بۆچی سوپای پاسداران هەولێری كرد بەنیشانەی موشەكەكانی؟
  2022-03-15       2403       
ئەو موشەکانەی ئاڕاستەی هەولێر کران

ئا: ئاوێنە

 

هێرشە موشەكیەکەی سوپای پاسداران بۆ سەر هەولێر، بەخاڵی وەرچەرخان دادەنرێت لەسیاسەتی ئێراندا بەرامبەر بەهەرێمی كوردستان، یەكەمجارە كە سوپای پاسداران بەرپرسیاریەتی هێرشێكی بەمجۆرە لەئەستۆ بگرێت، بۆچی سوپای پاسداران هەولێری هەڵبژارد‌و كردی بەنیشانەی موشەكەكانی؟

 

هۆكارەكان زۆرن، لەپێشیانەوە لەبەرئەوەی "هەولێر" لاوازترین‌و ئاسانترین نیشانەیە كە سوپای پاسداران هێزو توانای خۆی تیا تاقیبكاتەوە، چونکە هەرێمی كوردستان‌و عێراقیش لەو پێگەو هێزو توانایەدا نین وەڵامی هێرش‌و دەستدرێژییەكی بەمجۆرە بدەنەوەو ئەمەریكاش لەم كاتەدا كە بەچەندین دۆسیەی ئاڵۆزترەوە سەرقاڵە، ناپەرژێتە سەر ئەوەی هەولێر لەموشەك‌و درۆنەكانی سوپای پاسداران‌و هێزە هەوادار‌و هاوشێوەكانی لەعێراقدا بپارێزێت.  بەڵام میدیاكانی سەر بەحیزبوڵای لوبنان‌و ئیسرائیلیش، ئاماژە بەهۆكارێكی دیكە دەكەن كە پێیانوایە لەپشت ئەم موشەكبارانەی هەولێرەوەیە.

 

كەناڵی مەیادین كە كەناڵێكی سەر بەحزبوڵای لوبنانە، باس لەوە دەكات ئەم هێرشەی سوپای پاسداران پەیوەندی بەپێشهاتێكی گرنگەوە بوە كە مانگی رابردو لەکرمانشان رویداوەو كوژرانی دوو فەرماندەكەی سوپای پاسداران لەسوریا كراوەتە بیانوو بەهانە بۆ تۆڵەکردنەوە لەو روداوەی کرمانشان، مەیادین دەڵێت "مانگی رابردو شەش فڕۆكەی بێ‌ فڕۆكەوانی ئیسرائیلی هێرشیان كردوەتە سەر بنكەیەكی سوپای پاسداران لەماهیدەشتی كرماشان كە جبەخانەی سەدان فڕۆكەی بێ‌ فڕۆكەوانی سوپای پاسداران بوەو لەهێرشەكەدا لەناوبراون".

 

مەیادین ئاماژە بەوەش دەكات ئەو فڕۆكە بێ‌ فڕۆكەوانانەی ئیسرائیل لەهەولێرەوە بەرز بونەتەوەو ئەم بنكەیەی سوپای پاسدارانیان كردوەتە ئامانج لەکرمانشان.

 

مەیادین جەغت لەوە دەكات ئەو كۆشكەی شێخ باز كراوەتە ئامانجی موشەكەكانی سوپای پاسداران، دروست ئەو شوێنەیە كە هێرشی فڕۆكەی بێ‌ فڕۆكەوانی ئیسرائیلی بۆ كرماشانی تیادا بەرنامەڕێژی‌و رێنمایی كراوە.

 

بەپێی راپۆرتی ئەو كەناڵەش چوار ئەفسەری ئیسرائیلی لەو هێرشە موشەکیەی سوپای پاسداراندا بۆ سەر ئەو كۆشكە كوژراون‌و حەوتیشیان بریندار بون.

 

هەروەها ئەوەش روندەكاتەوە كە شێخ باز كەریم كەسایەتییەكی نزیكە لەماڵی بارزانی‌و دۆسیەی فرۆشتنی نەوتی حكومەتی هەرێم بەڕێوە دەبات، كە كۆمپانیا ئیسرائیلییەكان لەكڕیارە سەرەكیەكانی ئەم نەوتەن لەساڵی 2014ەوە، سەڕەرای ناڕەزایی حكومەتی ناوەندی بەغداش.

 

ئەمە لەكاتێكدایە كە حكومەتی هەرێمی كوردستان بەتوندی ئەم هەواڵانە رەتدەكاتەوە‌و دەڵێت ئەوەی كراوەتە ئامانج تەنها شوێن‌و ماڵی خەڵكی مەدەنی بوە.

 

هاوكات میدیاكانی ئیسرائیل ئاماژە بەوە دەكەن كە لەمانگی رابردودا لەئەنجامی هێرشێكی درۆنی ئیسرائیلیدا سەدان فڕۆكەی بێ‌ فڕۆكەوانی سوپای پاسداران لەماهیدەشتی كرمانشان لەناوبراون.

 

رۆژنامەی هائارتێزی ئیسرائیلی ئاماژە بەوە دەكات كە ئێران، ئیسرئیل بە بەرپرسی ئەم هێرشە دەزانێت، بەبێ‌ ئەوەی ئیسرائیل تا ئێستا ئەو بەرپرسیاریەتیەی لەئەستۆ گرتبێت.

 

رۆژنامەكەش جەغت لەوە دەكات كە لەڕاستیدا موشەكباران كردنی هەولێر لەلایەن سوپای پاسدارانەوە لەتۆڵەی ئەوەدا بوە، نەك كوژرانی دوو فەرماندەی سوپای پاسداران لەسوریا.

 

هائارتێز ئاماژە بەوەش دەكات كە ئێران لەم ساڵانەی دواییدا بەشێوەیەكی فراوان فڕۆكەی بێ‌ فڕۆكەوان بۆ هێرشكردنە سەر دوژمن‌و نەیارەكانی لەچەند ناوچەیەكی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەكاردەهێنێت، كۆماری ئیسلامی ژمارەیەك لەم فڕۆكانەشی داوە بەحوسیەكانی یەمەن‌و میلیشیاكانی سەر بەحەشدی شەعبی عێراق‌و حیزبوڵای لوبنان بۆ ئەوەی لەدژی دوژمنەكانیان بەكاریبهێنن.

 

هائارێتز ئەوەش روندەکاتەوە كە كۆماری ئیسلامی ئێران دەیەوێت لەرێگەی فڕۆكەی بێ‌ فڕۆكەوانەوە روبەڕوی باڵادەستی هێزی ئاسمانی ئیسرائیل لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بێتەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×