سەبری ئەتەش*
پرۆفیسۆری بەشی مێژوو لە زانکۆی مێتۆدیستی باشوور لە تورکیا
لەئینگلیزییەوە: محەمەد حەمەساڵح تۆفیق
تێبینی: ئەم باسە خوێندنەوەیەکی جیددی و سەرنجڕاکێشە بۆ مێژووی دوێنێمان، واتە مێژووی لەناوبردنی میرنشینە کوردییەکان لە ئیمپراتۆرییەتی عوسمانیدا و توێژەر و پرۆفیسۆری مێژوو، سەبری ئەتەش، سەرچاوە ڕەسەنەکانی دەوڵەتی عوسمانیی بۆ پشکنیوە، کە تائێستاش لە ئەرشیفی تورکیادا پارێزراوە و بێشومار زانیاریی تێدا لەسەر مێژووی کورد، وەک گەلێکی بندەستی ئەو ئیمپراتۆرییەتە. لەم باسەدا توێژەر بەوردی لەسەر چۆنێتیی لەناوبردنی ئیمارەتەکان دەوەستێ و پاشان تێکەڵکردنی میر و پاشا و بنەماڵە بیرۆکراتە فیوداڵەکانی ئەو ئیمارەتانە بە دەستەبژێری بیرۆکرات و حوکمڕانی عوسمانی لە ئەستەمبووڵی پایتەخت، بەجۆرێک کەوا زۆرێک لەوانە و نەوەکانی دواتریان وڵاتی ڕەسەن و کوردەواریی خۆیان هەر بیردەچێتەوە و دەبنە وەزیر و والی و کاربەدەستی پایەبەرز لە دەرباری عوسمانیدا و لەملاشەوە خەڵکە کوردەکەی خۆیان بە گورگان خواردوو دەچێت بەدەستی عوسمانی. ئەوانە نەوەکانی دواتریان بەتەواوی تێکەڵ بە بیرۆکراتییەتی تورکی عوسمانلی دەبن و چیتر ناچنەوە سەر بنەچەی خۆیان و لە بۆتەی پان تورکیزمدا دەتوێنەوە. بەڵام ئەوانەی لەم سیاسەتەی عوسمانی بەدەر بوون میر محەمەدی سۆران بوو کە لەکاتی گەڕانەوەیدا لە ئەستەمبووڵەوە بۆ وڵاتی خۆی بە پیلانێکی عوسمانی کوژرا و کەمینەیەکیش لە بنەماڵەی بەدرخان و لەوانە بەشێکیان کە ئاوارەی وڵاتی شام و ئەوروپا بوون، دواتر ڕۆڵی بەرچاویان لە ژیانی کولتووری و سیاسیی کورددا بینی. لە ڕووخان و هەڵوەشانەوەی میرنشینەکاندا بەشێکی بەرچاوی ئەندامانی بنەماڵە حوکمڕانەکان دەبوونە دەسکەلای عوسمانی یان ئێران بۆ لەناوبردنی برا و خزمانی بنەماڵەکانی خۆیان، وەک لە گرتنی سلێمانیدا دەیبینین کاتێ کە عەبدوڵا پاشای بابان دەبێتە داردەستی نەجیب پاشای والیی بەغدای عوسمانی و یاوەریی لەشکرەکەشی دەکات لە هێرش کردندا بۆ سەر ئەحمەد پاشای برای لە سلێمانی و پاش گرتنی پایتەخت و لەناوبردنی ئیمارەتی بابان، شاری سلێمانیی دەکرێتە تەنها سەنجەقێک (واتە قەزایەک) و عەبدوڵا پاشاش دەکرێتە قایمقامێکی بێدەسەڵاتی شار و لە پاش ساڵێک دەیگوێزنەوە بۆ ئەستەمبووڵ و تێکەڵی دەستەبژێری بیرۆکراتی عوسمانیی دەکەن. هەڵبەت لەپاش گرتنی سلێمانی و ڕووخاندنی ئیمارەتی بابان دەسبەجێ ئەحمەد پاشای میر دەبەن بۆ ئەستەمبووڵ و لەوێ پایە و مەقامی بەرزی دەدەنێ و پاش بەینێکیش دەیکەن بە والیی یەمەن و پاشان ئەرزڕووم و دواتر خۆی و دوو کوڕەکەشی لە پلە و پایەی بەرزی دەوڵەتدا دەمێننەوە تا کۆتایی ژیانیان. بێگومان گرنگ لای ئەوان وێران کردنی ئیمارەتەکان و ملکەچ کردنی خەڵکەکە بوو. یارەی ئەفسەری تۆپچیی بابانیش پاش ئەو کارەسات و ماڵوێرانییە ڕەند و قەڵەندەر لێی دەمێنێتەوە و لە کۆتایی ژیانیشیدا وەسێت دەکات کەوا لەسەر گردەکەی گولان و دوور لە گردەکانی سەیوان بینێژن، با دووربێت لەو کەسانەی لە دواساتەکانی حوکمی باباندا پشتیان تێکرد و بێئەوەی ئەم گوللەتۆپێکیش بهاوێژێت ئەوان خۆیان ڕادەست کرد و ئیمارەتیش وەک بەفر توایەوە. ئێستا یارە لەسەر ئەو گردە ڕاکشاوە، ئەگەرچی شوێن گۆڕیشی ونە و کەس نازانێ لەکوێی گردەکەدایە. جا ئەگەر ڕۆژێک ئێسک و پرووسکەکەی بە ڕزیوییش دۆزرایەوە ئەوە تۆماری ڕۆژگارێکی تاڵ تاڵی مێژوویەکت بۆ دەگێڕێتەوە کە نەوەکانی دواتر هیچ پەندێکیان لێ وەرنەگرت و ئەمڕۆشیان هەر وەک دوێنێیە – وەرگێڕ.
سەدەی نۆزدەهەمی دوورودرێژ بە نوقڵانە لێدان و هۆشداریی ئیمپرتۆرییەتی عوسمانی دەستیپێکرد و لەگەڵیشیدا ئیمارەتە کوردییەکان. بێگومان داگیرکردنی کورتخایەنی میسر لەلایەن پۆناپەرت، دۆڕان و شکستی ئیمپراتۆرییەت لەلایەن ڕووسەکانەوە، بەرپابوونی ڕاپەڕینەکانی سربیا و گریک و شۆڕش و یاخیبوونی جۆراوجۆری ناوخۆیی بە ڕابەری و سەرکردایەتیی پیاوە بەهێزەکانی (ئەعیانی) ویلایەتەکان، گیرسانەوەی ئەستەمبووڵ لەسەر ئاڕاستەی سەرلەنوێ ڕێکخستنەوەی کارگێڕی و سەنتراڵیزە کردن کە چیتر نەتوانێ لە فۆرمەکانی کارگێڕیی ناڕاستەوخۆ بەردەوام بێت. یەکێک لە درێژترین فۆرمەکانی کارگێڕیی ناڕاستەوخۆ کە هەر مابووەوە و لەڕاستیشدا لەپێش عوسمانییەکانیشەوە میرنشینە کوردییەکان بوو. لە زۆر لای ئیمپراتۆرییەتەکەیاندا، عوسمانییەکان وەک حکوومەتەکانی ئەوروپا، بۆ نموونە، پشتیان بە سیستەمێکی حوکمی ناڕاستەوخۆ دەبەست کەوا کەسایەتی و جەمسەرە ناوخۆییەکان دانیان بە دەسەڵاتی حوکمڕانەکاندا دەنا. ئەم کەسایەتییە جەمسەرانە "هاوکاریی حکوومەتیان دەکرد بێئەوەی بەرپرس و کاربەدەست بن بە واتایەکی بەهێزی ئەم زاراوەیە، بەڵکوو بە پاڵپشتیی حکوومەت جۆرە هێزێکیان بۆ خۆیان دەستەبەر دەکرد و دەسەڵاتێکی خەمڵێنراوی بەرفراوانیان پیادە دەکرد لە سنووری ناوچەکانی خۆیاندا" (تێلی، ١٩٨٥: ١٧٠). سەرهەڵدانی دەوڵەتی مۆدێرن و دەزگا و دامەزراوەکانی پێویستیی ئەوەی کەمکردەوە کە پێیدەگوترێت پێکەوەژیان لەگەڵ ناوچەکانی چواردەوری خاوەن دەسەڵاتدا. ئەم پیادەکردنی کۆتاییهێنانە بە ئۆتۆنۆمییە ناوخۆییەکان کە دەوڵەتە ناوەندییەکان دەسبەرداری "ڕێکخستنە کۆنفیدراڵییەکانیان" بووبوون لە ماوەی شەڕی بەربڵاوی ناوخۆدا کە وایلێکردن پێکهاتە ناسەنتراڵەکانی سیاسەتیان بگۆڕنەوە بە سیستەم و ڕژێمگەلێکی یەکگرتووی پتەوی کارگێڕی و ناوچەیی (ماییەر، ٢٠٠٦: ٤٣)١. لە کوردستانی عوسمانیدا، دەکرا پرۆسەی بەناوەندی کردن ئەنجام بدرێت لە ڕێگەی پەرەسەندنێکی هاوتەریبەوە: واتە ڕەنگڕێژ کردنی سنوورەکانی عوسمانی و ئێران کە دەبێتە هۆی دابەشکردنی هەمیشەیی کوردستان و دواجاریش لەناوبردنی حوکمڕانە کوردەکان کە تا ئەو دەمە دەسەڵاتی ناوچەکانی سەر سنووریان بەدەستەوە بوو. بێگومان ئەم سنوورکێشانەش ئاسانکاریی دەکات بۆ لەناوبردنیان.
