ئا: هیوا ناسیح
داڤید میوله‌ر رۆژنامه‌نوس و فۆتۆژۆرنالیستێکی ناسراوی ئه‌ڵمانییه له شاری فرایبورگ هاتۆته دونیاوه، له خێزانێکی هونه‌ریدا گه‌وره بووه. حه‌زی به سه‌فه‌رکردنی وڵاتان و ناسینی که‌لتوری گه‌لان و فۆتۆگرافییه. ئه‌و به کامێرایه‌ک و کۆڵه‌پشتێکه‌وه مل دهننێت، زۆر وڵاتان گه‌ڕاوه و هه‌زاران وێنه و گرته‌ڤیدۆی له‌سه‌ر وڵاتان و گه‌لانی سه‌رزه‌وی کۆکردۆته‌وه. ئه‌م سه‌ره‌ڕای رۆژنامه‌نوسیی فۆتۆگرافه‌ر وه‌ک ئاره‌زوو پیشه‌که‌ی، وه‌ک خۆبه‌خشیش به‌شداری کاریخێرخوازی و هاوکاری کۆکردنه‌وه‌ش ده‌کات بۆ په‌نابه‌ران و لێقه‌وماوانی جه‌نگ و کاره‌ساته‌کان، چه‌ندان مانگی له نێو که‌مپی ئاواره‌کانی یۆنان به‌سه‌ربردوه. به‌م جۆره داڤید هونه‌رمه‌ندێکی مرۆڤه، مرۆڤ به‌مانا مه‌عریفییه‌که‌ی، که له‌نێو و له‌گه‌ڵ ئازاره‌کانیشیاندا بژی، نه‌ک هه‌ر وه‌ک دیمه‌نێکی ساتی چرکاندنی وێنه‌کانی له‌پێش چاوی بێت و دواتر فه‌رامۆشیان بکات. به کورتی ئه‌و هاوکات به‌دوای جوانی و ئازاره‌کانیشدا وێڵه و به دۆکیۆمێنتیان ده‌کات.
داڤید ساڵی پار سه‌ردانێکی چه‌ند هه‌فته‌یی بۆ باشوری کوردستان ئه‌نجامدا و زۆربه‌ی که‌مپی ئاواره‌کان و ناوچه‌ی شه‌نگال و هه‌ر سێ پارێزگاکه‌ی هه‌رێمیش گه‌ڕا، ئه‌مساڵ و له‌مانگی دوودا له چه‌ندان شاری سویسرا ئێواره‌کۆڕی نمایشی وێنه و ڤیدیۆکانی له‌سه‌ر باشوری کوردستان به ناوی (عێراق، سه‌فه‌رێک به‌ره‌و کوردستانی نه‌ناسراو) سازکرد، نزیکه‌ی دوو سه‌عات و نیوی ده‌خایاند، تێیدا ناوبراو سه‌دان وێنه و ده‌یان گرته‌ی ڤیدیۆیی، به کوالیتی به‌رز و له‌سه‌ر شاشه‌ی سینه‌مایی، له سه‌ر باشوری کوردستان نیشانی ئاماده‌بووان دا، وێنه و فیلمه‌کان له‌سه‌ر شاخوداخ و سروشتی کوردستان، ژیانی رۆژانه، که‌لتور، مێژوو، گیانی به‌ره‌نگاری کورد بوون، به گشتی پۆزه‌تیڤ بوون و ناساندنێکی باشی ئه‌و به‌شه‌ی کوردستان بوو به خه‌ڵکی ئه‌وروپی. جێگه‌ی ئاماژه‌یه به سه‌دان خه‌ڵکی سویسری ئاماده‌ی سیمیناره‌کانی ده‌بوون. ئه‌م چاوپێکه‌وتنه‌ی لێره‌دا ده‌یخوێننه‌وه، له ژماره ١٨ی گۆڤاری (explora) دا که گۆڤارێکی وه‌رزییه و ده‌زگای ئیکسپلۆرا به زمانی ئه‌ڵمانی له سویسرا ده‌ریده‌کات، بڵاوکراوه‌ته‌وه، که له‌سه‌ر بابه‌تی سیمینار و سه‌فه‌ره‌که‌ی بۆ باشوری کوردستان له‌گه‌ڵیدا سازکراوه، منیش کردومه به کوردی.
