محەمەد گوێرسس و دێڤید ڕۆمانۆ*
لە ئیگلیزییەوە: محەمەد حەمەساڵح تۆفیق
کورد لە سەدەیەکی نوێدا: ئاسۆکان و تەحەداکان
سەدەی بیستەم دروستبوونی تورکیا، ئێران، عێراق و سووریای نوێی بەخۆوە بینی کە بە بێمەبەست ئەنجامی دابەشبوونی کوردی لێکەوتەوە، کەوا چوارەم گرووپی ئیتنیکیی گەورەن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و بوون بە کەمینە لەم دەوڵەتە تازە دروستبووانەدا. حکوومەتە ناوەندییەکانی کە دەستەبژێرەکانی تورک و فارس و عەرەب تێیدا زاڵ بوون وایان دادەنا کە کورد کۆسپ بن لە بەردەم ئاوێتەبوون و ناسنامەی تاک نەتەوەییدا و پەنایان بردە بەر کار و ڕەفتاری جیاکاری و تواندنەوەی سەخت ملکەچ کردنی کورد و تەحەدا کردنیان. لەکاتێكدا کە کورد ئەو سیاسەتە سەرکوتکارانەیان ڕەتکردەوە کە بەئامانجی لەناوبردنی شوناسی کوردی پەیڕەوییان دەکرد و لەدژی وەستانەوە و دەستیاندایە چەندین ڕاپەڕینی چەکداری دژ بە حکوومەتەکانیان بەدرێژایی سەدەی بیستەم و هەوڵ و خەباتیان بۆ دەستەبەر کردنی دۆخێکی باشتر لەگەڵ نەتەوە سەردەستەکاندا بەردەوام شکستی دەهێنا (جوەیدە، ٢٠٠٦؛ لۆوی، ٢٠١٠؛ ماکدوواڵ، ٢٠٠٤؛ ئۆڵسن، ١٩٨٩ ئە، ١٩٨٩ بێ، رۆمنۆ، ٢٠٠٦؛ وەلی، ٢٠١٤). ئەم مێژووە خوێناوی و پڕ لە شکستەی سەدەی ڕابوردوو بۆ ئەو دەربڕینە بەرفراوانەی کەوا "کوردەکان لە شاخ بەولاوە هیچ دۆستێکیان نیە" وەک ئاماژەیەک بۆ ناپاکییەکان و شکاندنی بەڵێنەکان.
ئەوجا لەبەرئەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گۆڕانکاریی زۆر گەورەدا تێپەڕیوە و گەلێکیان ئاماژەیان دەکرد بۆ هەڵوەشانەوەی ڕێککەوتننامەی سایکس - پیکۆ کە سەریکێشاوەتەوە بۆ دەوڵەتە نوێکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە بناغەیەکی لەرزۆکەوە لەپێش سەدەیەکەوە. عێراق و سووریا دوو وڵاتی لەو چەشنەن و هەردوک زێدی کەمینەی گەورەی کوردن. ئەم وڵاتانە بەپێی بنەماگەلێکی هێڵە ئیتنیکی و تائیفییەکان و بە شێوەیەکی جیددی لەلایەن بکەری نادەوڵەتییەوە تەحەدا دەکرێن. لەوەش گرنگتر، "لە ناوجەرگەی گۆڕانکارییە کوتوپڕ و دراماتیکییەکانەوە، ئەو کوردانەی کە ڕۆژگارێک پەراوێزخراو بوون لە ڕابوردوودا بوون بە لایەنی پەیوەندیدار چونکە بەرژەوەندییان واکەوتەوە کە هاوشانی هێزە ڕۆژئاواییەکان بڕوات (ستانسفیڵد و شەریف، ٢٠١٨: xviii). لەگەڵ ئەم گۆڕانکارییە سەرەکییانەدا، چوونە ناو سەدەی بیست و یەکەوە کوردی بردە پێشی پێشەوەی سیاسەتی هەرێمی و جیهانییەوە و مژدەی هەستێکی ڕوو لە هەڵکشانی گەشبینیی پێدان، ئەو هەستەی کە دەکرا وەک "بازدانێکی جۆری" وێنا بکرێت بۆ کوردەکان (بەنگیۆ، ٢٠١٧: ٨٤).
لەکاتێکدا کەوا گۆڕانکارییە دراماتیکییەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕوودەدەن هەل و دەرفەتی گرنگ بۆ خەباتی سەد ساڵەی کورد لەپێناوی دانپیانانیدا، پێدەچێت کۆسپی جیددی سەرهەڵبداتەوە هەر کاتێک و لە هەر شوێنێک کوردەکان پێشکەوتنێک بەدەستبێنن. جوگرافیای گەورە و بەرفراوانی کورد، کە لە ڕۆژئاوای ئێرانەوە درێژ دەبێتەوە بۆ نزیکی رۆژهەڵاتی دەریای سپیی ناوەڕاست و سەدەیەک لە سەرکوت کردن و نکووڵی کردن گرووپی جۆراوجۆری ڕکەبەری یەکتری هێنایە پێشەوە لەگەڵ ناوبەناو ڕا و بۆچوون و ئامانجی دژ بەیەکدا. ئێمە لەم باسەدا لەو تەحەدا و دەرفەتانە دەکۆڵینەوە کە سەدەی بیست و یەک هێناونیە پێشەوە و دەیەوێت تیشک بخاتە سەر دینامیکە ناوخۆیی و هەرێمی و جیهانییەکان لە هەڵسەنگاندنی ئاسۆی خواست و تمووحی کورد بۆ دانپیانان لە سەدەی نوێدا.
هەڵبەت کوردەکانی یەکەم کەس بوون کە بەری ئەم گۆڕانکارییەیان چنییەوە. هاوبەشیی کورد و ئەمریکا لە کاتی جەنگی کەنداوی یەکەمدا و دوای ئەوەش لە ساڵانی ١٩٩٠کاندا یارمەتیی دروستبوونی ئۆتۆنۆمییەکی دیفاکتۆی کوردیی دا لە باکووری عێراقدا و لە ڕێگەی پرۆسەی "ناوچەی دژەفڕینەوە" دەپارێزرا. لەگەڵ داگیرکردنی ئەمریکا بۆ عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣دا، ئەم دۆخە چەسپی و کورد دانپیانانی فەرمیی بەدەستهێنا لە دەستووری ساڵی ٢٠٠٥ی عێراقدا. وەک لە خوارەوە بە وردەکارییەکی زیاتر باسی دەکەین، حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە عێراقدا بەرەوڕووی هەندێ تەحەدای جیددیی ناوخۆیی و هەرێمی دەبێتەوە بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا توانی وەک قەوارەیەکی سیاسی دەربکەوێت لەگەڵ چەردەیەک دانپیانانی نێودەوڵەتی.
هەڵگیرسانی جەنگی ناوخۆی سووریا لە ساڵی ٢٠١١دا بارودۆخێکی هاوشێوەی بۆ ئەو گرووپە کوردییە تا ئێستا نەناسراوانەی دروستکردووە لە سووریادا. پارتی یەکێتیی دیموکراتی کوردستان (پەیەدە PYD) و باڵە چەکدارەکانی، یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە YPG) و یەکینەکانی پاراستنی گەل (پەپەژە YPJ) وەک هاوبەشی زۆر کاریگەر لەسەر زەوی دەرکەوتوون لە شەڕکردنیان دژ بە دەوڵەتی ئیسلامی (داعش). ئەم هاوبەشییە سەربازییە لەگەڵ سەرکردایەتیی پەرەیسەند بەرەو دروستبوونی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بە سەرکردایەتیی پەیەدە کە تادێت بەبێ ئەوەی دەسبەرداری بیت بووە بە هاوپەیمانی درێژخایەن لە دانانی کۆتاییەک بۆ شەڕی ناوخۆی بەردەوامی سووریا کە لەلایەن گرووپە کوردییەکان و ئیسلامییەکان و ئێران بەڕێوەدەچێت. لەگەڵ تەحەداکاندا ئیدارەی کوردی لە ناوچەیەکدایە کە ناسەقامگیری و جەنگ باڵیان بەسەردا کێشاوە و بە شێوەیەکی ڕوو لەزیاد بووەتە بەشێک لە ستراتیجی گشتیی ئەمریکا بۆ بەرەوڕووبوونەوەی ئێران و شکستپێهێنانی یاخیبوونی ئیسلامی لە ناوچەکەدا. دیوەکەی تری سنوور لە تورکیا زێدی دانیشتووانێکی گەورەی کوردە لە جیهاندا، بەڵام کوردەکان لەوێ هەرگیز نەیانتوانیوە تەنانەت ماوەیەکی کورتی ئۆتۆنۆمیش دامەزرێنن (چەشنی کۆماری کوردستان لە ئێران لە ساڵانی ١٩٤٠کاندا) کە ئۆتۆنۆمییەکی دیفاکتۆی زۆر کەمخایەنتر بوو لەوەی کەوا (کوردەکانی عێراق لە ساڵی ١٩٩١وە بۆ ٢٠٠٣ و کوردە سوورییەکان لەدوای ساڵی ٢٠١٢وە) یان ئۆتۆنۆمییەکی دانپیانراو (وەک ئەوەی کوردەکانی عێراق لە دوای ساڵی ٢٠٠٣وە). لە تورکیا، شۆڕشی چەکداریی پارتی کرێکارانی کورد (پەکەکە) بەرپابوو و لە ساڵی ١٩٧٨وە هەڵگیرسا.
سەدەی بیست و یەک سەردەمێکی نوێی بەخۆوە بینی بۆ بزووتنەوەی کورد لە تورکیادا. بە دەسگیر کردنی عەبدوڵڵا ئۆجەلانی سەرکردەی پەکەکە، لە ساڵی ١٩٩٩دا، گرووپە چەکدارەکە یەکلایەنە ئاگربەسی ڕاگەیاند و یەکەکانی گەریلاکانی خۆی کشاندەوە بۆ بنکە و بارەگاکانیان لە چیاکانی قەندیل لە باکووری عێراق. هەروەها ئەزموونی وەرچەرخانێکی ڕاستەقینە و بەرفراوانی کرد. بە درێژایی دەیەی دوای ئەوە، ئەم وەرچەرخانە ستراتیجییە سەلماندی کە "گوتارێکی دیموکراتی گشتگیرە کەوا ئامانجە درێژخایەنەکانی بزووتنەوەکە و داواکارییە سیاسییەکانی کوردیان گۆڕیوە" (گوینەش، ٢٠١٢: ١٢٤). لەگەڵ تەرکیز کردن لەسەر ئەو چەمکانەی وەک "ئۆتۆنۆمیی دیموکراتی"، جووڵانەوەکە وازی لە ئامانجە بنەڕەتییەکەی خۆی هێنا کە پێکهێنانی دەوڵەتێکی کوردیی سەربەخۆی سۆشیالیستی بوو و کەوتە هەوڵدان بۆ چارەسەرێکی سیاسییانە لە چوارچێوەی تورکیادا و نەک جیابوونەوە لێی.
وەک گوێرسس (٢٠١٨) مشتومڕی لەسەر دەکات، گرووپە کوردە شۆڕشگێرەکە نەرمی و خۆگونجاندنی خۆی پێشاندا و گەلێ ڕیکخراوی ناتوندوتیژی لێکەوتەوە، لەنێویاندا کۆنگرەی کۆمەڵگەی دیموکراتی (Demokratik Toplum Kongresi، DTK) و پارتی دیموکراتی ناوچەکان (Demokratik Bölgeler Partisi ، DBP) و پارتی گەلانی دیموکراتی (Haklarin Demokratik Partisi، HDP). ئەمەی دواییان، HDP، کە ساڵی 2012 دروستبوو و بایەخ بە جۆراوجۆریی تورکیا و ڕابوردووی دەوڵەمەندی دەدا، وەک بلۆکێکی سیاسیی گەورە دەرکەوتووە.
لە هەڵبژاردی گشتیی 7ی حوزێرانی 2015دا، پارتی هەدەپەی لایەنداری کورد ١٣%ی تێکڕای دەنگەکانی هێنا و نەک هەر تەنها بەربەستی هەڵبژاردنی تێپەڕاند کە کە لە سەدا دەیە بۆ ئەوەی بۆ یەکەمجار بچێتە پەرلەمانەوە، بەڵکوو زللەیەکیشی سرەواندە پارتی داد و گەشەپێدان (Adalet ve Kalkinma Partisi، AKP) بە نکووڵی کردن لەو زۆرینە پەرلەمانییەی کە پارتی داد و گەشەپیدان لە ساڵی ٢٠٠٢ەوە بەدەستیهێنابوو.
هەروەها ئەم هاوکات بوو لەگە گفتوگۆکانی حکوومەتی ئاکپارتی لەگەڵ ئۆجەلانی سەرکردەی زیندانیکراوی پەکەکە بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ و ململانێکان. ئەم پرۆسەیە کە ناوی "پرۆسەی ئاشتیی" لێنرا، لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٣وە دەستیپێکرد و خاسییەتی ئاگربەسێکی لەخۆگرت کە تاڕادەیەکی باش هەردوک پەکەکە و دەوڵەت پێوەی پابەند بوون. بەهەرحاڵ، ئەو ئومیدانەی کە هەڵچنرابوون لەسەر دۆزینەوەی چارەسەرێکی ئاشتییانە بۆ شەڕ و دوژمنکاری لەگەڵ کۆتاییهاتنی ئاگربەسەکە لە تەمووزی ٢٠١٥دا نەما و با بردی. ئەمە وەک هەکیەمز (٢٠١٧: ١) کورتی دەکاتەوە، سەریکێشایەوە بۆ "هێرشێکی سەربازیی بێوێنە" دژ بە میلیشیاکانی سەر بە پەکەکە لە چەندین شاری سەرەکی لە ڕۆژهەڵاتی کوردیدا و یەکیک لە دڕندەترین قۆناخەکانی شەڕ و ململانێکانی لێکەوتەوە کە بۆ ماوەی سێ دەیە بەردەوان بوو.