پەیدابوون و دەرکەوتنی بنەماڵە کوردە میراتگرەکان بۆ یەکەمجار لە مێژووی عوسمانیدا لەو کاتەوە دەستپێدەکات کە ئیمپراتۆرییەت بەرەو کوردستان کشا و پەلی کوتا بۆ سوود وەرگرتن لە قۆناخی دوای هەڵوەشانەوەی ئاق قۆینلوو هەروەها بۆ ڕێگری کردن لە فراوانبوونی دەوڵەتی سەفەویی تازە پەیدابوو. ئەو سەودا و ڕێککەوتنەی کە لەگەڵ سوڵتان سەلیمی یەکەمدا بڕیبوویانەوە، بە هەندێ گۆڕانکارییەوە، تا سەرەتاکانی سەدەی نۆزدەهەم بەردەوام بوو. شیاوی باسە کەوا بنەماڵە حوکمڕانە کوردەکان بە فەرمانی سەلیمی یەکەم دروست نەبوون، بەڵکوو ئەوان پێشتر لە شوێنی خۆیان بوون و ڕێککەوتنیان لەگەڵ سوڵتاندا کردووە. ئەو پەیوەندییە دووسەر و کراوەیە لەنێوان ئەستەمبووڵ و ئەریستۆکراتییەتی کورددا بۆ هەردوو لایان سوودبەخش بوو. ئەو مەودا جوگرافییە دوورەی لە پایتەختی ئیمپراتۆرییەوە، تەکنۆلۆجیای سنوورداری گواستنەوە، زەحمەتی تێپەڕبوون بە ناو تۆپۆگرافیی سەخت و هەڵەتی کوردستاندا، پێکهاتەی کارگێری و هێزی سەربازیی لەوەوپێشی بنەماڵە حوکمڕانەکانی کورد و سەرهەڵدانی دەوڵەتی سەفەوی و جەماوەری خەڵکی ئەنەدۆڵ کە هاوسۆز بوون لەگەڵ سەفەوییەکاندا هەل و دەرفەتێکی ڕەخساند بۆ چەندین لایەن کە بچنە هاوپەیمانییەکەوە.
لەڕاستیدا، وەک خودی سولەیمانی مەزن خۆی تێبینیی کردووە، کەوا میرنشینەکوردییەکان ناوچەیەکی دابراوی یەکلاکەرەوەیان پێکهێناوە لە نێوان ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی و ئێرانی سەفەویدا (عەزیز ئەفەندی، ١٩٨٥: ١٤). بەزۆری دەکرێ ئەوە بکرێتە بەڵگە کە بە هۆی ئەم ناوچە بەربەست و دابراوەوە بووە کەوا سنوورەکانی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی و دواتریش درێژەی کێشاوە بۆ تورکیای نوێ، لە چیاکانی زاگرۆسەوە دەستیپێکردووە نەک لە لە شوێنێکی ناوەراستی ئەنەدۆڵەوە کەوا جەماوەری خەڵکە تورکەکە هاوسۆز بوون لەگەڵ سەفەوییەکاندا. سەرەڕای سەربەخۆیی بەرچاویان، بابانەکانی لێبترازێت، دەسەڵاتدار و حوکمڕانە کوردەکانی تر بەتەواوی کۆنترۆڵی ئەو ویلایەتانەیان نەکردبوو کە لە ژێر دەسەڵاتی والی یان حاکمە گشتییەکانی عوسمانیدا بوون. ئەمەش بەزۆری دەگەڕێتەوە بۆ دڵگەرمی و چاوچنۆکیی ئەو والی و حوکمڕانانە بۆ سەپاندنی دەسەڵاتیان و دەسکەوتنی سەرچاوە و خێروبێری زیاتر و بە هۆکاری دنەدان و ڕکابەریی ناوخۆی خێزان و بنەماڵە دەسەڵاتدارەکان و ناوخۆی ئیمارەتەکان خۆیان کەسایەتی و دەسەڵاتدارە کوردەکان تا دەهات زیاتر دەدۆڕان و شکستیان دەهێنا لە بەرانبەر والییەکاندا. لەگەڵ ئەوەشدا کە دەوڵەتی عوسمانی کۆنترۆڵی گشتیی هەبوو، بەڵام هێشتا ئیمارەتە کوردییە بەهێزەکان تاڕادەیەک هەر کۆنترۆڵی تەواویان هەبوو بەسەر کاروباری ناوخۆی خۆیاندا تا سەرەتای سەدەی نۆزدەهەم (محەمەد، ١٩٩٧: ٢٤١).
لە سەرەتایەکی زووی سەدەی نۆزدەوە، دەوڵەتی عوسمانی دەستیکرد بە جۆرە چاکسازییەک و بە پرۆسەیەک کە دواتر بە بارێکدا پەرەدەسێنێت بەوەی کە بەوەی کە ناوی لێنرا سەردەمی تەنزیمات. جموجووڵی سەرومڕی ئەستەمبووڵ بەرەو بەناوەندی کردن بە شێوەیەکی کاریگەرانە لەگەڵ چوونە سەرتەختی سوڵتان مەحموودی دووەمدا (لە ١٨٠٨ - ١٨٣٩) دەستپێکرد و کەوتە لەناوبردنی حوکمی ناڕاستەوخۆی دەستەبژێری ناوخۆیی لە سەرانسەری ئیمپراتۆرییەتدا و گۆڕینیان بە حوکمی ڕاستەوخۆی ئەو بیرۆکراتانەوە کە لە ناوەندەوە دادەنران و گۆڕینی شێوازی مڵکدارێتیی زەوی و داهێنانی باجی نوێ و سەپاندنی زۆرەملێی سەربازگرتن و بەم جۆرە دەوڵەتی عوسمانی فشاری توندی کرد لە بەردەم گوڕ و شالاویدا بۆ لەناوبردنی ڕکابەرە ناوخۆییەکانی و هەموار کردن و یەکخستنی سترۆکتووری حکوومەتەکەیدا. وەک نیلەی ئۆ. گویندۆغان تێبینیی دەکات، کەوا لەگەڵ چاوێکیدا لەسەر دەستبەسەرداگرتن و دابەشکردنی زەویوزاری میرە کوردەکان و ڕاستەوخۆ گواستنەوەی داهاتیان بۆ گەنجینە و بەستاندار کردن و یەکخستنی سیستەمی مڵکداریی زەوی، ئەستەمبووڵ ستراتیجییەکانی خۆی پەرەپێدا لە دانوستان و لەخۆگرتنی بەگەکانی جارانەوە، وەک دامەزراندنیان لە پێگەی ئیداریدا و مووچە بڕینەوە بۆیان وەک (مودیری ناحیە یان قایمقامی قەزایەک)، بۆ سەرکوت کردنێکی توند و بەزەبری پاشماوەی حوکمی کورد (گویندۆغان، ٢٠١٤: ١٦٠ - ١٧٥). بەهەرحاڵ، ئامانجی سەرەکی دەوڵەتی تەنزیمات تێکشکاندنی ئۆتۆنۆمیی ئەریستۆکراتییەتی کورد بوو لە ڕێگەی دەستبەسەرداگرتنی بنەما و سەرچاوەی هێزیانەوە، کە زەوی بوو (گویندۆغان، ٢٠١٤: ١٦٤).
گۆڕانکاریی بنەڕەتی لە کوردستاندا بە تەحەدا کردنی محەمەد عەلی پاشای والیی میسردا هات بۆ سوڵتانی عوسمانی. وەک زانراوە کە ئەوە تەنها بە یارمەتیی ڕووس و بەریتانییەکان بوو کە ئەستەمبووڵ توانی زاڵبێت بەسەر ئەم هەڕەشە زۆر گەورەیەدا بۆ سەر تەخت و تاجی عوسمانی. دانانی محەمەد عەلی بە والیی میراتگری میسر و پاشانیش بەفەرمی دانپیانانی دەکرێ بەوە لەقەڵەم بدرێت کە دووەم بنەماڵەی ئەریستۆکراتی حوکمڕانی میراتگری کوردە لە میسر (لە دوای ئەییوبییەکانەوە)، کەوا ئەستەمبووڵ لێی پاشگەز بووبێتەوە٢. لەو ماوەیەدا و لەئەنجامی گرژیی ڕوو لە زیادیان لە کێبەرکێی زاڵبوونیان بەسەر میرنشینی باباندا و کۆچکردنی خێڵەکانی وەک زیلان بۆ بەری عوسمانی، ئێرانی و عوسمانییەکان لە لێواری جەنگێکی جەنگێکی تردا بوون. کاتێ کەا گرژییەکان زیادیان کرد، بەریتانیا و ڕووسیا دەستێوەردانیان کرد و هەردوو لایەنەکەیان قەناعەت پێکرد کە هێزەکانیان بکشێننەوە و ڕێککەوتن لەسەر چارسەرکردنی ناکۆکییەکانیان و بەتایبەتی کێشەکانیان لەبارەی سنوورەوە، لە ڕێگەی کۆنفرانسکی نێودەوڵەتییەوە. شەش مانگ دواتر و لە ناوەڕاستی مایسی ١٨٤٣دا، دیپلۆماتەکانی ڕووسیا، بەریتانیا، عوسمانی و ئێران کەوتنە دانوستان و تاوتوێ کردنی سنوورەکانی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی و ئێرانی قاجاری. دەستێوەردانی هێزە گەورەکان لە قەیرانی میسردا و ناوبژی کردنیان لە کێشە و ناکۆکییەکانی سنووری نێوان عوسمانی و ئێران وایانکرد کە ئاسانکاری بۆ هەوڵەکانی ئەستەمبووڵ بکەن بۆ زیادکردنی توانا و دەسەلاتی لە کوردستاندا کە بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیبوو.
