ئا: هیوا ناسیح
تۆماس شمیدینگه‌ر ساڵی ١٩٧٤ له شارۆچکه‌ی فێڵدکیرخ له نه‌مسا له‌دایکبووه و له ڤییه‌ننا داده‌نیشێت، یه‌ک له دۆسته هه‌ره نزیکه‌کانی کورده، دکتۆرای له زانستی سیاسی و تایبه‌تمه‌ندی له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و کورددا هه‌یه. ئه‌م که له گه‌نجییه‌وه تێکه‌ڵی کورد و که‌لتوره‌که‌مان بووه، دواتر وه‌ک ئه‌کادیمی و چاودێرێکی سیاسی و نوسه‌ر زیاتر له کورد و سیاسییه‌کان نزیک ده‌بێته‌وه، تا ده‌گات به‌وه‌ی ده‌یان جار سه‌ردانی هه‌ر چوار پارچه‌ی کوردستانی کردوه و چه‌ندان کتێبی له‌سه‌ر کورد نوسیوه، ته‌نانه‌ت ناوی پارچه‌کانی کوردستانیش به کوردی ده‌هێنێت! هاوکات به‌رده‌وام به‌شداری چالاکییه که‌لتوری و سیاسییه‌کان له ڤییه‌ننا و زانکۆکانی ئه‌و وڵاته ده‌کات و ناوبه‌ناویش سه‌ردانی کوردستان ده‌کات. کاره‌کانی هه‌ر نوسینی نه‌گرتۆته‌وه و هه‌ر له وڵاته‌که‌ی خۆشی نییه، به‌ڵکو له‌سه‌ر ئاستی ده‌ره‌وه‌ش له ناوه‌نده زانستی و ڕامیارییه‌کان و زانکۆکانی ئه‌وروپا و ئه‌مریکا به‌رده‌وامه. ساڵی ٢٠١٦ دوای چه‌ند سه‌ردانێکی بۆ ڕۆژئاوای کوردستان پیشانگایه‌کی له ساختمانی په‌رله‌مانی ئه‌وروپا بۆ وێنه‌کانی کرده‌وه، که له‌وێ چرکاندبوونی و گیانی به‌ره‌نگاری و ژیاندۆستی و خه‌باتی کوردی ئه‌وێی تێیاندا به‌رجه‌سته کردبوو، له ئه‌نجامدا وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی تورکیا و نوێنه‌ری تایبه‌تی ئه‌ردۆگان ئیدانه‌ی په‌رله‌مانی ئه‌وروپایان کرد، که رێگه‌ی ئه‌و چالاکییه‌یان داوه! بۆ زیاتر ناسینی ئه‌م پیاوه ڕۆحسوک و چالاک و ئه‌کادیمییه به خوێنه‌ری کورد ئه‌م چاوپێکه‌وتنه‌مان به زمانی ئه‌ڵمانی له‌گه‌ڵیدا سازکرد.
- با پێشه‌کی تۆماس شمیدینگه‌ر له زمانی خۆیه‌وه بناسین، تۆماس کێێه؟
+ من خه‌ڵکی شارۆچکه‌یه‌کی رۆژئاوای نه‌مسام و له‌وێ گه‌وره بووم، له خوێندنی بڕوانامه‌ی دووه‌می زانکۆمدا به‌شی زانستی سیاسی و کۆمه‌ڵ و کهلتورناسیم خوێند، له‌وێدا خۆم بۆ بابه‌تی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ته‌رخانکرد، نه‌ک ته‌نها کوردستان. کاتێک که هه‌رزه‌کار بووم زۆر له‌گه‌ڵ گروپه سیاسییه چه‌په‌کاندا چالاک بووم. ئه‌مڕۆ خه‌ریکی نوسینم، به‌ڵام دیاره ته‌نها چاودێرێکی ڕووت نیم، به‌ڵکو وه‌ک که‌سێکی زانستکاری سیاسی ماومه‌ته‌وه. له کاتی خوێندنی زانستی سیاسیمدا کارم له‌سه‌ر زۆر بابه‌ت کردوه وه‌ک کوردستان، سوریا، عێراق، سودان و باشوری خۆرهه‌ڵاتی ئه‌وروپا هه‌روه‌ها بابه‌تی کۆچبه‌ران و په‌یوه‌ندی ئاین و ده‌وڵه‌ت. من زانستی سیاسییم له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵ و کهلتورناسی کۆکردۆته‌وه. داشنانیشم له‌ماڵه‌وه به‌ڵکو ده‌چمه گۆڕه‌پانه‌که و له نزیکه‌وه خه‌ڵک و که‌لتور و ڕه‌وشی ژیانییان ده‌ناسم و ئه‌مه خۆشیم ده‌داتێ، کاتێک سه‌ردانی ئه‌و شوێنانه ده‌که‌م ته‌نانه‌ت له کاتی قه‌یرانه سه‌خته‌کانیشدا.