سەرباری ئەم پەلامارە بێوێنەیە بۆ سەر جووڵانەوەی کورد، لەنێویشیاندا لەسەر کار لابردنی نزیکەی گشت سەرۆک شارەونییەکانی کورد لەلایەن حکوومەتی تورکیاوە و گرتنی هەزاران ئەندامی هەدەپە بێجگە لە هاوسەرۆکەکان (گوینەش، ٢٠١٩: ٥٥)، کەچی هەدەپە هێشتا هەر گەمەکەری سیاسیی سەرەکییە و وادیارە پاڵپشتییەکی بەرچاو دەکرێت لەلایەن کوردەوە. سەرەڕای نادادی و تەنانەت ژینگەیەکی سیاسیی سەرکوتکەرانەش، لە هەڵبژاردنی ناوخۆیی ٣١ی مارتی ٢٠١٩دا، هەدەپە توانی جارێکیتر نزیکەی هەموو شارەوانییەکان بباتەوە کە حکوومەت لێی زەوتکردبوون. بێجگە لەوە ئەم حیزبە بڕیاریدا بەربژێری خۆی نەپاڵێوێت لە شارە سەرەکییەکانی تورکیادا وەک ئەستەمبووڵ، ئەنقەرە، ئەدەنە و ئەنتاڵیا و ڕێگە بدات بە لایەنگرانی کە دەنگ بدەن بە بەرەی ئۆپۆزسیۆن بە سەرۆکایەتیی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە). ئەم هەنگاوە سەلماندی کە زیانی بە حیزبی ئەکەپەی حوکمڕان گەیاندووە و بوو بە هۆی ئەوەی کەوا لە ئەنقەرە و ئەستەمبووڵ بیدۆڕێنێت لەپاش بیست و پێنج ساڵی حوکمی سەرومڕ لەم دوو شارەدا. لەڕاستیدا، هەدەپە وەک سەرچاوەیەکی زەقی بەرهەڵستکار دەرکەوت بۆ حوکمی ئیسلامییانە و دەسەڵاتخوازانەی ئەکەپە.
لەگەڵ ئەم دەسکەوتە گەورە و بەرچاوانەدا بۆ کورد لە عێراق و سووریا و توکیادا، بەم ڕیزبەندییە، وەرچەرخانی سەدە هیچ گۆڕانکارییەکی مانابەخشی پێ نەبوو بۆ کورد لە ئێراندا. ئەمەش "پارادۆکسێکە" چونکە کۆمارە کوردییە تەمەن کورتەکەی ساڵی ١٩٤٦ لە ئێرانی ئێستادا "یەکەم حیزبی سیاسیی مۆدێرن و سیمبۆڵە نەتەوەیی / نیشتمانییەکانی دا بە کورد وەک ئاڵا و سروودی نیشتمانی" (بینگیۆ، ٢٠١٩). ئەمەش بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ڕاستییەی کەوا وەرچەرخانی سەدە گۆڕانکاریی ڕیشەیی بەخۆوە بینی لە عێراق و سووریا و تورکیای دەراوسێدا و سەبارەت بە ئێرانیش هاوزەمان بوو لەگەڵ بەهێزکردن و چەسپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت لەپاش جەنگێکی درێژخایەنی وێرانکەر لەگەڵ عێراقدا.
یەک لەو پەرەسەندنە بەرچاوانەی ئێران لە سەدەی بیست و یەکدا پەیوەندیی بە سەرهەڵدانی ئەکتەرێکی نوێوە هەیە کە ئەویش پارتی ژیانی ئازادیی کوردستانە (پژاک)، ئەو حیزبەی کەوا مۆدێلی پەکەکەی تورکیای لەخۆگرتووە. بێجگە لەوە، ئاماژەی ئەوەش هەیە کەوا حیزب و گرووپە کۆنەکانی (وەک حیزبی دیموکراتی کوردستان (حەدەکا) و ڕێکخراوی زەحمەتکێشانی شۆڕشگێڕی کوردستانی ئێران "کۆمەڵە") کە دەیانەوێت ڕابەرایەتیی سیاسی و سەربازیی لەناو کوردەکانی ئێراندا بگرنەوە ئەستۆ (گوینەش، ٢٠١٩). وەک لە خوارەوە بەوردی باسی دەکەین، هێشتا دیمەنی کوردەکان لە ئێراندا هەر کەرت و پەرتە و وادیارە کوردەکان لە ئێراندا لە دوای براکانیانەوەن لە عێراق و سووریا و تورکیادا لە فشار کردنیاندا بۆ سەرلەنوێ داڕشتنەوە و پێناسە کردنەوەی پەیوەندییان لەگەڵ دەوڵەتدا.
هۆکارەکانی گەشبینیی کورد: بەنێودەوڵەتی کردنی مەسەلەی کورد
بزووتنەوە ئیتنیکی - نەتەوەییە جوداخوازەکان دوو ڕەهەندی ناوخۆیی و نێودەوڵەتییان هەیە. لەکاتێکدا "بەزۆری خاسییەتی جوداخوازی دەکرێ لە هەل و مەرجی سیاسەتی ناوخۆییەوە ڕاڤە بکرێت" (هۆرۆڤیتز، ١٩٨١: ١٦٧ - ١٦٨)، ئەوە سەرکەوتن یان ئەنجامیان تا ڕادەیەکی گەورە بەڵگەی هۆکارە دەرەکییەکانە وەک لاوازی یان ڕووخانی حکوومەتی ناوەندی یان دەستێوەردانی دەرەکی لەبریی گرووپە جوداخوازەکە. لەکاتێکدا کەوا ڕژێم یان سیستەمی نێودەوڵەتی و پرەنسیپی دەستوەرنەدان بەولایەدا دایدەشکێنێ کە بەر بە بەشداربوونی دەرەکی و پاڵپشتیی بێگانە بگرێت بۆ گرووپە چوداخوازەکان کە بەردەوام ڕوودەدەن و بەزۆری فاکتەرێکی بڕیاردەر دەبن بۆ سەرکەوتن یان شکستی جیابوونەوەکە (هێرکلیدس، ١٩٩٠؛ یۆنگ، ١٩٩٤).
یەکێک لەو ئەکتەرە ناحکوومییانەی ڕۆژهەڵاتی ناوینی کەرت و پەرت هێناوێتیە ئاراوە ئەوەیە کەوا کورد وەک تاقە کاریگەرترین و پڕ مشتومڕترین هێزێک بە ئایدیۆلۆجیایەکی سێکولارەوە دەرکەوتووە و هاوبەشییەکی بێ پێشینەی لێکەوتووەتەوە لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا. دەرەنجامیش، ئەوەی کە کۆسپ و تەگەرەی سەرەکی بوو لە بەردەمی خواستی کورددا بۆ دانپیانان - "ئەوەیە کەوا کێشەکەیان زۆر لەوە گەورەترە کە چارەسەر بکرێت، بەڵام هێندە گەورە نیە بۆ ئەوەی ببێتە مایەی نیگەرانییەکی سەرەکی بۆ کۆمەڵگەیەکی نێودەوڵەتی" ستانسفیڵد و شەریف، ٢٠١٨: ١٩) - کەوا کەوتووەتە بەر گۆڕانکاری لەگەڵ شکستی باری هەنووکەیی (الوضع الراهن status quo) یان لاوازبوونی سیستەمی دەوڵەت لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا.
لەم پێچەی مێژوودا، بوون و ئامادەگیی کراوەی ئەمریکی لە سووریا و عێراقدا و متمانە و پشتبەستنی تەواوی بە دەستە و تاقمە کوردەکان لەو دوو وڵاتەدا بۆ بەدیهێنانی ئامانجە ستراتیجییەکانی بەشێوەیەکی ڕیشەیی ئاسۆ و تێڕوانینی کوردەکانی گۆڕیوە. ڕێکس تیلەرسۆنی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە کانوونی دووەمی ٢٠١٨دا ڕایگەیاندووە کە "سووریا بە سەرچاوەی هەڕەشەی ستراتیجیی ترسناک دەمێنێتەوە" بۆ ڕەوایی پێدان بە نەخشە و پلانی ئەمریکی بۆ مانەوەیەکی درێژخایەن لە سووریادا. پێدەچێت ئەم پلانە سێ ڕەهەندی هەبێت. یەکەم، بە ئامانجی لەناوبردنی ئیسلامی ڕادیکاڵ، بەتایبەتی داعش و ئەلقاعیدە، لە ڕێگەی کار و ئۆپەراسیۆنی هاوبەشەوە لەگەڵ هاوپەیمانە کورد و عەرەبەکاندا (بۆ نموونە، هێزەکانی سووریای دیموکرات 'هەسەدە' ) لەپێناوی بەدیهێنانی سەقامگیری لەو بەشانەی وڵاتدا کە لە ژێر دەسەڵاتی هەسەدەدان. دووەم، لە ڕێگەی هاوپەیمانەکانیەوە لەسەر زەوی، ئەمریکا بەنیازی چارەسەرێکی سیاسیییە بۆ جەنگ لە سووریادا. سێهەم، تیلەرسۆن ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە "هەڕەشەی ستراتیجیی بەردەوام" تەنها ئەم ئامانجە ڕێژەییە دیاریکراوانەی نەگرتووەتەوە لە شەڕکردنی تێرۆریزمی ئیسلامی و بەدیهێنانی سەقامگیری لە سووریادا. بە هۆکاری هەڵکشانی کاریگەریی ئێران لە عێراق و سووریادا، ئەمریکا وایدەبینێت کە هاوپەیمانییەکی توندوتۆڵ لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکراتدا کە کورد سەرەوکاریی دەکات کلیلێک بێت بۆ کۆنترۆڵ کردنی کاریگەری و دەسەڵاتی ئێرانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا (کراوفۆرد، ٢٠١٨). لە ئابی ٢٠١٨دا، دیپلۆماتێکی گەورەی ئەمریکی ئارەزووی مانەوەی لە سووریادا دووپات کردەوە بۆ مسۆگەر کردنی "شکستی هەمیشەیی داعش و کشانەوەی هێزە ئێرانییەکان و بریکارەکانیان" (ڕۆژنامەی جۆردەن تایمز، ٢٠١٨). ڕەنگە هەمان لۆجیکیش ڕاست بێت بۆ پەیوەندیی ئەمریکا لەگەڵ گرووپە کوردە عێراقییەکاندا کە بەزۆری ئەمریکییەکان پشتی پێدەبەستن بۆ کەمکردنەوەی کاریگەری و دەسەڵاتی ئێرانییەکان لە عێراقدا، بۆ یارمەتیی شەڕکردنی داعش لە عێراقدا و یارمەتیدانی کاریگەری سیاسەت لە بەغدادا.
داعش دەیسەلمێنێت کە توانای خۆڕاگری و خۆگونجاندنی هەیە. سەرەڕای زەرەر و زیانی لە ساڵانی ڕابوردوودا. هەندێ ڕاپۆرت ئیشارەت بەوە دەدەن کە ئەم تاقمە "هێشتا ئەوەندە جەنگاوەریان هەیە کە لە ترۆپکی ئەوپەڕی هێزیاندا هەیانبوو و 'لە دۆخێکی باشدان' بۆ گەڕانەوە (ویلیەمز، ٢٠١٨). خۆڕاگریی داعش و گرووپە جیهادییەکانی تر و بڵاوبوونەوەی دەسەڵات و کاریگەریی ئێران، کە هەردوکیان بە سەرچاوەی "هەڕەشەی ستراتیجیی مەترسیدار" دادەنرێن، دەکرێ بەشداری لە پێویستیی ڕوو لە زیادی پەرەسەندنی پەیوەندییەکی گشتگیرتر بکەن لەگەڵ دەستە و تاقمە کوردەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
پێویستە فاکتەرێکی بەهێزی تر بخەینە سەر ئەم گۆڕانکاییە بنیاتییانە کە دەگونجێت ڕێخۆشکەر بن بۆ دانپیانانی زیاتر بە کورد. ئەمە کۆتایی گێڕانەوەی دژە کوردە. لێهاتوویی لە شەڕدا و ئامادەیی و دوا سەرکەوتنی کورد دژ بە داعش، لەپاڵ ئایدیاڵی پێشکەوتوویان، بایەخێکی میدیایی نێودەوڵەتیی بەرچاویان بۆ دەستەبەر کردووە (تۆیڤانێن و بەسیر، ٢٠١٦). هەروەها ستانسفیڵد (٢٠١٨) تێبینی ئەوە دەکات کەوا بێجگە لە سەرکەوتنیان لە ئیدارەدانی ناوچەکانیاندا لە ژینگەیەکی بێسەروبەری جەنگی ناوخۆی سووریادا، لەڕووی سەربازییەوە وادیارە کوردەکان وەرچەرخاون بەرەو هاوشێوەی ئەسپارتییەکان لە "ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. هێزە کوردییەکان، بە چەک و تفاقی سنووردارەوە، بەڵام بە دیسپلینێکی زۆر و باوەڕی ڕەهاوە کۆڵنەدەرانە شەڕیان کرد و دواجار لە بەرگری کردن لە کۆبانێ سەرکەوتن و مێژوو وای تێدەڕوانێت کەوا ساتەوەختێکی هەڵکشانی دژ بە داعشە و تا ئەو کاتە وا دەهاتە بەرچاو کە لەڕاستیدا هیچ شتێک نایوەستێنێت". یەکینەکانی ژنی کورد (یەپەژە YPJ)، کە لەپێشەوە باسکرا شوبهێنراون بە ژنە چەکدارەکانی Mujeres Libres (واتە ژنانی ئازاد) لە ماوەی شەڕی ناوخۆی ئیسپانیدا لە کۆتایی ساڵانی ١٩٣٠کاندا (گرەیبەر، ٢٠١٤). ئەم کوالیتییانە پاڵیان بە چاودێرێکەوە ناوە کە وەسفی کوردەکانی سووریا بکات وەک "ئەو هێزە سوورییەی کە دید و تێروانینێکی زۆرترین دیموکراتی و فرەیی و فێمینیستیی هەیە" (تاکس، ٢٠١٦).
