کۆنفرانسی جیهانیی هەورامان سازدەکرێت
  2022-05-09       2023       

ئا: ئاوێنه‌

 

وا بڕیارە مانگی تەممووزی ئەمساڵ زانکۆی ڕازی کرماشان لەکۆماری ئیسلامی ئێران، بۆ یەکەمجار کۆنفرانسی جیهانیی هەورامان سازبکات، مامۆستایه‌كى زانكۆش ده‌ڵێت:"لەبواری مافی ئافرەتاندا هەورامان ژینگەیه‌كى تەندروستی کۆمەڵایەتییەو ده‌كرێت ببێتە مۆدێلێک بۆ عێراق‌و وڵاتانى ناوچەکە لەپێناو پارێزگاری لەمافی ئافرەتان‌و کەمکردنەوەی توندتیژی دژی ژنان کە هەورامان لەمڕووەوە پێشەنگە".

کۆنفرانسەکە بەدروشمی؛ کەلەپوری جیهانیی هەورامان‌و گەشەپێدانی بەردەوام، گرنگی تۆماری جیهانیی هەورامان لەلایەن ڕێکخراوی یۆنسکۆوە دەخاتەڕوو کە چۆن ئەم تۆمارە مێژووییە بکرێتە هۆکارێکی سەرەکی بۆ گەشەپێدانی هەورامان.

لەم چوارچێوەیەدا ڕۆژى شه‌ممه‌ى ڕابردوو پانێڵی دەستپێشخەری تۆماری جیهانیی؛ کلتورو گەشەپێدانی بەردەوام، لەژێر ناونیشانی (دیبلۆماسییەت‌و پەیوەندی نێودەوڵەتی) بەڕێوەچوو.

لەپانێڵەکەدا سێ پسپۆڕ بابەتەکانیان پێشکەشکرد، د مەهدی شوشتەری کۆنسوڵی ئێران لەسلێمانی وتەیەکی دەربارەی دەرفەتەکانی هاوکاری وڵاتانی ناوچەکەو د.سیامەک بەهرامی مامۆستای زانکۆی کرماشان‌و خەڵکی هەورامان بابەتێکی لەسەر گرنگی تۆماری جیهانیی هەورامان پێشکەشکرد.

مه‌هدی شوشته‌ری سه‌ركونسوڵی كۆماری ئیسلامی ئێران له‌سلێمانی ئاماژه‌ی به‌ڕۆڵی كلتور له‌په‌یوه‌ندییه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان‌و پێگه‌ی دیپلۆماسی گشتیی له‌په‌یوه‌ندیه‌ ده‌ره‌كیه‌كانی نێوان وڵاتان‌و تۆماركردنی جیهانی ناوچه‌ی كلتوری هه‌ورامان له‌لایه‌ن ڕێكخراوی یۆنسكۆوه‌ وه‌ك كه‌له‌پووری كلتوری به‌ڕه‌چاوكردنی توانا به‌رزو تایبه‌ته‌ گه‌شتیاریه‌كان‌و كه‌له‌پووری كلتوری مه‌عنه‌وی‌و به‌رجه‌سته‌ له‌ناوچه‌ی هه‌ورامان‌و درێژكراوه‌ی جوگرافیایی‌و كلتوری ئه‌م ناوچه‌یه‌ تا پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ له‌هه‌رێمی كوردستان كرد.

ڕاشیگه‌یاند، "ئه‌م بابه‌ته‌ ده‌رفه‌تێكی گرانبه‌های بۆ په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌كان‌و هاوكارییه‌كانی كۆماری ئیسلامی ئێران له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان له‌ڕه‌هه‌نده‌ جیاوازه‌كانی وه‌ك بواری گه‌شتیاری، زانستی‌و زانكۆیی، پیشه‌سازی كاری ده‌ستی، به‌ڕێوه‌چوونی ڕووداوو فێستیڤاڵه‌ كلتوری‌و هونه‌رییه‌ هاوبه‌شه‌كان‌و ته‌نانه‌ت په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌ ئابووری‌و بازرگانیه‌كانی نێوان هه‌ردوولا دروستكردووه‌ كه‌ پێویستده‌كات له‌لایه‌ن دامه‌زراوه‌و ده‌زگاو پێكهاته‌ جیاوازه‌ حكومی‌و ناحكومیه‌كانی هه‌ردولاوه‌ گرنگی تایبه‌تی پێبدرێت".

هه‌ر ‎لەپانێڵەکەدا د.موئمین زەڵمی مامۆستای زانکۆ وەک تاقە نوێنەری زانکۆکانی هەرێمی کوردستان بابەتێکی لەژێر ناونیشانی (هەورامان، زمان‌و کلتورو مافی ئافرەتان) پێشکەشکرد.

د.زەڵمی، باسی لەپێویستی هەماهەنگی هاوبەشی نێوان هەرێم‌و کۆماری ئیسلامی ئێران کرد بۆ گرنگیدان بەناوچەی هەورامان، بۆ ئەو مەبەستەش پێشنیازی کردنەوەی ناوچەی ئازادی بازرگانی هەورامان‌و دروستکردنی لیژنەی هاوبەشی هەماهەنگی دوولایەنە‌و پڕۆژەی هاوبەشی هونەری‌و تەلارسازیی‌و هەروەها بەرهەمهێنانى فیلم‌و دۆکیۆمێنتاری لەسەر هەورامان بەپێویستزانی‌و جەختیکردەوە، لەبواری مافی ئافرەتاندا هەورامان ژینگەیه‌كى تەندروستی کۆمەڵایەتییەو ده‌كرێت ببێتە مۆدێلێک بۆ عێراق‌و وڵاتانى ناوچەکە لەپێناو پارێزگاری لەمافی ئافرەتان‌و کەمکردنەوەی توندتیژی دژی ژنان کە هەورامان لەمڕووەوە پێشەنگە".

‎د.زەڵمی باسی لەڕۆڵی وەزیری ڕۆشنبیریی حکومەتی هەرێم کرد کە لەماوەی ڕابردوودا دەستپێشخەر بووە بۆ پێشکەشکردنی پڕۆژەی خوێندنی زمانی دایک بۆ منداڵانی هەورامان کە ئەمەش بناغەیەکی گرنگە بۆ خزمەتی فەرهەنگ‌و کلتوری ناوچەکەو پارێزگاری لەزمانی هەورامی.

‎وا بڕیارە لەکۆنفرانسەکەدا توێژەرانی ناوخۆیی‌و نێودەوڵەتی بەشداری کارایان هەبێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×