ئا: ئاوێنە
هه‌رچه‌نده به‌رده‌وام به‌رپرسانی باڵای حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان باس له‌هه‌نارده‌كردنی غازی سروشتی هه‌رێم ده‌كه‌ن بۆ وڵاتانی ئه‌وروپا، به‌ڵام قه‌یران‌و كه‌می غازی ماڵان له‌هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وامه‌و بەرپرسانی سوتەمەنی شاره‌كانی سلێمانی، هه‌ولێر، هه‌ڵه‌بجه‌و دهۆك-یش ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ن كه ئەو غازەی پێیان دەگات کەمەو پێویستی ناوخۆ پڕ ناكاته‌وه.
رۆژانە هەزار تۆن غاز لەکارگەی غازی کۆرۆمۆرەوە دەگاتە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان، 300 تۆنی بەشێوەی بازرگانی دەفرۆشرێت‌و ئەوی دیکەی دەدرێتە کارگەو بریکارەکانی سنوری هەر چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان.
جگە لەپارێزگای دهۆک، لەسێ پارێزگاکەی دیکەی هەرێمی کوردستان نرخی بتڵێک غاز بە 8 هەزارو 500 دینار دەگاتە هاوڵاتیان. لەدهۆک بتڵێک غازی ماڵان گرانترە لەشارەکانی دیکەو هەر بتڵێک بە 9 هەزار دیناره.
رۆژانە 13 تەنکەر غاز -260 تۆن غاز- دەگاتە سنوری پارێزگای هەولێر، نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی هەولێر به‌میدیاكانی پارتی وتووه، "رۆژانە 13 تەنکەر غازمان بۆ دێت، بەڵام بەڕاستی بەشی سنورەکە ناکات‌و پێویستمان بە 20 تەنکەرە [400 تۆن]".
هاوكات کەریم عەلی، سەرۆکی لیژنەی سوتەمەنی لەئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ده‌ڵێت، "رۆژانە 700 تۆن لەو غازەی لەکۆرۆمۆرەوە رەوانەی پارێزگاکان دەکرێت، 230 تۆنی دەگاتە سنوری سلێمانی‌و هەڵەبجەو ئەوی دیکەی رەوانەی هەولێرو دهۆک دەکرێت".
وتیشی، "ئەگەر خواست زیادبکات دیسان کێشە بۆ غازی ماڵان دروستدەبێت، چونکە ئەو بڕەی دەگاتە سنورەکە کەمە".
لای خۆیه‌وه پێشەوا حەیدەر، سەرۆکی لیژنەی سوتەمەنی لەقایمقامییەتی هەڵەبجە ڕایگه‌یاندووه، "وەزارەتی سامانە سروشتییەکان خۆشیان وتویانە کە هەر کارگەیەکی هەڵەبجە پێویستی بە 10 تانکەر غاز بۆ مانگێک هەیە، بەڵام ئێستا مانگانە بۆ هەر کارگەیەک چوار تەنکەر غازمان بۆ دێت". (لەسنوری پارێزگای هەڵەبجە سێ کارگەی غاز هەیه).
هه‌ر له‌باره‌ی كه‌می‌و قه‌یرانی غازی ماڵانه‌وه، عەبدولسەمەد تێلی، سەرۆکی لیژنەی سوتەمەنی لەئەنجومەنی پارێزگای دهۆک ده‌ڵێت، "رۆژانە 7 تانکەر غاز دەگاتە سنورەکەمان کە دەکاتە 140 تۆن، ئەوەش بەشناکات؛ وەزیری سامانە سروشتییەکان سەردانی دهۆکی کرد‌و بەڵێنیدا حەوت تانکەرەکە بکاتە 10 تەنکەر، ئەو کاتە کرایە 10 تانکەرو باشبو، بەڵام لە 18ی شوباتەوە کەمکراوەتەوە بۆ 7 تەنکەری رۆژانە".
ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه كه 28ی ئاداری ئەمساڵ، لەکۆڕبەندی جیهانیی وزەی ئەنجومەنی ئەتڵانتیک لەدوبەی، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حكومه‌تی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، هەرێمی کوردستان لەماوەیەکی نزیکدا دەبێتە سەرچاوەیەکی گرنگی وزە بۆ خواستی گەشەسەندوی جیهان.