ئەو وێناکردنەی کوردەکان وەک "تێرۆریست"، "هەڕەشە" یان "سەرچاوەی بێزارکردن" بۆ ئارامیی ناوچەکە لەلایەن حکوومەتەکانی ئەنقەرە و تاران و بەغدا و دیمەشقەوە چیتر بەربای گوێیەکی هاوسۆز ناکەوێت لە ڕۆژاوادا. مانیکیانیزمی سەردەمی جەنگی سارد، کە تاڕادەیەک پشتیوانییەکی بێ چەندوچوونی دەوڵەتی تورکیای لێکەوتەوە لە سەرکوت کردن یان بێدەنگ کردنی یاخیبوونە کوردییەکاندا لەوێ، تا ئاستێکی گەورە داخورا. بەپێچەوانەوە، ئەو وێنە گشتییە ئەرێنییەی کە تورکیا هەیبوو لە سایەی دەستەبژێری سێکولاری سەر بە ڕۆژئاوادا تا ئاستێکی گەورە تەڵخ بوو.
لەکاتێکدا کەوا کاردانەوەی ڕەسمیی ئەمریکی و ئەوروپی لەبەرانبەر هێرشی سەربازیی تورکیا دژ بە یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە YPG)ی کوردی لە ناوچەی چەپەکی عەفرینی باکووری ڕۆژئاوای سووریا لای ئەمانەوە بایەخێکی زۆری پێدەدرا و بەشێوەیەکی بنەڕەتی هانی تورکیایان دەدا کە ئۆپەراسیۆنەکەی سنووردار بکات و دان بەخۆیدا بگرێت لەهەمان کاتیشدا زۆربەی هۆکارەکانی ڕاگەیاندنی ڕۆژئاوا ڕەخنەیان لە تورکیا دەگرت و هێرشیان دەکردە سەری. بۆردی دەرکردنی ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، لە شیکردنەوەیدا بۆ هێرشە سەربازییەکەی تورکیا بۆ سەر عەفرین تورکیای بە "هێزی داگیرکەر" وەسف کردووە کەوا ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی کردووەتە ئامانج، کە کوردەکانی سووریان (ڕا و بۆچوونی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، ٢٠١٨). لیفتنانت کۆڵۆنێڵێکی خانەنشینی سوپای ئەمریکی (موقەدەم) لە پێشنیازێکیدا تا ئەو ڕادەیە ڕۆیشت کە دەبێت تورکیا لە ناتۆ دەربکرێت١. چالاکوانێکی مافی مرۆڤ ڕایگەیاندووە کەوا ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی تورکیا لە عەفریندا هەڕەشەیە بۆ سەر ئەو فرەییترین و دیموکراتیترین هێزە لە سووریادا (تاکس، ٢٠١٨). شیکارێکی تر هۆشداری داوە لە نیاز و مەبەستی تورکیا بۆ "پاکتاوی ڕەگەزی" لە عەفریندا، لەپاڵ مەبەستی ئاشکرایدا بۆ شەڕکردنی تێرۆریزم (ڕوبین، ٢٠١٨). هەروەها شیکارێکی تر وا وەسفی قەوارە کوردییەکەی باکووری سووریا دەکات، کە بە فەرمی فیدراسیۆنی دیموکراتی باکووری سووریایە، وەک "پێشکەوتووترین دیموکراسی" و هانی ئەمریکا دەدات کە ڕێگە نەدات تورکیا بیخنکێنێت (گوپتا، ٢٠١٨).
هەرچۆنێک بێت ئەو "هێزە نەرمەی" کە تورکیا هەیەتی کاتێ کە بێ چەندوچوون نوێنەرایەتیی وڵاتێکی ئیسلامیی تەواو سێکولار و دیموکراتی دەکات لە ژێر سایەی دەستەبژێرە کەمالییەکاندا هەروا بەفیڕۆ دەچێت بەو پێیەی کە وڵات تادێت زیاتر باوەش بە سیاسەتی ئیسلامی و تاکڕەویدا دەکات. هێزی نەرم بریتییە لە توانای ئەکتەر یان بکەر بۆ "کاریگەری دانان لەسەر ئەوانیتر لە ڕێگەی ڕاکێشان و قەناعەت پێکردنەوە نەک لە ڕێگەی زەبروزەنگ و ناچارکردنەوە” (نای، ٢٠١٨). هێزی نەرم لە هەر وڵاتێکدا بەشێوەیەکی سەرەکی پشت بە سێ سەرچاوە دەبەستێ کە بریتین لە کولتوورەکەی و بەها سیاسییەکانی و سیاسەتە دەرەکییەکەی (نای، ٢٠٠٤: ١١). ئەوجا لەبەرئەوەی تورکیا لە سایەی حوکمی ئەردۆغاندا تادێت زیاتر خۆی دوور دەخاتەوە لە بلۆکی ڕۆژئاوا و لە بەها و پرەنسیپە دیموکراتییەکان دووردەکەوێتەوە و وەک پارێزەر و پاڵپشت بۆ گرووپە ئیسلامییەکان ڕەفتار دەکات (یایلا و کڵارک، ٢٠١٨) و بەرژەوەندیی جۆراوجۆری لەگەڵ ڕۆژاوا لە سووریا و دەرەوەیدا، کەواتە بەپێچەوانەوە ئەگەری ئەوە نیە هەمان ئەو یارمەتی و پشتیوانییە بکرێت کە پێشتر دەکرا لە سەردەمی جەنگی سارددا. وەک نای (٢٠١٨) ئاماژەی بۆ دەکات، هێز تەنها پشت نابەستێ بەوەی کە "سوپاکەی دەیباتەوە، بەڵکوو بەندە بەوەشەوە کە چیرۆکەکەی دەیباتەوە". بەو پێیە، جەنگی تورکیا دژ بە داواکانی کورد بۆ یەکسانی و دانپیانان تادێت زیاتر تەموژ دەبێت لەڕووی مۆراڵەوە و ئەگەر بە دەربڕینێکی تر بیڵێین واتە تورکیا "چیرۆکەکەی لەدەستدەدا" لەدژی کورد. ئیمانۆیڵ ماکرۆنی سەرۆکی فەرەنسا وا باس لە ئەردۆغانی سەرۆکی تورکیای هاوشێوەکەی خۆی دەکات کە "دژە ئەوروپایە" و بەها و پرەنسیپەکانی لەگەڵ یەکێتیی ئەوروپادا یەکناگرنەوە. هەروەها لەسەری دەڕوات و دەڵێت کەوا تورکیای ئەردۆغان "تورکیاکەی سەرۆک کەمال نیە"، وەک ئاماژەیەک بۆ باوکی دامەزرێنەری کۆمارە سێکولارەکە (ماکگینێس، ٢٠١٨). لەکاتێکدا کەوا یەکێک لە چاودێران سەرنج ڕادەکێشێت بۆ مەودای کاریگەریی گرووپە کوردییەکان دژ بە ڕادیکاڵە ئیسلامییەکان و تا ئاستێکی دوورتریش دەڕوات و بەئاشکرا دەڵێت کەوا پەکەکە و گرووپ و حیزبە دەستەخوشکەکانی وەک "بریکاری سەقامگیریی ئاشتیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بێت لە ئێستا و داهاتووشدا" (لێڤی، ٢٠١٤). لە ئەیلوولی ٢٠١٧دا، دادگایەک لە برۆکسل بەو شێوەیە باس لە شەڕ و ململانێی نێوان دەوڵەتی تورکیا و کوردەکان دەکات کە "شەڕ و ململانێیەکی چەکداریی ناوخۆییە" و بەو پێیە وای حوکم دەدەن کەوا گرووپی یاخیبووی پەکەکە دەبێ وەک لایەنێکی شەڕی ناوخۆ مامەڵە بکرێ، نەک وەک ڕێکخراوێکی تێرۆریستی (فڵاندەرز نیوز، ٢٠١٧). کەواتە بەرمەبنای ئەو دیبلۆماسییەت و پشتگیرییە سەربازی و هەواڵگرییەی بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ تورکیا لە ڕۆژاوا دەستەبەری کردووە لە شەڕکردنیدا دژ بە پەکەکە، ئەم پەرەسەندنانە شایستەی بایەخ پێدانن.
هۆکارەکانی ڕەشبینی: دابەشبوونەکانی کورد و ڕاستییە جیۆپۆڵیتیکییەکان
هەرچەندە گێڕانەوە "دژە کوردەکانی" سەدەی بیستەم وەک تێرۆریست و ئاژاوەگێڕ و دڕندە لە ماوەی دەیەی دواییدا ڕەویونەتەوە، بەڵام ناتۆرەی ئەجێندای "ئیتنۆ - نەتەوەیی" ئەوەی تووش نەبووە. کوردەکانی عێراق بەرەوڕووی گاڵتە پێکردن بوونەتەوە لەبەرئەوەی داوای دەوڵەتێکی کوردیی تایبەت بەخۆیان دەکەن لەجیاتیی ئەوەی کار بکەن بۆ چاککردنی "عێراقێک بۆ هەموو ڕۆڵەکانی". تەنانەت بزووتنەوە کوردییەکان لە تورکیا و سووریادا کەوا گوتاری "ئۆتۆنۆمیی دیموکراتییان" بەتوندی ناسیۆنالیزم دەداتە دواوە و بەتایبەتتر دەوڵەتیش، خۆیان لە دۆخێکدا دەبیننەوە کە تۆمەتبار کراون بە "جوداخوازی" و پەڕگریی ناسیۆنالیزم. پێدەچێت ڕەخنەگران لە کورد وایدابنێن کە دەوڵەتەکانی ئێستا هەن - کۆماری تورکیا، کۆماری عەرەبیی سووریا، کۆماری ئیسلامیی ئێران و عێراق - پێشتر و ئێستاش دەوڵەتانی "هەموو گەلەکانیان بن". لەڕاستیدا، ئەم دەوڵەتانە، تاڕادەیەک عێراقی هاوچەرخی لێبەدەر، کوردەکان و گرووپەکانی کەمینەی تریان دوورخستووەتەوە. ئەوان ئەمە بەدیاریکراوی و بە ناو دەکەن (چەشنی کۆماری عەرەبیی سووریا) و هەروەها بە سیمبۆڵ، قەدەغە خستنە سەر زمانی کوردی، گێڕانەوە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان و قۆرخ کردنی دەسەڵاتە سیاسی و ئابوورییەکان.
لەهەمان کاتدا، ئەوانەی بە لۆجیکی نەخێر و ڕەتکردنەوە ڕەفتار دەکەن پێدەچێت وایدابنێن کە دەوڵەتێک بۆ کوردستان دەوڵەتێک دەبێت تەنها بۆ بەرژەوەندی و سوودی کورد دێتەکایەوە - لەکاتێکدا تورکیا و کۆماری ئیسلامیی ئێران یان کۆماری عەرەبیی سووریا دەکرێ بۆ هەموو گرووپە ئیتنیکی و ئاینییەکانیان بێت. بەڵام لایەنگرانی دۆخی هەنووکەیی (الوضع الراهن) بە بارودۆخێکی قورس و نائاسایی نابینن کەوا کورد کەمینە بن لە ناو ئەم جۆرە دەوڵەتانەدا، کەچی بێنەوبەرە لەسەر ئەوە دەکەن کە عەرەب و تورکمان و کریستیانەکان تووشی کێشە و گرفتی نابەجێ دەبن وەک کەمینە لەناو دەوڵەتێکی کوردیدا. ئەم بەرپەرچدانەوانە هەر وەکوو خۆیان دەمێننەوە بە بەردەوام بەرپرس و کاربەدەستانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان جەخت لەسەر شوناسی کوردستانییەت بکەنەوە نەک شوناسی کوردی. ڕەخنەگران ئیددیعای ئەوە دەکەن کەوا کەمینەکانی تر (چەندە بچووکیش بن) لە ناو کوردستاندا ئەمانیش داوای جیابوونەوە و دەوڵەتی تایبەتی خۆیان دەکەن (ئەلئیسترابادی، ٢٠١٧) وەک ئەوەی بڵێن کەوا ئارەزووی کورد بۆ جیابوونەوە پەیوەندیی نیە بە دوورخستنەوە و مامەڵەی خراپەوە لەگەڵیان و هەروەها بە حوکم و دەسەڵاتدارێتیی شکستخواردووەوە لە تورکیا و عێراق و سووریا و ئێرانەوە.
