ئا: هیوا ناسیح
دوای ئه‌وه‌ی له‌م پێشه‌وه که‌ناڵی العرب چاوپێکه‌وتنێکی له‌گه‌ڵ گهورهتاوانباری شاڵاوه‌کانی ئه‌نفال و سوپاسالاری پێشووی رژێمی سه‌ددام دا کرد، قسه‌وباسێکی زۆر له‌سه‌ر ناوبراو به‌دوای خۆیدا هێنا، خه‌زره‌جی سه‌رۆك ئه‌ركانی سوپای عێراق له (١٩٨٧ - ١٩٩١) له نوێترین دیمانه‌ی ته‌له‌فزیۆنیدا ده‌ڵێت:
((له قۆناغی یهكهمو دووهمو سێیه‌می ئه‌نفال به‌شداربووم... بڕیاری ئه‌نفالمان دا له ده‌ره‌نجامی هاوكاری كورد به دیاریكراوی گروپه‌كه‌ی تاڵهبانیو ئێرانی دوژمن.. ئه‌نفال پرۆسه‌یه‌ك بوو بۆ لێدان له یاخیبوانو چه‌كدارانی كورد.. بڕیارماندا سه‌ری چه‌كداره تێكده‌ره‌كان پانکهینهوه....هتد))
خه‌زره‌جی له مانگی کانوونی یه‌که‌می ١٩٨٤ـه‌وه تا مانگی حوزه‌یرانی ١٩٨٧ فه‌رماندی فه‌یله‌قی بووه، له ناوچه‌یه‌کی فراوانی باشووری کوردستان، له ١٩٨٧تا ١٩٩٠ سه‌رۆکی ئه‌رکانی سوپای عێراق بووه. له ١٩٨٧ فه‌رماندی فه‌یله‌قی بووه، دوای داگیرکردنی کوێت له ساڵی ١٩٩٠ کراوه به‌راوێژکاریی عه‌سکه‌ری سه‌دام حسینی سه‌رۆکی عێراق. ئه‌م فه‌رمانده تاوانبار و پله باڵایه‌ی سوپای عێراق رۆڵی کاریگه‌ر و دیاری هه‌بووه له سه‌رپه‌رشتیکردنی کوشتن و بڕینی خه‌ڵکی راپه‌ڕیوی باشووری عێراقیش، ده‌یان بڕیاری بۆ کۆمه‌ڵکوژی ئه‌نفاله‌کان و ژه‌هربارانی هه‌ڵه‌بجه و ناوچه‌کانی تری کوردستان ده‌رکردووه.
دوای داگیرکردنی کوێت له ساڵی 1990 کرا به‌راوێژکاریی عه‌سکه‌ری سه‌دام حسینی سه‌رۆکی عێراق.ساڵی ١٩٩٦ دوای ناکۆکی له‌گه‌ڵ سه‌ددامدا نزار خه‌زره‌جی له عێراق هه‌ڵهات و له ١٤/٣/١٩٩٦ گه‌یشته ئاکرێ، له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی کورده‌وه پێشوازی لێکراو دوای دوورۆژ گه‌یاندیانه زاخۆ و له‌وێوه ناردیان بۆ تورکیا، له ٢١/٣/١٩٩٦گهیشته عومان. دواتر رووی کرده ئیسپانیا، شه‌ش مانگ له‌وێ مایه‌وه، له ١٩٩٨ گه‌رایه‌وه ئورده‌ن، له ٣/٧/١٩٩٩ گه‌یشته دانیمارک، له‌وێ به قسه‌ی وه‌زیری دادی ئه‌و وڵاته بێت، هه‌ر دوای دوو ڕۆژ دوای گه‌یشتنی ناوبراو زانیاریان له‌سه‌ر ڕابردووی وه‌رگرتوه و چاودێریان کردوه، دواتر ئه‌وه بوو میدیای دانیمارکی بە بوونی ئەویان زانی و لەسەریان نووسی، دوای ئەوە داواکاری گشتی لێکۆلینەوەی لێکرد و دواتر لە ئۆکتۆبەری ٢٠٠١ دا دەوری ماڵەکەی گیرا و کەیسەکە خرایە ژێر لێکۆڵینەوە. ئەو لەمالی خۆیدا دەسبەسەر بوو و بۆی نەبوو وڵات جێ بهێلێت. دواتر )گروپی خستنه گه‌ڕی هه‌وڵه‌کان بۆ دادگایی‌کردنی خه‌زره‌جی (له لایه‌ن چه‌ند کوردێکی چالاکوانه‌وه له دانیمارک دامەزرا و دەستی بە چاڵاکی و کارەکانی کرد. یه‌ک له ئه‌ندامانی گروپه‌که‌ش که کاک شاخه‌وان شۆڕش بوو وتارێکی بە زمانی دانیمارکی لە رۆژنامەی پۆلیتیکن له‌سه‌ر خه‌زره‌جی و تاوانه‌کانی بلاوکردهوە.