- وه‌ک ده‌زانرێت به‌رێزت په‌یوه‌ندییه‌کی باشت له‌گه‌ڵ کورددا هه‌یه و گرنگی زۆریش به کێشه‌که‌یان ده‌ده‌یت، ده‌کرێت بزانین ئه‌مه له کوێوه سه‌رچاوه‌ی گرتوه؟ ئه‌م په‌یوه‌ندی و ناسینه چۆن گه‌شه‌ی کردوه؟
+ من کاتێک گه‌نج بووم کوڕان و کچانی کوردم له‌و ناوچه‌یه‌ی خۆم و له شاری فۆراڵبێرگ ناسین، که وه‌ک کۆچبه‌ر له‌وێ بوون و ده‌ژیان. باوه‌ڕه‌که‌م ته‌مه‌نم شانزه حه‌فده ساڵێک ده‌بوو، کاتێک بۆ یه‌که‌مجار ئاماده‌ی کۆنسێرتێک بووم هی شڤانپه‌روه‌ر، دواتر حه‌زم بۆ که‌لتور و موسیکی کوردی جوڵا. واته پێش ئه‌وه‌ی بچمه زانکۆ تێکه‌ڵێم له‌گه‌ڵ کوردان‌دا هه‌بوو. یه‌که‌مجار سه‌ردانی کوردستانم کرد ساڵی ١٩٩٩ بوو خوێندکاری زانکۆبووم، کاتێک له‌گه‌ڵ کچێکی هاوڕێمدا سه‌فه‌رێکی درێژمان کرد بۆ ڕۆژئاڤا و سوریا، ماوه‌یه‌ک له قامیشلو و حه‌سه‌که بووین، له‌وێوه چووینه نوسه‌یبین. له ساڵی ٢٠٠٤ه‌وه به‌به‌رده‌وامی سه‌ردانی باشوری کوردستان (به‌شی عێراق) ده‌که‌م، وه ساڵی ٢٠٠٧ بۆ یه‌که‌مجار له ڕۆژهه‌ڵات (ئێران) بووم. له‌گه‌ڵ کاتدا فێری عه‌ره‌بی و تورکی و هه‌ندێک کوردیش بووم. ئه‌مڕۆ په‌یوه‌ندی فه‌رمی و که‌سییم به خه‌ڵکی کورده‌وه له هه‌موو ناوچه‌کان هه‌یه، به‌جۆرێک من له‌وێ هه‌ست ده‌که‌م وڵاتی خۆمه.
- ده‌توانین بزانین چه‌ند جار سه‌ردانی کوردستانت کردوه؟ وه چه‌ند کتێبت له‌سه‌ر کورده‌کان نوسیوه؟ ئایا هیچ له کتێبه‌کانت بۆ زمانی کوردی وه‌رگێڕراون؟
+ چه‌ند جار به‌ته‌واوی بیرم نییه، به‌ڵام به مه‌زه‌نه، گه‌ر هه‌موو پارچه‌کانی کوردستان حساب بکه‌ین، نزیکی سی جار له‌وێ بوومه، جا سه‌فه‌ره‌کانم هه‌بوون بۆ چه‌ند مانگێک یا کورت بوون بۆ چه‌ند رۆژێک، بۆ نمونه کاتێک بۆ کۆنفرانس یان سیمینارێک داوه‌ت کراوم. به گشتی خۆم سێ کتێبم له‌سه‌ر کورد نوسیوه، که گێڕانه‌وه‌یه چیم بینیوه له‌وێ، یه‌کێکیان له‌سه‌ر ڕۆژئاڤایه، یه‌کێکی تر له‌سه‌ر عه‌فرینه و دانه‌یه‌کی تریان له‌سه‌ر شه‌نگاله. جگه له‌مه دوو کتێبی ترم به هاوبه‌شی له‌سه‌ر کوردستان چاپکردوه. ژماره‌یه‌کی زۆر وتاری زانستی و رۆژنامه‌وانیم نوسیوه. له ساڵی ٢٠١٣وه به‌رده‌وام و ساڵانه له‌گه‌ڵ هاوڕێکانمدا (کتێبی ساڵانه‌ی ڤییه‌ننا بۆ لێکۆڵینه‌وه‌ی کوردی) بڵاوده‌که‌ینه‌وه، که لێکۆڵینه‌وه‌ی به زمانی ئه‌ڵمانی و ئینگلیزی له‌سه‌ر کوردستان تێدایه. دوو کتێبه‌که‌ی خۆم بۆ زۆر زمانی تر وه‌رگێڕراون وه‌ک ئینگلیزی، عه‌ره‌بی، تورکی و کوردی، ته‌نها ئه‌و کتێبه‌شم که له‌سه‌ر عه‌فرین نوسیومه به دیالێکتی سۆرانی وه‌رگێڕراوه و ساڵی ٢٠٢٠ له ئێران بڵاوکراوه‌ته‌وه.