ئەم چەشنە بەرهەڵستییە یەکدەگرێتەوە لەگەڵ ئەو پرەنسیپی لکاندن و خستنەسەرەی کەوا هێزە دەسەڵاتدارەکانی سیستەمی جیهانی وەک دۆخی هەنووکەیی پێیان پەسەندە. بەتایبەتیش ویلایەتە یەکگرتووەکان لەمێژە گۆڕانکاریی سنوورە هەرێمییەکانی لا پەسەند نیە لە سیستەمی جیهانیدا و هەروەها ئەو بزووتنەوانەش کە خەبات و تێکۆشان دەکەن لەو پێناوەدا (پاکوین، ٢٠١٠). کاتێ کە حاڵەتێکی لەم چەشنەی دۆخی هەنووکەیی دەبەسترێتەوە بە پرەنسیپی دەستوەرنەدان لە کاروباری سەروەریی دەوڵەتانەوە، ئەوە ئەنجامەکانی دەکرێ بەردەوام بن لە سەلماندنی کێشەی گەورە بۆ گرووپەکانی چەشنی کورد. لە دید و تێڕوانینی کوردەکانی عێراقەوە، بۆ نموونە، ڕێگەپێدانی ڕەهای ئەمریکا بە سیاسەتی "یەک عێراق" گرێدراوە بە شکستێکی ئەمریکییەوە بۆ پشتگیری کردنی حوکمی باش و ناسەنتراڵبوونی ڕاستەقینە و فێدراڵیزم لە چوارچێوەی عێراقدا (دەقی دەستوورێک لە ساڵی ٢٠٠٥دا کە ئەمریکییەکان ڕۆڵی یارمەتیدانی مامانیان تێدا گێڕاوە) بوو بە هۆکاری هەردوک سەرهەڵدانی داعش (ڕۆمانۆ، ٢٠١٤) و ڕیفراندۆمی کوردستان بۆ سەربەخۆیی.
کاتێ کوردەکانی عێراق لە ئەیلوولی ٢٠١٧دا ڕیفراندۆمەکەیان ئەنجامدا لەپێناوی سەربەخۆییدا، خۆیان بە بێ هیچ پاڵپشتێکی نێودەوڵەتی بینییەوە بێجگە لە هەندێ ڕاگەیاندنی پڕ لە قسە و دەربڕینی لووس و پاراو لەلایەن ئیسرائیلەوە. ئەمانیش بە وڵاتێکی داخراو و بە وشکایی چواردەور گیراو لە نێوان تورکیا و سووریا و ئێران و بەغدای عێراقدا، دەسبەجێ کەوتنە بەر هەڕەشەی ئابڵووقە و سزادانی دەراوسێکانیان. کاتێکیش بەغدا سوپای عێراق و میلیشیا شیعەکانی سەر بە ئێرانی بەرەو باکوور جووڵاند بۆ گێڕانەوەی کەرکووک و ناوچە کێشەلەسەرەکانی تر، ئەمریکییەکان بێلایەنیی خۆیان ڕاگەیاند و تەنها بوون بە تەماشاکەر و تەنانەت ئەو تانک و چەک و تفاقانەی ئەمریکا بۆ عێراقی دابینکردبوو لەدژی پێشمەرگە بەکارهێنرا. ترامپی سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند کەوا 'ئێمە' پشتی هیچ لایەک ناگرین، بەڵام ئێمە لەڕاستیدا حەزمان بە شەڕکردنی ئەوان نیە (ڕادیۆی ئەوروپای ئازاد، ٢٠١٧).
بەهەمان شێوە دابەشبوونی ناوخۆیی بەردەوام و مەترسیداری کورد کۆسپ و تەگەرە بۆ کورد خۆی دروست دەکات. لە نموونەی پێشتر باسکراوی ڕیفراندۆمی کوردی عێراق و لەدەستدانی ناوچە کێشە لەسەرەکان، ئەم دابەشبوونانە ڕۆڵێکی سەنتراڵی گێڕا. ئەوجا لەبەرئەوەی کەوا کەمپەینی ڕاپرسی (ڕیفراندۆم) لەلایەن مەسعوود بارزانییەوە بانگەشە و سەرۆکایەتیی کرا لەگەڵ حیزبەکەی کە پارتی دیموکراتی کوردستان (پ د ک) لە عێراق، بۆیە لە سەرەتاوە گەلێ لە حیزبە کوردییەکان بەرهەڵستییان کرد و کوردە ئاساییەکانی شاری سلێمانی، کە مەڵبەندی دژە (پ د ک)ە تەنها پشتگیرییەکی ساردوسڕیان لێکرد. هەرچەندە ڕیفراندۆمەکە بە زۆرینەیەکی ڕەها پشتگیریی لێکرا و تێپەڕی (زیاد لە ٩٣%) و بەگشتی ڕێژەکەی ٧٢% بوو بەڵام لە ناوچەکانی سلێمانی و هەڵەبجە ٥٠ و ٥٤ لە سەد بوو، لەگەڵ ڕێژەی نزیکەی ٨٠ لە سەدی دەنگەکان بۆ 'بەڵێ' بوو لە ناو نیوەی ئەو دەنگدەرانەی سلێمانی کە دەنگیاندا (واتس، ٢٠١٧). بەم ڕەنگە، هێشتا هەر خواست و ئارەزووی بەهێزی گریمانەیی کوردە عێراقییەکان بۆ سەربەخۆیی وادیارە بەشێوەیەک بەندە بەوەوە کە سەرکردە سیاسییەکان ڕابەریی کوردستانێکی سەربەخۆ بکەن. زۆرێک لە کوردەکانی دەرەوەی مەڵبەندی هێز و دەسەڵاتی (پ د ک) لە دهۆک و هەولێر وا لە ڕیفراندۆمی ساڵی ٢٠١٧یان دەڕوانی وەک تەفرەیەک بێت لەلایەن مەسعوود بارزانیی سەرۆکی (پ د ک)ەوە بۆ پەرت کردنی سەرنجی خەڵک و مانەوە لە سەرۆکایەتیی هەرێم بۆ دوای ئەو ماوەیەی سەرۆکایەتییەکەی کە بەپێی یاسا دیاریکرابوو.
هەر لە دۆخ و سیاقێکی هاوشێوەدا، گرتنەوەی کەرکووک و ناوچە کێشەلەسەرەکانی تر لەلایەن عێراقەوە کە بە کەمترین شەڕ و کوشتار ئەنجامدرا بەهۆی بەردەوامیی زیاتری دابەشبوونی نێوان کوردەوە. شکستهێنانی حکوومەتی هەرێم لە یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگەدا، سەرەڕای بەڵێنی زۆر و زەوەندی چەندین ساڵ بە ئەنجامدانی، سەریکێشایەوە بۆ هەڵوەشانەوەی بەرگری کردن لە کەرکووک. لەکاتێکدا کە (پ د ک) پێیوابوو کە هاوپەیمانەکانی لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان (ی ن ک) بەتەواوی دابەشبووە - بەتایبەتی کۆسرەت ڕەسووڵی سەرکردەی یەکێتی - کە سەرکردایەتیی نیوەی پێشمەرگەی ناوچەکەی دەکرد کە ژێر سایەی یەکیتیدا ڕێکخرابوو، بەڵام هەر زوو پێچەوانەی ئەوەیان بۆ دەرکەوت. لە سەودا و سازشکارییەکدا بە نێوەندگیریی جەنەراڵ قاسم سلێمانی لەگەڵ سەرکردەکانی (ی ن ک)دا و لە هەل و مەرجێکی هەندێک سارددا لەگەڵ (پ د ک)، بافڵ و لاهوور تاڵەبانیی، کوڕ و برازای جەلال تاڵەبانیی سەرکردەی (ی ن ک)، وادیارە بە ڕوونی فەرمانیان داوە بە هێزەکانی (ی ن ک) کە بەرگرییان لە زۆربەی کەرکووک دەکرد بۆ پاشەکشە کردن لە بەردەم میلیشیا شیعەکان و هێزەکانی عێراقدا کە پێشڕەوییان دەکرد (شوڵۆڤ، ٢٠١٧). بە شکانی بەرەی کورد هێزە عێراقییەکان چوونە پشتی هێڵەکانەوە و هەر زوو (پ د ک) فەرمانی هەمان پاشەکشەی دەرکرد بۆ هێزەکانی و بەمەش ڕێگە بۆ حکوومەتی عێراق کرایەوە کەوا ناوچە کێشەلەسەرەکانی نێوان خۆی و حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە نزیکەی شەو و ڕۆژێکدا بگێڕێتەوە.
تەنانەت ئەگەر بەغدا لەڕووی سەربازیشەوە جموجووڵی دژ بە هەرێمی کوردستانی عێراق نەکردایە و نەوتیشی هەر لە دەستی کوردستاندا بهێشتایەتەوە، ئەو دەبوو زاڵ بوونایە بەسەر ئابڵووقەی عێراق و ئێراندا و بەهەمان شێوەش ئەگەرێکی چاوەڕوانکراوی گەمارۆی تورکیاشدا بۆ ئەوەی نەوتەکەیان ڕەوانەی بازاڕی جیهانی بکەن. بە بێ دەراوسێی دۆست یان گەیشتن بە دەریا، هەر هەوڵێکی کورد بۆ سەربەخۆیی (یان تەنانەت ئۆتۆنۆمیی ئاست بەرزیش) بەردەوام بەرەوڕووی ئاستەنگی جیددی دەبێتەوە. کاتێ کە مەسەلەکە پەیوەست دەبێت بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە و بەتایبەتیش ڕەتکردنەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکان بۆ پاڵپشتی کردنی سەربەخۆیی کورد، وادەردەکەوێت کە خولیا و ئاواتی کوردەکان لە گەلێ ڕووەوە بەدیهێنانی قورس بێت وەک چۆن لە ماوەی سەدەی بیستیشدا مەحاڵ بوو. بێگومان هەرێمی کوردستانی عێراق نزیکترین و بەردەوامترین نوێنەرایەتیی دەکات بۆ سەربەخۆیی هەر بەشێکی کوردستان، بەڵام ئەم دابەشبوونە بەردەوامە لە ناوخۆی هەرێمدا و ئاستی جۆراوجۆری ناتەواوی لە حوکمکردندا و گەندەڵی تاڕادەیەک خولیا و ئاواتی کوردی شێواندووە لەم ساڵانەی دواییدا. لەکاتێکدا کە سەرچاوەکانی نەوت و گاز لە کوردستانی عێراقدا بنەما ئابووری و داراییەکانی سەربەخۆیی ڕەخساندووە، لەهەمان کاتیشدا هانی "سەرچاوەی نەفرەتی" ئابووریی بەرخۆر و گەندەڵیشی داوە. ئەگەر ئۆتۆنۆمی یان سەربەخۆیی هۆکارێک بێت بۆ بەدیهێنانی ئامانجی (ئازادی و خۆشگوزەرانی و خۆشیی زیاتر) نەک تەنها لەخۆیدا مەبەستێک بیت، پاشان کەموکووڕیی کار و فەرمان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا - کە پەرلەمانەکەی بەهۆی ناکۆکی و ناتەبایی ناوخۆوە لە نێوان ٢٠١٤ بۆ ٢٠١٨ داخرا - و نوێنەرایەتیی ئەو کێشە و گرفتانە دەکات کەوا ئۆتۆنۆمی یان سەربەخۆیی بەزەروورەت چارەسەری ناکات (واتس، ٢٠١٤). هەرچەندە حکوومەتە هەرێمییەکە دۆخێکی ئازادی و لیبراڵتری سەلماند لە زۆربەی زۆری ڕژێمەکان لە ناوچەکەدا، بەلام ئەمە تا ئاستی پێوەرەکان بەرز نەبووەتەوە و هێشتا ئەم حکوومەتە کەمتەرخەمە لە جێبەجێ کردنی چیرۆکێکی سەرکەوتندا بۆ چەسپاندنی دەزگا و دامەزراوە دیموکراتییە نوێیەکانی یان چاودێری کردنی حوکمێکی باش (گوینەش، ٢٠١٩: ٣٣).
لەم ماوەیەدا، وادیارە دەستە و تاقمە کوردییەکانی ئێران تەنانەت دابەشبوونی گەورەتریان تێکەوت لە هی براکانیان لە عێراقدا، لەگەڵ فرە بەرجەستەیی کەرتبوونی گرووپەکانی وەک حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (کە بۆ ئەوەی لێمان تێکنەچێت ئەمان دوو حیزبن هەر بەو ناوەوە) و کۆمەڵە (کە ئەمانیش حیزبی کۆمەڵەی کوردستانی ئێران و لێمان تێکنەچێت لەگەڵ باڵێکی تریاندا بە ناوی حیزبی کۆمەڵەی کوردستانی ئێران و حیزبی کۆمەڵەی کۆمۆنیستی ئێران). گرووپەکانی تر پژاکی سەر بە پەکەکە دەگرێتەوە لەگەڵ پارتی ئازادیی کوردستان (پاک) و سازمانی خەبات (عەلی، ٢٠١٦). هەڵبەت ئێران تا ئێستاش گرفتاری جۆرێک لە داڕوخانی سیاسی و بۆشایی بووەتەوە لەو جۆرەی کە عێراق و سووریا ئەزموونیان کردبوو. زۆرێک لە حیزبە کوردییەکانی ئێران هەوڵیاندا ئۆپۆزسیۆنێکی یەکگرتوو یان کارا پێکبێنن دژ بە ڕژێمی حوکمڕان. دوا ڕاپەڕینی گەورەی کوردی ئێران دوابەدوای شۆڕشی ساڵی ١٩٧٩ بەرپابوو و بەتوندی و بە زەبری هێز دامرکایەوە لەلایەن گاردی نوێی شۆڕشی ئێرانەوە و باجەکەی کوشتنی دەیان هەزار کەس بوو. بۆ کوردەکانی ئێران خوێندن بە زمانی دایک و چاپەمەنی بە زمانی کوردی و ڕێکخراوە کوردییەکان هەر هەموو قەدەغەن و بەم بارەوە چاوەڕێی سەدەی بیست و یەکن. لەکاتێکدا تازەکردنەوەی سزاکانی ئەمریکا دژ بە ئێران و زیادبوونی ناڕەزایی لە سەرانسەری ئێراندا لەسەر بارودۆخی ئابووری ڕەنگە لەکۆتاییدا ببێتە هۆی تێکچوونی سەقامگیریی کۆماری ئیسلامی و ڕەخساندنی هەل و دەرفەت بۆ کوردەکان کە پێ دابگرن لەسەر داواکارییەکانیان و کەس دڵنیا نیە کەوا کۆتاییەکی ئاوها خۆی گوزارش لەخۆی بکات.
