ئا: رێژەن سەردار
بازرگانی مەشروب کە ئێستا یەکێکە لەبازرگانە پڕ لەداهاتەکان لەکوردستان، وەک عەبدولئەحەدی دێرینترین مەشروب فرۆشی سلێمانی دەڵێت جۆرێک لەپاشاگەردانی پێوە دیارە، لەبەرئەوەی هەر بازرگانەو بێ لێپێچینەوەو چاودێری بەئارەزوی خۆی مەشروبی کوالێتی نزم دەکات بەم وڵاتەدا، ئەو دەڵێت "من خۆم ٣٠ ساڵە یەک بتڵی ویسکی یان شەرابم لەبازاڕ نەکڕیوەو ناشیکڕم، لەبەرئەوەی متمانەیان نییەو هیچیان کوالێتییان وەک جاران باش نییە".
عەبدولئەحەد ئەبو بەشار، کە مەسیحییەکی کلدانی نیشتەجێی شاری سلێمانییەو ئێستا تەمەنی ٧٥ ساڵە، یەکێکە لەدێرینیترین مەشروب فرۆشەکانی شار، ئەو کە لەشاری موسڵ لەدایک بووەو لەساڵی ١٩٦٠ەوە لەگەڵ خێزانەکەی رویان کردوەتە شاری سلێمانیو لەم شارەدا نیشتەجێ بوون، سەبارەت بەکۆنترین مەشروب فرۆشەکانی سڵێمانی بە"ئاوینە"ی راگەیاند "یەکەمین کەس کە لەسلێمانی بازرگانی مەشروباتی کردو دوکانی مەشروباتی دانا، پیاوێکی ئەرمەنی بوو بەناوی ڕوبێرت، پاشان سامی کەسپەر بوو کە لەگەڕەکی عەقاری لای بەنزینخانە کۆنەکە لەساڵانی شەستەکانی سەدەی رابردودا دوکانی مەشروباتیان هەبوو، میخایل ساکۆو جەرجیس-یش دوای ئەوان دوکانیان دانا، ئەو وتی " من لەساڵی ١٩٧٦ دوکانی مەشروباتم دانا، ئەوکات زۆربەی ئەو عارەقو مەشروبەی دەهات لەبەغداوە دەمانهێنا، ئەو کاتە ڕوسماتی مۆڵەتی کارکردن ساڵی ١٠٠ دینار بوو بۆ مەشروباتی ناوخۆ، بۆ مەشروباتی بیانیش ١٥٠ دینار بوو، بەڵام ئێستا ڕوسمات کراوە بە ٣ ملیون دینار، ئەوکاتە لەبەغدا کارگە هەبوو، چەندین جۆر عارەقیان بەرهەمدەهێنا بەناوەکانی عارەقی عەسریەو مەستەکیو زەحلاوی، لەگەڵ بیرەی فەریدەو شەهرزادو دواتریش شەهریار کە باشترین جۆری بیرە بوون، زۆربەی عارەقو بیرەکان لەوێوە دەهاتنو لێرە بەنرخی (سوق مەرکەزی) بەرهەمەکانمان دەفرۆشت".
عەبدولئەحەد باس لەوە دەکات کە لەعێراقدا باشترین جۆری مەشروب بەرهەمدەهێنرا، زۆربەی عێراقییەکانیش حەزیان لەخواردنەوەی عارەق بو کە ناویان نابو "شیری شێرەکە"، لەبەرئەوەی کە ئاوی تێدەکرا رەنگی وەک شیر سپی هەڵدەگەڕا، ئەو وتی "جاران جگە لەعارەقو بیرە، شەرابیش هەبوو کە لەموسڵ دروست دەکرا، بەرهەمی کارگە نەبوو لەماڵاندا ئامادە دەکرا، جۆرێک عارەقیش هەبوو پێیاندەوت ئەبو نەواس کە لەخاڵس دروست دەکرا لەپارێزگای دیالە، جن-یش لەئەردەنەوە بۆمان دەهات، ویسکی لەسکوتلەنداو فۆدگاش لەڕوسیاوە بۆمان دەهات، دواتر ڤۆدگای بولگاری پەیدا بوو، ئەوکات سوق مەرکەزی هەبوو، نەیانئەهێشت یەک کارتۆن مەشروبی بازرگانی کوالێتی نزم بێت، ئۆرزیباک هاوردەی دەکرد بەکوالێتی زۆر بەرز، چەندان جۆر ویسکی کوالیتی بەرزی هاوردە دەکرد، بەڵام دوای راپەڕینی ١٩٩١ هەمو شتەکان گۆڕاو هەمو مەشروبەکان بون بەمەشروبی بازرگانی کوالێتی نزمو بێ چاودێریو لێپرسینەوەو سزادان هەر کەسەو بەئارەزووی خۆی شتی دەهێنا، دیارە کەسێکیش کە ویژدانی نەبوو هەموو شتێک دەکات بۆ پارە".