یەکەم قۆناخی هێورکرنەوەی کوردستان
لەناوبردنی میرە کوردەکان یەکەمجار بە محەمەد پاشای ڕەواندز یان میرە کۆری سۆران دەستی پێکرد، کە بە زەبری هێز قەڵەمڕەوی حوکمی خۆی لە باشووری کوردستاندا فراوان دەکرد. ئەو کە چووە سەر حوکمی میرنشینی سۆران لە ساڵی ١٨١٤دا، بە زەبری هێز سەرۆکە بچووکەکان خێڵە گەورەکانی خستە ژێر ڕکیفی خۆیەوە کە خۆشناو، شێروان، سورچی، برادۆست و مامش بوون و شارۆچکەی هەریری مەڵبەندی کۆنی میرنشینی سۆرانی لە دەستی بابانەکان سەندەوە. بۆ ساڵی ١٨٣١یش دەستی گرت بەسەر ئیمارەتی بادینانی ئامێدیدا، کە هەمان بنەماڵە لە ڕۆژگاری عەبباسییەکانەوە حوکمیان دەکرد (کینیێر، ١٨١٣: ٣٠١). ئەگەری ئەوە هەیە کە هەر لە دەوروبەری ئەم سەروەختەشدا بووبێت کە جێگری والیی بەغدا ملی کەچ کردبێت بۆ هەڕەتی توانا و دەسەڵاتی میرە کۆر و نازناوی پاشا (میری میرانی) پێبەخشیبێت، کە ڕەنگە وەک هۆکارێک بووبێت بۆ جڵەوکردنی (وودس، ١٩٦٦: ٩٣). بەهەرحاڵ، میرە کۆر هێزیشی کردە سەر ماردین و نسێبین و جەزیرە و میر سێوەدینی ناچار کرد بچێتە ژیر دەسەڵاتیەوە و پێدەچێت پەیوەندی کردنی بە ئیبراهیم پاشای کوڕی محەمەد عەلییەوە لە سووریا نیگەرانی و دڵەڕاوکەیەکی توندی دروستکردبێت لە ئەستەمبووڵ. میر بەردەوام بوو لە فراوانکردنی دەسەڵاتی خۆی لە ئاکرێ و حاکمەکەی دەرکرد و لەوکاتەشدا ژمارەیەکی بەرچاوی یەزیدیی ناوچەکەی کوشت لە ساڵی ١٩٣٣دا٣. بۆ ساڵی دواتریش دەستی گرت بەسەر هەولێر، زاخۆ، دهۆک، ڕانیە و ئاڵتوون کۆپریدا. هەر لەو سەروبەندەشدا، بە پێی هەندێ باس و گێڕانەوە، سکەی پارەی بە ناوی خۆیەوە لێدا و پشتگیریی عولەماکانیشی دەستەبەر کرد و کەوتە دامەزراندنی "کارگەی دروستکردنی تۆپخانە، گولە تۆپ، فیشەک، تفەنگ، شمشێر و چەک و جبەخانەی سەربازی. لە شارەکەی خۆیشیدا ئەنجومەنێک یان دیوانێکی دامەزراند، کە ڕاوێژی پێدەکردن و یاریدەدەری بوون" (ئەپەڵ، ٢٠٠٨: ٢٥١). بە شکست پێهێنانی هێزێکی عوسمانی کە لە ساڵی ١٨٣٤دا کرابووە سەری، وایکرد چاو ببڕێتە بەری ئێرانیش. لە هەوڵ و کۆششەکانیدا بۆ دەست بەسەرداگرتنی خێڵە کوردەکانی بەری ئێران وایکرد کە لە ساڵی ١٨٣٥دا پەلاماری مەرگەوەڕ و ورمێ بدات و کۆیسنجەق لە دەستی بابانەکان دەربکات و گرژی و ئاڵۆزی لەگەڵ ئێراندا بەرپا بکات٤. ئەو سەرباری چەسپاندنی دەسەڵاتی بەسەر زۆربەی باشووری کوردستاندا، بەڵام ئەم فراوانخوازییەی هاوشان بوو لەگەڵ توندی و دڵڕەقیدا، لە سەردەم و ساتەوەختی ئەوەدا کە بابان بە ڕەهایی بەرەو دواوە دادەکشان، لەکاتێکدا کە ئەمان و ئارامی و خۆشگوزەرانییان هێنابوو بۆ ناوچەکانی خۆیان، بوو بە هۆی سكاڵای جۆراوجۆر (فرەیزەر، ١٨٤٠: ٦٥ - ٨٣). لەبەرئەوە، کەسایەتی و ناودارانی ئامێدی، بەگەکانی برادۆست و بەرواری، سەرۆک عەشیرەتەکانی زێباری و مزووری، موفتی و شێخەکانی زاخۆ و ئاکرێ نامەیەکیان نارد بۆ محەمەد ڕەشید پاشای (گورجی)، کە سەرۆک وەزیران (سەدری ئەعزەمی - و) پێشتر و والیی سیواس بوو، لەگەڵ دەسەڵاتی باڵای ناوچەکەدا و سکاڵایان لەدەست زوڵم و سەرکوتکردنی میرە کۆر کردبوو (گەنجەر، ٢٠١٠: ١٦؛ هاکان، ٢٠٠٧: ٦٨ - ٧٤).
هاوکات لەگەڵ هەڵوێستی "چاوەڕێ و تەماشاکەی" هەندێ میر و بەگی کورددا لە ماوەی جەنگی ڕووسی - عوسمانیی ١٨٢٨ - ١٨٢٩دا، ئەم سکاڵانامەیە گڕی لە خواست و ئارەزووی پاشاکانی عوسمانی بەردا بۆ لەناوبردنی بنەماڵە دەسەڵاتدار و حوکمڕانەکانی کورد (ئایدن و ڤەرهیج، ٢٠١٢: ٣١). بۆ ساڵی ١٨٣٤، ئەستەمبووڵ فەرمانی دا بە والییەکانی بەغدا و مووسڵ کە بچنە پاڵ محەمەد ڕەشید پاشا (کە لەو دەمەدا بە دەسەڵاتێکی باڵاوە حاکمی دیاربەکر، ڕەقە، کێبان و ئێرگانی بوو)، بۆ هاوکاری کردنی لە لەشکرکێشییەکی تەمێکردندا دژ بە دەسەڵاتدارە کوردەکان و سەرلەنوێ گرتنەوەی کوردستان. ئەوجا لەو سۆنگەیەوە کە دەسەڵاتی عوسمانی تا ڕادەیەکی زۆر هەر بە ناو مابوو لە زۆربەی ناوچەکانی کوردستاندا، ڕەشید نەخشە و پلانێکی گەورەی داڕشت، لەنێویدا سەرژمێریی دانیشتووان، نیشتەجێ کردنی خەڵکانی کۆچەر، قەدەغە کردنی دروستکردنی بارووت و بنیاتنانی تەلار و خانووی بەردین لە دەرەوەی ناوچەکانی نیشتەجێبوون لەترسی ئەوەی وەک سەنگەر و قەڵای بەرگری بەکاربهێنرێن (جێنسەر، ٢٠١٠: ٢١ - ٢٢). وادیارە ئەمین پاشای مووش و براکانی کە حوکمی بەدلیس و خنس و تەکمانیان دەکرد ئەوانیش چوونە پاڵ هێزەکانی ڕەشید (برانت و گڵاسکۆت، ١٨٤٠: ٣٥١). هاوکاری و هەماهەنگیی ئەمین پاشا و براکانی بەشێکی بەرچاوی کوردستانی باکووری خستە ژێر دەسەڵاتی ڕەشید پاشاوە. هێزەکانی ڕەشید یەکەمجار هێرشی سزائامێزیان جێبەجێ دەکرد دژ بە حوکمڕان و دەسەڵاتدارە ناوخۆییە بچووکەکانی خازرۆ، خانی، ئێلیجەک و سیلڤان، کەوا بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ و بەرچاو حوکمی ناوچەکانی خۆیانیان دەکرد وەک حکوومەتگەلێکی ئیمتیاز پێدراو. هێزەکانی پاشا کەوتنە سووتاندنی ماڵ و خانووی بەگەکان و نەففی کردنیان و پاشان قەتڵوعام کردنی کوردە یەزیدییەکانی ناوچەی شیروان لە ویلایەتی دیاربەکر. لە ساڵی ١٨٣٥یشدا توانییان ماردین دەربکەن لە دەستی عەشیرەتی میللی (ئایدن و ڤەرهیج، ٢٠١٢: ٣١ - ٣٢). پاشان هەر زوو ڕەشید سەرنجی وەرچەرخاند بە لای گەورەترین و بەتواناترین دەسەڵاتداری کورددا، ئەویش میرە کۆر بوو، کەوا لە ڕێگەی هاوری کردنیەوە لەگەڵ سەرۆکەکانی زیرکیدا لە ناوچەی دیاربەکر دەستی گرتبوو بە سەر ناوچەکانی جەزیرە و ماردیندا. هێزەکانی ڕەشید یەکەمجار زاخۆ و جەزیرەیان داگیرکرد، چونکە میر سێوەدینی موتەسللیم، ئەو دەمە چووبووە ژێر ڕکێفی میرە کۆرەوە. ئەوجا سێوەدین پەنای بردە بەر بەغدا و بەدرخانی ئامۆزا و ڕکابەری کشایەوە بۆ چیاکانی باکووری بۆتان، بەڵام هەر زوو خۆی ڕادەستکرد و کرا بە بینباشی (مێجەر) لە سوپای عوسمانیدا و موتەسەللیمی جەزیرە لە ساڵی ١٨٣٦دا (هاکان، ٢٠٠٧: ٨٠؛ کاردام، ٢٠١١: ٧٦، ٨٤ - ٨٧).
