ئا: رێژەن سەردار
ئامینەی جۆڵا، یەكەمین ژنە بەدروستكردنی پاقلاوەو برمەو کولیچە لەشاری سلێمانی ناوبانگی دەركردوە، کەم کەس هەیە لەخەڵکی رەسەنی سلێمانی تامی شیرینیە بەتامەکانی نەکردبێت، کە تامو بۆنو بەرامەیەکی کوردانەو خۆماڵییەو تەمەنی بەرهەمەکانی زیاتر لە53 ساڵە.
ئامینە ئەحمەد ئیسماعیل، ناسراو بەئامینەی جۆڵا، لەساڵی 1928 لەشاری سلێمانی لەدایك بوەو وەك خولیایەكی ژیانیو بەهۆی دەستڕەنگییینەوە لەكارەكەیدا لەساڵی 1969ەوە پاقلاوەی بەسینی لەماڵاندا دروستكردوەو هەر ماڵێكی شار داوایان لەئامینە كردوە پاقڵاوەو برمەیان بۆ دروست بكات، ئەو هاوكاری كردونو سەلیقەكی باشی هەبوە لەدروستكردنیاندا.
دواتر لەساڵانی حەفتاكاندا لەماڵەكەی خۆیدا لەگەڕەكی عەلی ناجی درێژەی بەكارەكەی داوەو دوای چەند ساڵێك چەند شیریینییەکی تریشی دروستكردوەو خەڵكی شاری سلێمانی لەكاتی بۆنەو ئاهەنگەكانیاندا، سەردانی ماڵەكەیان كردوە، لەبەرئەوە پاقلاوەو برمەی ئامینەی جۆڵا لەشاردا دەنگی داوەتەوەو وەك یەكەم ژن لەكارەكەیدا ناوبانگی دەركردوە.
لەدوای زیاتر لە ٥٠ ساڵ لەدروستكردنی شیرینیی، ئێستا ئامینەی جۆڵا تەمەنی هەڵكشاوەو وەك جاری جاران توانای كاركردنی نەماوە، هەر بۆیە ڕۆژانە لەجێی ئەو كەژاڵی كچی سەرپەرشتنی كارەكانی دەكات.
کەژاڵ "ئاوێنە"ی راگەیاند "ئامینە خانی دایکم، لەباوو باپیرانیەوە ئەم پیشەیەی بۆ نەماوەتەوە، بەڵکو خۆی کەسێکی بەسەلیقەو دەستڕەنگین بووەو داهێنەری ئەم پیشەیە بووە، ئامینە خان وەک بەناوەکەیدا دیارە باوکی جۆڵا بووە، واتە پیشەکەی باوکی پەیوەندی بەبواری شیرینیەوە نەبووە، ئەو وتی "دایکم کە کچی ئەم شارە بووەو لەم شارەدا لەدایکبووە، لەپێشدا قەزازی کردووە واتە چەفتەو ئەو شتانەی هەڵئەبەست، بەڵام زۆر دەستڕەنگین بوو، ڕەمەزانان شیرینی بۆ ماڵی خۆمان دروست دەکرد، ئیتر یەک دوو جار چوو لەماڵی شێخ مارفی حەمەغەریب شیرینی دروستکرد، لەوێ زۆریان حەز لێبوو، لەو کاتەوە ناوبانگی دەرکردو بڵاوبۆوە، خەڵک باسی تامو چێژەکەیان دەکرد، ئیتر وایلێهات خەڵک سەریان تێکردو ئەهاتن بەشوێنیدا بۆ ئەوەی شیرینییان بۆ دروستبکات، لەبەرئەوەی ئێمەش مناڵ بووین دایکم نەیئەتوانی ماڵ بەجێبھێڵێت، بەخەڵکی وت کەرەستەکانم بۆ بھێننە ماڵەوەو بۆی ئەکردن بەپاقلاوەو برمەو خەڵک ئەھاتن ئەیانبرد، دواتریش کە ئیشەکەی پەرەی سەندو زۆر بوو ئیتر لەماڵەوە نەیئەبرژان، بەسینی ئەمانبرد بۆ بازاڕ لای سەعەی سەمون ئەمانبرژان".