عەبدولئەحەد ئەوەش روندەکاتەوە کە جاران بازرگانی مەشروب تەنها مەسیحیەکان دەیانکردو تەنها مۆڵەت دەدرا بەمەسیحییەکان، بەڵام ئێستا زیاتر موسڵمانو ئێزدی خەریکی ئەم بازرگانییەنو هەر کەسێکیش کە داوای مۆڵەت دەکات دەیدەنێ، لەبەرئەوەی روسوماتی وەرگرتنی مۆڵەتەکەی ٣ ملیۆن دینارە، ئەو وتی "بازرگانی مەشروب بازرگانییەکی پڕ داهاتەو داهاتی مەشروب فرۆشەکانیش بەپێی شوێنی فرۆشگاو دوکانەکانیان دەگۆڕێ، بۆ نمونە من کاتی خۆی دوکانەکەم لای جادەی پیرەمێرد بوو بەرامبەر نەخۆشخانەی عەلی کەمال، بەقەدەر ٤ دوکان مەشروبم دەفرۆشت، کڕیاری تایبەتی خۆمم هەبوو، نرخی گونجاوی خۆمم هەبو، خەڵک زیاتر متمانەیان پێ دەکردم، تاکو لەوێ بووم قەد دەستی خۆمم نەگۆڕی، ئەوسا سلێمانی لەحەفتاکانو هەشتاکانی سەدەی رابردودا زۆر بچوکتر بوو، بەهەمووی ١٥ بۆ ٢٠ دوکانی مەشروب هەبوون".
وتیشی "ئێستا بازرگانی مەشروب بووە بەپاشاگەردانیی، لەو کاتەوەی کە ڕسومات لەسەر مەشروبات زۆر زیادی کرد، ئیتر کوالێتی مەشروبی بازاڕیش هاتە خوار، بووە هۆی ئەوەی خەڵک.تەنانەت سەردەمانێک پەنا بۆ عارەقی فەلو مەشروبی بێ کوالێتی بەرێت، من خۆم لەساڵی ١٩٩١ەوە تاکو ئێستا یەک بتڵی ویسکی یان شەرابم لە بازاڕ نەکڕیوەو ناشیکڕم لەبەرئەوەی هیچی متمانەی باش نییەو کوالێتی باشیان نیەو هیچیان وەکو جاران نەماون، وەک باس دەکرێ زۆربەی ئەو مەشروبانەی ئێستا لەبازاڕدا هەن مەشروبی ساختەنو لەناو کەشتیدا لەوڵاتانی تورکیاو قوبرسو یۆنان بەرهەمدەهێنرێنو هەناردەی ئەم جۆرە وڵاتانەی وەک ئێمە دەکرێن".
عەبدولئەحەد جەغت لەوە دەکات ئەگەر شەراب لەناوخۆی کوردستاندا کەسانی شارەزا دروستی بکەن سەد قات لەو شەرابو جۆرە مەشروبە باشترە کە هاوردە دەکرێنو ئێستا لەبازاڕدا هەن، ئەو وتی "من خۆم ئێستا لەماڵەوە شەراب دروست دەکەم بۆ خۆمو بۆ کەنیسەش، لەکاتی پێگەیشتنی ترێدا ٢٠٠ کیلۆ دەکڕم لەمانگی نۆدا، بەپاکو خاوێنی ئامادەی دەکەمو کوپەی گەورەم هەیە هی ساڵی شەستەکانی سەدەی رابردووەو لە ماڵی ئێمەدا پارێزراوەو وەک خۆی ماوەتەوە، شەرابی تیا دروست دەکەمو لێیدەخۆمەوەو دەشیبەخشم بەدۆستو برادەرو بەشی کەنیسەشی لێئەدەم".