فه‌رمانگه‌ی په‌نابه‌ران داوای مافی پهنابهراییهکهی ره‌فز ده‌که‌ن به‌ڵام مافی مانه‌وه‌یان بۆ کاتێکی نادیار پێدا، به هۆی ئه‌وه‌ی له رێگه‌ی میدیاکانی وڵاته‌که‌وه ناوی ده‌زڕێ و ده‌ناسرێ.، ئیتر که‌ڵکی ئه‌وه‌ی نامێنێت وڵاته‌که په‌نای بده‌ن. وه‌ک ده‌ڵێن دواتر له شاری سۆرو (Soro) له باشوری کۆپنهاگن له ده‌ستبه‌سه‌رییدا ده‌ژیا له خانویه‌کدا و دوو پۆلیس هه‌میشه به ئۆتۆمبیله‌وه پاسه‌وانی و چاودێریان ده‌کرد. ئیتر ئێمه‌ی چالاکوانان له وڵاتانی تری ئه‌وروپیش که‌وتنینه خۆ و هه‌ریه‌ک له رێگه‌ی خۆیه‌وه ده‌ستمانکرد به کار و چالاکی تا ناوبراو دادگایی بکرێت، چونکه ناوبراو پاش سکاڵالێکردنی دهسگیرنهکرا و ته‌نها خرایه ژێر چاودێریه‌وه له ماڵه‌که‌ی خۆیدا (اقامة جبری). ئه‌مه‌ش گومانێکی بۆ هه‌مووان دروستکردبوو، که ره‌نگه دادگایی نه‌کرێت و ئازاد بکرێت، یان هه‌ڵبێت. خۆ دوای ئه‌وه‌ش که به هاندانی ئه‌مریکا و گوایا بۆ هاوکارییکردن له ڕوخانی سه‌ددام و رژێمه‌که‌ی پێویستیان پێیه‌تی حزبه کوردییه‌کانی باشور پاکانه‌یان بۆ کرد. ئەو لایەنە کوردییانە له پاکانهکانیاندا که به‌فه‌رمی بۆ حکومه‌ت و وه‌زاره‌تی دادی دانیمارکیان نارد، بەم جۆرە باسی نزار خەزرەجی یان کرد بوو.
* فوئاد مه‌عسوم ئه‌ندامی مه‌کته‌بی سیاسیی یه‌کێتی و به‌رپرسی مه‌ڵبه‌ندی ده‌ره‌وه‌ی یه‌کێتی له له‌نده‌ن: خه‌زره‌جی به‌شداری له ئه‌نفالدا نه‌كردوه‌و كه‌سایه‌تیه‌كی سه‌ربازیی نیشتیمانیه.
* دڵشاد میرانی ئه‌ندامی سه‌رکردایه‌تی پارتی و به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی پارتی: خه‌زره‌جی كه‌سایه‌تیه‌كی سیاسیی ناسراوه له عێراق.
* ئیحسان عه‌بدولعه‌زیز به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه‌کانی بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی: به‌ڕێز خه‌زره‌جی كه‌سایه‌تیه‌كی نیشتیمانی به‌ڕێزه و له ئهنفالو كیمیاباران بێتاوانه.
