ئا: ئاوێنە
لەماوەی ٨ مانگدا سێ لێپرسراوی دەزگای زانیاری دەگۆڕدرێت، پاش لابردنی ئەژی ئەمین لێپرسراوی ئاژانسی پاراستنو زانیاری - زانیاری، هێزێکی دژە تیرۆر دەچنە سەر ماڵەکەی لەبەرزاییەکانی قەیوانو تاڵەبانییەک لەجێگەی دادەنرێت.
هێشتا دو هەفتە بەسەر پێشوازی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەت لەئەژی ئەمین تێنەپەڕیوە کە خۆشحاڵی خۆی دەربڕیبو "بەدیداری لەگەڵ مامۆستا ئەژی، بەرپرسی دەزگای زانیاری هەرێمی کوردستان لەئەنجومەنی وەزیران"، نیوەشەوی چوار شەممەی رابردو هێزێکی دژە تیرۆر چونە سەر ماڵی ئەژی لەبەرزاییەکانی قەیوان بەمەبەستی دەستگیر کردنی، بەڵام لەماڵەوە نەببو.
بۆ بەیانییەکەشی، رۆژی پێنج شەممە ١٠ی ٣، لەچوارچێوەی بڕیارو گۆڕانکارییەکانی بافڵ تاڵەبانیدا، بەشێوەیەکی فەرمی جەلال شێخ ناجی تاڵەبانی وەک بەرپرسی ئاژانسی پاراستنو زانیاری - زانیاری لە جێی ئەژی ئەمین دەستبەکاربوو.
ئەم دەستبەکاربونەی جەلال شێخ ناجی، کە لێپرسراوی هەواڵگریی پێشمەرگەو ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتییو ئەندامی ئەنجومەنی ئاسایشە، بەپێچەوانەی دەستبەکاربونی ئەژی ئەمین لەدوای روداوەکانی ٨ی تەموزی ساڵی رابردو، کە دورخستنەوەی لاهور شێخ جەنگی لەهاوسەرۆکی یەکێتی لێکەوتەوەو قوباد تاڵەبانی لەکۆبونەوەیەکی ئەمنی فەرمیدا "ئەژی" بەئیمزای هەریەك لەمەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتو نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم، وەك لێپرسراوی نوێی ئاژانسی پاراستنو زانیاری ناساند، تا ئێستا دیار نییە ئەم گۆڕانکارییە نوێیە بەفەرمانی هەرێمی كراوە یاخود نا.
لەماوەی ٨ مانگی رابردودا، ئەمە سێهەمجارە لێپرسراوی دەزگای زانیاری دەگۆڕێت، دوای روداوەکانی ٨ی تەموزی ٢٠٢١، محەمەد تەحسین تاڵەبانی کە کەسێکی نزیکی لاهور شێخ جەنگی بو، لەو پۆستە دورخرایەوەو ئەژی ئەمین خرایە شوێنی، ئێستاش ئەژی لادەبرێو جەلای شێخ ناجی دەخرێتە شوێنی.
لەسەرەتای ئەمساڵی ٢٠٢٢ەوە چەند جارێک دەنگۆی دورخستنەوەی ئەژی ئەمین بڵاوکراوەتەوە، بەڵام هەمو جارێک ئەو دەنگۆیانە بەدرۆ دەخرانەوە.
دورخستنەوەی ئەژی ئەمین ئاماژەیە بۆ سەرهەڵدانی قەیرانی متمانە لەنێو دەزگا هەستیارو بڕیاردەرەکانی هەواڵگرییو ئاسایشو سەربازیی یەکێتیدا، بەتایبەتی دوای ئەوەی بافل تاڵەبانیو چەند بەرپرسێکی دیاری یەکێتی رایانگەیاند پیلانیان لەدژ ئەنجامدراوەو "ژەهرخواردو" کراون.
ئێستا باس لەوەش دەکرێت، ناکۆکی ناو یەکێتی گەیشتوە بەئەندازەیەک کە بافلو قوباد تاڵەبانی سەبارەت بەدانانی لێپرسراوی نوێی دەزگای زانیاری کۆک نین، سەرباری ئەوەی قوباد تاڵەبانی هەوڵیداوە ئەژی لەپۆستەکەیدا بمێنێتەوە، بەڵام بەبێ فەرمانی هەرێمی، بافڵ تاڵەبانی بڕیاریداوە ئەم گۆڕانکارییە ئەنجامبدات.
ئەوەی لەم گۆڕانکارییەدا جێی ئاماژەیە، باس لەوە دەکرێت کە ئەژی ئەمین پێش ئەوەی دژە تیرۆر بچنە سەر ماڵەکەی رویکردوەتە هەولێر.
دەزگای زانیاری یەکێتی لەماوەی دەستبەکاربونی ئەژی ئەمین وەک سەرۆکی ئەم دەزگایە بۆ یەکەمجار بو بەفەرمی هاوکاری دەزگای پاراستنی پارتی بکاو زانیاری بگۆڕنەوە، کە بەشێک لەچاودێران نزیکبونەوەی ئەژی ئەمین لەمەسرور بارزانی بەهۆکارێکی دورخستنەوەی لەو پۆستە دەزانن.