارییەكان ئەو بڕیارەی دادگای كەرخ سێ بڕگەی سەرەكی لەخۆ دەگرێت كە پێكدێت لەمانەی خوارەوە:
١/ هەڵوەشاندنەوەی هەرچی بریاری دوای 8ی تەمموز لەلایەن بافڵ تاڵەبانییەوە دراوە هەر لەدوورخستنەوەی لاهور شێخ جەنگی لەپۆستی هاوسەرۆکیو خۆكردنە سەرۆكی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان تا گۆڕینی ئەندامانی مەكتەب سیاسیو بڕیارەكانی دیكەی تایبەت بەلاهور شێخ جەنگیو چەند سەركردایەتیەكی نزیكی ئەو .
٢/ هەڵوەشاندنەوەی هەر دەستكارییەكی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتیی ئەگەر لەداهاتوودا بكرێت.
٣/ هەڵپەساردنی دۆسیەی یەكێتیی نیشتیمانی كوردستان لەفەرمانگەی حزبەكانی سەر بەكۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن تاوەكو سكاڵای لاهور شێخ جەنگی لەلایەن دادگای كەرخ یەكلایی دەكرێتەوە.
بەپێی سەرچاوەیەكی تایبەتی بۆ ئاوێنە ئەو بڕیارەی دادگای كەرخ لەكاتێكدایە كە بڕیارە تا ١ی ئابی داهاتوو ئەگەر بافڵ تاڵەبانی یاخود بریكارەكەی لەدادگا ئامادە نەبێت، ئەوا دادگا بڕیاری خۆی بەغیابی لەبارەی یەكێتییەوە دەدات كە پێدەچێت هەڵوەشاندنەوەی تەواوی ئەو بڕیارو رێكارانە لەخۆ بگرێت كە لەدوای ٨ی تەمموزی ٢٠٢١ بافڵ تاڵەیانی دەریكردووە، لەنێوانیشیاندا دەركردنی لاهور شێخ جەنگیو چەند سەركردایەتییەكو گۆڕانكاریی لەنێو حزبەكەی.
رۆژی ٨ی تەمموزی ٢٠٢١ بافڵ تاڵەبانی لەڕێگەی بەكارهێنانی هێزەوە لاهور شێخ جەنگیو چەند سەركردایەتیەكی لەیەكێتی نیشتیمانی كوردستان دوورخستەوەو زنجیرەیەك گۆڕانی لەناو یەكێتیی كرد، لەوكاتەوە دۆخی ناوخۆی یەكێتیی قسەی زۆری لەسەردەكرێتو لەرەوشێكی ناسەقامگیردایە.
ئەمە لەکاتێکدایە کە هەفتەی رابردو، لاهور شێخ جەنگی سەردانی بەغدای کردو لەگەڵ مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراقو محەمەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمانی عێراقو سەرکردەی زۆربەی حیزبە گەورەکانی عێراق کۆبۆوە، بەبێ ئەوەی لەبارەی سەردانەکەیەوە هیچ لێدوانێک رابگەیەنێت.
لاهور شێخ جەنگیو چەند ئەندام سەرکردایەتییەکی نزیکی سەرباری دەرکردنیشییان لەناو یەکێتی بەڵام هێشتا خۆیان بەیەکێتی رەسەنو راستەقینە دەزانن، لەبەرامبەریشدا بافڵ تاڵەبانی سورە لەسەر دەرکردنیان لەیەکێتیو رایگەیاندوە "دەركراوەكان دەركراونو ملیۆنێك ساڵی دیكە ناگەڕێنەوە ناو یەكێتی".
کۆتایی مانگی رابردو، دیداری یەكێتی لەسلێمانی، یەكێتی بردە قۆناغێكی نوێوە كە بافل تاڵەبانی وەك سەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان ناساندو "بافلو قوبادو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد" وەک کەسانی بڕیاربەدەستو دەستڕۆشتوی سەرەکی ئێستای یەکێتی دەرکەوتن.