به پێی وتارێکی رۆژنامه‌ی (GANG VERDENS) ی نه‌رویجی رۆژی دووشه‌ممه ١٩ی نۆڤه‌مبه‌ری ٢٠٠١ که له لایه‌ن (Holst Forde) ه‌وه نوسراوه به ناونیشانی (جه‌لاده‌که‌ی سه‌ددام له دانیمارک له ئاسایش‌دا ده‌ژی) ده‌ڵێت: خه‌زره‌جی نکۆڵی له‌وه ناکات که ئه‌م به شێوه‌یه‌کی فه‌رمی و وه‌ک لێپرسراوێک به‌م کاره هه‌ستا بێت، به‌ڵام سوره له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی، که خودی سه‌ددام حوسێن له دوای بڕیاری کۆمه‌ڵکوژییه‌که‌وه وه‌ستابوو. هه‌روه‌ها له چاوپێکه‌وتنێکیشیدا له‌گه‌ڵ گۆڤاری (DerSpiegel)ی ئه‌ڵمانیدا ده‌ڵێت: ئه‌وه به بڕیاری من نه‌کراوه، ئه‌نجومه‌نی سه‌رکردایه‌تی شۆڕش گه‌یشتبوه بڕیارێک و سه‌ددام خۆی و ئامۆزاکه‌ی (عه‌لی حه‌سه‌ن مه‌جید) سه‌رۆکایه‌تی شاڵاوه‌که‌یان ده‌کرد، من به‌ڵگه‌م بۆ ئه‌مه هه‌یه).
من زیاتر له ساڵێک بوو ئه‌ندامی ئه‌منستی ئینته‌رناشناڵ (لێبوردنی نێوده‌وڵه‌تی) له لقی ئه‌و شاره‌ی تێیدا ده‌ژیام سه‌تگالن بووم. شایه‌نی باشه ئه‌م شاره ناوه‌ندی کانتۆنێکه هه‌ر به‌و ناوه‌وه و یه‌کێکه له شاره گه‌وره‌کان له رۆژهه‌ڵاتی سویسرا. مانگانه لقی سهتگالنی ئه‌منستی کۆبوونه‌وه‌مان ده‌کرد، له هه‌ر کۆبونه‌وه‌یه‌کدا ده تا پانزه ئه‌ندام ئاماده ده‌بوون، دیاره ئێمه سه‌ر به لقی سه‌ره‌کی ئه‌منستی بووین له پایته‌ختی سویسرا بێرن.
وه‌ک ئه‌رکێکی سه‌رشانم ئه‌وه‌م به‌بیردا هات که کارێک بکه‌م ئه‌منستی شاره‌که‌م و دواتر هی سویسرا و ئینجا بنکه‌ی سه‌ره‌کیان له له‌نده‌ن بێنمه سه‌ر ئه‌و بڕوایه‌ی که پشتگیری که‌یسی دادگایی کردنه‌که بکه‌ن. ئیتر ئاوا وه‌ک لێره به‌ڵگه‌نامه‌کان ده‌بینن، که له ئه‌رشیفی که‌سیی خۆمدا پاراستومن ده‌ستبه‌کاربووم.
به‌نده له دوو کۆبوونه‌وه‌ی دوابه‌دوای یه‌کدا قسه‌م له‌سه‌ر ناوبراو کرد،شایه‌نی باسه هێشتا دوو ساڵێک بوو له‌و وڵاته بووم. ئه‌ڵمانییه‌که‌م باش نه‌بوو، ئینگلیزیهکهشم ئێستاشی له‌گه‌ڵدا بێت ئه‌وه‌نده باش نییه، که بێ کێشه قسه‌ی پێ بکه‌م، به‌ڵام هه‌وڵم دا به هه‌ردوو زمانه‌که و جاربه‌جار وشه‌کانی زمانه‌کانم تێکه‌ل ده‌کرد، گرنگ ئه‌وه‌بوو تێ‌یان بگه‌یه‌نم، چونکه ئه‌وان جگه له کوردێکی باکور، که کرمانجی باش ده‌زانی، ئه‌وانی تر سه‌رجه‌م سویسریی بوون، یهکدوانێکیشیان بیانی بوون.