بۆ بەتەواوی دەستگرتن بەسەر "باکووری کوردستاندا"، وەک ڕیجارد وودی دیپلۆماتی بەریتانی تێبینیی کردووە، ڕەشید پاشا ئینجە بەیراقدارزادە محەمەد پاشای والیی مووسڵ لە باکوور و ڕۆژئاواوە و عەلی پاشای والیی بەغدا لە باشوورەوە و لەم قۆڵەوە پێشڕەوی کرا بەرەو میرە کۆر، کە لە هاوینی ١٨٣٦دا هێشتا هەر کۆنترۆڵی قەلای سەختی ڕەواندز و قەڵاکانی ئامێدی، هەولێر، ئاڵتوون کۆپری و ئاکرێی کردبوو (وود، ١٩٦٦: ٩٣ - ٩٤). هەر لەو سەروبەندەدا، تارانیش ژمارەیەک لە هێزەکانی سەر سنووری جووڵە پێکرد و پەیامی دەنارد بۆ میرە کۆر و بەڵێنی یارمەتیی پێدەدا و بەم بەێنانە بڕە پارەیەکی زۆری بە فێڵ و تەفرەدان لێدەکێشایەوە، بەڵام لە هەمان کاتیشدا هاوکاری و یارمەتیی خۆی خستبووە بەردەستی ڕەشید پاشا (وود، ١٩٦٦: ١٠٤ - ١٠٥، ١١٢). کە میرە کۆرە ویستی درۆ و ڕاستیی بەڵێنی یارمەتیی ئێرانییەکان تاقیبکاتەوە، هێزەکانی عوسمانی هەولێر و ئاکرێیان گرت و لە ڕەواندز نزیکبوونەوە. ئەوجا بە هێزێکی پڕ چەک و جبەخانە کە لە ٢٥ هەزار سەربازی زیاتر دەبوو، لە بەرانبەر میرە کۆرەدا کە فەرماندەیی تەنها هەشت هەزار سەربازی دەکرد و ناچار کەوتە گفتوگۆ لەگەڵ فەرماندە عوسمانییەکاندا داوای کرد "لە شوێنێکی ئارامی ڕەواندزدا بمێنێتەوە و ... و بپارێزرێت لەوەی بە سەرشۆڕی ببرێتە ناو ئۆردووگاوە" (وود، ١٩٦٦: ١٠٧، ١١٩). ڕەشید پاشا، هەستی دەکرد کەوا میرە کۆر لەوانەیە لە سنوور بپەڕێتەوە و بڕوات بە دیوی ئێراندا، بۆیە ئەفسەرێک و چەند زانایایەکی ئاینیی (عولەمای) ناردە لای بۆ نوێکردنەوەی جەختکردن لە بەڵێنەکانی پارێزگاری لێکردنی، بە "قورئانێکی موهرلییەوە"، واتە قورئانێک کە ڕەشید پاشا مۆری خۆی لێدابوو و بە سوێندەوە بەڵێنی پێدابوو کە میر لە شوێنی خۆی دادەنرێتەوە. وادیارە میرە کۆرە بووە بە قوربانی ڕکابەریی نێوان مەراقدار و چاوچنۆکەکان. عەلی پاشای بەغدا، کە بەتەواوی ڕای جیاواز بوو لەگەڵ سەعید پاشادا، ڕای وابوو کە ئەو هەلومەرجانەی درابوو بە میرە کۆرە سرووشتیکی پڕ سووکایەتی تێدا بووە بۆ بابی عالی و بەم پێیە قبووڵکراو نیە. ڕەشید پاشا داوای کرد وازبێنیت و لەگەڵ هێزەکانیدا بگەڕێتەوە و ڕەتیکردەوە کە مامەڵە لەگەل میرە کۆردا بکات. ئەوجا عەلی پاشا فەرمانی تایبەتی خۆی دەرکرد و بەم پێیە بەڵینەکانی ڕەشید پاشای بەتاڵکردەوە. هەر لەوێدا عەلی پاشا بایز پاشای مامی میرە کۆری بە حاکمی ڕەواندز دامەزراند و لە هەمان کاتدا بەرەو کۆیسنجەق ڕۆیشت بۆ سەپاندنی "بەناو دەسەڵاتەکەی ئەو کاتەی". لەولاشەوە ڕەشید پاشا بەپێچەوانەی ئەو بەڵێنانەوە کە دابووی و ئەو سوێندەی کە بە موهورلی قورئان خواردبووی دەستی گرت بەسەر "شەخسی میرە کۆر خۆی و ماڵ و سامانیدا" و لە ڕێگەی دیاربەکرەوە ناردی بۆ ئەستەمبووڵ٥.
جەیمس بەیلی فرەیزەر خۆبەدەستەوەدانی میرە کۆر دەگێڕێتەوە بۆ نەبوونی سۆزی جەماوەری لەو ناوچانەی کە داگیری کردبوون و خیانەت کردنی هەندێ لە ئەفسەرەکانی و نەخواستنی کوردەکان بۆ شەڕکردن دژ بە ئاڵای خەلیفەی سوڵتان. بەڵام، ڕەسووڵ بەگی برای بۆ ماوەی بیست ڕۆژ لە قەڵای ئامێدیدا بەرگری و شەڕی کرد، لەکاتێکدا کە میرە کۆر نێردرا بۆ ئەستەمبووڵ و چەند مانگێک لەوی مایەوە. وادیارە لەوێ سەردانی کارگەی چەکی کردووە و ئاگاداری کاریگەریی بەریتانیا بووە لە دەرباری سوڵتاندا و لەوێ مێداڵ یان نیشانی پێبەخشراوە و بانگهێشتی سەلاملک کراوە - بە یاوەریی سوڵتان لە مەوکیب و ڕێوڕەسمێکی شکۆداردا بۆ نوێژی هەینی. ئەو بەهیوا بوو بگەڕێتەوە وەک حوکمڕانی کوردستان دەستبەکار بێت. نوێنەرە بەریتانییەکان، کە ڕەنگە بووبێتنە هۆکاری کۆتایی پێهاتنی، پێشنیازی ئەوەیان بۆ دەسەڵاتدارانی عوسمانی کردبوو کە میرە کۆر بە حوکمڕانی "خاک و وڵاتی تۆرووس دابنرێت کەوا بە هێڵێک دەگاتە ئەرزڕووم و لەوێوە بەرەوخوار دەبێتەوە بۆ سلێمانی"، لەبەر ئەوەی وایان بیردەکردەوە، کە هەر ئەو بەتەنها دەتوانێت ئەو ناوچەیە بهێڵێتەوە وەک بەربەستێک دژ بە دەستدرێژی و پێشێلکارییەکانی ئێران و ڕووسیا و هەروەها لەبەر ئەو شیرازە تێکچوون و بێسەروبەرییەش کە بە دوای دەکردنی میرە کۆردا هات٦. سەرەڕای ئەو بەگەرمی و دۆستانە پێشوازی لێکردنی لە ئەستەمبووڵ و ئەو ماڵئاوایی و بەڕێخستنەی لە گەشتی گەڕانەوەیدا، بەڵام میرە کۆر بە شێوەیەکی تەمومژاوی بێسەروشوێن بوو. بێگومان زۆر ڕێی تێدەچێت کە لەسەر دەستی دەسەڵاتدارانی عوسمانی کوژرابێت. بەهەرحاڵ، خێزان و بنەماڵەکەی ئەویش، وەک گەلێ لە بنەماڵە کوردەکان، پلە و پایەیان زۆر دابەزێنرا و تێکەڵ بە سیستەمی عوسمانی کرا و بۆ ماوەیەکیش هەر بە کاریگەر مایەوە لە ناوچەی سنووردا. وەک ئەحمەد کاردام بە زیرەکی و بیرتیژیی خۆی تێبینیی کردووە، کەوا لەبەرئەوەی میرە کۆر زۆربەی ئەریستۆکراتییەتی باشووری کوردستانی لەناوبردووە و بە لەناوچوونی خۆیشی هیچ نەماوەتەوە بابانە لاوازکراوەکانی لێ بترازێت کە وەک کۆسپێک لە بەردەم هەژموونی عوسمانییەکاندا مابوونەوە (کاردام، ٢٠١١: ٨٧). لەڕاستیدا، وەک پەندەکە دەڵێ "مانگەشەو سەرلەئێوارە دیارە" و بەو پێیەی سووسەی شتێکیان کردبوو کە لە ئایندەیەکی نزیک یان دووردا ڕوودەدا، سولەیمان پاشای بابان شەشسەد سەربازی دابوو بە سوپای ئیمپراتۆری، لەکاتێکدا کە ئەستەمبووڵ یەکێک لە کوڕەکانی کردبوو بە مێجەر لە سوپادا و مێداڵ یان نیشانێکیشی بەخشیبوو بەویتریان (هاکان، ٢٠٠٧: ٨١). جۆرج پی. باجەری مژدەدەر یان مسیۆنێری بەریتانی وایلێکدەداتەوە کە ئۆپەراسیۆنەکەی ڕەشید پاشا بووە بە هۆی ئەوەی کە "نووروڵڵا بەگی ئەمیری کوردانی سەربەخۆی هەکاری داوایەکی دامەزراندنی بەرز کردووەتەوە لە ژێر ڕکێفی پاشای ئەرزڕوومدا" (بادجەر، ١٨٥٢: دوانزەهەم).
