ئا: ئاوێنە
کاربەدەستانی جێبەجێکردنی یاسا لە ئەمریكا هاوڵاتییەكی وڵاتەكەیان دەستگیركردوە ئەوەش بەتۆمەتی ئەشکەنجەدانی کەسێک لە هەرێمی کوردستان. لێکۆڵەرانی ئێف بی ئای دەڵێن ئەو هاوڵاتییە ئەمریكییە لەگەڵ "ژمارەیەک سەربازی کورد" ئەم تاوانەی ئەنجامداوە.
بەپێی هەواڵێكی دەنگی ئەمریكا، وەزارەتی دادی ئەمریكا رۆژی هەینی لە راگەیاندنێکدا ئاشكرایكردوە، رۆس رۆگیۆ (تەمەن 53 ساڵ) کە لە ساڵی 2015 لەگەڵ "ژمارەیەک سەربازی کورد" کەسێکی لە هەرێمی کوردستان ئەشکەنجەداوە، رۆژی پـێنجشەممە دەستگیرکراوە.
ئاوێنە لە تەلەگرام جۆین بكە
بەپـێی یاداشتی تۆمەتەکان، رۆس لە ساڵی 2015 لەگەڵ بەرپرسانی کورد دەستیکردوە بە کارو و ڕازی بوە سەرپەرشتی پرۆژەیەک بکات بۆ دروستکردنی کارگەیەکی چەک، بەرپرسە کوردەکانیش پێداویستییەکانیان بۆ دابینکردوە لەگەڵ سەربازانی کوردیش کە لە ژێر کۆنترۆڵی ئەو بەرپرسانەدا بون.
یەک لە کارمەندەکان، نیگەرانی خۆی لە بەرامبەر پرۆژەکە دەربڕیوە. رۆسیش بۆ ئەوەی کارمەندەکە دەمکوت بکات، لەگەڵ ژمارەیەک سەربازی کورد چونەتە سەر ماڵی کارمەندەکەو لەوێ کیسێکیان کردوە بە سەریدا و بە زۆر بردویانە.
پاشان بۆ نزیکەی 39 رۆژ کارمەندەکە لە شوێنێکی سەربازی دەستگیرکراوەو لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا کراوە. رۆس لەگەڵ سەربازە کوردەکان بە چەندان شێوە ئەشکەنجەیان داوە، لەوانە کیسی نایلۆنیان کردوەتە سەری و هەوایان لێبڕیوە وەک ئەوەی بیخنکێنن، کارەبایان لە ناوگەڵ و شوێنی دیکەی جەستەیان داوە هەتا ئەو ئەندازەیەی خوێن لە قۆڵی هاتوەو دەستەکانی توشی لەرزین کردوە، بە سۆندە لێیان داوە، بە پۆستاڵەوە چونەتە سەر سنگی، هەڕەشەیان لێکردوە پەنجەیەکی ببڕنەوە، تەنانەت جارێکیش رۆس پشتێنەکەی لە ملی کارمەندەکە ئاڵاندوەو رایکێشاوە هەتا لە هۆش خۆی چوە، کاتێک کە هۆشی هاتوەتەوە، سەربازێکی کورد بە تێڵایەک بە ناوگەڵیدا کێشاوە.
لە وردەکاری تۆمەتەکان کە لە 38 لاپەڕە پێکهاتوە، باس لەوە دەکرێت رۆس ژمارەیەک کارمەندی دیکەی هێناوەو ناچاری کردون ببینن چۆن ئەو هاوکارەیان ئەشکەنجە دەدرێت لە ڕوی جەستەیی و دەرونی.
بەڵگەی زۆریش کۆکراونەتەوە سەبارەت بە حەواڵەکردنی پارەیەکی زۆر بۆ سەر حسابی بانکی کۆمپانیاکەی رۆس (Roggio Consulting Co. LLC). لە تۆمەتەكاندا هاتوە كە لە مانگی دوی 2015 زیاتر لە یەک ملیۆن و 300 هەزار دۆلار لە بانکی نێودەوڵەتی کوردستان لە هەولێر خراوەتە سەر حسابی کۆمپانیاکەی ڕۆس لە بانکی PNC. هەروەها حەواڵەی دیکە ئاشکراکراوە.
جگە لە تۆمەتی ئەشکەنجەدان، 37 تۆمەتی دیکە ئاڕاستەی رۆس رۆگیۆ کراون، لەوانە ناردنی پارچە چەک لە ئەمریكاوە بۆ هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی نایاسایی بۆ پرۆژەکەی.
دەوترێت ئەگەر ئەو تۆمەتانە بەسەر رۆسدا ساغ ببنەوە، ئەوا بۆ ماوەی 20 ساڵ لەسەر ئەشکەنجەدانەکە ئەگەری هەیە زیندانی بکرێت و هەروەها 705 ساڵی دیکەش لەسەر 37 تۆمەتەکەی تر. لەگەڵ ئەوەشدا دەستدەگیرێت بەسەر سەروەت و سامانەکەی و تەنانەت 4 کاتژمێری جۆری رۆلێکس کە بە رۆس گیراوە و بەهای هەر یەکەیان بە دەیان هەزار دۆلارە.
کێنت پۆڵایت، یاریدەدەری وەزیری دادی ئەمریكا بۆ کاروباری بەشی تاوان لە وەزارەتی داد وتی، دەستگیرکردنی ئەم تاوانبارە دەیسەلمێنێت وەزارەتی داد سزای ئەو ئەمریکیانە دەدات کە توندوتیژی ئەنجام دەدەن، ئەرکی بەشی تاوانە ئەو کەسانەی پێشێلکاری لە بەرامبەر مافەکانی مرۆڤ دەکەن ڕاپێچی بەردەم دادگایان بکات.
جاکلین مەگوایەر کاربەدەست لە ئێف بی ئای وتی "ئەم تاوانبارە پلە و پۆستەکەی خراپ بەکارهێناوەو سەربازانی بیانی بەکارهێناوە بۆ ترساندنی کەسێک کە جێی مەترسی بوە بۆ پیلانە گەندەڵەکەی."
وتیشی "کاری قێزەوەنی وەک ئەشکەنجەدان ئەگەر بە دەستی هاوڵاتی ئەمریكی بکرێت کە پێشێلە بۆ یاساکانمان، ئیدی لە ئەمریكا ئەنجام بدرێت یان لە خاکێکی بیانی، ئەوا دەزگای ئێف بی ئای لەسەر ئاستی جیهانیش دوای دەکەوێت و لەگەڵ هاوبەشە فیدراڵی و نێودەوڵەتییەکانمان کاردەکەین لە پێناوە بەدیهێنانی دادوەری بۆ هەر قوربانییەک، ئێدی لێرە بێت یان لە دەرەوە."