لە تورکیا، ئەندازەیەکی گەورەی هیوا و ئاوات بوو بە هاوەڵی ئەو هەوڵ و کۆششە ڕواڵەتیانەی ساڵی ٢٠١٣ کە لەلایەن حکوومەتی تورکیاوە نمایش دەکرا بۆ ئەنجامدانی ئاشتی لەگەڵ پەکەکەدا. لەهەمان کاتدا، پارتی هەدەپەی یاسایی سەر بە کورد هەڵکشانێکی جەماوەریی خێرای دەستەبەر کرد لەگەڵ کەسایەتییەکی سەرکردەی کاریزمی و پارێزەری مافەکانی مرۆڤ سەڵاحەدین دەمیرداش و دەرکەوتنی لە هەڵبژاردنی تورکیای ساڵی ٢٠١٥ کە توانی بەربەستی ١٠% تێپەڕێنێت بۆ بردنەوەی کورسییەکانی پەرلەمانی نیشتمانی (کە بەرزترین بەربەستە لەسەر ئاستی جیهان و ئەگەر هەیە بەتایبەتی دیزاین کرابێت بۆ ئەوەی حیزبەکانی لایەنداری کەمینەی کورد بخەنە دەرەوەی پەرلەمان). وادیارە سەدەی بیست و یەک گەیشتبێتە کوردەکان لە تورکیادا و ئاکپارتیی حوکمڕان گەلێ لەو تابووانەی تێکشکاندووە سەبارەت بە کوردەکان لە دە ساڵی یەکەمی دوای گەیشتنیان بە دەسەڵات لە ساڵی ٢٠٠٢دا. ئەکەپە لە سەرەتادا کەوتە ئەوەی ڕاشکاوانە بکەوێتە گفتوگۆ و داوا لە کوردەکان بکات بە شێوەیەک کە هیچ حیزبێکی تورکی سەرەکی پێشتر نەیکردبێت و تەنانەت بەرەو ئەوەش ڕۆیشت بۆ ڕێگە پێدانی پەخش کردن بە زمانی کوردی (بە بڕگەیەک لەسەر کەناڵی تەلەفزیۆنیی تەرەتە شەش TRT6 کە خاوەندارێتیی بۆ حکوومەت دەگەڕێتەوە) و تایبەتە بە خوێندن بە زمانی کوردی. لە هەڵبژاردنەکانی پێش ساڵی ٢٠١٥دا، ئەکەپەی حوکمران بە پەیامی برایەتیی موسڵمانەوە (ئیخوان موسلیمین) وەک بەرانبەرێک بۆ (سێکولاری تورکیی تاک ناسیۆنالیزم) لە فرە حاڵەتدا توانیوێتی زیاتر لە پارتی گەلانی دیموکراتی (هەدەپە)ی سەر بە کورد دەنگی کوردەکان بۆ خۆی ببات.
بەهەرحاڵ، پێشکەوتن لە داواکارییەکانی گرووپی کورد لە تورکیادا هاتە وەستان لەپاش ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی حوزێرانی ساڵی ٢٠١٥. ڕەزامەندی و خۆشنوودیی ئاشکرای دەوڵەتی تورکی کاتێ کە داعش هێرشی کردە سەر کوردەکانی سووریا لە کۆبانێ لە ساڵی ٢٠١٤دا، هەروەها ڕۆڵی ستەمکارانە و تاکڕەوانەی سەرۆک ئەردۆغان کە بە دوای پرۆتێست و ناڕەزایی دەربڕینی پارکی گێزیدا هات لە مایسی ٢٠١٣دا، ڕەنگە جەماوەرێتی ئەکەپەی لای دەنگدەرە کوردەکان هێنابێتە خوارەوە. پاشەکشەی پاڵپشتیی دەنگدەرە کوردەکان بۆ ئەکەپە و هەڵکشانی بەختی هەدەپە لەو هەڵبژاردنانەدا پێدەچێت وای لە ئەردۆغان کردبێت کە ئاڕاستەی خۆی بگۆڕێت و پەیڕەویی ئەجێندای ناسیۆنالیستیی تورکیی دژە کورد بکات (باساران، ٢٠١٥). بەو پێیە، تورکیا شەڕی دەستپێکردەوە لەگەڵ پەکەکەدا و زۆربەی چاکسازییە لیبراڵییەکانی هەڵوەشاندەوە لە بەرانبەر زمان و کولتوور و گرووپە سیاسییە کوردییەکاندا و هەر خێراش هێرشی کردە سەر سووریا بۆ تێکشکاندنی خولیا و تمووحاتەکانی کورد لەوێش. زۆربەی سەکردەکانی هەدەپەی لەسەر ئاستی نیشتمانی و شارەوانییە جۆراوجۆرەکان دەسبەجێ خستە زیندانەوە، لەنێویاندا سەڵاحەدین دەمیرتاشی بەربژێری پێشووی سەرۆکایەتیی کۆمار.
هەرچەندە جووڵانەوەی کورد لە تورکیادا وەک عێراق و ئێران دابەش نەبووە، بەڵام تاڕادەیەک لە ژێر چاودێریی هەژموونداری پەکەکە و حیزبە کوردییە شێوە یاساییەکانی هاوسۆز لەگەڵ پەکەکەدا هێزێکی تەواوە و بۆ دەوڵەتی تورکیای سەلماندووە کەوا کۆسپ و تەگەرەیەکی قورسە لەو کاتەوە کە پرۆسەی ئاشتی بەم ڕێگەیە پەکیکەوتووە. سەرەڕای کە هەڵوێست و پێگەی تورکیا لای ئەوروپا و ئەمریکا جێگەی ڕەزامەندی نیە و هەروەها لێپرسینەوەی دادگاکانی ئەوروپا بەم دواییە لەبارەی دەسنیشان کردنی پەکەکە وەک "ڕێکخراوێکی تێرۆریستی"، کوردەکانی تورکیا بەتەنها جێهێڵران کاتێ کە شەڕ لەگەڵ دەوڵەتی تورکیادا دەستیپێکردەوە. تورکیا وەک وڵاتێکی زۆر گرنگ ماوەتەوە بۆ وڵاتانی ڕۆژاوا و زۆر بەتوندی ڕەخنەی لێدەگیرێت سەبارەت بە پەرەسەندنە سیاسییە ناوخۆییەکانی. لەپاش ساڵی ٢٠١٥، شەڕەکانی نێوان هێزەکانی ئاسایشی دەوڵەت و جەنگاوەرانی پەکەکە ناوەندە شارستانییە کوردییەکانیشی گرتەوە لە باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیا و دەیان شار و گەڕەک و کۆمەڵگەی نیشتەجێی گرتەوە وەک دیاربەکر و ماردین و شرنەخ کە بەتەواوی ڕووخێنران و سەدان کەسیان تێدا کوژرا. تا سەرۆک ئەردۆغانیش لە ژیاندا مابێت زەحمەتە بە بیر و خەیاڵی هیچ کەسێکدا بێت کە دەسبەرداری دەسەڵاتە نزیک لە دکتاتۆرییەکەی ببێت و لە کۆنترۆڵی بەسەر تورکیادا. لە بارودۆخێکی ئاوهادا، جووڵانەوەی کورد لە تورکیادا بەردەوام بەرەوڕووی ئاستەنگی جیددی و مەترسیدار دەبێتەوە کە بە ئاشتی چێ بووە لە تورکیادا. ئەوان لەپاش ساڵی ٢٠١٥ بە سانایی سوودێکی هێجگار گەورەیان بەخشی و بوون بە عەزیایەکی ترسناک بۆ کۆکردنەوە و جۆشدانی بنکە و بناغەی ناسیۆنالیستی بۆ سەرۆک ئەردۆغان.
بەڵام لە سووریا، جووڵانەوەی کورد لەڕاستیدا هەنگاوی گەورەی بڕیوە لە ساڵی ٢٠١٢وە وەک لە سەرەوە باسی لێوە کراوە. ئەوان ئۆتۆنۆمی یان خۆڕێبەرییان بەدیهێناوە، تەنانەت با سروشتێکی دیفاکتۆی هەبێت و لە دەرەوەش دانی پێدا نەنرابێت و ئەمە بە هیچ شێوەیەک بیری لێ نەدەکرایەوە لەپێش هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆی سووریا لە ساڵی ٢٠١١دا. کوردەکانی سووریا لە ژێر سایەی ڕژێمە یەک لەدوای یەکەکانی ئەسەددا بارودۆخیان هێجگار خراپ بوو (تەنانەت لەمڕۆی ئێرانییەکان خراپتریش) و بەزۆری وەک "کوردە لەبیرکراوەکانی کوردستان" ئیشارەتیان بۆ دەکرا.
وادیارە هەموو ئەو دەسکەوتە سەرسامکەرانەی کوردەکانی سووریا بەدەستیانهێناوە دەگەڕێتەوە بۆ پارێزگاریی ئەمەریکا. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەگەر بە بێ پاڵپشتییەکی گونجاو بەجێبهێڵڕانایە، ئاخۆ پارتی یەکێتیی دیموکراتی (پەیەدە) و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، سەرباری بوێری و لێبراوییان، سەرەڕۆیی ئاسۆیەکی تەڵخیان دەکرد لە بەرەوڕووی نەخشە و پلانە جیهادییەکانی تورکی و سووری و سوننەدا لە سووریا. لێرەش وەکوو بەشەکانی تری کوردستان، ناوچە کوردی و غەیرە کوردییەکانیش کە لە لایەن پەیەدە و هاوپەیمانەکانیەوە کۆنترۆڵ کرابوون بە وشکایی داخرابوون و هێزە نادۆستەکان لە چواردەوریان ئاڵابوون. تەنانەت حکوومەتی هەرێمی کوردستانی دەراوسێشیان، نیگەران و دڕدۆنگ بوو بەو پێشکەوتنەی حیزبێکی کوردیی ئایدیۆلۆجیا تەواو جیاوازە لەگەڵ ئەمان کە نەدەتوانرا بە هاوپەیمانێکی پەیەدە دابنرێت. کوردە عێراقییەکانی ژێر ڕکێفی (پ د ک) تەنانەت ئابڵووقەیەکی سنوورداریشیان بەسەر کانتۆنە کوردییەکانی سووریاشدا سەپاندبوو لە ماوەی چەندین ساڵی ڕابوردوودا (ISKU Informationstelle كوردستان، ٢٠١٧). لەکاتێکدا کە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە شەڕکردنی داعش ئیحتیوا کردنی ئێران هەر لە پەیوەندیدایە بۆ چارەسەرێکی شەڕی ناوخۆی سووریا و هاوکاری کردنی لەگەڵ پەیەدە/ هەسەدە (سەرەڕای بەرهەڵستیی توندی تورکیا)، کە وادادەنرێت ڕۆژێک بێت و ئەمریکییەکان سووریا بەجێبێڵن. تورکیا و ڕژێمی ئەسەد و عێراق و ئێران، شانبەشانی دەستە و تاقمە جیهادییەکان کە لەناوخۆدا سەریانهەڵدابوو، لە ناوچەکەدا دەمێننەوە لە دوای ئەم کشانەوەیە. بەو پێیەش، ئەو تەحەدایەی بەرەوڕووی کوردەکانی سووریا دەبێتەوە بنیاتنانی هێزی بەرچاوی خۆیانە بۆ زاڵبوون بەسەر دابڕانی جیۆپۆڵیتیکییان پێش ئەوەی ئەمریکییەکان ئەوێ بەجێبێڵن. بزووتنەوەی کورد سەرەڕای نەبوونی هیچ دەرچەیەکی بۆ سەر دەریا توانیویانە بەسەرکەوتوویی و بەتەنها خۆڕابگرن بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ لە بارودۆخێکی وادا. هەڵبەت کوردی سووریا و شوێنانی تر پێویستیان نیە بە تواناداری بۆ بەزاندنی دوژمنەکانیان. ئەوان تەنها پێویستیان بە پەرەپێدانی دەسەڵاتی تەواو و پەیوەندی گرتن بە جیهانی دەرەوە و سەرچاوەگەلی تر بۆ ملبادانی دوژمنەکانیان. لە حاڵەتی کۆشش کردنی پێویستدا بۆ سەرکوت کردنی کوردەکان، وەک بەدرێژایی سەدەی بیست ڕوویدا، زۆر قورس کەوتووەتەوە و پاشان بواری بەردەوامیی بەختی سیاسیی کورد دێتە بوون و ئامادەگی.