لە ناوەڕاستی لەشکرکێشییەکەیدا بۆ ملکەچ پێکردنی کوردستان، ڕەشید لە کۆتایی ساڵی ١٨٣٦دا کۆچی دوایی کرد، ئەوجا وەک ئەو "گەنجینەیەی لە ڕەڤەندەس بەدەستهاتبێت" پێکەوە لەگەل بەندییەکان نێردران بۆ خەرپووت٧. شوێنگرەوەکەی، کە موشیر یان فیڵدمارشاڵی سیواس، حافز محەمەد پاشای چەرکەس حاکمی گشتیی دیاربەکر و سیواس بوو، ئەوی کە پێشتر کەسایەتی و ناوداران سکاڵایان هێنابووە لای دژ بە سەرکوت کردنی میرە کۆر، کەوتە لەشکرکێشییەکی چوار ساڵی بۆ ئەوەی کوردستان بخاتەوە ژێر ڕکێفی عوسمانی. یەکەم ئامانجی حافز پاشا یەزیدییەکانی سنجار و تورکمانەکانی تەلەعفەر بوو، کە بەرهەڵستیی سەربازگیریی زۆرەملێ و باج سەندنیان دەکرد. ئەویش زۆر دڵڕەقانە کەوتە سەرکوت کردن و داپڵۆسینیان و ناچاری کردن باج بدەن و ملکەچ بن بۆ دەسەڵاتی حکوومەت و ٣ هەزار گەنجی یەزیدیشیان نارد بۆ خزمەتی سەربازی (هاکان، ٢٠٠٧: ٨٦ - ٨٧). پاشان زۆر دڕندانە کەوتە وێزەی کوردەکانی گارزان کە تا ئەو دەمە هەرگیز نەچووبوونە پاڵ دەسەلاتی عوسمانی (گێنسەر، ٢٠١٠: ١٦).
ئامانجی دوای ئەوەی حافز پاشا هەدوو برا خان موحموود و عەبداڵ خانی مۆکس یان موکوس بوون (کە ڕۆژگاری ئەمڕۆ باهچەسەرایە) و ئەوان لە ساڵانی ١٨٢٠کانەوە دەسەڵاتی خۆیان فراوان دەکەن لە ویلایەتی وان و دەرەوەشیدا. تێکچوونی بارودۆخ و بێسەروبەری لە سەردەمی جەنگی ١٨٢٨ - ١٨٢٩ی ڕووسی - عوسمانیدا، بواری بۆ خان مەحموود ڕەخساند کە سنووری ئیمارەتە بچووکەکەی بەرفراوان بکات. لە ماوەی جەنگدا دەستی گرت بەسەر زەویوزاری بنەماڵەی دێرینی مەحموودیدا، لە قەڵای بەناوبانگی خۆشابدا، کە چیرۆک و بەسەرهاتی حوکمیان تێیدا کۆتایی هاتبوو (هاکان، ٢٠٠٢: ٥٠). لە پاش سەردەمێکی شەڕ و ململانێ لەسەر دەسەڵاتداری و هەژموون بەسەر ناوچەکەدا، خان مەحموود و بەدرخانی جەزیرە لەگەڵ یەکتر ڕێککەوتن و چوونە هاوپەیمانییەکەوە کەوا کەسایەتی و دەسەڵاتداری تری کوردی لەخۆگرتبوو وەک نووروڵڵا بەگی هەکاری. بە پێی برانتی کونسوڵی بەریتانی، ئەو هاوپەیمانییە وردە وردە دەسەڵاتی سوڵتانیان ڕەتکردووەتەوە و بۆ کۆتایی ساڵانی ١٨٣٠کان چیتر باجیان نەدا بە عوسمانییەکان و جەختیان لەسەر سەربەخۆیی خۆیان دەکردەوە. خان مەحموودی برا گەورەی ناو شەش برا هەندێ لە براکانی دەسنیشانکرد بۆ حوکم کردنی ناوچەکانی وان٨.
لە دەوروبەری ئەم ماوەیەدا ئەستەمبووڵ پلەی وانی لە ویلایەتەوە دابەزاند بۆ قایمقاملک. بە شکستهێنانی عوسمانی لەدژی میسرییەکان لە ساڵی ١٨٣٩دا، خان مەحموودیش دەسەڵاتی خۆی لە شارەکەدا دامەزراند (هاکان، ٢٠٠٢: ٦٦).
سەرەڕای ئەو مەترسییانەی کەوا ئێرانییەکان و نووروڵڵا بەگی میری هەکاری ڕەنگە بێن بە هانای براکانەوە، بەڵام نووروڵڵا و بەدرخان و سێوەدینی جەزیرە کە ڕق و کینە و دژایەتیی براکانیان لەدڵدا بوو، چوونە ژێر ڕکێفی فەرمانەکانی حافز پاشاوە و هێرشیان کردە سەر خان مەحموود و ناچاریان کرد بڕواتە ئەرزڕووم و لە ٤ی نۆڤەمبەری ١٨٣٨دا خۆی ڕادەستی پاشا بکات. خان مەحموود و دوان لە براکانی کە یاوەرییان دەکرد خرانە زیندانەوە. بەڵام براکانی تر خۆیان لە قەڵاکانیاندا قایمکرد و لە پاش گفتوگۆ و دانوستان خۆیان ڕادەستی سوپای عوسمانی کرد. پێدەچێت هیڵمۆت ڤۆن مۆڵتکە لای خۆیەوە بایەخی پێدابێتن کاتێ دەڵێ "تۆپخانەی عوسمانی زۆر باڵادەستترە لە هەر شتێکی تر کەوا کوردەکان لەدژی بوەستنەوە، لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا ئەو قەڵا و سەربازگانەیان کە لە چل تا هەشتا کەسیان تێدایە بەرەنگاری تەواوی هەوڵەکانیان بوونەتەوە بۆ ماوەی سی و دوو یان تەنانەت چل ڕۆژیش (ڤۆن مۆڵتکە، ١٨٩٣: ٢٨٥). پاشان خان مەحموود و دوان لە براکانی دوورخرانەوە بۆ ئەستەمبووڵ و لە مارتی ١٨٣٩دا گەیشتنە ئەوێ. دواتر لێخۆشبوونیان بۆ دەرچوو و گەڕانەوە بۆ موکس و لەوێ دەسەڵاتی خۆیان گێڕایەوە (هاکان، ٢٠٠٧: ٨٨ - ١١٤؛ کاردام، ٢٠١١: ٩٣ - ٩٧)٩. مامەڵەی عوسمانییەکان بۆ خێزانەکەی موکس ئەوە پێساندەدا کە ئامانجی ئەستەمبووڵ لەناوبردنی جەستەیی کەسایەتی و ناودارە کوردەکان نەبووە، بەڵکوو هەڵوەشاندنەوەی حوکمی کورد و حاڵەتی میراتگریی میرەکان بووە و تێکەڵ کردنیان بووە بە سیستەمی کارگێڕیی ناوەندیی عوسمانی بووە وەک بکەر و ئەکتەرانێکی کەمتر کارا.
یەکێک لەو ئەکتەرانە، کە بەدرخانی جەیرە بوو، یاوەریی هێزەکانی حافز پاشای کرد بۆ ملکەچ پێکردنی یەکێک لە هاوپەیمانەکانی پێشووی، کە سەید بەگی حاجی بەهرام بوو، کەوا کەسایەتییەکی کوردی ناودار و خەزووری میر سێڤەدین بوو، کە نیشتەجێی قەڵای گورکێل بوو. لە بەرانبەر ئەوەدا پلەی بەدرخان بەگ بەرزکرایەوە بۆ میرئاڵای (کۆڵۆنێڵ) (چادرچی، ١٩٩١: ١٩٤ - ١٩٦؛ کاردام، ٢٠١١: ٨٤ - ٩٣؛ ڤان بروونەسن، ١٩٩٢: ١٧٧ - ١٨٢). لەگەڵ بارودۆخی باباندا کە لە بێسەروبەرییەکی تەودا بوو١٠، میرەکانی ڕەواندز، موکوس، هەکاری، و جەزیرە لەناوبران یان تێکەڵ بە ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی کران، لەگەڵ زۆربەی ئەوانیتری هەڵگرانی یورتلوک - ئوجاکلیکدا (واتە بنەماڵە میراتگرەکان) بە ئیدارییەکی ئاست و پلە نزمتر دایامەزراندن، پێدەچێت کوردستان تا ڕادەیەکی زۆر هێورکرابێتەوە.
