ژمارەیەك ئەفسەری سەردەمی بەعس دەگەڕێنەوە كەركوك و داوای "خانوەكانیان" دەكەن
  2022-03-10       1980       
كەركوك/6ی ئاداری 2022/ كۆڵانێك لەو خانووانەی ئەفسەرانی سەردەمی رژێمی بەعس هەوڵی وەرگرتنەوی دەدەن. فۆتۆ: كەركوك ناو

ئا: ئاوێنە، كەركوك ناو

هێزە ئەمنییەكانی كەركوك چونەتە سەر ژمارەیەك ماڵی كورد لە گەڕەكی كوردستان (فەیلەق)و داوایان لێكردون خانوەكانیان چۆڵبكەن، ئەوەش دوای سكاڵای ژمارەیەك ئەفسەری سەردەمی رژێمی بەعس دێت كە خۆیان وەك "خاوەن"ی خانوەكان دەناسێنن.

ئەو خانوانەی داواكراوە چۆڵبكرێن، موڵكی وەزارەتی بەرگری عێراق بون و لە سەردەمی رژێمی بەعس-دا بە سەرۆكایەتی سەدام حسێن، بەسەر ئەفسەرانی باڵای ئەو وەزارەتەدا دابەشكراون.

بەڵام لە دوای روخاندنی رژێمی بەعس لە ساڵی 2003، ئەو ئەفسەرانە خانوەكانیان بەجێهێشتوە و ئاوارە گەڕاوەكان (كورد) تیایاندا نیشتەجێ بون، لەوانەش ئەوانەی لە سەردەمی حزبی بەعسدا روبەڕوی پرۆسەی راگواستنی زۆرەمڵی تەعریب بونەوە و دوای 2003 گەڕانەوە كەركوك.

سەرکەوت عومەر، مامۆستایە و یەکێکە لەو هاوڵاتیانەی لە 7ی ئازار مەفرەزەیەكی بنكەی پۆلیسی عەرەفە و لیوای 61ی تایبەتی سەر بە سەرۆك وەزیرانی عێراق، چونەتە سەر ماڵەكەی. بە (كەركوك ناو)ی وت "وتیان دەبێت ئەم خانوە چۆڵبكەن، سکاڵاتان لەسەرە، ئەمە  موڵكی ئەفسەرێکی پێشوە".

بەپێی وتەی سەركەوت، ئەو ئەفسەرە، لە سەردەمی رژێمی بەعسدا ئەو خانوەی پێدراوە و "ئێستا دۆخەكە بۆ ئەو لەبارەو هاتوە ئێمە دەربكات و خۆی تیایدا نیشتەجێ ببێتەوە".

بەپێی زانیارییەكانی (كەركوك ناو)، كە لە بنكەی پۆلیسی عەرەفە وەریگرتوە، لانیكەم 40 سكاڵا لە چەند مانگی رابردودا بەرزكراوەتەوە دژی دەیان خێزانی كورد كە لە خانوی هاوشێوەدا نیشتەجێن.

خانوەكان كە زیاتر لە 500 خانو دەبن، دەكەونە نزیك گەڕەكی كوردستان – فەیلەق -. فەیلەق لە سەردەمی حزبی بەعسدا سەربازگە بو، دواتر زەوییەكانی لە دوای 2003وە كران بە یەكەی نیشتەجێ بون، بەسەر ئاوارە گەڕاوەكاندا دابەشكران، ئەوەش بەشێوەی هەرەمەكی.

سەركەوت عومەر، وتی "من خانوەكەم كڕیوە و داگیرم نەكردوە... تائێستا هیچ كێشەیەكم نەبوە، بەڵام لە دو مانگی رابردودا دوجار هاتونەتە سەرم... نوسراوی دادگای كەركوك و وەزارەتی بەرگری عێراقیان پێیە".

خانوەكان بەشێكیان 400 مەترن و بەشێكی تریان 600 مەترن، لە سەرەتادا لەلایەن خەڵكەوە داگیركران، دواتر فرۆشران كە لەسەرەتادا نرخەكانیان زۆر كەمبو، بەڵام ئێستا نرخەكانیان لە نێوان 30 ملیۆن بۆ 50 ملیۆن دینار دەبێت.

