ئا: رێژەن سەردار
ئەم رۆژانە زۆربەی شەقامو كۆڵانیو شوێنە گشتییەكانی سلێمانی پڕ بوون لەفڕەو فڕکان فڕکانی ماتۆڕ، هەندێجار ماتۆڕ سواران بەتیژیی لەسەر شەقامەکان تێدەپەڕنو نمایشی سەیروسەمەرە ئەنجام دەدەن، زۆرجاریش ریسك بەژیانی خۆیانو هاوڵاتیانیش دەكەن، تا دێ ژمارەی ماتۆڕسواران زیاتر دەبێت، تەنانەت هەندێجار كچانیش دەبینی ماتۆڕ لێدەخوڕنو ژنو منداڵیش لەگەڵ ماتۆڕ سوارێكدا یەسەر ماتۆڕەوەن، ئێستا لەکوردستان دەیان پەیج ریكلام بۆ كڕینو فرۆشتنی ماتۆڕ دەكەن، تەنانەت ماتۆڕسوارانی هەر شارو شارۆچكەیەك هەژمارێكی تایبەت بەخۆیان هەیە لەسۆشیال میدیادا، ئەوانەی كڕینو فرۆش بەماتۆڕەوە دەكەن هۆكاری پەرەسەندنی ئەم دیاردەیە دەگەڕێننەوە بۆ "گرانی بەنزینو زۆربونی دانیشتوانو فراوانبونی شارو كەم دەرامەتیی هاوڵاتیان".
رێژوان كوڕێكی هەژدە ساڵەو لەگەڵ باوكیدا كە دەستێ جلی كوردی لەبەردایەو لەناوەڕاستی تەمەنیدایە هاتون لەدوكانێكی ماتۆڕ فرۆشەكانی نزیك فولكەی مامە ریشە ماتۆڕێك بكڕن، رێژوان بەدڵخۆشییەوە لەماتۆِڕە ئێرانییەكەی بەردەمی رادەماو باوكیشی بەدڵساردیو پەستییەوە خەریكی مامەڵەكردن بو، سەرەنجام پاش ئەوەی لەسەر كڕینی ماتۆڕەكە بە600 هەزار دینار رێككەوتن، باوكی رێژوان بەنیگەرانییەوە بەڕۆژنامەی "بازرگانیو پیشەسازی" وت "سوێند بەخوا كە ئێستا ئەم ماتۆڕەی بۆ دەكڕم ئەڵێی دنیام بەسەردا روخاوە، زۆر ئەترسم توشی روداوو كێشەیەك بێت، پێشموتوە ئەگەر بۆ پێشبڕكێی بەکاریبهێنیت لەمەولا كوڕی من نیت".
بەڵام رێژوان كە تازە پێیناوەتە تەمەنی 18 ساڵییەوەو وا بڕیارە هەفتەی داهاتوو مۆڵەتی لێخۆڕینی ماتۆڕ وەربگرێت، جیاواز لەنەوەی باوكی لەماتۆڕسواریی دەڕوانێت، ئەو وتی "لەناو بازاڕ ئیش دەكەم، زۆرجار ئێواران فریای پاس ناكەوم، دەریناهێنێ هەموو ئێوارەیەك من بەتەكسی بێمەوە، بۆیە دەمەوێ بەیانیان پێی بچمو ئێوارانیش پێی بێمەوە بۆ ماڵەوە".
ئێستا سلێمانی پڕ بووە لەماتۆڕی دروستکراوی چینیو ئێرانی، بەتایبەتی ئەو جۆڕە ماتۆڕانەی كە نرخیان هەرزانە، هەربۆیە ئەو دوكانانەی ماتۆڕی دەستی دوو دەفرۆشنەوە رۆژ تیا ئێوارە جمەیان دێت، ئەمە لەكاتێكدایە كە زۆرێك لەوڵاتان هەوڵ دەدەن ماتۆڕی كارەبایی بەكاربهێنن بۆ رێگرتن لەپیسبوونی ژینگە، هاوكاتیش بەشێك لەو ماتۆڕانەش بێ تابلۆن لەبەرئەوەی وەك خاوەنەكانیان دەڵێن زۆرجار نرخی وەرگرتنی تابلۆكانیان لەبەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆ لەنرخی ماتۆڕەكەیان زیاترە.