ئێکسپلۆرا: ئێمه عێراق له میانه‌ی میدیاوه ده‌ناسین، که هه‌واڵه‌کان دڵخۆشکه‌ر نین، پێویسته چی له‌سه‌ر ڕه‌وشی ئێستای عێراق بزانین؟
داڤید: عێراق له ده‌یان ساڵه‌وه گیرۆده‌ی ده‌ستی جه‌نگه‌کانه. شه‌ڕی که‌نداو له هه‌شتاکانه‌وه، دواتر جه‌نگی دووه‌می که‌نداو و پاشانیش شه‌ڕی جیهادییه‌کانی داعش خه‌ڵکی ئه‌م وڵاته‌ی توشی تراوما (زه‌بری ده‌روونی) کردوه. ته‌نانه‌ت پاش تێکشکانی داعش و ڕێگیری له جیابوونه‌وه‌ی باکور واته کوردستان، وڵاته‌که به قوڵی له ڕووی سیاسی و ئیتنی و مه‌زهه‌بییه‌وه دابه‌شبووه. پاشماوه‌کانی داعش وه‌ک گروپی تیرۆر هه‌ر جێگای مه‌ترسین. له زۆر جێگای وڵات‌دا خزمه‌تگوزاره بنچینه‌ییه‌کان ده‌یانساڵه تازه‌نه‌کراونه‌ته‌وه. خراپی به‌ڕێوبردن و گه‌نده‌ڵی هه‌یه. به‌رئه‌نجامی ئه‌مانه بریتییه له ده‌ربه‌ده‌ربوون، کۆچکردن، بێ‌کاری و هه‌ژاری. ده‌نگی ناره‌زایه‌تی و بێزاریی خه‌ڵک به‌رامبه‌ر حکومه‌ت زۆر زیاتر بووه. کوشتنی به ئامانجی قاسم سوله‌یمانی له لایه‌ن ئه‌مریکاوه له به‌غدا سه‌ره‌تای ساڵی ٢٠٢٠ ره‌وشی سیاسی ته‌واوی وڵاته‌که‌ی ئاڵۆز کردوه. سوله‌یمانی گرنگترین فیگه‌ری رژێمی ئێران بوو، که وا هه‌ژموونێکی زۆری له عێراقدا هه‌یه.
ئێکسپلۆرا: له‌م سیمیناره‌دا تۆ تیشکۆ (فۆکه‌س)ت خستۆته سه‌ر ناوچه‌ی کوردستان، که به‌شێکه له عێراق، ئایا چی کوردستان تایبه‌ته؟
داڤید: پێشه‌کی گرنگه بزانین، که کوردستان له ڕوخانی عوسمانییه‌وه به‌شێکی له عێراقه، له تورکیا، له ئێران، سوریا و به‌شێکی تریشی له ئه‌رمینیایه. کورده‌کان گه‌لێکن بێ وڵات، بۆیه هه‌وڵی سه‌ربه‌خۆیی ده‌ده‌ن. له‌م بواره‌دا ناوچه‌ی خۆبه‌ڕێوبه‌ری کوردستان له باکوری عێراق رؤڵێکی گرنگ ده‌گێڕێت.
له دوای که‌وتنی رژێمی به‌عسی سه‌ددام حوسێن له جه‌نگی که‌نداوی دووه‌م، ئه‌مریکا ناوچه‌ی دژه فڕینی دابینکرد. له ژێر ئه‌م چه‌تره‌دا کورده‌کان توانیتیان جۆرێک له سه‌ربه‌خۆیی بنیاد بنێن. سوپای پێشمه‌رگه هۆکار بوو، که داعش ناوچه‌که‌ی داگیرنه‌کرد وه سه‌دان هه‌زار که‌سی په‌نابه‌ری ناوچه‌کانی تر له که‌مپی ئاواره‌کانی ئه‌وێدا بپارێزرێن. من له سیمیناره‌که‌مدا ویستومه تیشک بخه‌مه سه‌ر ئه‌وه، که هه‌واڵنێره‌کان زۆرکه‌م ده‌یڵێن. دواجار له‌وێدا خه‌ڵکانێک ژیانی رۆژانه‌ی خۆیان له سروشتێکی زۆر جوان‌دا به‌ڕێده‌که‌ن، جۆراوجۆریی ئاینی، شاری جوان، خه‌ڵکانێک که پێده‌که‌نن، کارده‌که‌ن، گفتوگۆ ده‌که‌ن و ئاهه‌نگ ده‌گێڕن، ئه‌مانه پۆزه‌تیفن.