سەرەنجام
ئەو کاراکتەرەی کە مشتومڕی لەسەر نیە لەبارەی مەسەلەی کوردەوە لەمبەر و لەوبەری سنوورەکانەوە (جوەیدە، ٢٠٠٦)، بریتییە لە دابڕانی جوگرافیای کوردی و ئاستی نزمی پەرەسەندنی کۆمەڵایەتی - ئابووری (تێجێڵ، ٢٠٠٩: ٥) کە لەمێژە بووە بە تەگەرە لەبەردەم کایەیەکی کوردیی یەکگرتوو یان "کۆمەڵگەی خەیاڵ"دا (ئەندەرسن، ٢٠٠٦). نیشتمانی کورد لەو چیا "سەختەکان" پێکدێت (جوەیدە، ٢٠٠٦)، کە لەڕووی مێژووییەوە وەک داڵدە و پەناگە بەکارهاتووە و هەروەها وەک کۆسپێکیش بۆ سەرهەڵدانی بزووتنەوەیەکی کوردیی یەکگرتوو.
بێجگە لەو تەحەدایەی لەسەرەوە باسمان کرد و گۆڕانکاری لە تەکنۆلۆجیادا و تەواوکاریی جوگرافیی کورد لە ئابووریی جیهانیدا کە بە شێوەیەکی سەرەکی دەگەڕێتەوە بۆ یەدەکی نەوت و گازی سروشتی و ئەو گۆڕانکارییە گەورەیەی کە چەندین دەیەی خایاندووە لە شەڕ و ململانێ و ئەگەری قەرەبوو کردنەوەی ئاسەوارە نەگەتیڤەکانی پێشوو لە جوگرافیادا. سەرەڕای ئەوەش، ڕاستیی ترانسناشناڵی مەسەلەی کورد لەواقیعدا ڕەنگە وەک ئاسانکار خزمەت بە مەسەلەی کورد بکات، نەک وەک کۆسپ و تەگەرەیەک. بڵاوبوونەوەی گرووپە ئیتنیکەکان بەمبەر و بەوبەری سنووردا وادەردەکەوێ فاکتەرێکی گرنگی دەستپێکردن و بەردەوامی پێدانی جەنگە (سێدەرمان، جیراردین و گڵێدیچ، ٢٠٠٩؛ گوڕ، ١٩٩٣). هەروەها دەکرێ یارمەتیدەر بن بۆ زیادکردنی تێچووی جەنگ بۆ حکوومەت و هاندانی چارەسەرێکی ئاشتییانەی شەڕ و ململانێ لە بەرژەوەندیی یاخیبووان (گوێرسس، ٢٠١٥).
تێزێکی بەناوبانگی پێشتر باسکراو کە دژ بە شایستەیی دەوڵەتی کوردی هێنراوەتە پێشەوە دابەشبوونی ناوخۆیی گەلی کوردە. بۆ دڵنیاییش، جیاوازیی گرنگ و بەرچاو لەناو کوردەکاندا هەیە، چونکە هەر هەموویان بە یەک دیالێکتی زمانی کوردی قسە ناکەن و لەکاتێکدا زۆرینەیەکی ڕوون و ئاشکرا پابەندی ئیسلامی سوننین، هەندێ توێژ و کۆمەڵی تریان شیعە، عەلەوی، ئێزیدین یان سەر بە ئاین و باوەڕی بچووکترن. بەهەرحاڵ، ئەمە نە تایبەتە بە حاڵەتی کورد و نە زۆریش جێی سەرسوڕمانە. بەڵکوو لەڕاستیدا، چاوەڕوانکراوە چونکە کوردەکان بەدرێژایی چەندین سەدە لە ژێر ڕکێفی ڕژێم و گەلە ناحەزەکاندا بوون. وەک تێجێڵ (٢٠٠٩: ٨٥) ئاماژەی پێدەکات بارودۆخی سیاسی، ئابووری، قەزایی کەوا دابەشبوونی کورد هێناوێتێ کایەوە لەنێوان چوار دەوڵەتی جیاوازدا، کلیلە بۆ تێگەیشتن لە دابەشبوون و کەرتبوون لە ناو گرووپەکانی کورددا. بێجگە لەوەش، وەک کانینگهام مشتومڕی لەسەر دەکات (٢٠١٣: ٦٦٥ - ٦٦٦، هەروەها بڕوانە ٢٠١٤) کە "گریمانە کردنی ئەوەی کە بزووتنەکانی [مافی چارەنووس] یەکێتییە لەڕووی ئەزموونەوە هەڵەیە لە زۆربەی زۆری کاتەکاندا". بۆیشی دەرکەوەتووە کەوا 1188 دەستە و تاقمی مافی چارەنووس (لەنێویاندا ڕێکخراوەکانی فشاری کۆمەڵایەتی و حیزبی سیاسی و میلیشیای چەکدار) کە داواکارییەکانیان پەیوەستە بە حوکمی خۆکردنەوە لەنێوان ساڵانی ١٩٦٠ و ٢٠٠٥دا، سەروو لەسەدا نەوەدیان خاسییەتی یەکێک یان زیاتری دابەشبوونی ناوخۆییان تێدابوو ، ٨٥%یان ئەزموونی گۆڕانکارییان کردووە لە ژمارەیەک دەستە و تاقمی ناوخۆدا بە تێپەڕینی کات.
سەرەڕای ئەم جیاوازییانە و دەستەبژێرە ناکۆکەکان، کوردەکان لە عەرەبەکان کەمتر ئامادەکارییان نەکردبوو - ئەمەش بە شێوەیەکی دەگەڕێتەوە بۆ گونجاندنی بەرژەوەندییەکانی هێزە گەورەکان لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی خۆیاندا لە سەردەمی پاش جەنگی جیهانیی یەکەمدا - بۆ دروستکردنی نزیکەی بیست دەوڵەتی عەرەبی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. جوگرافیا و دانیشتوانی گەورەی کورد دەرفەت دەڕەخسێنێت بۆ زیاتر لە یەک قەوارەی سیاسیی کوردی ئەگەر بگیرێتە بەرچاو.
زیاد لەوەش، هەرچەندە دەرەنجامی ڕاپرسییە شکستخواردووەکەی ساڵی ٢٠١٧ "شۆک و هێدمە" بوو بۆ کورد، چونکە هە زوو بە زوو سەریکێشایەوە بۆ"گۆڕانکارییەکی کوتوپڕ لە دۆخی نیمچە دەوڵەتێکەوە بۆ قەوارەیەک لە ژێر هەڕەشەی لەناوبردندا" (بەنگیۆ، ٢٠١٨: ١٥)، لە سەر هەردوو ئاستی هەرێمی و جیهانیدا، بەتایبەتی ئەو هۆکارانەی کە ناتوانرێت کۆنترۆڵ بکرێن و سروشتی عێراق کە ناتوانرێت بەرگریی لێبکرێت و بەناوخۆیی کردنی مەسەلەی کورد، ئەگەری ئەوە هەیە کە دەرفەتێکی تر بۆ سەربەخۆیی بڕەخسێنێت.
بەو پێیە، ئەنجامی خەبات و تێکۆشانی کورد بۆ دیاریکردنی مافی چارەی خۆنووسین زیاتر بەولایەدا دەشکێتەوە کە لە چوارچێوەی دەستێوەردانی دەرەکی یان نێوەندگیریدا گەڵاڵە ببێت. لەم وەرچەرخانەدا، بوونی ئەمریکا لە سووریا و عێراقدا ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوە دەبینێ لە دیاریکردنی چارەنووسی کورددا. لەکاتێکدا کە ئەمریکا دوودڵ بوو لە پابەندبوون بە مەسەلەی کوردەوە، کەواتە بوونی لە ناوچەکەدا نە کورت مەودایە و نە بە هۆکاری قوربانیدانیشە. بەڵکوو لە بەرژەوەندیی ئەمریکایە کە جڵەوی ئیسلامی ڕادیکاڵی بکات و ڕێگە لە برەوسەندنی هێزێکی ئێرانی بگرێت کە بەئاسانی لە تارانەوە پەل بکوتێ بۆ بەیرووت و ڕۆڵێکی سەرەکی ببینێت لە نەخشەی جیۆپۆڵیتیکی نوێی ڕۆژهەڵاتی ناویندا. لەکاتێکدا کە ئەم پەرەسەندنانە تەحەدای چارەسەرە خێراکان دەکەن و پێویستیان بە قووڵکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئەمریکا و کورد هەیە لە عێراق و سووریا و گۆڕانکارییەکانی کە لە تورکیادا چێ بووە گرنگییان کەمتر نیە. هەڵبەت خزانی خێرای تورکیا بەرەوە دەسەڵاتی تاکڕەوانەی ئیسلامی زیاتر پێدەچێت گۆڕینی بزووتنەوەی کوردی بێت لە تورکیادا بۆ هاوپەیمانێک لە شەڕدا بۆ پاراستنی لایەنی سێکولار و دیموکراتی بۆ وڵات. لە تورکیایەکی پەرت و جەمسەربەندی پاش ئەردۆغان پێدەچێت کورد ڕۆڵێکی سەرەکی ببینێت لە ڕژیمی دەرکەوتووی تازەکیدا.
شکستی دۆخی هەنووکەیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دۆخێکیان خوڵقاندووە بۆ هاندانی هێزە هەرێمییەکانی تریش بۆ پاڵپشتی کردنی کوردەکان. بۆمس (2018)، لە شیکارییەکیدا بۆ ئەو مەترسی و دەرفەتانەی کە شەڕی ناوخۆی سووریا دەیانڕەخسێنێت بۆ ئیسرائیل، تیشک دەخاتە سەر ئەو ڕەوشەی لە ناوچەکەدا سەریهەڵداوە. پاشەکشە و شکستی ناتەواوی داعش ترس و نیگەرانیی ئیسرائیلی کەم نەکردووەتەوە یان بنەبڕی نەکردووە، وەک ئەوەی هەندێک لەم ناوچانەی ژێر دەسەڵاتی میلیشیاکانی شیعە یان سوننە کە لەلایەن ئێران یان تورکیاوە پاڵپشتی دەکرێن و ئیسرائیل لەگەڵیان پەیوەندییەکی دوژمنکارانە و گرژی هەیە. لەکاتێکدا کە بۆمس بەئاشکرا باسی لە ئەگەری پشتگیریی کوردە سوورییەکان نەکردووە و لەگەڵ ئەوەشدا ڕەخنە لە سیاسەتی "تەمومژاویی" ئێستای ئیسرائیل دەگرێت سەبارەت بە سووریا و بە ڕاسپاردەیەک کۆتایی بە سیاسەتێک دێنێت کە بەزەروورەت پشت دەکاتە ئەو گرووپە سوورییانەی بایەخ بە گفتوگۆی هاوکاری کردن دەدەن بەپێی بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش. شیکارێکی تر لەگەڵ ڕاگەیاندنە کوتوپڕەکەی دۆناڵد ترامپی سەرۆکی ئەمریکادا دێتە سەر خەت لەبارەی کشانەوەی تەواوی ئەمریکا لە سووریا لە مانگی دیسەمبەری ٢٠١٨دا (ئەو بڕیارەی دواتر بە کردەوە لێی پەشیمان بووەوە)، جەخت لەسەر ئەو ڕۆڵە سەرەکییە دەکاتەوە کە دەکرێ کوردەکان لە سووریادا بیگێڕن لە "تێکشکاندنی هەژموونی ئێراندا"، کە شتێکە نووسەر دەیبەستێ بە "بەرژەوەندییەکانی ئاسایشی نەتەوەیی" ئیسرائیلەوە (ناغی، 2019). بایەخدانی زۆری سعوودیە بە دەستە و تاقمە کوردەکانی عێراق و سووریا پێدەچێت ئەمیش ئەنجامی گۆڕانکاریی دینامیکەکانی ناوچەکە بێت. وادەردەکەوێ کە جوگرافیا و گرووپەکانی کورد هێجگار گرنگتر بن لەوەی کە پشتگوێ بخرێن لە شەڕ و تێکۆشان لەپێناوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی تازە دەرکەوتوودا.
لەکاتێکدا کەوا بەشێوەیەکی گشتی کاردانەوەی ناوەندە کوردییەکان لەسەر پاشەکشەی ترامپ لە سووریا جاڕدان بێت بە جۆرێک لە گوتاری تووڕەی دێجاڤوو سەبارەت بە "خیانەتێکی تری ئەمریکا" و لێکەوتەکانی جاڕنامەی ترامپ لە واشنتۆن لەڕاستیدا ئەوەی دەرخست کە تا چ ڕادەیەک بەرژەوەندییەکانی کورد و ئەمریکا یەکانگیر دەبن. لەپاش دوو ڕۆژ لە جاڕنامەکەی سەرۆک ترامپ سەبارەت بە کشانەوە (١٩ی دیسەمبەر)، جەیمس ماتیسی وەزیری بەرگری دەستی لەکارکێشایەوە و ئاماژەی بە ناکۆکییە بنەڕەتییەکانی کرد لەگەڵ سەرۆک ترامپدا و بەتایبەتی سەبارەت بە سووریا و هاوپەیمانییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان لەوێ. ڕۆژێک دوای ئەوە (لە ٢٢ی دیسەمبەردا)، برێت ماکگورگیش نێردەی تایبەتی سەرۆکایەتی بۆ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ بەزاندنی داعش دەستی لە کار کێشایەوە. لە ماوەی چەند هەفتەیەکی کەمی دواتردا، سەرۆک ترامپ بەر لێشاوێکی دەگمەنی ڕەخنە کەوت لە ناو حیزبەکەی خۆیدا، واتە حیزبی کۆماری، لەبارەی ئەم مەسەلەیەوە. چەند کەسایەتییەکی وەک لیندسی گراهامی سێناتۆری دیاری کۆمارییەکان ڕاگەیاندنی ئەم کشانەوە لەناکاوەی بە "کارەسات" و "پەڵەیەكی شوورەیی بەسەر شەرەفی ئەمریکاوە" وەسفکرد (سولیڤان، ٢٠١٨). ژمارەیەکی زۆری بەرپرس و کاربەدستانی ئەمریکا و لەنێویاندا جەنەراڵە ئەمریکییە جۆراوجۆرەکان، جۆن بۆڵتنی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی، میچ ماککۆرنێڵی سەرکردەی زۆرینەی ئەندامانی ئەنجومەنی سەنات و گەلێکی تر پێیان لەسەر ئەوە دادەگرت کەوا ئەم هەنگاوە پێچەوانەیە لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی ئەمریکادا و بەئاشکرا بەرهەڵستییان دەکرد. لە ماوەی چەند ڕۆژێکی کەمدا، سەرۆک ترامپ خێرا پاشگەزبوونەوەی خۆی ڕاگەیاند و لە کۆبوونەوەیەکی ٢ی کانوونی دووەمی کابینەکەیدا ئیددیعای ئەوەی کرد کە ڕەزامەند نەبووە لەسەر مۆڵەتدانی چوار مانگ بۆ کشاندنەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە باکووری سووریا و پێی لەسەر ئەوە داگرت کە "من هەرگیز نەموتووە بەپەلە یەن لەسەرخۆ" و بەم پێیە "ئێمە دەمانەوێ کوردەکان بپارێزین" (ماسۆن، ٢٠١٩).