حاجی سەركەوت، كە 39 ساڵە كاری ماتۆڕفرۆشی دەكاتو دوكانی فرۆشتنی كەرەسەی ماتۆڕو چاككردنی ماتۆڕی هەیە، ئاماژە بەوە دەكات خەڵكێكی زۆر كڕینو فرۆش بەماتۆڕی دەستی دوەوە دەكەن، زۆربەشیان بەبێ گرێبەستو ئاگاداری لایەنی بەرپرسەو وەرگرتنی تابلۆشی بۆ ناكەن، ئەو وتی "ئێستا بەهۆی زۆر بونی ژمارەی بەکارهێنەرانی ماتۆڕەوە سەر شەقامو كۆڵانەكان پاشاگەردانیان پێوە دیارە، ئەمەش وا لەحكومەتی هەرێم دەخوازێ كە كڕینو فرۆشتنی ماتۆڕ بەیاسا رێكبخاتەوەو چاودێریی هەموو ماتۆڕێك بكات بۆ ئەوەی بێ سەنەویو رەقەمو تابلۆ نەبنو لەکاتی سەرپێچیو پێویستدا بتوانرێت لێپێچینەوەیان لەگەڵ بکرێ".
وتیشی "لەساڵی 1979ەوە خەریكی ئیشی ماتۆڕم، ئەوەندەی سەرنجم داوە ساڵ بەساڵ ئەم بازرگانییە گەورەتر دەبێت، لەبەرئەوەی تا دێ ژمارەی دانیشتوان زیاترو شاریش گەورەترو بەنزینیش گرانتر دەبێ".
حاجی سەركەوت جەختیش لەوە دەكات كە زۆربەی هەرە زۆری ئەوانەی ماتۆڕ بەكاردەهێنن كۆمەڵێك گەنجی بێ كێشەن كە بۆ هاتوچۆی رۆژانەی خۆیان بەكاریدەهێنن، بەڵام بەشێكی كەم مێردمنداڵیش هەن كە نابەرپرسانە ماتۆڕ لێدەخوڕنو وا لەماتۆڕەكانیان دەنگێكی ناخۆشی لێوە بێتو زۆرجاریش بۆ پێشبڕكێو كات بەسەر بردن بەكاریدەهێنن، كە دەبێتە هۆی رودانی هاتوچۆی نەخوازراو یان مایەی بێزاریی هاوڵاتیان.
لەم ساڵانەی دواییدا جگە لەوەی ماتۆڕ بۆ كاری دیلیڤەری بەكارهێنراوە، بۆ هاتوچۆی تایبەتیش لەلایەن هاوڵاتیانەوە سوودی لێوەرگیراوەو تەنانەت ژمارەیەك لەهونەرمەندانی میللیش ستایشی كاری ماتۆڕسوارییان كردوەو بەكاریشیانهێناوە، كە ئەمەش هۆكارێك بوە بۆ هاندانی گەنجان تا ماتۆڕ بەكاربهێننو ببێتە دیاردەیەکی باو.
ئیسماعیل نوری، كە خاوەنی دوكانی ماتۆڕفرۆشییە ئاماژە بەوە دەكات هەر كەسێك بێت بۆ كڕینی ماتۆڕ تەمەنی لە18 ساڵ بەرەو ژوور نەبێ ماتۆڕی پێنافرۆشێت، ئەو وتی "ماتۆر نرخی هەرزانە وایلێهاتووە منداڵیش پێیەتی، كە زۆرجار دەبنە مایەی روداوی هاتوچۆو بێزاركردنی خەڵكی لەڕێگەی دەستكاری كردنی ماتۆڕەكانیان كەوا بكات دەنگێكی ناخۆشو رەقی لێوە بێت".
وتیشی "ماتۆڕ بەپێی ماركەو خەسڵەتیان نرخیان جیاوازە، ماتۆڕ هەیە لە200 دۆلارەوە تا 30000 دۆلار كە زیاتر لەبەغدا ئەم ماتۆڕە گرانبەهایانە هەن، لای ئێمە زیاتر ئەو ماتۆڕانە دەفرۆشرێ كە نرخیان 200 هەزار دینار تا 600 هەزار دینارە".
ئیسماعیل هۆكاری بەكارهێنانی ماتۆڕیش بەم رێژە زۆرە دەگەڕێنێتەوە بۆ گرانی نرخی بەنزین، ئەو وتی "رۆژ بەرۆژ بەنزین گرانتر دەبێ، نرخی ماتۆڕ هەرزانەو ئۆتۆمبێلیش بەهەمو كەسێ ناكڕێو مەسرەفیشی زۆرە".
كاتێكیش كە لێیدەپرسی بۆ دەربازبون لەم ژاوەژاوو پاشاگەردانییەی كە ماتۆڕ لەشەقامو شوێنە گشتییەكانی شاردا دروستیان كردووە، ئایا پێشنیاری ئەوە ناكات وەك زۆرێك لەوڵاتان لەسەر شەقامەكاندا رێگەی تایبەت بەماتۆڕ هەبێو لەرێگەی ئوتومبێل جیا بكرێتەوە، ئیسماعیل بەپێكەنینەوە دەڵێت "جا بۆ رێگەی ئوتومبێل هەیە لەم وڵاتەدا تا رێگەی تایبەت بەماتۆڕ هەبێت؟".