هه‌روه‌ها 9ی ئه‌م مانگه، قوباد تاڵه‌بانی، جێگری سه‌رۆی حكومه‌ت لەمیانه‌ی به‌شدارییكردنی له‌کۆڕبەندی ئابوری دێلفی-دا لە‌یۆنان وتی، "هەرێمی کوردستان خاوەنی گازی سروشتیەو دەتوانێ ببێتە سەرچاوەی گاز بۆ وڵاتانی تر، بەڵام پێش ئەم ھەنگاوە دەبێت کێشە قوڵەکانی نێوان بەغدادو ھەولێر چارەسەر بکرێت."
هه‌رێم ده‌توانێت غاز ڕه‌وانه‌ی ئه‌وروپاو وڵاتانی جیهان بكات؟
فه‌رهاد حه‌مزه محه‌مه‌د، سه‌رۆكی ئه‌ندازیاران له‌كۆمپانیای نه‌وتی باكور وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره ده‌داته‌وه‌و له‌وتارێكدا ده‌ڵێت، "هه‌رێم ئه‌و كاته ده‌توانێت غازی سروشتی هه‌نارده بكات ئه‌گه‌ر هه‌مان سیاسه‌تی هه‌نارده‌كردنی نه‌وت پیاده بكات، واته له‌ده‌می خه‌ڵكی هه‌رێمی بگرێته‌وه‌و ره‌وانه‌ی ده‌ره‌وه‌ی بكات، ئه‌وسا چۆن خه‌ڵكی بێ نه‌وت‌و به‌نزین‌و غازن ئه‌و كاته‌ش بێ كاره‌باو پیشه‌سازی ده‌بێت كه ئه‌مه‌ش ناچێته خزمه‌تی خه‌ڵكه‌وه. ئه‌وسا ناتوانین هه‌رێم به‌هه‌نارده‌كارێكی راسته‌قینه بژمێرین، چونكه له‌یه‌كێك له گرنگترین مه‌رجه‌كانی وڵاتی هه‌نارده‌كار لایداوه."
له‌باره‌ی مامه‌ڵه‌ی دروستی هه‌رێم له‌گه‌ڵ دۆسیه‌ی غازدا، سه‌رۆكی ئه‌ندازیاران له‌كۆمپانیای نه‌وتی باكور ڕونیده‌كاته‌وه كه چاكترین‌و راستترین رێگا كه له‌خزمه‌تی هه‌رێم‌و خه‌ڵكه‌كه‌ی بێت، هه‌ماهه‌نگی كردنی حكومه‌تی هه‌رێمه له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عێراق بۆ په‌ره‌پێدانی غازی هه‌رێم له‌پێناو دابینكردنی پێویستیه‌كانی وڵات.
له‌و ڕوه‌وه ده‌نوسێت، "له‌جیاتی ئه‌وه‌ی بۆری غاز له‌كۆرمۆره‌وه بۆ توركیا رابكێشرێت با ئه‌و بۆرییه بگه‌نرێته ناوچه‌ی مه‌نسورییه له‌پارێزگای دیاله‌و تێكه‌ڵ به‌غازی پارێزگاكانی تری عێراق بكرێت‌و ببێته مایه‌ی گێرانه‌وه‌ی زیاتری متمانه له‌نێوان هه‌ردولادا كه به‌كرده‌وه ده‌ركه‌وت خۆته‌ریككردن له‌به‌غداو پاڵدانه دوژمنان له‌نه‌هامه‌تی زیاتر هیچی بۆخه‌ڵكی هه‌رێم نه‌هێنا."
بەپێی خەمڵاندنەکان، 200 ترلیۆن پێ سێجا یەدەگی گازی سروشتی لەهەرێمی کوردستان هەیە، بەو جۆرەش لەپلەی 30ـەمی ریزبەندیی جیهاندا دێت. گەورەترین کێڵگەش کۆرۆمۆرە له‌سنوری قه‌زای چه‌مچه‌ماڵ له‌پارێزگای سلێمانی کە رۆژانە 452 ملیۆن پێ سێجا بەرهەمدەهێنێت.