سەرەداوەکانی پەیوەندی نهێنی كوردو ئیسرائیل: شیمۆن پێرێزو کامەران بەدرخان
  2022-03-19       3474       
شیمۆن پێرێز‌و مەسعود بارزانی‌و مەحمود عەباسی

ئا: ئاوێنە

 

كورده‌كان‌و جوله‌كه‌كان دو گه‌لی‌ دێرینی‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاستن، وه‌كو كورده‌كانیش، جوله‌كه‌كان كه‌وتونه‌ته‌ به‌ر گێژه‌ڵوكه‌ی‌ كۆمه‌ڵكوژی‌‌و نه‌هامه‌تییه‌وه‌، كورده‌كان‌و ئیسرائیلییه‌كانیش هه‌ردوكیان پاشه‌ڕۆژێكی‌ ناڕۆشنیان هه‌یه‌ له‌نێو ئه‌و ده‌رو دراوسێیانه‌دا كه‌ هه‌ر هه‌موویان به‌چاوی‌ دوژمنكارییه‌وه‌ لێیانده‌ڕوانن‌و به‌ئاشكراش له‌هه‌وڵی‌ پاكتاوكردنیاندان، کامەران بەدرخان‌و شیمۆن پێریز دو کەسایەتی دیاری کوردو جولەکەن کە رۆڵێکی کارایان لەتەنینی سەرەداوە سەرەتاییەکانی پەیوەندی نهێنی ئەم دو گەلەدا بینیوە.


لەمێژوی كورددا، كەسایەتییەك هەیە كەمترین تیشكی خراوەتەسەر، بەمەرجێك گەورەترین رۆڵی لەكاری هەواڵگرییدا بینیوە، كە ئەویش "كامەران بەدرخان"ە. 

 

كامەران كە نەوەی میرێكی دەستڕۆیشتوی سەدەی نۆزدەهەم بو، پیاوێكی پڕ لەڕەمزو رازە. ئەم پیاوە سەرەداوە سەرەتاییەكانی پەیوەندییە نهێنییەكانی نێوان كوردو ئیسرائیل دروستدەكات، كە لەچلەكانی سەدەی بیستەم‌و  لەسەروەختی دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیلدا "دیڤید بن گۆریۆن"‌و "گۆلدا مائیر"و چەندین كاربەدەست‌و دیبلۆماتكاری گرنگی ئەو وڵاتەی لەنزیكەوە ناسیوە‌و هاوڕێیەتی كردون، ئەم پەیوەندیانەش دواتر سەریانكێشاوە بۆ كاری هەواڵگری‌و ئیشكردن لەگەڵ موساد.

 

یەكەم پەیوەندی ئیسرائیل لەدەیەی ١٩٦٠دا بەسەركردەكانی پارتییەوە لەڕێگەی شیمۆن پێرێزو کامەران بەدرخانەوە دەبێت، کە دواتر دەبێتە بەردی بناغەی پەیوەندییەکی تۆکمەو ئاڵۆزکاو، ساڵی 1963 دوای ئەوەی تاڵەبانی وەك نوێنەری شۆڕشی ئەیلول سەردانی میسرو جەزائیر دەكات، لەڕێگەی لوبنانەوە دەچێتە فەرەنسا، ئەوكات كامەران بەدرخان مامۆستای زانكۆی سۆربۆن دەبێت لەپاریس، تاڵەبانی لەیاداشتەكانیدا باس لەوە دەكات كە "كامەران بەدرخان لەوێ‌ پێیدەڵێت: وەزیری بەرگری بەریتانیا‌و شا حسێنی شای ئەردەن دەیەوێ‌ بتبینن. تاڵەبانی دەڵێت "ئەو رۆژگارە پەیوەندییەكی توندوتۆڵم لەگەڵ یەكێتی سۆڤیەت هەبو، بۆ هەر شار‌و هەر وڵاتێك بچومایە، باڵوێزخانەی سۆڤیەت كەسێكیان وەك راوێژكار‌و رێنما بۆ دیاریدەكردم كە چی بكەم‌و چی نەكەم، كاتێك سەبارەت بەپێشنیارەكەی كامەران بەدرخان پرس‌و راوێژم بەمۆسكۆ كرد‌و زانیم ئەو كەسەی كامەران بەدرخان ناوی وەزیری بەرگری بەریتانیای لێناوە شیمۆن پێرێزەو لەئیسرائیلەوە هاتوە بۆ پاریس بەمەبەستی ئەنجامدانی گفتوگۆو دیدار، روسەكان راسپاردەی ئەوەیان كردم دیداری لەگەڵ ساز نەكەم، بەو پێیەی من پەیوەندیم لەگەڵ عەرەب‌و جەمال عەبدولناسر زۆر باشەو ئەمجۆرە كۆبونەوەو دیدارانە بەزیانم تەواو دەبێت".