ئێکسپلۆرا: تۆ خۆت چ شتێک ده‌تبه‌ستێته‌وه به کوردستانه‌وه، بۆچی ئه‌و ناوچه‌یه جێگه‌ی بایه‌خه بۆت؟
داڤید: من ساڵی ٢٠٠٦ بۆ چه‌ند مانگێک وه‌ک خۆبه‌خشێک له ڕێگای به‌ڵکان بووم. له‌وێ کاتێکی زۆرم له‌گه‌ڵ خه‌ڵکانی کۆچبه‌ر به‌سه‌ر برد، که هه‌موو شتێکی خۆیان به‌جێهێشتبوو. ئه‌مه به‌رده‌وام کاریگه‌رییان له‌سه‌ر من دانا. به‌تایبه‌ت ئه‌وه‌ی له دڵمدا جێگه‌ی گرت، خێزانێکی کورد بوون له باکوری عێراقه‌وه، که پاش داخستنی سنور له که‌مپی ئیدۆمان له سنوری یۆنان-مه‌که‌دۆنیا له‌نگه‌ریان گرتبوو، کاتێکی زۆر له‌گه‌ڵیاندا بووم. تا ئێستاش په‌یوه‌ندیم له‌گه‌ڵیاندا ماوه. بۆیه ویستم به هه‌ر جۆرێک بووه نیشتمانه‌که‌یان بناسم، وێنه‌یه‌کی راستینه‌ی ئه‌وێم هه‌بێت. جگه له‌مه کارکردن و ڕاگۆڕینه‌وه له‌گه‌ڵ زۆر له‌و یهزیدیانهی له ده‌ستی داعش له عێراقه‌وه هه‌ڵاتبوون، به هاوکاری خۆبه‌خشانی تر له‌وێ کاری خێرخوازیمان بۆیان ده‌کرد له چادرگهکانیاندا، له ڕه‌وشێکی زۆر خراپ‌دا بوون، واته ئه‌م کاره خێرخوازیانه هۆکار بوون که من ساڵی ٢٠١٨ یه‌که‌م سه‌فه‌رم بۆ کوردستانی عێراق بکه‌م.
ئێکسپلۆرا: چ شتێک زۆر له کاتی سهردانهکانتدا سه‌رسامی کردی؟
داڤید: له یه‌که‌م سه‌ردانمدا بۆ ئه‌وێ به دیمه‌نی سه‌وزایی سروشتی ئه‌وێ زۆر سه‌رسام بووم، چونکه پێشتر له خه‌یاڵدانی خۆمدا وێنای عێراقم وا کردبوو که بیابانێکی تۆزاوی و وشکه. باکوری عێراق له ڕاستیدا ئه‌مباری دانه‌وێڵه‌یه بۆ وڵاته‌که، شاخی زۆر، مێرگ و پاوان و کێڵگه‌ی زۆر. له‌سه‌ره‌تای ساڵدا ئه‌وێ زۆر جوان و پڕ له گوڵه.
ئێکسپلۆرا: چی له هه‌موو زیاتر شۆکی کردیت؟
داڤید: مرۆڤ ناتوانێت بێنێته به‌رچاوی، که له ڕابردوویه‌کی نزیکدا چ تاوان و کاره‌سات و نه‌گبه‌تی به‌سه‌ر مرۆڤی ئه‌وێدا هاتوه. زیندانه ترسناکه‌که‌ی سه‌ددام حوسێن له سلێمانی (ئه‌منه سوره‌که)، که‌مپی زۆر و گه‌وره‌ی ئاواره‌کان، که وا به‌سه‌ر وڵات‌دا دابه‌ش بووه، یان شاری وێران‌کراو له شه‌ڕی داعشدا، ئه‌م دیمه‌نانه شۆککه‌رن. له هه‌مووی زیاتر کاریگه‌ر بووم به گێڕانه‌وه‌کانی ئه‌وانه‌ی ئه‌و کاره‌ساتانه‌یان بینیوه، یان به‌سه‌ر خۆیان هاتوه، که وا مرۆڤ هه‌رگیز ناتوانێت له بیریان بکات.
ئێکسپلۆرا: له سیمینارهکهتدا باست له‌وه کرد، که ژماره‌ی کریستیانه‌کان له عێراقدا زۆر که‌میان کردوه، چی‌یان به‌سه‌ر هاتوه؟
داڤید: دیاره که ژماره‌ی کریستیانه‌کان له‌و وڵاته‌دا زۆر زۆر له ئێستا زیاتر بوون، به‌ڵام به‌هۆی فشاری زۆری سه‌ریان و ململانێ و چه‌وساندنه‌وه‌ی که‌مینه‌کان و دواتریش هێرشی داعش ڕوویان له ده‌ره‌وه کرد. ئه‌و به‌شه‌ی له‌وان ماونه‌ته‌وه ئێستا له ئارامیدا له باکوری عێراقدا ده‌ژین. له مانگی سێی ٢٠١٨ کاتێک پاپا سه‌ردانی عێراقی کرد، پاش ساڵانێکی زۆری ده‌ربه‌ده‌ربوون و فه‌رامۆشی کریستیانه‌کانی خۆرهه‌ڵات خۆشحاڵ بوون. بۆ تیشک خستنه سه‌ر که‌مینه‌کان و جیاکاریی له عێراقدا، چه‌ند به قازانج بۆیان گه‌ڕاوه‌ته‌وه، هێشتا دیار نییه.
