ئا: ئاوێنە
ئاژانسی رۆیتەرز، لەزاری چەند بەرپرسێكی عێراقی و توركییەوە بڵاویكردۆتەوە كە پلانێكی سەرەتایی هەرێمی كوردستان بۆ هەناردەكردنی غازی سروشتی بۆ توركیاو ئەوروپا بە "بەشداری ئیسرائیل" بەشێك بوە لەو هۆكارانەی كە ئێرانی توڕەكردوەو بۆتە مایەی هێرشە موشەكییەكەی سوپای پاسدارانی ئەو وڵاتە بۆ سەر هەولێر.
شەوی 13ی ئەم مانگە، سوپای پاسدارانی ئێران بە 12 موشەك هێرشی كردە سەر هەولێرو بەشێكی زۆری موشەكەكان كۆشكێكی شێخ باز بەرزنجی، بەڕێوەبەری جێبەجێكاری كۆمپانیای كاریان كردە ئامانج كە كۆمپانیایەكی سەرەكی كەرتی وزەیە لە هەرێمی كوردستان.
چەند بەرپرسێكی عێراقی و توركی كە بە مەرجی بڵاونەكردنەوەی ناویان بۆ ئاژانسی رۆیتەرز قسەیان كردوە، ئاماژەیان بەوەداوە، هێرشەكە پەیامێكی فرە لایەن بوە بۆ هاوپەیمانانی ئەمریكا لەناوچەكە، بەڵام هۆكاری سەرەكی پلانێك بوە بۆ هەناردەكردنی غازی هەرێمی كوردستان بۆ توركیاو ئەوروپا بە بەشداری ئیسرائیل.
یەكێك لە بەرپرسە عێراقییەكان كە بەرپرسێكی ئەمنییەو قسەی بۆ ئاژانسەكە كردوە بانگەشەی ئەوەی كردوە "بەم دواییە دو كۆبونەوەی بەرپرسانی وزەی ئیسرائیلی و ئەمریكی لە كۆشكەكە (ماڵی شێخ باز) هەبوە بۆ تاوتوێكردنی هەناردەی غازی هەرێم بۆ توركیا لە رێگەی بۆرییەكی نوێوە."
هەروەها دو بەرپرسی توركیا ئەوەیان پشتڕاستكردۆتەوە كە بەم دواییانە بە بەشداری چەند بەرپرسێكی ئەمریكی و ئیسرائیلی كۆبونەوە كراون بۆ تاوتوێكردنی گەیاندنی غازی سروشتی لە عێراقەوە بۆ توركیاو ئێران بەڵام شوێنی كۆبونەوەكانیان ئاشكرانەكردوە.
هەروەك بەرپرسە ئەمنییە عێراقییەكەو بەرپرسێكی پێشوی ئەمریكا كە ئاگاداری پلانەكە بوە، ئاماژەیان بەوەداوە، شێخ باز، كاری كردوە لەسەر راكێشانی بۆرییەكی هەناردەی غاز.
نوسینگەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێم، رەتیكردۆتەوە هیچ كۆبونەوەیەك لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریكی و ئیسرائیلی لە كۆشكەكەی شێخ باز بۆ تاوتوێكردنی بۆری غاز ئەنجام درابێت.
بەرپرسە توركی و عێراقییەكان وردەكاری پلانی هەناردەی غازی كوردستانیان بۆ عێراق و هەروەها رۆڵی ئیسرائیلیان لەو پلانەدا باس نەكردوە.
ئەوەش لەكاتێكدایە كە ئیسرائیل و توركیا كاردەكەن بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانیان و خواستیان هەیە بۆ هاریكاریی زیاتری نێوانیان لە بواری وزەدا.