یه‌که‌م کۆبوونه‌وه‌که که له ٣٠/١٠/٢٠٠١ سازکرا له کۆنوسه‌که‌دا به ئه‌ڵمانی ئاوا هاتوه:
((+عێراق – کوردستان
هیوا له باره‌ی یه‌ک له به‌رزترین جه‌نه‌راڵه‌کانی سوپای سه‌ددام حوسێنه‌وه دوا، که چالاکانه به‌شداریی له جینۆسایدکردنی کورده‌کاندا کردوه، ئه‌م داوای مافی په‌نابه‌ریی کردوه له دانیمارک، که به‌م هۆیه‌وه داواکه‌ی ره‌فزکراوه‌ته‌وه. پاش سکاڵاکردنی کورده‌کان ئێستا ئه‌و له‌وێ له‌سه‌ر به‌شدارییکردنی له تاوانه‌کانی دژ به مرۆڤایه‌تی لێکۆڵینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌کرێت. هیوا پێشنیاز ده‌کات، که ئێمه به نامه‌یه‌ک پشتیوانی سکاڵا بۆ سزادانی بکه‌ین. ویلی (یه‌ک له ئه‌ندامه ئاماده‌بووه‌کانی کۆبونه‌وه‌که بوو- ه. ن.) له ئینته‌رنێتدا به‌دواداچوون بۆ بابه‌ته‌که ده‌کات.))
له کۆبونه‌وه‌ی دووه‌میشدا که له ٢٠/١١/٢٠٠١ واته پاش سێ هه‌فته، جارێکی تر باسی بابه‌ته‌که‌م کرده‌وه، به پشتیوانی هه‌ندێک به‌ڵگه که‌له‌گه‌ل خۆم هێنابووم وه‌ک وێنه و کتێبی ئینگلیزی جینۆساید له‌عێراق و هێرشه‌کانی ئه‌نفال بۆ سه‌ر کورد Genocide in Iraq The Anfal campaings against kurds که رێکخراوی چاودێری مافه‌کانی مرۆڤ Human Rights Watch ساڵی ١٩٩٣ چاپی کردبوو.. پێشتریش دووبه‌دوو له‌گه‌ڵ ڕیتۆ مۆریتسی سه‌رۆکی لقه‌که قسه‌م کرد بوو، ناوبراو که‌سێکی تێگه‌یشتوو وه خه‌ڵکی هه‌مان شارۆچکه بوو که من لێی داده‌نیشتم له نزیکی ستگالن به ناوی ئهبتڤیل. له‌و کۆبوونه‌وه‌یه‌دا به زۆرینه‌ی ده‌نگ بڕیاردرا، که گه‌ر لقی سه‌ره‌کی بێرن لاری نه‌بێت، ئه‌وا داواکارییه‌که‌ی هیوا جێبه‌جێ بکرێت.
له کۆنوسی کۆبوونه‌وه‌که‌شدا له نێو ئه‌و کارانه‌ی پێویسته ئه‌نجام بدرێن، خاڵی ١.٢ ئاوا هاتوه:
(( هیوا و ڕیتۆ نامه‌یه‌ک بۆ حکومه‌تی دانیمارک له‌سه‌ر بابه‌تی لێکۆڵینه‌وه له جهناڵهکهی پێشووی عێراق ئه‌لخه‌زره‌جی ده‌نوسن)).
ئیتر ئیمه ده‌ستبه‌کاربووین پاش هه‌فته‌یه‌ک نامه‌که ئاماده کرا و ناردمان، که ئه‌مه ده‌قی کوردییه‌که‌یه‌تی:
........................................................................
رێکخراوی لێبوردنی نێوده‌وڵه‌وتی
٢٨ی نۆڤه‌مبه‌ری ٢٠٠١
به‌رێز سه‌رۆکوه‌زیران
ئێمه ئه‌ندامانی رێکخراوی لێبوردنی نێوده‌وڵه‌تی – لقی سه‌تگالن له سویسره، خۆشحاڵ ده‌بین، که پشتیوانی له بڕیاره‌که‌تان بکه‌ین له لێکۆڵینهوهکهتاندا له سه‌ر که‌یسی
ژه‌نه‌راڵی پێشوی عێراق نزاز خه‌زره‌جی.
