ئا: ئاوێنە
لە هەرێمی كوردستان تەنگەژەی نەمانی دەرمان لە نەخۆشخانە حكومییەكان سەریهەڵداوە و تا ئێستا چارەسەر نەكراوە.
ماوەیەكی زۆرە لە سلێمانی كێشەی نەمانی دەرمان و خەرجنەكردنی شایستە داراییەكانی كۆمپانیاكانی دابینكەری دەرمان هەیە، بۆیە خاوەنی كۆمپانیاكان چەند جارێك گردبوونەوە و وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیش هەرچەند باس لە هەوڵەكانی چارەسەری ئەم تەنگەژەیە دەكات، ئاشكراشیدەكات، ئەم تەنگەژە تەنها لە سلێمانیدا نییە، بەڵكو شوێنەكانی دیكەش هەیە.
ئەگەرچی هەرێمی كوردستان داهاتی ناوخۆی بەشێوەیەكی بەرچاو بەرزبووەتەوە بەهۆی چەند هێندەبوونی باج و رسومات و كرێی ئاوو كارەبا و هاتووچۆ و بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بۆ نزیكەی 100 دۆلار، كەچی تەنگەژە داراییەكانی هەرێمی كوردستان بەردەوام بن.
جگە لە خاودابەشكردنی مووچە، تەنگەژەی نەدانی شایستە داراییەكانی كۆمپانیاكانی دەرمان و زبڵ كۆكردنەوە لە تەنگەژە سەرەكییەكانن، لەپاڵ تەنگەژەكانی گرانی و نەبوونی بەنزین و غاز و نەوتی سپی.
ئاسۆ حەوێزی، وتەبێژی وەزارەتی تەندرووستی هەرێم لەبارەی مانگرتنی كۆمپانیاكانی دەرمان لەسلێمانی ڕاگەیاند، ئێمە لەسەر هێڵین بۆ بابەتی دەرمان و داواكارییەكانیش بەرزكراوەتەوە بۆ شوێنێ خۆی، چونكە دەرمان كێشەیەكی خێرایە و پەیوەستە بەتەندرووستی هاووڵاتیان.
دەشڵێت، ئێمە لەگەڵ كۆمپانیاكان هەوڵمانداوە ئەو بەشە دەرمانانەی دابینی دەكەن بەپێی گرێبەستەكانی هەن بەردەوام بێت، كێشەی دابینكردنی دەرمان تەنھا لە پارێزگای سلێمانی نییە بەڵكو لە شارەكانی دیكەی ھەرێمی كوردستان ئەو كێشە ڕوویداوە و ڕوودەدات.
ئەوەشی خستەڕوو، هەوڵەكان بەردەوامن و كێشەی دەرمانیش لەسلێمانی لەچارەسەركردندایە، لەگەڵ وەزارەتی دارایش لەسەر هێڵین تاوەكو ئەوەی پەیوەستە بە لایەنی دارایی بۆ ئەوەی مافی كۆمپانیاكان دابین بكرێت.
لە ماوەی چەند هەفتەی رابردوودا كۆمپانیاكانی كۆكردنەوەی زبڵ لە شاری سلێمانی و چەند شار و شارۆچكەیەكی دیكە بۆ ماوەیەك مانیان گرت، بەهۆی خەرجنەكردنی شایستە داراییەكانیانەوە و دوایی چەند بەڵێنێكیش دەستیان بەكاركردەوە، بەڵام بەڵێنەكانیان بۆ جێبەجێنەكراوە.
ئەرشەد قەرەداغی سەپەرشتیاری كۆمپانیای هەرێم ڕاگەیاند تا ئیستاش ئێمە ئیشەكانمان ڕانەگرتووە و بەردەوامین، بڕیاریشە ئەمڕۆ یان سبەی شایسستە داراییەكانمان بۆ خەرجبكرێت، بەپێچەوانەوە، ئەوكات بە یەكجاری كارەكان ڕادەگرین.
راشیگەیاند، بڕی 100 ملیۆن دیناریان بۆ كۆمپانیاكان خەرجكرد و ئێمەش پارەی ستافی كۆمپانیاكەمان داوە و بەڵێنی ئەوەشمان پێدراوە كە لەم مانگی یەكەوە ئەو پارەیەی لە لای حكومەتە بۆمان بگێڕنەوە .
دەشڵێت كە پارەمان بۆ سەرف نەكرێت، ئیشەكان ناكرێت لەبەر ئەوەی بڕێكی زۆر قەرزمان كەوتووەتە سەر.