ئێکسپلۆرا: ئێستا داعش له عێراقدا چ ڕۆڵێک ده‌بینێت؟
داڤید: دیاره سوپای عێراق توانی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی به هاوکاریی نێوده‌وڵه‌تی و له نێویشیاندا ئه‌مریکا به سه‌ربازی تێکبشکێنن. ره‌وشی ئه‌منی له‌وکاته‌وه باشتر بووه، به‌ڵام هه‌ر ته‌واو جێگیر نه‌بووه، چونکه شانه‌ی تاکوته‌رای تیرۆریسته‌کان هێشتا هه‌ر چالاکن و جاربه‌جار کاری تێکده‌رانه ئه‌نجام ده‌ده‌ن.
ئێکسپلۆرا: ئایا کوردستان ده‌بێته ئامانجێک بۆ گه‌شتی ئه‌وروپییه‌کان؟
داڤید: ئه‌مه زۆر جێگه‌ی ئومێده، چونکه ناوچه‌که نه‌ک هه‌ر زۆر جوانه، به‌ڵکو له ڕووی پێکهاته‌ییشه‌وه مۆزائیکییه، له پێش ههموویشهوه میهره‌بانی خه‌ڵکه‌که‌ی وا ده‌کات ئه‌وه بهێنێت سه‌فه‌ری بۆ بکرێت. له ڕاستیدا کوردستانی عێراق ناوچه‌یه‌یه‌کی زۆر سه‌رنجڕاکێشه بۆ خه‌ڵکی باشوری عێراق و بگره وڵاتانی تری عه‌ره‌بی. چونکه هه‌وای پاکی شاخه‌کانی ئه‌وێ له هاویندا گه‌شتکه‌ران بۆ خۆی کێش ده‌کات. به‌ڵام بۆ خه‌ڵکی ئه‌وروپا بۆ جارێ زووه، ره‌نگه بۆ داهاتوویه‌کی نه‌زانراو، چونکه دۆخی ناسه‌قامگیری ئه‌منی له ئێستادا ئه‌و ئومێده فه‌راهه‌م ناکات.
ئێکسپلۆرا: ئومێدی چی ده‌که‌یت بۆ کوردستان؟
داڤید: له پێش هه‌موو شتێکدا ئومێد ده‌که‌م که خه‌ڵکی ئه‌و ناوچه‌یه پارێزراو بن له جه‌نگی تر، هه‌روه‌ها له چه‌وساندنه‌وه و ڕاوه‌دوونان، هه‌روه‌ها بتوانن له وڵاتێکی خۆیاندا بێ ترس و له ئاسایش‌دا بژین. گفتوگۆیه‌کم له‌گه‌ڵ کارمه‌ندێکی پێشوازیکردن له ئوتێلێکی دهۆکدا سه‌رسامی کردم، کاتێ پرسیارم لێکرد، چ داهاتوویه‌ک بۆ خۆت له‌عێراقدا ده‌بینی؟ گوتی: باپیرم له جه‌نگدا ژیا، باوکم له جه‌نگدا ژیا، خۆشم له جه‌نگدا ژیام، ده‌بێت مناڵی من لێره چی لێره ببینن؟
ئێکسپلۆرا: چی هانت ده‌دا سه‌فه‌ر بۆ ئه‌و جێگانه بکه‌یت و هاوکارییان بکه‌یت؟
داڤید: له سه‌فه‌ر و گه‌شته‌کانمدا به جیهاندا زۆر هاوکاریی و میواننوازیم بینی. پێشتر سه‌فه‌ری سوریام کردبوو، کاتێکیش ساڵی ٢٠١٥ سه‌دان هه‌زار که‌س له‌وێ هه‌ڵاتن، بیرم له‌وه کرده‌وه که ئێستا ده‌بێت شتێک له‌و قه‌رزه‌یان بۆ بگێڕمه‌وه، له‌و جێیانه مرۆڤ ده‌توانێ به توانا و ماندووبوونێکی که‌م هاوکارییه‌کی زۆر بکات، که رێخکراوه خێرخوازییه‌کان ئه‌نجامیان نه‌داوه. مرۆڤ ده‌بێت له‌و دۆخانه‌دا نه‌وه‌ستێت و شتێک هه‌ر بکات.