 

تاڵەبانی كە لەساڵی 2006‌و 2007دا یاداشتەكانی گێڕاوەتەوە، دەڵێت "خۆشم پێموابو ئەم جۆرە دیدارو كۆبونەوانە لەبەرژەوەندی كورد نییە، كۆبونەوە‌و دانیشتنم لەگەڵ شیمۆن پێرێز قبوڵ نەكرد، هەرچەندە هەندێك كەس دەڵێن كە من لەگەڵ ئەو دانیشتنم ئەنجامداوە، بەڵام بەڕاستی دیدار‌و گفتوگۆم لەگەڵ ئەو نەبوە‌و هێشتا هەردوكیشمان زیندوین‌و دەتوانن ئەم روداوە لەخۆیشی بپرسن". 

 

بەڵام "شلۆمۆ نكدیمۆن" كە یەكێكە لەو ئەفسەرانەی رۆڵی گەورەیان لەپەیوەندییەكانی نێوان ئیسرائیل‌و شۆڕشی كورددا بینوە‌و چەند ساڵێكی لەكوردستان لەناو پێشمەرگەو سەركردایەتی پارتیدا بەسەربردوە، لەكتێبەكەیدا "مۆساد لەعێراق‌و وڵاتانی دراوسێ - داڕمانی ئومێدی ئیسرائیلی‌و كوردەكان"، ئاماژە بەوە دەكات كە كامەران بەدرخان ساڵی 1963 سەردانی ئیسرائیل دەكاو بەنهێنی دەستپێشخەرییەكی بارزانی دەگەیەنێت بەسەركردەكانی ئیسرائیل‌و هەر لەسەرەتای دروستكردنی ئەم پەیوەندییانەشەوە، ئیبراهیم ئەحمەد ئاگادارو بەئاگا بوە، ئەو دەڵێت "تەنانەت لەتشرینی دوەمی 1963دا تاڵەبانی‌و ئیبراهیم ئەحمەد بەبێ ئاگاداركردنەوەی پێشوەخت گەیشتنە باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لەپاریس، خۆیان ناساندو داوای كۆبونەوەیان لەگەڵ نوێنەری ئەوسای مۆساد لەوێ كردو داوای كۆمەك‌و یارمەتی‌و پارەیان كرد".

 

مەسعود بارزانیش لەكتێبەكەیدا "بارزانی‌و بزوتنەوەی رزگاریخوازی كوردستان"، جەغت لەوە دەكات كە "دوای هەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلول، بڕیاری دامەزراندنی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل بڕیارێكی بەكۆمەڵی سەركردایەتی پارتی بوەو یەكەمین پەیوەندی ئیسرائیلیش بەمەكتەبی سیاسی پارتییەوە لەحوزەیرانی 1963دا بوە، ئەویش بەیەكگەیشتنێكی نهێنی بەڕێزان جەلال تاڵەبانی‌و شیمۆن پێرێز لەپاریس بەپێناوداریی میر كامەران بەدرخان بوە". 