بەوەی کەوا ئەمریکا تا کاتی ئەم نووسینەش، کە پایزی ٢٠٢٠ە، هێزەکانی لە سووریا هێشتووەتەوە، تەواوی دیمەنەکە گۆڕانکارییەکی سەرسوڕهێن دەگەیەنێت لەسەر حاڵەتی کورد لە هەردوک سووریا و عێراقدا. هەڵبەت لەپاش ماوەیەکی کورتی ڕازیکردنی بەرژەوەندییەکانی هێزە دەرەکییەکان و بەئاسانی ڕزگاربوون لێی، وادیارە ئێستا بەرژەوەندیی کوردەکان لەگەڵ بەرژەوەندییە سەرەکییەکان و ڕوانگەی ستراتیجیی هێزە گەورەکانی وەک ئەمریکادا یەکدەگرێتەوە - بە ئاستێک کەوا سەرۆکێکی مەزاج و هەڵوێست ناجێگیری ئەمریکیش ناتوانێت دەسبەرداری بێت. تەنانەت وادیارە دامەزراوەی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکیش پڕکێشیی بچڕاندنێکی تەواوی پەیوەندی بکات لەگەڵ تورکیادا لەپێناوی هێشتنەوەی هاوپەیمانییەکەی خۆیدا لەگەڵ گرووپە کوردەکانی سووریادا. لەکاتێکدا گۆڕانکاری لەم چەشنە بە شێوەیەکی گەوهەری کاری نەکردووەتە سەر کورد لە تورکیا و ئێراندا، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پێدەچێت وەرچەرخانەکە گرنگ و بەرچاوبێت. تا چەند بوونی قەوارە سیاسییە ئۆتۆنۆمییە کوردییەکان لە سووریا و عێراقدا درێژە بکێشن و بەردەوام بن، تادێت زیاتر خواست و قبووڵکردنی نێودەوڵەتی بۆ ئەم جۆرە ڕێکخستن و سەروبەرگرتنە گەلاڵە دەبێت و پێدەچێت چارسەریشی پێبێت بۆ کێشە و ئازارەکانی کورد لە تورکیا و ئێرانیشدا. ئەنقەرە و تاران کاردانەوەیەکی پڕ سڵ و نیگەرانییان هەیە بۆ ئەم چەشنە تێڕوانینە ئاسۆ و چاوەڕوانییە و ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەو ئالینگاری و دەرفەتانەی بەرەوڕووی کورد دەبنەوە لەم سەدەی نوێی بیست و یەکەدا.
سەرچاوە: کورد .. کتێبی کامبریج بۆ مێژووی کورد
ئامادەکردنی: حەمید بۆزئەرسلان، جەنگیز گوینەش، وەلی یادرگی
چاپی یەکەم: ٢٠٢١
چاپ و بڵاوکردنەوەی زانکۆی کامبریج - لەندەن
ناوی بابەت: کورد لە سەدەیەکی نوێدا
ل ٢٨٩ - ٣٠٧
لێکۆڵینەوەی: محەمەد گوێرسس و دێڤید ڕۆمانۆ
THE CAMBRIDGE HISTORY OF THE KURDS
Edited by:
HAMIT BOZARSLAN, Ecole des Hautes Etudes en Sciences Sociales
CENGIZ GUNES, the Open University.
VELI YADIRGI, School of Oriental and African Studies, University of London.
Kurds in a New Century: Prospects and Challenges
Mehmet Gurses and David Romano
محەمەد گوێرسس MEHMET GURSES: پرۆفیسۆری زانستە سیاسییەکانە لە زانکۆی ئەتڵەنتیکی فلۆریدا و توێژینەوەکانی بایەخ بەم بوارانەی خورەوە دەدا: ململانێ و ناکۆکییە ئیتنیکی و ئاینییەکان، بنیاتنانی ئاشتی لەدوای جەنگی ناوخۆ، بەدێموکراتی کردنی دوای جەنگی ناوخۆ. دانەری کتێبی "شیکاریی جەنگی ناوخۆ: کاریگەرییە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی شەڕ و ململانێی کورد لە تورکیادا Anatomy of a Civil War: Sociopolitical Impacts of the Kurdish Conflict in Turkey" (چاپی زانکۆی مەشیگان، 2018). نووسەری بەشدارە لە کتێبی "ململانێ، دیموکراتیزە کردن و کوردەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا: تورکیا، ئێران، عێراق و سووریا Conflict, Democratization, and the Kurds in the Middle East: Turkey, Iran, Iraq, and Syria (پاڵگرەیڤ ماکمیلان، ٢٠١٤). لە ئاستێکی بەربڵاودا نووسینەکانی بڵاودەکاتەوە لە گۆڤارەکانی وەک: کارلێکە نێودەوڵەتییەکان International Interactions، وەرزانەی زانستە کۆمەڵایەتییەکان Social Science Quarterly ، سیاسەتی حیزبەکان Party Politics، وەرزانەی توێژینەوەی سیاسی Political Research Quarterly، سیاسەتی بەراورد Comparative Politics.
دێڤید ڕۆمانۆ DAVID ROMANO: هەڵگری بڕوانامەی کورسیی تۆماس جی. سترۆنگەر لەسەر سیاسەتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە لە زانکۆی ویلایەتی میسووری. کار و بەرهەمەکانی لەم چەشنە گۆڤارانەدا بڵاو دەبنەوە وەک: کاروباری نێودەوڵەتی International Affairs و گۆڤاری توێژینەوەی ئاوارەکان Journal of Refugee Studies و وەرزانەی جیهانی سێیەم Third World Quarterly و توێژینەوەکانی تێڕوانینی نێودەولەتی International Studies Perspectives و گۆڤاری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست The Middle East Journal و سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست Middle East Policy و ئیتنۆپۆڵیتیکس Ethnopolitics. هەروەها دانەری کتێبی "بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد Movement The Kurdish Nationalist" (كامبريدج ، 2006؛ کە بۆ هەردوو زمانی تورکی و فارسیش وەرگێڕدراوە). هەروەها لەگەڵ محەمەد گوێرسس پێکەوە کتێبی "ململانی و دیموکراسی و مەسەلەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا Conflict, Democratization and the Kurdish Issue in the Middle East" یان داناوە (پاڵگرەیڤ ماکمیلان، ٢٠١٤). ساڵی ٢٠١٥ ڕۆمانۆ خەڵاتی حاکمی ویلایەتی میسووریشی بۆ فێرکردن بەدەستهێناوە.
Bibliography بیبلۆگرافی
Ali, H. (2016). ‘Iran and its opposition Kurdish parties: The need for dialogue’. Middle East Research Institute, 4 December.
www.meri-k.org/publication/iran-and-its-oppositionkurdish-parties-the- need-for-dialogue/.
"ئێران و حیزبە کوردییە ئۆپۆزسیۆنەکانی: پێویستبوون بە دیالۆگ" ...
Anderson, B. (2006). Imagined Communities: Reflections on the Origin and Spread of Nationalism. London: Verso.
کۆمەڵگەکانی خەیاڵ: ڕەنگدانەوەی بنەچە و بڵاوبوونەوەی ناسیۆنالیزم ...
Basaran, E. (2015). ‘HDP cochair Demirta¸s reveals details of peace process’. Hurriyet Daily News, 28 July .
www.hurriyetdailynews.com/hdp-co-chair-demirtas-reveals-details-ofpeace- process–86041.
دەمیرتاشی هاوسەرۆکی هەدەپە وردەکاریی پرۆسەی ئاشتی ڕووندەکاتەوە ...
Bengio, O. (2017). Separated but connected: The synergic effects in the Kurdistan subsystem. In G. Stansfield and M. Shareef (eds), The Kurdish Question Revisited (pp. 77 91). London: Hurst Publishers.
جودا یان پێکەوە گرێدراو: هەماهەنگی و هاوکاریی کاریگەرییەکان لە بنسیستەمی کوردستاندا .... لە کتێبی ... پێداچوونەوەی کێشەی کورد ...
Bengio, O. (2018). Contextualizing the Kurdish national project: The failed Iraqi nationstate thesis. British Journal of Middle Eastern Studies. https://doi.org/10.1080/13530194.2018.1430532.
سیاقسازیی پرۆژەی نەتەوەیی کورد: تێزی دەوڵەت - نەتەوەی شکستخواردووی عێراق...
Bengio, O. (2019). ‘Between the hammer and the anvil’. BESA Center Perspectives Paper, no. 1, 103, 5 March. https://besacenter.org/perspectivespapers/iranian-kurds/.
لە نێوان چەکوش و سینداندا ....
Boms, N. (2018). Israel’s policy on the Syrian civil war: Risks and opportunities. Israel Journal of Foreign Affairs. https://doi.org/10.1080/23739770.2017.1430006.
سیاسەتی ئیسرائیل لەبارەی شەڕی ناوخۆی سووریاوە: مەترسی و دەرفەتەکان ...
Cederman, L. E., Girardin, L. and Gleditsch, K. S. (2009). Ethnonationalist triads: Assessing the influence of kin groups on civil wars. World Politics, 61 (3), 403 37.
سێینەکانی ئیتنۆ - ناسیۆنالیستی: هەڵسەنگاندنی کاریگەریی گرووپە خزمەکان لەسەر شەڕە ناوخۆییەکان ...
Chulov, M. (2017). ‘Kurds defeated, displaced and divided after Iraq reclaims oil rich Kirkuk’. The Guardian, 21 October, www.theguardian.com/world/2017/oct/22/kurdsbitterdefeat-iraq-reclaims-kirkuk.
'کوردەکان شکستدێنن، ئاوارە دبن و دابەش دەبن پاش ئەوەی عێراق کەرکووکی دەوڵەمەند بەنەوت وەردەگرنەوە ...
Crawford, J. (2018). ‘Tillerson sees long term US presence in Syria’. CNN, 17 January.
www.cnn.com/2018/01/17/politics/syria-us-presence/index.html.
تیلەرسۆن بوون و ئامادەگیی درێژخایەنی ئەمریکا لە سووریادا دەبینێت ...
Cunningham, K. G. (2013). Actor fragmentation and civil war bargaining: How internal divisions generate civil conflict. American Journal of Political Science, 57 (3), 659 72.
پەرتبوونی بکەرەکان و سازشەکانی شەڕی ناوخۆ: چۆن دابەشبوونە ناوخۆییەکان ململانێی ناوخۆ بەرهەمدێنن ...
Cunningham, K. G. (2014). Inside the Politics of Self determination. New York: Oxford University Press.
لە ناو سیاسەتی بڕیاردان لە چارەنووسدا ...
FlandersNews (2017). ‘Brussels court rules that the PKK is not a terrorist organization’. Flandersnews.be, 16 September.
www.vrt.be/vrtnws/en/2017/09/16/brussels_court_ru
lesthatthepkkisnotaterroristorganisation-1-3066647/.
دادگای برۆکسل حوکمی ئەوە دەدا کە پەکەکە ڕێکخراوێکی تێرۆریستی نیە ...
Graeber, D. (2014). ‘Why is the world ignoring the revolutionary Kurds in Syria?’ The Guardian, 8 October. www.theguardian.com/commentisfree/2014/oct/08/whyworld-ignoring-revolutionary-kurds-syria-isis.
"بۆچی جیهان کوردە شۆڕشگێڕەکانی سووریای پشتگوێخستووە ...
Gunes, C. (2012). The Kurdish National Movement in Turkey: From Protest to Resistance. London and New York: Routledge.
جووڵانەوەی نەتەوەیی کورد لە تورکیادا: لە ناڕەزایی دەربڕینەوە بۆ بەرهەڵستی ...
Gunes, C. (2019). The Kurds in a New Middle East: The Changing Geopolitics of a Regional Conflict. Cham: Palgrave Macmillan.
کوردەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێدا: جیۆپۆڵیتیکە گۆڕاوەکانی ململانێیەکی ناوچەییدا ...