بەهەرحاڵ، هەر زوو لە پاش ماوەیەکی کەم بارودۆخی جیۆپۆلەتیکی بە شێوەیەکی بەرچاو گۆڕا. ئەو ئاشتییە پڕ چاووڕاوەی نێوان قاهیرە و ئەستەمبووڵ کە لە ساڵی ١٨٣٣وە بەردەوام بوو لەناکاو کۆتایی هات کاتێ کە محەمەد عەلی پاشا نیاز و مەبەستی خۆی ئاشکرا کرد کە لە ئەستەمبووڵ جیادەبێتەوە. حافز پاشا، بە کەیف و هەوای سەرکەوتنی بەسەر کوردەکاندا و بە هێزەکانی کە بە هاوکاریی ڕاوێژکارە پرووسییەکان نوێکرابوونەوە، وا باس دەکرێت کە قەناعەتی بە سوڵتان کردووە گوایە "دەتوانێ ئەم والییە گەورە و یاخییە تێکبشکێنێت و بۆ ئەو مەبەستەش سەرکردایەتیی سوپای عوسمانیی پێسپێردرا" (ئایدن و ڤەرهیج، ٢٠١٢: ٣٤). بەهەرحاڵ، هێزەکانی عوسمانی و ژمارەی گەورەی سەربازەکانی کە بەم دواییەش ژمارەیەکی قەبەی کوردی نانیزامیی لە ڕیزەکانی خۆیدا بە زۆرەملێ ناونووس کردبوو، نەیدەتوانی شان لە شانی سوپای بەدیسپلینی میسر بدات. هەواڵی باڵادەستی و سەرکەوتنی سوپای میسر بەسەر ئەوی عوسمانی لە شەڕی ساڵی ١٨٣٩دا لە نیزیپ ڕێک لەدوای کۆچی دوایی سوڵتان مەحموودی دووەم گەیشتە بابی عالی. بەڵام پێشڕەوی کردنی میسرییەکان بەرەو ئەستەمبووڵ دەوڵەتە گەورەکانی وەک ڕزگارکەری سوڵتان هێنایە ناوەوە و محەمەد عەلییان ناچار کرد حوکم کردنی میسر بە میراتگری قبووڵ بکات. شکستخواردنی حافز پاشا و دەرەنجامەکانی دوای ئەوەش لە کزبوونی دەسەڵات هەلی ڕەخساند بۆ ئەریستۆکراتییەتی کورد کەوا خۆیان بکوتنە نێو بۆشایی دەسەڵاتەوە و ئاوێتەبوونی بوونی ئەم دواییەیان لە ناو سیستەمی عوسمانیدا (پاش لەناوبردنی بەشێک لە ئیمارەتە کوردییەکان تا ئەو کاتە - و)، ئاسانکاریی بۆ مەسەلەکە کرد. بۆ نموونە، داوا لە بەدرخان کرا، کە ئەو دەمە کۆڵۆڵۆنێڵێک بوو لە سوپای عوسمانیدا، هێز لەدژی میسرییەکان بجووڵێنێت. ئەویش وایکرد و وەک هەلێک قۆستیەوە بۆ کۆنترۆڵ کردنەوەی ناوچە و مڵکەکانی باوباپیری. بەڵام ئەمە زۆری نەخایاند و دەسبەجێ لەپاش ئیحتیواکردنی هەڕەشە و مەترسیی میسر بە هاوکاری و یارمەتیی بەریتانیا و ڕووسیا، ئەستەمبووڵ ڕووی وەرچەرخاندەوە بەرەو کوردستان. بۆیە ئەو سوپا بەهێزەپەنجا هەزار کەسییە کە بەچاکی مەشق درابوون و پڕچەک کرابوون و لەدژی ئیبراهیم پاشای میسری جووڵێنرابوو، ئەو دەمە ئامادەبوو بۆ دەست بەسەرداگرتنەوەی کوردستان و بۆ یەکەمجار بیهێنێتە ژێر ڕکێفی تەواوی عوسمانییەوە (ڤۆن مۆڵتکە، ١٨٣٩: ٢٧٨، ٢٨٥). هەڵبەت بە هۆی نەبوونی پێکهاتەی سەرکردایەتییەکی ناوەندی و هەر یەکەیان خەمی ناوچە و ویلایەتەکی خۆی بوو، بۆیە دەسەڵاتدار و حوکمڕانەکانی کورد هیچ دەرفەتێکیان لەبەردەمدا نەما بۆ بەرەنگاربوونەوەی سوپایەکی ئاوها بەهێز و بە سەرکردایەتیی ئەو پاشایانەی بە پەرۆش بوون بۆ پێشکەوتن لە ژیانی پیشەیی خۆیاندا و لەسەر حیسابی خەڵکانی تر.
کۆتایی سەربەخۆیی
لەناوبردنی کۆتایی چینە دەسەڵاتدار و باڵادەستەکانی کورد ئەمجارەیان لە بابانەکانەوە دەستی پێکرد. لەپاش چەندین دەیەی ئەو ئاڵۆزی و قەیرانانەی بەرۆکی یەک لە دوای یەکی میرەکانی بابانی گرتبوو، لەگەڵ ڕکابەریی عوسمانی و ئێران لە سەر ئەوەی کە پیاوەکەی سلێمانی دڵبەند و وابەستەی کام لایان بێت، لە سەرەتای ساڵانی ١٨٤٠کانەوە ئەحمەد پاشای بابان دەسەلاتی خۆی لە ناوچەکەدا چەسپاند. ئەحمەد پاشا هێزێکی بەدیسپلین و توندوتۆڵی ٨٠٠ کەسیی پێکەوەنا بە چەک و تفاق و جلوبەرگی سەربازیی هێزێکی نیزامییەوە. بە گومانی ئەم ئەقڵییەتی ڕیفۆرمەی حاکمی بابان، والیی یان حاکمی گشتیی عێراق، نەجیب محەمەد پاشای گورجی، بە شیوەیەکی بەرچاو ئەو باجەی لەسەر سلێمانی زیاد کرد کە دەبوو سلێمانی بینێرێت بۆ بەغدا. بەهەرحاڵ، ئەم کارە ئەحمەد پاشای ناچار کرد کەوا باج لەسەر خەڵکی وڵاتەکەی زیاد بکات کە خۆیان لەبنەڕەتدا لەژێر باری قورسی ژیان و گوزەرانی ناهەمواردا پشتیان چەمیبوو. بەڵام ئەمە نیوەی تەحەدا و ئالینگارییەکەی ئەحمەد پاشا بوو، چونکە مەسەلەکە واشی پێویست دەکرد کە دڵی ئیرانییەکان ڕابگیرێت بۆ ئەوەی کارەکە نەشێوێنن و بەرتیل بدرێتە دەسەڵاتدارانی بەغدا بۆ پشتگوێخستنی هەوڵ و تەقەلای عەبدوڵای تەڵەکەبازی برای بۆ حوکم کردنی ئیمارەتەکە (جۆنز، ١٩٩٨: ٢٠٨ - ٢٠٩).
