پەنابەران لەبەریتانیاوە بۆ رواندا: کاریگەری لەسەر کوردستان چی دەبێت؟
  2022-04-17       2622       

ئا: کاوە رەش

 

ئاژانسی پەنابەرانی سەر بەڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان دەڵێت "پلانی گواستنەوەی پەنابەران لەبەریتانیاوە بۆ رواندا پێشێلکاری یاسا نێودەوڵەتییەکانەو کارێکی نەشیاوە"، بۆریس جۆنسۆنی سەرۆک وەزیرانی بەریتانیاش دەڵێت "پلانەکەیان کۆکە لەگەڵ یاسا نێودەولەتییەکان"

 

ئەمە لەکاتێکدایە کە بەپێی پلانێكی نوێی حكومەتی بەریتانیا بەشێك لەو پەنابەرانەی كە بەبێ خێزان یاخود تەنیاو ڕەبەنن دەگەنە بەریتانیا دەنێردرێن بۆ سەنتەرێكی گلدانەوەی كۆچبەران لەوڵاتی ڕواندا لەکیشوەری ئەفریقا.

بۆریس جۆنسی سەرۆكوەزیران، پلانەكەی ئاشكركردوەو لەئیستاشدا خانمە پرێتی پاتێل، وەزیری ناوخۆی بەریتانیا،  بۆ واژوو كردنی گرێبەستی داڵدانی كۆچبەران لەوڵاتانی ئەفریقایە.

لەوتارێكدا لەشاری كێنتی سەرسنوری نێوان بەریتانیاو فەڕەنسا، جۆنسن گوتی "پێویستە هەر ئێستا بەكردار ئەو ڕێگایە بوەستێنن كە بۆتە ناوەندێكی قاچاغچیەتی كردن بەكۆچبەرانەوەو ڕێگایەكی پڕلەمەترسی و مەرگەساتە".

تەنها لەچوارشەممەی ڕابردودا، نزیكەی ٦٠٠ پەناخواز بەنایاسایی و بە بەلەمی چوب پەڕیونەتەوە بەریتانیا.

بۆریس جۆنسن دەڵێ "ئەگەر ئەو ڕێڕەوە نەوەستێنین ژمارەكە دەگاتە هەزار  كۆچبەر لەڕۆژیكدا".

بەهای گرێبەستی داڵدەدانی پەناخوازان لەئەفریقا دەگاتە ١٢٠ ملیۆن پاوەندو پەناخوازان تا كاتی یەكلایكردنەوەی كەیسەكانیان لەوێ داڵدە دەرێن.

هاوكات بۆریس جۆنسن گوتی "ئێمە دەبێ بەڵێنەكانی برێكزێت و كابینەكەمان جێبەجێ بكەین، لەكۆنتڕۆڵكردنی سنورەكانمان بۆ ڕێگریكردن لەكۆچی نایاسایی".

لەدوای دەرچونی بەریتانیا لەیەكیەتی ئەوروپا، تادێت ساڵانە ژمارەی نایاسایی پەڕینەوەی پەناخوازان زیاتر دەبێت بەڕێگای بەندەری ئینگلیزییدا.

تەنها لەساڵی ٢٠٢١زیاتر لە ٢٨ هەزار پەناخواز بەنایاسایی‌و بە بەلەم گەیشتون، لەكاتێكدا لەساڵی ٢٠٢٠ ژمارەكە ٨ هەزارو چوارسەد كۆچبەر بووە. لەسەرەتای ئەم ساڵێشەوە  ژمارەكە گەیشتۆتە ٤ هەزارو ٨٠٠ كەس.

 لەلایەكی دیكەشەوە بەهۆی دەرچونی لەیەكیەتی ئەوروپا  بەریتانیا چیدیكە ناتوانێت كار بەڕێككەوتنامەكەی دبلن بكات لەوەی كۆچبەرانی دیكەی وڵاتانی ئەوروپا بنێرێتەوە، بۆیە بەشێك لەوكۆچبەرانی چەندین ساڵە لەوڵاتانی دیكەی ئەوروپان و بێ وەڵامن  ڕوو لەبەریتانیا دەكەن بۆئەوەی چانسی خۆیان تاقیبكەنەوە.

لەپێناوی جێبەجێکردنەی ئەم بڕیارەدا، چەند رۆژێک لەمەوبەر وەزیری ناوخۆی بەریتانیا لەڕواندا بوو، لەگەڵ حکومەتی ئەو وڵاتە ڕێککەوتنێکیان واژۆ کرد. وەکو ھەنگاوێکی سەرەتاییش، بەریتانیا ١٢٠ ملیۆنی پاوەنی دا بە ڕوانداو ئەو کۆچبەرانەی کە لەڕێگای قاچاغەوە دەگەنە بەریتانیا، حکومەتی بەریتانیا دەیانگرێت‌و تیکتێکی یەک سەرییان پێدەداو دەیاننێرێت بۆ ڕواندا. لەوێ شوێنی نیشتەجێبونیان بۆ دابین دەکرێت‌و ھەر لەوێ کەیسەکانیان بۆ وەرگرتنی ئیقامە پێشکەشی حکومەتی ڕواندا دەکەن. ئەگەر کەیسەکانیان پەسەند بکرێ، ئەو کاتە ئیقامەی ڕواندا وەردەگرن. پێشترو لە ساڵی ٢٠١٣ەوە ئوسترالیا ھەنگاوێکی لەمشێوەی دەستپێکردووە و کۆچبەران دەنێرێت بۆ پاپا نیو گینیاو دورگەیەکی دیکە.

زۆرێک لەوانەی لەنزیکەوە ئاگاداری رەوتی پەنابەرانن پێیانوایە ئەگەر ئەم بڕیارەی بەریتانیا بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە کاریگەری لەسەر کوردستانیش دەبێت، لەبەرئەوەی زۆرێک لەو گەنجانەی ڕوو لەئەوروپا دەکەن، هەوڵ دەدەن لەڕێی فەرەنساوە بچنە بەریتانیا. ئەگەر بەریتانیا سنورەکانی بەڕوی پەنابەراندا دابخات، پێشبینی دەکرێ ئەمە ببێتە هۆکاری ئەوەی بەشێک لەو گەنجانەی ساڵانە کوردستان روەو بەریتانیا جێدەھێڵن بەمەبەستی بەدەستهێنانی هەلی کارو بژێویی ژیان، لەکوردستان بمێننەوەو کاریگەری لەسەر بازاڕی کارو ئابوری‌و سیاسەت‌و ژیانی کۆمەڵایەتیش هەبێت.

ئەم بڕیارەی بەریتانیا، هاوکاتیشە لەگەڵ ھەڵکشانی حیزبە راستڕەوو راسیزمەکان لەزۆرێک لەوڵاتانی ئەوروپادا کە کۆچبەران‌و پەنابەرانیان کردوەتە ئامانج.

 

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×