- له که‌یه‌وه تۆ گرنگی به ململانێکانی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌ده‌یت؟ بۆ چی ئه‌و کێشانه‌ی خۆرهه‌ڵاتی ناڤین لای تۆ گرنگن؟
+ زه‌مه‌نێکی دیاریکراو نییه، که من له‌و کاته‌وه گرنگیم پێ دابێت، هه‌رچۆنێک بێت له گه‌نجییه‌وه ئه‌و ناوچه‌یه سه‌رنجیان ڕاکێشاوم. من له‌گه‌ڵیدا گه‌وره بووم، کاتێک سه‌روه‌ختی خوێندنه‌که‌م بوو، بۆ من گرنگ بوو کۆرسێکی خوێندنی عه‌ره‌بیم له قاهیره بوو، کاتێک ساڵی ١٩٩٨ ته‌واوی وه‌رزێکی خوێندن له‌وێ بووم. کۆرسێکی خوێندنی تورکیم له ئه‌سته‌نبول بوو، کاتی نوسینی پڕۆژه‌ی ده‌رچوونم له سودان بووم، پاشان ئه‌و هه‌موو یه‌کتربینینه زۆره‌م له‌گه‌ڵ خه‌ڵکیدا له ناوچه‌که و دوور له ئه‌وروپا.
- وه‌ک تۆ ده‌زانی، که تورکیا له ساڵانی ڕابردوودا زۆرجار په‌لاماری ناوچه‌ی خۆبه‌ڕێوبه‌ریی رۆژئاڤای داوه له باکور و رۆژهه‌ڵاتی سوریا، هه‌روه‌ها چه‌ندان شاریشی وه‌ک عه‌فرین دوای به‌رگرییه‌کی سه‌خت داگیرکردوه، به بۆچوونی تۆ بۆچی تورکیا وا ده‌کات؟ کۆنکریت بڵێین تورکیا چی له کورده‌کانی ئه‌وێ ده‌وێت؟
+ ده‌سته‌ڵاتدارانی ئێستای تورکیا هه‌ر خۆبه‌ڕێوه‌به‌رێتییه‌کی کورده‌کان به هه‌ڕه‌شه بۆ سه‌ر خۆیان ده‌بینن، به‌تایبه‌ت که ناوچه‌که له ژێر ده‌ستی پارتێکی ده‌سته‌خوشکی پارتی کرێکاراندا بێت، ئه‌مه‌ش نه‌ک به‌و مانایه‌ی که ناوچه‌ی ئۆتۆنۆمی باکور و رۆژهه‌لاتی سوریا هه‌ڕه‌شه‌ی سه‌ربازی له‌سه‌ر تورکیا دروست کردبێت. هێزی باش پڕچهکنهکراوی یه‌په‌گه هه‌رگیز هه‌ڕه‌شه‌یه‌کی سه‌ربازی نابێت بۆ ده‌وڵه‌تێکی ئه‌ندامی ناتۆی پڕچه‌ککراوی وه‌ک تورکیا. به‌ڵکو مه‌سه‌له‌که کاریگه‌ریی ئه‌و نمونهباڵایهی ده‌سته‌ڵاتی کوردییه که له‌سه‌ر سنوری تورکیا ده‌توانێت هه‌یبێت، که به بیروباوه‌ڕێکی پێشکه‌وتوخوازیی سیکولاریی په‌یوه‌ست بێت. دیاره ئه‌مه‌ش ته‌نها په‌یوه‌ندی به پارتی کرێکارانه‌وه نییه. ئه‌نقه‌ره ساڵی ١٩٩١ کوردستانی عێراقیشی وه‌ک هه‌ڕه‌شه بۆ سه‌ر خۆی ده‌بینی، به‌ڵام به پێی کات کردی به ناوچه‌یه‌کی ئابوری و بازاڕێکی کاڵا بۆ خۆی، به‌تایبه‌ت له‌گه‌ڵ پارتی دیموکرات‌دا. ئه‌مه‌ش مانای ئه‌وه نییه که تورکیا ڕێز له سنوری عێراق ده‌گرێت، خۆ هه‌ر چه‌ند رۆژێک له‌مه‌وبه‌ر بوو هێزی ئاسمانی تورکیا ناوچه‌کانی شه‌نگالی به چڕی بۆمبا‌باران کرد. خۆ ئه‌وێ به‌شێک نییه له هه‌رێمی کوردستان و نزیکیش نییه له سنوری تورکیاوه. ئه‌و بیانوانه‌ی که تورکیاش ده‌یهێنێته‌وه ناتوانێت ببنه پاساوی هێرشه‌کانی.