کۆنفرانسەکانی سنووری عوسمانی و ئێران لە ئەرزڕووم کە ساڵی ١٨٤٣ دەستیپێکردبوو، لەگەڵ فشاری بەریتانیا لە نەجیب پاشا بۆ ئەوەی دۆخەکەی ئەو کاتە وەکوو خۆی بهێڵێتەوە و تێکینەدات، بۆ ماوەیەکی کاتیی ڕەفتاری نائاسایی دوژمنکارانەی ئەم پاشایەی ڕاگرت. لەبەرئەوەی ئێران ڕکابەریی عوسمانییەکانی دەکرد لە دەسەڵات ڕۆیشتنیان بەسەر سلێمانیدا، دیپلۆماتە بەریتانییەکان ویستیان هێرشەکە لەدژ "حکوومەتە تاڕادەیەک سەربەخۆکەی پاشای کورد" بۆ ماوەیەک ڕابگیرێت "هەتا پەیماننامە نوێکە ئیمزا و پەسەند دەکرێت و بەکردەوە هێڵی سنوور دیاری دەکرێت" (جۆنز، ١٩٩٨: ٢٠٨ - ٢٠٩). نەجیب پاشا، کە بۆ ماوەیەکی کاتی هێرش و لەشکرکێشییەکەی ڕاگرت، لە ساڵی ١٨٤٥دا هێزەکانی خۆی کۆکردەوە بۆ بدەن بەسەر میرنشینەکانی سۆران و بابان و بۆتاندا. نەجیب کە لەکاتێکدا بەرەو سۆران هێرشی دەکرد، ژێربەژێر داوای لە ئەحمەد پاشای بابان کرد بێتە پاڵ هێزەکانی و پێکەوە شەڕی سۆران بکەن و بەڵێنیشی پێدا لە ڕێگەی بازرگانێکی چەکی بەریتانییەوە دوو هەزار تفەنگی بداتێ بێئەوەی حکوومەت بزانێت*، بەڵام ئەم لەترسی ناپاکی و ئاسوودە نەبوون بەم داواکارییە مەسەلەکەی ڕەتکردەوە١١. نەجیب بەمە زۆر تووڕە بوو، لەبەرئەوە ڕووی هێزەکانی لە ڕەواندز وەرگێڕا بەرەو ناوچەی بابان. یەکەمجار نەجیب بەرەو ناوچەی کۆیسنجەق پێشڕەویی کرد بە پاشاوێکی ڕاگەیەنراو کە ئەویش "چاودێڕی کردنی پێشخستن و کاروباری کشتوکاڵی" بوو، بەڵام نیاز و مەبەستی ڕاستەقینەی هاندان بوو بۆ بەرپاکردنی ئاڵۆزی و قەیرانێک و پاشان بۆ سەپاندنی دەسەڵات و کاریگەریی ئەستەمبووڵ و جڵەوکردنی دەسەڵاتی میری بابان، وەک هێنری سی. ڕاوڵینسۆن تێبینیی کردووە١٢. پەرەسەندنەکانی دواتر تێڕوانینێکی ورد و تیژ دەڕەخسێنێت لەبارەی چۆنێتیی تێگەیشتنی کورد بۆ سنووری سەربەخۆیی خۆیان و ئەوی دەسەڵاتی عوسمانی. تێگەیشتن لە هەڵوێستی ئەحمەد پاشا کە هەڕەشە و مەترسیی زۆری لێ ئاڵابوو و سەبارەت بە "پشکنینی" نەجیب پاشاش، هیچیتر نەبوو لە هێرشیکی دوژمنکارانە بەولاوە، دەسەلاتە ناوخۆییەکانی کورد ئەو ئەفسەرانەی بەغدای دەسگیر کرد کە چووبوونە ناو شارۆچکەکەوە (واتە کۆیە - و) بۆ کۆکردنەوەی زەخیرە و پێداویستی. حاکمە بابانییەکەی کۆیسنجەق "بەوپەڕی ڕێز و ئەدەبەوە، بەڵام بە هۆشدارییەکی ڕوون و ئاشكراوە" نەجیب پاشای ئاگادارکردەوە کە "ڕاسپاردە و ڕێنمایی ئەحمەد پاشای بۆ نەیەت ڕێگە بە هێزەکانی عوسمانی نادرێت ئەم شوێنە داگیر بکەن"١٣.
هەوڵەکانی ئەحمەد پاشا بۆ نزیکبوونەوە سەریان نەگرت و نەجیب پاشا فەرمانی پێدا بۆ "کشاندنەوەی هێزەکانی لە کۆیە و داننان بە گرتنێکی ئازادانەی ناوچەکە لە لایەن هێزەکانەوە لە ماوەی پێنج ڕۆژدا و خۆیشی بێتە ئۆردووگاکە و بەیعەتی شەخسی دەربڕێت بۆ گەورەکەی و سڵاوی سەربازیی بۆ بکات کەوا شارەکەی ڕادەست کردووە بەم"١٤. کاتێ ئەحمەد ڕەتیکردەوە ئەم کارە بکات، نەجیب یەکسەر فەرمانی لابردنی دەرکرد و عەبدوڵڵای برا ناپاکەکەی لە جێگە دانا. ئەوجا وەک ئەوەی پلانی بۆ دانرابوو نەجیب داوای کرد تەواوی هێزەکان لە مووسڵ و بەغداوە دەسبەجێ پێشڕەوی بکەن بەرەو خاک و ناوچەکانی بابان. هێزەکەی خۆیشی کە پێکهابوو لە دوانزە هەزار سەرباز و لە ڕووی ژمارەوە کەمتر بوو لە هێزەکانی بابان بەڵام مەشق کردن و چەک و تفاقیان باشتر بوو. عەبدوڵڵا بەگی بابان، وا ئێستا بووە بە پاشا و یاوەریی هێزەکەی نەجیب پاشا دەکات بۆ هێورکردنەوەی خەڵکە تووڕەکەی بەرەی براکەی و لە ڕێگەی کاریگەریی ناوەکەیەوە یارمەتیی جۆرێک لە ئاساییکردنەوە بدات. هەوڵەکانی ئەحمەد بۆ ئاشتەوایی جارێکیتر بێسوود کەوتەوە١٥. گوژمی بەگوڕی تەنزیمات ڕێگەی بە حوکمی ناڕاستەوخۆ نەدەدا کە لە ئیمراتۆرییەتدا جێگەی ببێتەوە.
لە کاردانەوەدا، ئەحمەد پاشا، میری ڕەواندز و سەرۆک خێڵی خۆشناو لە کۆیسنجەق هێزیان کرە یەک بۆ بەرگری کردن. ژن و زا و ماڵ و سامان برانە شوێنی ئەمان و سەلامەت یان ڕەوانەی ئەودیوی سنوور کران بۆ ئێران. ڕێگەوبان و ڕاڕەوەکان پاسەوانیان بۆ دانرا و ئەوجا دوو هێزی کوردیی جیاواز لە کۆیە بازیان کۆبوونەوە، کە تەنها دوو شوێن بوون کەوا هێزەکانی عوسمانی بتوانن زنجیرە چیاکان ببەزێنن لێوەیان. واتەوات و قاو داکەوت کەوا بەدرخان بەگی جەزیرە یارمەتی دەنێرێت بەڵام ئەحمەد پاشا سەلماندی کە هیچ بنەمایەکی نیە. خۆ ئەگەر ئەو هاوکاری و هەماهەنگییە ڕووی بدایە ئەوە ڕەنگە مەسەلەکە لە بەرژەوەندیی کورد بشکایەتەوە. پێدەچێت ئەحمەد پاشا لەم جومگەیەدا هەڵەیەکی کاریگەر و کوشندەی کردبێت. لەکاتێکدا کە بە پێی ڕاوڵینسۆن، دەکرا هێزەکەی ئەم ئەوی نەجیب پاشای تێکبشکاندایە، ئەگەر تەنها بەرگریی بکردایە و هێرشی نەکردایە، بۆ ئەوەی وای نەگەیاندایە کە لەدژی سوڵتان یاخیبووە١٦.
ڕاوڵینسۆن زیرەکانە تێبینیی دۆخەکەی کردووە و پێشبینیی سیاسەتەکانی نەجیب پاشا و ئەستەمبووڵی کردووە و ئەویش جێگۆڕکێ پێکردنی دەسەڵات "لە تورکەوە بۆ کورد" و،
"دانانی والیی تورک و سەربازگە و پاسگای تورک لە هەموو شارۆچکەیەکی کوردستاندا. خۆ ئەگەر لەشکرکێشییەکەی دژ بە سلێمانی بە سەرکەوتن تەواو بوو ... ئەوە کورد محەمەد پاشا بە یەکەیەکی سەربازیی توکی بەهێزی پیادە و تۆپخانەوە لە کوردستانی باشووردا بەجێدەهێڵرێت و عەبدوڵڵا پاشاش وەک تەنها بووکەڵەیەک بەکاردەهێنرێت بۆ هێمن کردنەوەی ناڕەزایی و بێزاریی کوردەکان وەک ئەنجامێکی ملکەچییان بۆ ڕەگەزێکی دەرەکی. پاشان هەمان کردەوەش دژ بە رەواندز، خۆشناو، سەرۆکی هەکاری، بەدرخان بەگ، سەرۆکی جەزیرە و داوجاریش وەک ئومێدی لێدەکرێت ڕۆحی سەربەخۆیی کە بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ باڵی بەسەر کوردەکاندا کێشاوە بەتەواوی تێکدەشکێنرێت، ئەو کاتەش خێڵەکان دەبن بە ڕەعییەت وەک لەوەی باجدەر بن بە ئیمپراتۆرییەتی تورکی"١٧.