ئەم هەوڵە هاوكاتە لەگەڵ كەمبونەوەی رۆڵی كورد لە پارێزگاكە لەڕوی دەسەڵات و هێزەوە.

كورد تا ریفراندۆمی سەربەخۆیی 25ی ئەیلولی 2017، دەسەڵاتی یەكەمی لە پارێزگاكەدا هەبو، بەڵام لە دوای ریفراندۆم و لە تشرینی یەكەمی هەمان ساڵەوە هێزە عێراقییەكان بۆ پارێزگاكە گەڕانەوە، جگە لە پاشەكشێی پێشمەرگە و ئاسایشی سەر بە حكومەتی هەرێم، پارێزگاری كەركوكیش بۆ یەكەمجار لە دوای 2003وە لە كورد وەرگیرایەوە.

سەركەوت زیاتر وتی "من مامۆستام، ناکرێت هێزی ئەمنی هەڵبکوتێتە سەر ماڵەكەم و ژن منداڵەکانم بترسێنن... نازانین هانا بۆ كێ ببەین".

حەمەزیاد ئەحمەد، هاوڵاتییەکی تری گەڕەکەیە و بەهەمان شێوە ئاگاداركراوەتەوە خانوەكە چۆڵبكات، وتی "پێش پرۆسەی ئازادی عێراق – روخانی رژێمی بەعس لە ساڵی 2003- ئەفسەرە باڵاکانی سوپا لەم خانوانە نیشتەجێبون، ئەوەش بە فەرمانی وەزارەتی بەرگری عێراق، بەڵام لەكاتی پرۆسەی ئازادی عێراق ئەو ئەفسەرانە هەڵهاتن بۆ پارێزگاكانی باشور، لە جێگەیان ئاوارەكانی پارێزگاكانی هەرێم جێگیربون و نیشتەجێبون".

"من بۆ خۆم پێشمەرگەم و خانوەکەم کڕیوە، بەهیچ شێوەیەك ئامادەنیم بۆ هیچ كەسێك چۆڵی بكەم". حەمەزیاد وای وت.

دەیان هەزار خێزانی كورد لە سەردەمی رژێمی بەعسدا لە پارێزگای كەركوك دورخرانەوە، ئەوەش لە چوارچێوەی پرۆسەی راگواستن و تەعریبكردندا، دواتر لە ساڵی 2003 گەڕانەوە پارێزگاكە.

سەرچاوەیەك لە بنكەی پۆلیسی عەرەفە، جەختیكردەوە لەوەی كە ئەوان بڕیاری دادگای كەركوك و وەزارەتی بەرگری عێراق جێبەجێدەكەن، ئەویش ئەوەیە كە دەبێت ئەو خانوانە بۆ ئەو ئەفسەرانە بگەڕێنرێتەوە.

بەڵام بۆ (كەركوك ناو) پشتڕاستنەبۆوە، ئایا خانوەكان لەسەر ئەو ئەفسەرانەی سەردەمی رژێمی بەعس تاپۆكراون، یان موڵكی وەزارەتی بەرگری عێراقن.

دیلان غەفور، پەرلەمانتاری شاری كەركوك لە فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان، چوارشەممە 9ی ئادار، بۆ ئەو مەبەستە لە بەغدا سەردانی جومعە عیناد، وەزیری بەرگری عێراقی كرد.

ئەو بە (كەركوك ناو)ی وت "سەردانەكە تایبەت بو بۆ بەدواداچون بۆ چارەسەرکردنی کێشەی خانوەکانی گەڕەکی کوردستان لە کەرکوک"، زیاتر وتی "لەگەڵ جەنابی وەزیر و لیوا عەلی لیوای یاسایی لە وەزارەت، بە وردی تاوتوێی ئەو بابەتەمان کرد، کاری جددی دەکەین بۆ دۆزینەوەی رێگەیەکی یاسایی بۆ چارەسەری ئەو دۆسیەیە".

دیلان لەبەر لێكەوتەی وتەكانی لەسەر هەوڵەكانی وەزارەت، ئامادەنەبو هیچ زانیارییەكی تر باس بكات و وتی "جارێ با چاوەڕێ بكەین."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×