ئه‌م سه‌رکرده‌یه له هه‌ڵمه‌تی ئه‌نفاله‌کانی ساڵی ١٩٨٧/١٩٨٨ لێپرسراوی ژینۆساید بووه. خه‌زره‌جی سوپاسالار سه‌رۆکی ئه‌رکانی سوپای عێراق بووه، یه‌کێکه له‌و که‌سانه‌ی که کلیلی گه‌یشتن به ڕاستییه‌کانه له‌سه‌ر کوشتنی زیاتر له ١٨٢.٠٠٠ کوردی مه‌ده‌نی له‌و وڵاته‌دا. ئه‌و کۆپییه‌ی رۆژنامه‌ی هاوڵاتی نۆڤه‌مبه‌ری ٢٠٠١ له‌گه‌ڵ نامه‌که‌دایه، ڕوونی ده‌کاته‌وه، که ئه‌م کۆنه ئه‌فسه‌ره نه‌ک هه‌ر ته‌نها نه‌خشه‌ی قه‌تڵوعامی کێشاوه، بگره راسته‌وخۆ ده‌ستی له کیمیابارانکردنی شاره کوردییه‌کانیشدا هه‌بووه، ئه‌مه‌ش وه‌ک له کتێبی Genocide in Iraq: The Anfal Campaigs against the Kurds, (july 1993) که ڕاپۆرتی رێکخراوی چاودێری مافه‌کانی مرۆڤه، تیایدا هاتوه.
به‌ناوی مافی مرۆڤ و پشتیوانیانی کوردی رێکخراوی لێبوردنی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه سوپاسی به‌ڕێزتان و دادی دانیمارکی ده‌که‌ین، که ئێوه ئه‌م مه‌سه‌له‌یه بگه‌یه‌ننه دادگا.
له‌گه‌ڵ سڵاوماندا
ڕێتۆ مۆریتسی
ڕێکخه‌ری لێبوردنی نێوده‌وڵه‌تی له ستگالن – سویسرا
کۆپییه‌ک بۆ: لێبوردنی نێوده‌وڵه‌تی بێرن / سویسرا
.............................................................................
نامه‌که هاوپێچ کرا له‌گه‌ڵ ئه‌و به‌شه‌ی کتێبی ئینگلیزی (جینۆساید له‌عێراق و هێرشه‌کانی ئه‌نفال بۆ سه‌ر کورد) هه‌روه‌ها کۆپی لاپه‌ڕه‌یه‌کی رۆژنامه‌ی هاوڵاتی ئه‌و مانگه (کانونی دووه‌می ٢٠٠١) که نامه‌که‌ی تێدا نوسرا، که راپۆرتێکی تێروته‌سه‌له بوو له‌سه‌ر به‌شداریکردنی خه‌زره‌جی له ئه‌نفاله‌کاندا، نامه‌که‌مان به فاکس و هاوکات به نامه‌ی پۆستیش بۆ سه‌رۆکایه‌تی حکومه‌تی دانیمارک نارد. ئاگاداریان کردینه‌وه که به‌ده‌ستیان گه‌یشتوه و به هێندی وه‌رده‌گرن.
شایه‌نی باسه هه‌واڵی نامه‌که ده‌نگدانه‌وه‌یه‌کی باشی بوو، چونکه یه‌که‌مجار بوو رێکخراوێکی نێوده‌وڵه‌تی و بێلایه‌نی وه‌ک ئه‌منستی بچێته پاڵ که‌یسه‌که و ناوی ١٨٢ هه‌زار ئه‌نفالکراو بهێنێت و ناوی نزار وه‌ک تۆمه‌تبار بهێنێت. هه‌واڵه‌که کاتی خۆی له لاپه‌ره‌ی یه‌که‌می ژماره ٥٢ی رێکه‌وتی ١٠/١٢/٢٠٠١ی ڕۆژنامه‌ی هاوڵاتیدا به مانشێت چاپ‌کرا و ده‌قی نامه‌که‌ش له ئه‌و ژماره‌یه‌ی هاوڵاتی و هه‌روه‌ها رۆژنامه‌ی ئاڵای ئازادی ژماره ٤٤٤ی رێکه‌وتی ١٠/١٢/٢٠٠١وه هاوکات له سایته کوردیه‌کانیشدا بڵاوکرایه‌وه.
