ئا: ئاوێنە
ماتۆڕسوارێك كە كارمەندی فەرمانگەیەكەو لەناوەڕاستی تەمەندایە دەڵێت "هەفتەی بڕی 3 هەزار دینار بەنزین دەكەمە ماتۆڕەكەمەوەو هاتوچۆی دەوامی فەرمانگەكەمو ئیشی رۆژانەی ماڵەوەشی پێدەكەم".
خەریکە لەکوردستاندا ئەو نەریتە دروست دەبێ کە بەكارهێنانی ماتۆڕ تەنها بۆ كات بەسەر بردن یان كاری دیلیڤەری نەبێ، بەڵكو ئێستا ماتۆڕ لەلایەن بەشێكی بەرچاو لەهاوڵاتیانەوە وەك ئامڕازێكی هاتوچۆی هەرزان بەها بۆ ئیشۆكاری رۆژانەیان زیاتر پشتی پێدەبەسترێتو بەكاردەهێنرێت، ئەحمەد كە كارمەندی یەكێك لەفەرمانگەكانی شاری سلێمانییەو تەمەنی 45 ساڵە، باس لەوە دەكات ماتۆڕێكی ژاپۆنی لەبالە كڕیوە بە 400 هەزار دینارو لەسایەیدا حەساوەتەوە، ئەو وتی "پێویستییەكانی ژیان وایكردوە كە ماتۆر بەكاربهێنم، من حەوت ساڵە ماتۆڕ بەكاردەهێنم بۆ گەیشتن بەفەرمانگەكەم كە كارمەندم، لەبەرئەوەی نەتوانای كڕینی ئوتومبێلم هەیەو نەتوانای كرێدانی تەكسیشم هەیە رۆژانە، هاوكات ئەم ماتۆڕە بۆ دەوامو بۆ ئیشی رۆژانەی ماڵەوەش بەكاریدەهێنم".
وتیشی "هەفتەی بایی تەنها سێ هەزارو نیو بەنزینی تێئەكەم، بەشی هاتوچۆی هەشت رۆژم دەكات، ماتۆڕەكەشم ژاپۆنییە نەدەنگی رەقی هەیەو نەبۆ پێشبڕكێش بەكاردەهێنرێت".
ئەحمەد باس لەوەش دەكات كە بەردەوام خواست لەسەر ماتۆڕ لەزیادبونایەو بووەتە ئامڕازێكی هاتوچۆی باو كە هەواداری زۆرە بەهۆی هەرزانیو ئاسانی بەكارهێنانییەوە، ئەو وتی "ماتۆڕ وەك ئوتومبێل نییە بەهۆی قەرەباڵغی رێگەو بانەوە شوفێر پەكی بكەوێ، بەڵكو هەمیشە دەرفەتی جێكردنەوەو رۆشتنی بۆ دەڕەخسێو ئەمەش وادەكات ماتۆڕسواران زیاتر كاتیان بۆ بگەڕێتەوە لەهاتوچۆ كردندا".