ئا/ ئاوێنە
18ی ئاداری 2022، چوار ساڵ بەسەر داگیركردنی عەفرین لە رۆژئاوای كوردستان لەلایەن سوپای توركیاو چەكدارە توندڕەوەكانی هاوپەیمانی ئەو سوپایەدا تێپەڕدەبێت. وێرای تاڵانكاری، كوشتن و رفاندنی خەڵك و ئاوارەبونی بەشێكی زۆری خەڵكی ناوچەكە، داگیركارییەكەی توركەكان بۆتە هۆی گۆڕینی دیموگرافیای عفرین.
رۆژی 20ی كانونی دوەمی ساڵی 2018، سوپای توركیا بەهاوكاری گروپە توندڕەوەكانی هاوپەیمانی، دەستی بە ھێرش بۆ سەر عەفرین كرد.
هێرشەكەی سوپای توركیاو چەكدارە هاوپەیمانەكانی روبەڕوی بەرگرییەكی خۆڕگرانەی شەڕڤانانی هەسەدەو خەڵكی ناوچەكە بوەوە، سوپای توركیا، كە 10یەمین گەورەترین سوپای جیهان و ئەندامی ناتۆیە، دوای 58 رۆژو لە رۆژی 18ی ئازاری 2018دا، عفرین داگیربكات.
ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤ لە عەفرین، ڕۆژی 21ی کانونی دوەمی ئەمساڵ، لەماوەی داگیركردنی عفریندا، زیاتر لە 300 هەزار هاوڵاتی مەدەنیی لە عفرین ئاوارەبون، ئاوارەبونی دانیشتوانی ڕەسەنی شارەکە بەهۆی فشارەکانی سوپای تورکیاو چەكدارە توندڕەوەكانی نزیک لە سوپای تورکیاوە بەردەوامیی هەیە، بەوهۆیەوە ڕێژەی دانیشتوانی کورد لە عفرین گەیشتوەتە کەمتر لە لەسەدا 25 كە بەر لە داگیركردنی رێژەی دانیشتوانی كورد لە عفرین لەسەدا 95 بوە.
بەگوێرەی قسەی ئەو رێكخراوە بەمەبەستی گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەکە و دابڕانی ڕۆژئاوا لە باکوری کوردستان، نزیکەی 400 هەزار کەس لە ناوچە جیاجیاکانی دیکەی سوریاوە هێندراون و لە عفرین و دەوروبەری نیشتەجێ کراون، لەوانەش 500 خانەوادەیان عەرەبی فەلەستنینن، 30 کەمپیش بۆ خەڵكی هاوردە ئامادەکراون.
رێكخراوەكە ئاماژەی بەوەداوە كە ناوی شوێنە کوردییەکانیان وەک، گەڕەک و گۆڕەپان و پارکەکانیان گۆڕیوە، ئاڵای تورکیایان لەسەر بەرزکردونەتەوە و وێنەی ئەردۆغانیان پێوە هەڵواسیون، بەنمونە ناوی گۆڕەپانی نەورۆز گۆڕدراوە بۆ سەلاحەدین و گۆڕەپانی نیشتیمان بۆ 18ی ئازار و گۆڕەپانی کاوەی ئاسنگەر بۆ چڵە زەیتون، گۆڕەپانی ناوەندی شاریش کراوە بەناوی ئەردۆغانەوە، گوند و ناحیەكانیش ناوی عوسمانییان بۆ داناون.
ئەوەشی ئاشكراكردوە كە لەماوەی چوار ساڵی ڕابردودا زیاتر لە هەشت هەزار کەس ڕفێندراون، چارەنوسی زۆربەیان نادیارە، ئەوانەی دیکەش لە بەرامبەر پارەدا ئازادکراون، هەروەها نزیكەی 80 ژن کوژراون، شەشی دیکە کۆتاییان بەژیانی خۆیان هێناوە و دەستدرێژیی سێکسییش کراوەتە سەر 70 ژن.
زیاتر لە 655 هاوڵاتی مەدەنیی لە عەفرین و دەوروبەری کوژراون، لەو ژمارەیەش 498 کەسیان بەهۆی بۆردومان و تۆپبارن و 90 کەسی دیکەیان لەژێر ئەشکەنجەدا کوژراون، نزیکەی 700 کەس بەهۆی بۆردومان و تۆپبارانەوە برینداربون، کە 303 كەسیان منداڵ و 213یان ژن بون.
بەگوێرەی ئاماری ئەو رێكخراوە، عفرین کە بە شاری زەیتون ناسراوە و زیاتر لە 18 ملیۆن داری زەیتون لە شارەکەدا هەبون و بەرهەمی ساڵانەی بە 270 هەزار تۆن دەخەمڵێندرێت، 333 هەزار و 900 داری زەیتون و داری دیکە بڕدراون و لەلایەن سوپای تورکیاو چەكدارانەوە بازرگانییان پێوەکراوە، بەدەرلەوەی زیاتر لە 12 هەزار داری زەیتون و داری جۆراوجۆری دیکە سوتێندراون.
دوێنێ پێنجشەممە، مەزڵوم كۆبانی، فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریا دیموكرات، لە یادی تێپەڕینی چوار ساڵ بەسەر داگیركردنی عفریندا، رەخنەی لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەكگرتوەكان كرد بەهۆی كەمتەرخەمیان لە بەرپرسیارێتیان لەبەرامبەر ئەوەی لە عەفرین رودەدات و بەسەر خەڵكی ئەو شارەدا دێت.
مەزڵوم كۆبانێ رایگەیاند، "هێشتا دەستەی نەتەوە یەكگرتوەكان و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كەمتەرخەمە لە بەرپرسیارێتییەكانی بەرامبەر بە خەڵكی عفرین و چوار ساڵە داگیركاریی و پاكتاوكردنی لە شاری عفرینی زەیتون بەردەوامە."
مەزڵوم كۆبانێ جەختی كردۆتەوە كە "كۆتاییهێنان بە داگیركاریی و گەڕانەوەی خەڵكی عفرین بۆ سەر ماڵ و حاڵیان، پرس و بەرپرسیارێتی ئێمەو هەمو ئەوانەیە كە باوەڕیان بە مرۆڤایەتی هەیە."