- تۆ ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ی نێوان تورکیا، به‌تایبه‌ت ئه‌ردۆگان و پارته‌که‌ی واته ئه‌که‌په له‌گه‌ل داعشدا چۆن ده‌بینی؟ ده‌کرێت ئه‌و په‌یوه‌ندیه چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنی یان چ ناوێکی لێ بنێین؟
+ زنجیره‌یه‌ک نیشانه هه‌ن، که‌وا ئاماژه‌ن بۆ هاوکاری و هه‌مئاهه‌نگی نێوان ده‌وڵه‌تی قوڵی تورکیا له‌گه‌ڵ داعشدا، به ڵام سروشتی ههمئاههنگییهکه به‌نهێنی هێڵراوه‌ته‌وه، چیش به ته‌واوی ڕووده‌دات له‌و نێوانه‌دا، مرۆڤ ته‌نها کاتێک ده‌یزانێت، که گۆڕانکاری له ڕژێمی تورکیادا ڕووبدات. به‌ڵام ئه‌وه‌ی مرۆڤ به دڵنیاییه‌وه ده‌توانێت بیڵێت، ئه‌وه‌یه که داعش سود له‌وه ده‌بینێت، که تورکیا دژی هێزه‌کانی هه‌سه‌ده ده‌جه‌نگێت، که ئه‌مه واتا هه‌ردوو تورکیا و داعش پێکه‌وه دوژمنی هاوبه‌شی هه‌سه‌ده‌ن. ئه‌مه بۆ نمونه له‌م دواییه‌شدا نیشانی‌دا، کاتێک هێزه‌کانی هه‌سه‌ده خه‌ریکی شه‌ڕ بوون دژی هێرشی سه‌ر زیندانی حه‌سه‌که له‌گه‌ڵ داعش، که‌چی تورکیا له‌ولاوه به درۆن هێرشی ده‌کرده سه‌ر هێزه‌کانی هه‌سه‌ده، ئه‌مه به هه‌ر جۆرێک بێت، بریتییه له هاوکاریکردن بۆ داعش.