 

پێرێز‌و تاڵەبانی یەكتریان بینی بێت یان نەبینێت، هیچ لەو راستییە ناگۆڕێت كە پێرێز یەكێك بوە لەداڕێژەرانی پەیوەندییەكانی نێوان كورد‌و ئیسرائیل لەسەرەتای دەیەی 1960ەوە، جۆناسان راندڵ نوسەرو رۆژنامەنوسی ناوداری ئەمەریكی  لەكتێبەكەیدا "كوردستان یان کڵۆڵی نه‌ته‌وه‌یه‌ك" ئاماژە بەوە دەكات ساڵی 1964، عیسمەت شەریف وانلی كە چالاكوانی كوردی رۆژئاوای نیشتەجێی ئەوروپا بەنوێنەرایەتی شۆڕشی ئەیلول دەچێتە ئیسرائیل‌و چاوی بەشیمۆن پێرێز دەكەوێت كە ئەوكات بریكاری وەزیری بەرگری ئیسرائیل بوە. راندڵ ئاماژە بەوەش دەكات كە مستەفا بارزانی لەسەردانەكەیدا بۆ ئیسرائیل ساڵی 1968، بەشێك لەرێكخستنی هەماهەنگی‌و گفتوگۆكانی لەگەڵ شیمۆن پێرێز بوە. 

 

ساڵی 2015ش، لەمیانەی كۆبونەوەی ئابوری داڤۆس لەئەردەن، شیمۆن پێرێز‌و مەسعود بارزانی بەئامادەبونی مەحمود عەباسی سەرکردەی فەلەستین، كە یەكتریان بینی دەستیان بۆ یەك درێژ كردو تەوقەیان كرد. 


 پێشتریش لەساڵی ٢٠٠٨دا، جەلال تاڵەبانی‌و ئێهود باراکی سەرۆک وەزیرانی پێشوی ئیسرائیل، لەپەراوێزی کۆنفرانسی حیزبە سۆشیال دیموکراتەکاندا، تەوقەیەکی گەرم‌و گوڕیان کرد.

 

به‌هۆی‌ ئه‌زمونی تاڵی رابردویانەوە، كورده‌كان دیدێكی‌ باشیان به‌رامبه‌ر به‌ئیسرائیلیی‌‌و جوله‌كه‌كان هەیەو زۆرجار دەڵێن "ئێمە ناتوانین به‌و چاوه‌ سه‌یری‌ ئیسرائیل بكه‌ین كه‌ عه‌ره‌به‌كان سه‌یریان ده‌كه‌ن"، جولەکەو ئیسرائیلییەکانیش هەمیشە لەبەر بەرژوەندی خۆیان سۆزیان بەرامبەر بەکێشەی کورد بەتایبەتی لەباشوری کوردستاندا هەبوە.

 

شیمۆن پێرێز یەكێك بو لەداڕێژەرانی هاوكێشەی هێزو سیاسەت لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستداو لەدروستکردنی رایەڵی پەیوەندییە نهێنییەكانی نێوان ئیسرائیل‌و كوردا چالاك بو. 


پێرێز لەساڵی 1923 لەخێزانێکی پۆڵەندی هاتبوە دونیاوە. دوای ئەوەی باوکی بەزیندوویی لەلایەن نازییەکانەوە دەسوتێنرێ، رودەکاتە ئیسرائیل‌و پاش تەواوکردنی خوێندن دەچێتە نێو کاری سیاسەتەوەو وەک وەزیری دەرەوە، وەزیری دارایی، سەرۆکوەزیران لە 12 کابینەی ئیسرائیل بەشدار بوەو دواتریش بوەتە حەوتەمین سەرۆکی ئیسرائیل‌و لەساڵی 1994 خەڵاتی نۆبڵی بۆ ئاشتی پێدراوە.


ئەو یەکێک بو لەباوکانی دامەزرێنەری ئیسرائیل‌و رۆژی 28-9-2016 لەتەمەنی 93 ساڵیدا كۆچی دوایی كرد.

 

پێرێز یەكێك بو لەسەركردە هوشیار‌و بەهێزەكانی ئیسرائیل، ئەو رۆڵی گەورەی هەبو لەدابینكردنی ئاسایش‌و دامەزراندنی سوپایەكی پیشەیی بەهێزدا كە ئەركی كورت كراوەتەوە بۆ بەرگری كردن لەئیسرائیل لەبەرامبەر دوژمنانی دەرەكییدا، رۆڵی گەورەشی هەبو لەدامەزراندنی سیستەمی سیاسی ئیسرائیلدا كە یەكێكە لەبەهێزترین‌و دیموكراسیترین سیستەمە سیاسیەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. 

 ئێهود باراک‌و جەلال تاڵەبانی‌و مەحمود عەباس

کامەران بەدرخان لەتەنیشت مستەفا بارزانی

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×