Gupta, R. (2018). ‘The world’s most progressive democracy is being born. Don’t let it get strangled’. CNN, 12 February. http://edition.cnn.com/2018/02/12/opinions/worldsmost
progressive-democracy-born-dont-let-turkey-strange-it-opinion-
gupta/index.html.
پەرەسەندووترین دێموکراسیی جیهان لەدایک دەبێت. لێمەگەڕێ بخنکێت ...
Gurr, T. R. (1993). Why minorities rebel: A global analysis of communal mobilization and conflict since 1945. International Political Science Review, 14 (2), 161 201.
بۆچی کەمینەکان یاخی دەبن: شیکارییەکی جیهانی بۆ جۆشدانی کۆمەڵگەیی و ململانێ لە ساڵی ١٩٤٥وە...
Gurses, M. (2015). Transnational ethnic kin and civil war outcomes. Political Research Quarterly, 68 (1), 142 53.
خزمایەتیی ئیتنیکیی ترانسناشناڵ و ئەنجامەکانی جەنگی ناوخۆیی ...
Gurses, M. (2018). Anatomy of a Civil War: Sociopolitical Impacts of the Kurdish Conflict in Turkey. Ann Arbor, MI: University of Michigan Press.
توێکاریی جەنگیکی ناوخۆ: کاریگەرییە کۆمەڵایەتییە سیاسییەکانی شەڕ و ململانێی کورد لە تورکیادا ...
Hakyemez, S. (2017). ‘Turkey’s failed peace process with the Kurds: A different explanation’. Middle East Brief, no. 111, June. www.brandeis.edu/crown/publications/meb/MEB111.pdf.
'پرۆسەی شکستخواردووی ئاشتی لە لەگەڵ کورددا: شیکردنەوەیەکی جیاواز" ...
Heraclides, A. (1990). Secessionist minorities and external involvements. International Organization, 44 (3), 341 78.
کەمینە جوداخوازەکان و دەستێوەردانی دەرەکی ...
Horowitz, D. (1981). Patterns of ethnic separatism. Comparative Studies in Society and History, 23 (2), 165 95.
شێوازەکانی جیابوونەوەی ئیتنیکی ....
ISKU Informationsstelle Kurdistan e.V. (2017). ‘Total embargo!’ئابڵووقەی گشتی 29 January. https://mesopotamia.coop/totalembargo/.
alIstrabadi, F. A. R. (2017). ‘The potentially profound and widespread consequences of September’s Kurdish independence vote’. The National, 9 July. www.thenational.ae/opinion/thepotentially-profound-and-widespread-consequences-of-september-s-kurdish-independence-vote-1.431230.
دەرەنجامی ئەگەرە قووڵەکان و بەربڵاوەکانی دەنگدانی سێپتەمبەری سەربەخۆی کورد...
Jwaideh, W. (2006). The Kurdish National Movement: Its Origins and Development. Syracuse, NY: Syracuse University Press.
جوولانەوەی نەتەوەیی کورد: بنەچە و پەرەسەندنەکانی ....
Levy, B. H. (2014). ‘Stop calling our closest allies against ISIS “terrorists”’. The New Republic, 22 October. https://newrepublic.com/article/119939/pkknot-terroristorganization-theyre-fighting-isis-terrorists.
بانگەشەی نزیکترین هاوپەیمانەکانمان ڕابگرن دژ بە داعشی "تێرۆریست" ...
- Lowe, R. (2010). The Serhildan and the Kurdish national story in Syria. In R. Lowe and G. Stansfield (eds), The Kurdish Policy Imperative (pp. 161 – 79). London: Royal Institute of International Affairs.
سەرهەڵدان و بەسەرهاتی نەتەوەیی کورد لە سووریادا ... لە کتێبی ... سیاسەتی بنەڕەتیی کورد ...
- Mason, J. (2019). ‘Trump gives no timetable for Syria exit; wants to protect Kurds’. Reuters, 2 January.
www.reuters.com/article/us-mideast-crisis-syria-trump/trump-gives- notimetable-for-syria-wants-to-protect-kurds-idUSKCN1OW1GV.
ترامپ هیچ خشتەیەکی نەداوە بۆ مانەوە لە سووریادا و دەخوازێت کوردەکان بپارێزێت ...
- McDowall, D. (2004). A Modern History of the Kurds. London and New York: I.B. Tauris. مێژووی نوێی کورد...
- McGuinness, R. (2018). ‘“You don’t understand”: Fury as Macron brands Turkey “anti- European”’. Express, 29 August 29. www.express.co.uk/news/world/1010174/emmanuel-macron-news- turkey-european-union-latest.
"تۆ تێناگەیت": بە تووڕەبوونێکی توندەوە ماکرۆن مۆرکی'دژە ئەوروپیی' ناوە بە تورکیاوە...
- Naghi, J. (2019). ‘Why Rojava matters for Israel’. The Jerusalem Post, 11 February. www.jpost.com/Opinion/Why-Rojava-matters-for- Israel-580358?fbclid=IwAR0gZ5NsxuRjUwB68psomU- eIHT_DmrdyKLnXTffhKVy9sbZLz8qblSlQbQ.
"ڕۆژاڤا جێی بایەخی ئیسرائیلە" ....
- Nye, J. (2004). Soft Power: The Means to Success in World Politics. New York: Public Affairs.
هێزی نەرم: هۆکاری سەرکەوتن لە سیاسەتی جیهانیدا ...
- Nye, J. (2018). ‘How sharp power threatens soft power: The right and wrong ways to respond to authoritarian influence’. Foreign Affairs, 24 January. www.foreignaffairs.com /articles/china/2018–01- 24/how-sharp-power-threatens-soft-power.
چۆن هێزی تیژ هەڕەشە لە هێزی نەرم دەکات: ڕێگەی ڕاست و هەڵە بۆ وەڵامدانەوەی کاریگەریی تاکڕەوی ....
- Olson, R. (1989a). The Emergence of Kurdish Nationalism and the Sheikh Said Rebellion, 1880 - 1925. Austin, TX: University of Texas Press.
سەرهەڵدانی ناسیۆنالیزمی کوردی و شۆڕشی شێخ سەعید، ١٨٨٠ - ١٩٢٥
- Olson, R. (1989b). The Kocgiri Kurdish Rebellion in 1921 and a draft law for a proposed autonomy of Kurdistan. Oriente Moderno, 8 (69), 41 – 56.
شۆڕشی کوردەکان قۆجکیری ساڵی ١٩٢١ و ڕەشنووسێکی یاسا بۆ ئۆتۆنۆمیی کوردستان ....
- Paquin, J. (2010). A Stability - Seeking Power: U.S. Foreign Policy and Secessionist Conflicts. Montreal: McGill-Queen’s University Press.
سەقامگیری- گەڕان بەدوای هێزد: سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکاو ململانێ جوداخوازەکان ...
- RadioFree Europe (2017). ‘Trump says he won’t take sides as Iraqi forces oust Kurds from Kirkuk’. 17 October. www.rferl.org/a/iraq-kirkuk-kurdish-region-clashes-islamic-state /28797237.html.
"ترامپ دەڵێ ئەو هیچ لایەنێک ناگرێت لەکاتێکدا کە هێزە عێراقییەکان کوردەکان لە کەرکووک دەردەکەن" ...
- Romano, D. (2006). The Kurdish Nationalist Movement: Opportunity, Mobilization and Identity. Cambridge: Cambridge University Press.
بزووتنەوەی ناسیۆنالیستیی کورد: دەرفەت، جۆشدان و ناسنامە ....
- Romano, D. (2014). Iraq’s descent into civil war: A constitutional explanation. The Middle East Journal, 68 (4), 547 - 66.
خزانی عێراق بەرەو شەڕی ناوخۆ: لێکدانەوەیەکی دەستووری ....
-Rubin, M. (2018). ‘In Afrin, Turkey seeks ethnic cleansing, not terror eradication’. The Washington Examiner, 26 January. www.washingtonexaminer.com/in-afrin-turkeyseeks-ethnic- cleansing-not-terror-eradication/article/2647260.
"لە عەفریندا، تورکیا هەوڵی پاکتاوی نەژادی دەدا، نەک لەناوبردنی تێرۆر ...
- Stansfield, G. (2018). ‘Turkey’s attack on Syrian Kurds could overturn the entire region’ . The Guardian, 27 January. " هێرشی ئەمڕۆ بۆ سەر کوردەکانی سووریا تەواوی ناوچەکە هەڵدەگێڕیتەوە" ... www.theguardian.com/commentisfree/2018/jan/28/tur
key-attack-on-syrian-kurds-could-overturn-entire-region.
Stansfield, G. and Shareef, M. (2018). The Kurdish Question Revisited. London: Hurst &Company.پێداچوونەوەی مەسەلەی کورد..
Sullivan, K. (2018). ‘Graham: Trump’s Syria withdrawal a “stain on the honor of the United States”’. CNN, 20 December. www.cnn.com/2018/12/19/politics/lindseygrahamtrump-syria-withdrawal-stain-honor/index.html
"گراهام:کشانەوەی ترامپ لە سووریا 'پەڵەیەکی شوورەییە بەسەر شەرەفی ئەمریکاوە' ....
Tax, M. (2016). ‘Turkey is supporting the Syrian jihadis Washington says it wants to fight’. The Nation, 16 September. www.thenation.com/article/turkeyis-supporting-the-syrian-jihadis-washington-says-it-wants-to-fight/.
"تورکیا پشتگیریی جیهادییەکان دەکات واشنتۆن دەڵێ ئەو دەیەوێت شەڕ بکات" ...
- Tax, M. (2018). ‘Showdown in Afrin: Turkey’s attack on Syria’s Kurds threatens that country’s most democratic, pluralist force’. The Nation, 26 January. www.thenation.com/article/showdown-in-afrin-turkeys-attack-on- syrias-kurds-threatens-that-countrys-most-democratic-pluralist-force/.
"ڕووبەڕووبوونەوەیەکی یەکلاکەرەوە لە عەفریندا: هێرشی تورکیا بۆ سەر کوردەکانی سووریا هێرشە بۆ سەر هێزە زۆر دیموکراتی و فرەییەکان...
- Tejel, J. (2009). Syria’s Kurds: History, Politics, and Society. London and New York: Routledge.کوردەکانی سووریا: مێژوو، سیاسەت، کۆمەڵگە...
-The Jordan Times (2018). ‘Senior US diplomat visits Kurdish-held territory in Syria’. 25 August. www.jordantimes.com/news/region/senior- s-diplomat-visits-kurdishheld-territory-syria.
گەورە دیپلۆماتی ئەمریکی سەردانی ناوچەی ژێر دەسەڵاتی کورد دەکات لە سووریا...
- Toivanen, M. and Baser, B. (2016). Gender in the representations of an armed conflict: Female Kurdish combatants in French and British media. Middle East Journal of Culture and Communication, 9 (3), 294 - 314.
جەندەر لە نوێنەرایەتی کردنی شەڕ و ململانێی جەکداریدا: جەنگاوەرانی مێینەی کورد لە میدیای فەرەنسی و بەریتانیدا...
- Vali, A. (2014). Kurds and the State in Iran: The Making of Kurdish Identity. London and New York: I.B. Tauris.
کورد و دەوڵەت لە ئێراندا: دروستکردنی ناسنامەی کورد ...
- Watts, N. F. (2014). Democracy and self - determination in the Kurdistan Region of Iraq. In D. Romano and M. Gurses (eds), Conflict, Democratization and the Kurds in the Middle East: Turkey, Iran, Iraq and Syria (pp. 141 - 68). New York: Palgrave Macmillan.
دێموکراسی و بڕیاردان لە چارەنووس لە هەرێمی کوردستاندا. لە کتێبی ... ململانێ و بەدێموکراتیبوون و کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا: تورکیا، ئێران، عێراق و سووریا...
- Watts, N. F. (2017). ‘Most Kurds in Iraq support independence. So why did some voters stay home during last week’s referendum?’ The Washington Post, 6 October. www.washingtonpost.com/news/monkey- cage/wp/2017/10/06/most-kurds-in-iraq-supportindependence-so- why-did-some-voters-stay-home-during-last-weeks- referendum/?utm_term=.4b3df41b4288.
"زۆربەی کورد لە عێراقدا پشتگیریی سەربەخۆیی دەکەن. لەبەرئەوە بۆچی هەندێ لە دەنگدەران لەماڵەوە مانەوە لە کاتی ڕیفراندۆمی ئەم دواییەدا؟
- Williams, J. (2018). ‘The Pentagon says ISIS is “well - positioned” to make a comeback’. Vox, 17 August. www.vox.com/world/2018/8/17/17715374/isis-still-threat-defeated-terrorattacks-
pentagon-iraq-syria-trump.
"پێنتاگۆن دەڵێ داعش 'لە دۆخێکی باشدایە' بۆ گەڕانەوە" ...
- WSJ Opinion (2018). ‘Testing Trump in Syria: Turkey, Russia and Iran want to push the U.S. and its allies out’. The Wall Street Journal, 24 January.
www.wsj.com/articles/testing-trump-in-syria-1516838249.
"تاقیکردنەوەی ترامپ لە سووریا: تورکیا و رووسیا و ئێران دەیانەوێ پاڵ بە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانیەوە دەنێن بچێتە دەرەوە"...
- Yayla, A. and Clarke, C. P. (2018). ‘Turkey’s double ISIS standard’. Foreign Policy, 12 April.
https://foreignpolicy.com/2018/04/12/turkeys-double-isis-standard/.
Young, R. A. (1994). How do peaceful secessions happen? Canadian Journal of Political Science, 27 (4), 773 92.
چۆن جیابوونەوەی ئاشتییانە ڕوودەدا؟....