- وه‌ک چاودێرێکی ململانێکانی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و زانستکارێکی ڕامیاریی ئایا چۆن کۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی ده‌توانێت کورده‌کانی سوریا له هێرشی تورکیا بپارێزێت؟
+ ئه‌مه پرسیاری ده‌توانێت نییه، به‌ڵکو مه‌سه‌له ویستی سیاسییه. بوونی هێزه‌کانی ئه‌مریکا له باکور و رۆژهه‌ڵاتی سوریا به‌شێکی بۆ پاراستنی کورده‌کانه. به‌ڵام ئه‌وه بوو بینیمان چی ڕوویدا، کاتێک سه‌رۆکێکی ئه‌مریکای که‌م هه‌ست بهبهرپرسیاریکهری وه‌ک ترامپ هێزه‌کانی له پڕدا کشانه‌وه و ناوچه‌که‌ی بۆ هێرشکردنه سه‌ر به‌جێهێشت. له ئۆکتۆبه‌ری ٢٠١٩ به‌ڕوونی ده‌رکه‌وت، که چه‌ن دۆخێکی ناله‌باری خوڵقاند. دیاره بایدن وه‌ك ترامپ نییه، به‌ڵام هیچ که‌س گره‌نتی ناکات، که جارێکی تر ترامپ ناگه‌ڕێته‌وه سه‌رۆکایه‌تی ئه‌مریکا. ئه‌وروپا ناوچه‌که‌ی پشتگوێ خستوه، ئه‌ڵمانیاش وه‌ک کاریگه‌رترین هێزی یه‌کێتی ئه‌وروپا به‌داخه‌وه وه‌ک نه‌ریتێک زۆر نزیکه له تورکیا. من له کابینه‌ی نوێی حکومه‌تی ئه‌ڵمانیاش، که هاوپه‌یمانێتی نێوان سه‌وزه‌کان و لیبراڵه‌کانه، وا ڕانابینم که هیچ گۆڕانکارییه‌ک بکات له هه‌ڵوێستیدا به‌رامبه‌ر به تورکیا. ڕوسیاش به‌رئه‌نجامی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ترامپ له‌سوریادا کاریگه‌رییه‌که‌ی زۆر زیادی کرد. ئێمه بمانه‌وێت یان نا، متمانه‌ی پێ ناکرێت، ئه‌وه بوو روسیا ساڵی ٢٠١٨ عه‌فرینی بۆ هێرشکردنه سه‌ر جێهێشت. بۆیه ناکرێت کورده‌کان له‌وێ پشت به هێزی نێوده‌وڵه‌تی بۆ پاراستنی خۆیان ببه‌ستن و ره‌وشه‌که‌یان تا کاتێکی نادیار جارێ ناله‌باره.
- ڕاتان له‌سه‌ر بزوتنه‌وه‌ی ئازادیخوازی کورده‌کان له باکوری کوردستان (تورکیا) چییه؟ ره‌وشه‌که به‌ره‌و کوێ ده‌ڕوات؟ پێتان وایه له داهاتوویه‌کی نزیکدا له ژێر فشاری نێوده‌وڵه‌تیدا ئۆجه‌لان ئازاد ده‌کرێت؟
+ به له‌به‌رچاوگرتنی دۆخی قه‌یرانی ئابوری و سیاسیی له تورکیادا سه‌خته بۆ که‌سێک پێشبینی ئه‌وه بکات، که له داهاتوودا چی له‌وێ ده‌گوزه‌رێت. من وه‌ک خۆم لام وایه، که حکومه‌تی ئاکه‌په ناتوانێت ماوه‌یه‌کی درێژتر بمێنێته‌وه، به‌ڵام خۆ ئه‌مه‌ش به‌مانای ئه‌وه نییه، که ئۆتۆماتیکی ئه‌و حکومه‌ته‌ی دواتر ده‌سته‌ڵات ده‌گرێته ده‌ست زیاتر دۆستی کورد ده‌بێت، له‌مانه‌ی تا ئێستا هه‌بوونه. هیچ دووریش نابینرێت، که ئه‌ردۆگان ته‌واوی وڵات بخاته شه‌ڕێکی ناوخۆوه، ئه‌گه‌ر ملی نه‌دا به‌وه‌ی بڕوات. بارودۆخی تورکیا زۆر له‌وه ناجێگیرتره که ده‌یبینین. ئه‌گه‌ری ئازادکردنێکی عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان له داهاتوویه‌کی نزیکدا که‌مه. له تورکیادا کۆده‌نگییه‌ک هه‌یه له لایه‌ن ته‌واوی پارته‌کانه‌وه له ناسیۆنالیسته‌کانه‌وه وه‌ک مه‌هه‌په، ئینجا ئیی پارتی و ئه‌که‌په و تا ده‌گاته جه‌هه‌په، که‌وا ئۆجه‌لان سه‌رۆکێکی تیرۆریسته و ده‌بێت تا له ژیاندا ماوه له زینداندا بێت. به‌ڵام ده‌کرێت ئازادکردنی ناوبراو له چوارچێوه‌ی چاره‌سه‌رێکی کێشه‌ی کورد له‌و وڵاته‌دا و وه‌ک به‌رئه‌نجامێکی ئه‌و ڕووداوه ببینرێت، دیاره ئه‌مه به‌دڵنیاییه‌وه له ژێر فشاری ده‌ره‌وه ڕوونادات.