دیاره من هه‌ر به‌مه‌وه نه‌وه‌ستام هاوکات له‌گه‌ڵ ئه‌م کاره‌دا هه‌وڵمان دا که لقی سویسرا به‌گشتی و دواتریش لقی سه‌ره‌کی رێکخراوه‌که له له‌نده‌ن بێنمه پشت که‌یسه‌که‌وه، دوای دوو هه‌فته کریستینا هێله‌ر رێکخه‌ری گشتی لقی سویسرای رێکخراوه وڵامی داینه‌وه، که ئه‌و پشتگیری کاره‌که‌مان ده‌کات و پێویست ناکات نامه‌ی تر به ناوی لقی سویسراوه بنێرین، به‌ڵام بهڵێنیدا نامه‌که‌مان هاوپێچ به‌و به‌ڵگه‌نامانه‌وه بۆ باره‌گای سه‌ره‌کی له‌نده‌ن بنێرێت، که داوامان کردبوو ئه‌وانیش پشتگیری که‌یسه‌که بکه‌ن. ئه‌وه بوو دواتر له رێگه‌ی کریستیناوه وڵامی بنکه‌ی سه‌ره‌کی له‌نده‌نمان بۆ نێردرایه‌وه، که به گشتی دژی کاره‌که‌مان نه‌بوون، به‌ڵام که‌یسه‌که‌یان ته‌به‌نی نه‌کرد و گوتیان، که لقی دانیمارکی رێکخراوه‌که‌مان ده‌کرێت بێته پاڵ ئه‌و کاره، چونکه ئه‌و که‌سانه‌ی گهورهتاوانهکانیان ئه‌نجامداوه و له ئاستی نێوده‌وڵه‌تیدا دانیپێدانراوه، ده‌بێت وڵاته‌که سكاڵای لێبکات، هه‌روه‌ها ئه‌و وڵاته‌ی سکاڵای لا کراوه به‌رپرسه به‌رامبه‌ر به‌و که‌یسه و لامان وایه حکومه‌تی دانیمارک به ئه‌رکی خۆی هه‌ڵده‌ستێت.
شایه‌نی باسه له کتێبی (ڕه‌شه‌بای ژه‌هر و ئه‌نفال) نوسه‌ر عه‌بدوڵا که‌ریم مه‌حمود، به‌رگی دووه‌م، لاپه‌ره ١١٩ تا ١٢١ له ژێر ناوی: خه‌زره‌جی به‌ره‌و رووی دادگای لاهای ده‌کرێت، باسی ئه‌م نامه‌یه‌ی ئاوا کردوه (رێکخراوی لێبووردنی نێو ده‌وڵه‌تی لقی سهنگالن له سویسرا نامه‌یه‌کی ئاراسته‌ی سه‌رۆک وه‌زیرانی سویسرا کردووه، پشتیوانی خۆی له باره‌ی لێکۆڵینه‌وه‌ی نزار خه‌زره‌جی خستوه‌ته روو.) به‌داخه‌وه نوسه‌ر هیچ ئه‌رک و ماندوبوونی ئێمه‌ی له‌به‌رچاو نه‌گرتوه و ناوی نه‌هێناوم، ته‌نها ئه‌و دوو دێڕه‌ی نوسیوه!! جگه له‌وه‌ی هه‌ڵه‌یه‌کی زه‌قیشی تێدا کردوه، چونکه نامه‌که ئاڕاسته‌ی سه‌رۆکوه‌زیرانی دانیمارک کراوه نه‌ک سویسرا، حکومه‌تی سویسرا سه‌رۆک وه‌زیرانی هه‌ر نییه.
به داخه‌وه ئه‌م هه‌وڵه و هه‌موو کار و کۆشش و ماندووبوونمان له‌م که‌یسه‌دا به فیڕۆ چوو، چونکه خه‌زره‌جی تاوانبار لە مانگی سێی ٢٠٠٣ دا بزربوو. کەیسی گرتنی درایە ئەنتەرپۆل. ئه‌وکات رفێنرا و شاردرایه‌وه، بێئه‌وه‌ی بهێنرێته پێش دادگا ڕفێنرا بۆ ئیمارات و تا ئێستاش دادگایی نه‌کرا و له‌وێ به ئازادانه ده‌ژی!