وتیشی "لەساڵی ١٩٦٩وە پاقلاوەو برمە دروستکردن پیشەی سەرەکی دایکمە، ئەو کاتە لەماڵەوە دەمانفرۆشت خەڵک ئەهاتن لەماڵەوە پاقلاوەو برمەمان دەکرد، سینی بە دوو دینار بوو، پێش ئەوەی ماڵمان بگوازینەوە بۆ گەڕەکی عەلی ناجی، ماڵمان لەگەرەکی قەزازەکان بوو، کە هاتینە عەلی ناجی زانیمان شیرینییەکە خواستێکی زۆری لەسەرە لەساڵی ١٩٨٢دا بەھۆی داواکاری زۆری خەڵکەوە ئەم دوکانەی ئێستەمان کردەوە".
کەژاڵ ئەوەش روندەکاتەوە کە تەنھا ئەم دوکانەیان ھەیە لەسلیمانیو هیچ لقێکی تریان نیە، ئەو وتی "کاتی خۆی دایکم لەگەڵ خوشکەکەیو کچی خوشکەکەی شیرینیان دروست دەکرد، بەشێوەی ڕۆژانە پارەی دەدانێ، دواتر کە کارەکە گەورەتر بوو، ئەوان وازیان ھێناو بەجێیان هێشتو بۆ خۆیان دەستیان کرد بەکار بەڵام ناوی جۆڵاکەیان بەکارهێنا، ئێمە پێمان ناخۆش بوو چەند جارێکیش پێمان وتن، لەبەرئەوەی خەڵک ئەوەش بەهی ئامینەی جۆڵا ئەزانێ کە وا نییە، ئێستا تەنھا لقی ئێمە لەسلیمانی ئەم دوکانەی گەڕەکی عەلی ناجییە".
سەبارەت بەفرۆشی بەرهەمەکانیشیان، وتی "جاران لەبیرمە ڕۆژی وا ھەبوو ٢٠ بۆ ٣٠ سینیمان پاقلاوەو برمە دەفرۆشت، بەڵام ئێستا وا نەماوە، کارەکە لاواز بووە، ئەوسا شار پڕ بوو لەخەڵکی رەسەنی سلیمانیو ئەیانکڕی، بەڵام ئێستا سلێمانی کوا خەڵکی شاری تیا ماوەو کوا سلێمانییەکەی جارانە؟!".
ئامینەی جۆڵا، ناودارترین بەرهەمهێنەری برمەو چەندین جۆر شیرینیو ئیشی هەویرە لەسلێمانیو تەنها براندێکیشە لەکوردستان کە داهێنەرەکەی ژنەو بەناویشییەوە ناونراوە.
ئامینەی جۆڵا، لەدایکبووی ساڵی ١٩٢٨ەو تاکو ئێستا لەژیاندا ماوە، بەڵام لەدوای ئەو هەموو ساڵە لەدروستكردنی شیرینی، ئێستا تەمەنی هەڵكشاوەو وەك ساڵانی ڕابردوی تەمەنی توانای كاركردنی نەماوە، کەژاڵی کچی وتی "ئێستا تەندروستی ئامینەی جۆڵا باش نیە، قاچی لاواز بووەو لەساڵی ٢٠١٥ەوە نەخۆشەو من کارەکان بەڕێوەدەبەم".
كەژاڵ باس لەوە دەكات ئەوان بەردەوامی بەكارەكەی دایكیان دەدەن كە چەندین ساڵە وەك خولیایەكی خۆی پەرەی پێداوە، ئەو وتی "بەهەمان شێوەی دایكم پاقلاوەو برمە دروستدەكەین، بەدەر لەدروستكردنی پاقلاوەو برمە كولیچەو چەندین جۆری شیرینی دیكەش لەدوكانەكەماندا دەستدەكەون کە تایبەتە بە خۆمانو جیاوازە لەشوێنەکانی تر، ئەوەش بۆ داخوازی خەڵك دەگەڕێتەوە".
وتیشی "ئەو جۆرە برمە وشکەی کە شیرینی تێدا نیە دایکم دایھێناوەو تایبەتمەندی خۆی ھەیە، ئێستا زۆر کەسی تر دروستی دەکەن، بەڵام تامو چێژی وەکو ئەوەی ئێمە نیە، چونکە تاکو ئێستا دەستمان نەگۆڕیوە".