- تۆ زۆرجار سه‌ردانی باشوری کوردستانت کردوه، به گشتی دۆخی ئه‌وێ چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنیت؟
+ به‌داخه‌وه هێشتا کاریگه‌ریی ئه‌و قه‌یرانه ئابورییه گه‌وره‌یه ته‌واو نه‌بووه، که ساڵی ٢٠١٤ له ئه‌نجامی فراوانبوونی (ده‌وڵه‌تی ئیسلامی) ناوچه‌ی کوردنشینهکهشی گرته‌وه. له ڕووی سیاسییه‌وه هێشتا حکومه‌ت پاش یه‌کگرتنه‌وه‌ی فه‌رمیی دوو ئیداره‌که‌ش ناکۆک و ناته‌بایه. کێشه‌ی نێوان پارتی دیموکرات و پارتی کرێکاران، هێرشی جاربه‌جار و داگیرکاری ناوچه سنورییه‌کانی ئه‌وێ له‌لایه‌ن تورکیاوه هه‌یه. من به نیگه‌رانییه‌وه چاودێری ده‌که‌م، که سه‌ره‌ڕای لێدوانی به‌رده‌وام بۆ نه‌هێشتن و که‌مکردنه‌وه‌ی، که‌چی گه‌نده‌ڵی و واسته‌کاری هه‌ر زۆرتر ده‌بێت، وه ناوچه‌که‌ش له‌وه دوورتر ده‌که‌وێته‌وه، تا وه‌ک نمونه‌یه‌کی دیموکراتی له خۆرهه‌ڵاتی ناڤین‌دا ببینرێت، که هه‌وڵی بۆ ده‌درا وای لێ بێت. ئه‌م جۆره له خراپ حوکمڕانیکردن، که به‌داخه‌وه وه‌ک نه‌ریتێکی سیاسی لای سه‌رجه‌م پارته‌کان بوونی هه‌یه. له‌و کاته‌وه که ساڵی ٢٠١٩ مه‌سرور بارزانی بووه‌ته سه‌رۆکوه‌زیران و ده‌سته‌ڵاتی له ئامۆزاکه‌یه‌وه وه‌رگرت، به‌داخه‌وه زیاتر ده‌رده‌که‌وێت. دوا ڕووداو کۆچی هه‌زاران گه‌نجانی کورد بوو به‌ره‌و ڕوسیای سپی له به‌هاری ٢٠٢١، که ده‌بوو ئه‌مه زه‌نگێکی ئاگادارکردنه‌وه بێت بۆ هه‌ولێر، که گه‌ر بێت و به زوویی چاکسازیی ڕیشه‌یی به ئاڕاسته‌ی دیموکراتی و ده‌وڵه‌تی یاسا نه‌کرێت، لای که‌می سنوردارکردنی گه‌نده‌ڵی، ئه‌وا گه‌نجه‌کانی ئه‌وێ سه‌ری خۆیان هه‌ڵده‌گرن.
- له ساڵانی ڕابردوودا و له باشوردا زیاتر له سه‌ت چالاکوان و رۆژنامه‌نوس ده‌سگیرکراون، هه‌ندێک له‌وان برانه پێش دادگا و بڕیاری ساڵه‌ها زیندانییان درا، له نێو ئه‌وانه‌دا: شێروان شێروانی، گوهدار زێباری، هه‌ریوان عیسا، ئه‌یاز که‌ره‌م و شڤان سه‌عید هه‌ریه‌که‌و پاش دادگاییکردنێکی نادادپه‌روه‌رانه له هه‌ولێر به شه‌ش ساڵ حوکمی زیندانییان درا. ئه‌مه چۆن ده‌بینی؟
+ من له وڵامی پێشترمدا باسی گه‌شه‌ی ئه‌و جۆره حوکمڕانییه‌م کرد، ڕاوه‌دوونانی رۆژنامه‌نوسان به‌شێکه له‌وجۆره‌ی ده‌سته‌ڵات به‌کارهێنان و دۆخی ترساندن و تۆقاندن. دیاره هه‌میشه له‌وباره‌وه جیاوزییه‌ک له نێوان هه‌ولێر و سلێمانیدا هه‌یه، به‌ڵام به گشتی له هه‌موو ناوچه‌کانی هه‌رێمدا ئازادی رۆژنامه‌گه‌ریی به‌ره‌و پاشه‌وه چووه. من هه‌رگیز له‌و باوه‌ڕه‌دا نه‌بووم، که رۆژێک به‌غدا ئازادی رۆژنامه‌گه‌ریی زیاتر تێدا بێت له کوردستان، به‌ڵام گه‌ر مرۆڤ ڕاشکاو بێت، ده‌بێت گه‌واهی ئه‌مه بدات، که ئێستا وایه!
- وه‌ک نوسه‌ر و زانستکارێکی سیاسی، هه‌روه‌ها دۆستێکی کورد، چۆن داهاتوی کورد به گشتی ده‌بینیت؟ به تایبه‌ت سه‌باره‌ت به مافه که‌لتوری و سیاسییه‌کانیان؟
+ بۆ ئه‌مه ده‌بێت هه‌ر پارچه‌یه‌کی کوردستان به جیا هه‌ڵسه‌نگێنین، کورد ئه‌مرۆ له عێراق و سوریادا مافه که‌لتورییه‌کانیان به‌ده‌ست هێناوه. به‌ڵام ئه‌مه به‌و مانایه نایه‌ت که ئیتر له‌وێدا زۆر کتێب چاپ ده‌کرێن، زۆر شانۆگه‌ری نمایش ده‌کرێت یان فیلمی زۆر ده‌رده‌هێنرێت. له ڕووی سیاسییه‌وه که‌وتۆته سه‌ر ئه‌وه‌ی، ئایا له‌وێ ده‌سته‌ڵاتی ئۆتۆنۆمی ئه‌و دوو جێگایه له داهاتوودا به ئاڕاسته‌ی دیموکراتییه‌ت گه‌شه ده‌کات یان به‌ره‌و پێشبڕکێی ناڕه‌وا و حوکمڕانیی دیکتاتۆرییه‌تی حزبی ده‌چێت. من له هه‌ردوو پارچه‌که‌دا هه‌ست به مه‌یلێک به‌ره‌و گه‌شه‌کردنی حوکمڕانی خراپ ده‌که‌م. ڕاسته له‌و جێگایانه ده‌توانن به زمانی خۆیان بخوینن و بنوسن، به‌ڵام یایا له ژێر فشاری ناوخۆدا یان فشاری دراوسێکاندا ڕووداوه‌کان ده‌چنه پێش، گومانێک له‌مه هه‌یه. له تورکیا دۆخی مافه که‌لتوری و سیاسییه‌کان تاریکه. له ئێران‌دا هه‌رچه‌نده دان به زمان و هه‌ندێک مافی که‌لتوریدا نراوه، به‌ڵام مافه ساسییه‌کان ونه.
- ئایا تۆسهردانی سه‌رکرده کورده‌کانت کردوه یان بینیوتن؟ کامانه‌یان و ڕات له سه‌ریان چییه؟
+ به‌ڵێ چاوپێکه‌وتنم له‌گه‌ڵ جه‌لال تاڵه‌بانی و نه‌وشیروان موسته‌فادا ئه‌مین کردوه، مه‌سعود بارزانی ته‌نها له کۆبوونه‌وه‌ی گشتیدا بینیومه به‌ڵام له نزیکه‌وه قسه‌م له‌گه‌ڵ نه‌کردوه. هاوکاتیش سه‌رکرده سیاسییه باڵاکانی پارته گه‌وره‌کان و هه‌ندێک له حزبه بچوکه‌کانیش ده‌ناسم، بۆ نمونه له حزبی شویعی و یه‌کگرتوی ئیسلامی. دیاره ئه‌مانه بۆ من وه‌ک زانستکارێکی سیاسی گرنگه و په‌یوه‌ندی به مه‌یلی سیاسییه‌وه نییه. جه‌لال تاڵه‌بانی و نه‌وشیروان موسته‌فادا ئه‌مین بۆ من دوو که‌سایه‌تی کاریگه‌ر بوون، که ئه‌و کاریگه‌ریی و مێژوویی بوونه له ئه‌وانه‌ی به‌دوایاندا هاتن نابینرێت. سه‌باره‌ت به‌و سه‌رکرده سیاسییانه‌ی به که‌سیی نه‌مبینیون نامه‌وێت هیچ قسه‌یه‌کیان له‌سه‌ر بکه‌م.
وێنه‌ی به‌شێک له کتێبه‌کان و بڵاوکراوه‌کانی له‌سه‌ر کورد و کێشه‌که‌ی
تۆماس شمیدینگه‌ر لەکۆبانی