لەکاتێکدا کە نەجیب پاشا خۆی ئامادە دەکرد بۆ پێشڕەوی کردن بەرەو کۆیسنجەق، ئەحمەد پاشاش ئامادەکاریی دەکرد بۆ گەمارۆدانی سەربازگەکەی نەجیب. درککردن بەو دۆخە پڕ مەترسییەی کە بەرەوڕووی بووەتەوە، نەجیب نێردەی خۆی ڕەوانەی بەغدا کرد و داوای یارمەتیی کرد، بەڵام کوردەکان ڕێگەیان پێگرتن و کوژران. پاشان نەجیب شێخێکی پایەبەرزی نارد بۆ لای ئەحمەد پاشا بە مەبەستی ئەوەی دانوستانی لەگەڵدا بکات، بەڵام لە کاتی گفتوگۆدا و لەبەر هۆکاری نەزانراو، ئەحمەد پاشا شێخەکەی داوەتە بەر دەمانچە و کوشتوویەتی. لە کاردانەوەی ئەوەدا، زۆرێک لە شوێنکەوتووانی لێی هەڵگەڕاونەتەوە و دڵسۆزی و پابەندیی بخۆیان بۆ عەبدوڵڵای برای دەربڕیوە. لە ئەنجامی ئەم شەڕ و دووبەرەکییەی خێوەتگەکەدا، ئەحمەد پاشا هەڵاتووە بۆ ڵای خێڵی جاف، کە یەک لە خێڵەکانی ناو قەڵەمڕەوی بابان بووە و لەوێشەوە ڕەوانەی سنە کراوە، لە کوردستانی ڕۆژهەڵات. پاشان سوپاکەی پەرش و بڵاو دەبێتەوە و چەک و جبەخانەشی دەکەوێتە دەست هێزەکەی نەجیب پاشا١٨. ئەو ویستی لە ئێرانەوە تەحەدای دەسەڵاتی براکەی بکات، بەڵام نوێنەرانی ڕووسیا و بەریتانیا و عوسمانی فشاریان خستە سەر تاران بۆ ئەوەی لە سنوور دووریبخاتەوە. بەهەرحاڵ، کۆتایی ئەحمەد پاشا لەخۆیدا کۆتاییەکی کاریگەری حوکمی میراتگریی بەهێزترین بنەماڵەی کورد و حوکمڕانیی ناوچەکانی سلێمانی و کەرکووک و هەولێر بوو. ئەم کۆتاییە، وەک ڕاوڵینسۆن تێبینیی دەکات، سیمبۆڵی گواستنەوەیە لە پەیوەندیی باجدانەوە کەوا کوردەکان سوڵتان وەک گەورەیەکی باڵادەستی خۆیان دەناسن بۆ جۆرێکی نوێی پەیوەندی کە تێیدا دەبنە ڕەعییەتی سیادەی عوسمانی. دواجار ئەحمەد پاشا لەگەڵ ئەستەمبووڵ ئاشتبووەوە و وەک دوورخراوەیەکی تاراوگە گەڕایەوە. عەبدوڵڵای براشی، کە جێیگرتەوە، وەک زۆرێک لەو کەسایەتی و دەسەڵاتدارە کوردانەی خیانەتیان لە گەل و بنەماڵەی خۆیان کرد و هاوکاری و هەماهەنگییان لەگەڵ دەسەڵاتدارانی دەوڵەتدا کرد، هەر زوو لە حوکمە بووکەڵەکەی دەرکرا و نێردرا بۆ ئەستەمبووڵ١٩. ئەمەش واناگەیەنێت کەوا بابانەکان تێکەڵ بە سیستەمی عوسمانی نەکران. عەبدوڵڵا دواتر بە حاکمی دیوانییە دانرا لە باشووری عێراق، هەروەها ئەحمەد پاشاش بوو بە ئیدارییەکی دەرکەوتووی ئیمپراتۆری.
بە لەناوبردنی بابانە لاوازکراوەکان، دەسبەجێ پاشا عوسمانییەکان سەرنجی خۆیان وەرگێڕا بە لای تازە هەڵگەڕاوەکانی بۆتان و هەکاری و برایانی خان لە واندا. وادەدەردەکەێت کەوا برایانی خان پاش ئەوەی لە ئەستەمبووڵ بەردران کۆنترۆڵی خۆیان گێڕایەوە بەسەر ویلایەتی واندا و قەڵای خۆشابیشیان لە دەستی هێزەکانی عوسمانی دەکرد و هێرشێکیشیان دژ بە بیتلیس ئەنجامدا. بەپیی پاشا عوسمانییەکان، خان مەحموود هاوپەیمانیی لەگەڵ هەکاری و جزیرە کردبوو، بە هەمان شێوە لەگەڵ یەحیا خانی سەڵماسیش، کە ئەندامێکی بنەماڵەی هەکاری بوو، لە بەری ئێرانەوە و خێڵەکانی دوودەری کۆچەریش لە ناوچەی جەزیرە، کە هاوینانیان لە پاوان و لەوەڕگەکانی مەحموودیدا بەسەردەبرد٢٠(هاکان، ٢٠٠٧: ١٢٦ - ١٢٧). خەڵکی وان بەرهەڵستیی چەندین هەوڵی ئەستەمبووڵیان کرد کە هێزی دەنارد بۆ سەپاندنی والییەک بەسەریاندا (دۆغان، ٢٠١١: ١٥٤).
برایانی خان، بەتەواوی وەک ئەحمەد پاشای بابان بوون و دژ بە سوڵتان یان چەتری عوسمانی نەبوون بەڵکوو زۆر باش ئاگایان لە نیاز و مەبەستی ئەستەمبوول بوو سەبارەت بە کۆتایی پێهێنانی سەربەخۆییان و گۆڕینی ئەوان بە عوسمانییە دنراوەکان لەجیاتیی ئەوان. هەڵبەت هەر ئەوان نەبوون بەتەنها، بەڵکوو ڕاپۆرتی جۆراوجۆری عوسمانی هەبوون لەسەر ماوەی پاراستنی بوونی کۆمەڵەیەکی یەکگرتووی کورد. کاتێ کە حاکمی گشتیی هەرێمی داوای لە خەڵکی ساری وان کرد بۆ ڕوونکردنەوەی هۆکاری ئەوەی کە بۆچی بەردەوام لەیاخیبووندان، خەڵکی وانیش وەفدێکیان ناردە لای بۆ ئەوەی بزانێ کە ئەمان وەک ڕەعییەتی دڵسۆز بۆ سوڵتان هەموو کات ئامادەبوون باجی ڕەوای خۆیان بدەنە حکوومەت، بەڵام ڕەتیدەکەنەوە کەوا کەلوپەل بۆ سەربازی تازە ناونووسکراو دابین بکەن، پاسگایەکیان بۆ وەربگرن تەنزیمات قبووڵ بکەن یان مل بدەن بە کەرەنتین٢١. پاش زیاتر لە مانگێک لەو دوا مۆڵەتەی کە ئەسعەد پاشا بۆی دیاری کردبوون بۆ ئەوەی بێ هێچ مەرجێک خۆ بەدەستەوە بدەن، لە مارتی ١٨٤٥دا، چل و حەوت موسڵمان و شانزە کریستیانی وان نامەیەکی مۆرکراویان بۆ نارد. ئەوان دووپاتیان کردووەتەوە کەوا لەکاتێکدا کە بەرهەڵستیی حکوومەت دەکەن بەو هۆیەوە نیە کە ئەوان یاخین یان نایانەوێ باجەکانیان بدەن (کە کۆیدەکەنەوە و دەینێرن بۆ حکوومەت)، بەڵام لەبەرئەوەی تەنزیمات باجی زۆر و فشاری حکوومەت زیاد و بەسەربازگرتنی زۆرەملێ دەگەیەنێت. وەک بەرگری کردن لە ئۆتۆنۆمیی خۆیان، ئەوان بێجگە لەوە بە پاشاشیان ڕاگەیاند کەوا هێزە ناوخۆییەکان قەڵای وانیان دەپاراست (لەدژی ئێران) و بەدڵنیاییەوە پێویست بە ناردنی هێزی نیزامی ناکات بۆ ئەوێ٢٢. بەدوای گەیشتنی چەندین ڕاپۆرت لە حاکم و والییەکانی ناوچەکانەوە، ئەنجومەنی وەزیرانی عوسمانی گەیشتە ئەو ئەنجامەی کەوا کۆمەڵەی یەکگرتووی کورد بە سەرکردایەتیی بەدرخان، کە لە پشتی بەرگرییەوە بوو لە وان، پێویست دەکات سەرکوت بکرێت نەوەک تەشەنە بکات بۆ هەموو ناوچە کوردییەکان و بگاتە سیواس (دۆغان، ٢٠١١: ١٥٣ - ١٥٤). جەیمس برانتی کونسوڵی بەریتانی لە ئەرزڕووم، کە زۆر بەتوندی داکۆکیی لە کۆتاییهێنان دەکرد بە بنەماڵە حوکمڕانەکانی کورد، لەسەر هەمان ڕاوبۆچوون بوو. ڕاستییەکەی، وادیارە لە پاش یارمەتیدانی سەرکوت کردنی کەسایەتییە دەسەڵاتدارەکانی کوردی وەک خان مەحموود و سەید بەگی حاجی بەهرام، حافز محەمەد پاشا هاوکار و پشتیوانی بوو وەک ڕێگەیەک بۆ هێشتنەوەی لە ژێر کۆنترۆڵدا. بەپێی مارتن ڤان بروونەسن، بەدرخان لە ساڵی ١٨٣٦دا کراوە بە موتەسەللیم و ساڵی ١٨٣٨ ملی کەچ کرد و دووبارە پێگەی خۆی چەسپاندەوە لە پاش شەڕی نیزیب و دەسەڵاتی خۆی بەرفراوان کرد لە ڕۆژهەڵاتی ڕەواندزەوە لە باشووری ڕۆژهەڵاتەوە بۆ ڕۆژئاوای ورمێ لە ڕۆژهەڵاتەوە بۆ دەروازەکانی مووسڵ لە باشوور. بەدرخان، بۆ جێگیر کردنی ئارامی و ئاسایش و حوکمی یاسا لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتیدا پەرەی بە کشتوکاڵ و چاندنی بەروبووم و دووبارە ئاوەدانکردنەوەی گوندە وێرانکراوەکاندا، ئەمەش سەریکێشایەوە بۆ کەشێکی گشتیی خۆشگوزەرانی. بێجگە لەوەش، وەک دکتۆر ڕایتی مسیۆنێر سەرنجی داوە، کە چوار مانگی لەگەڵ بەدرخاندا بەسەربردووە، کەوا پارەی کاشی بەسەر هەژاراندا دابەش دەکرد و دادپەروەرییەکی پوخت و بێگەردی پیادە دەکرد و "هێزی یاسای" دامەزراند، لەکاتێکدا کە بوو بە خاڵی کێشکردن بۆ "هەموو سەرۆکێک لە باکووری کوردستاندا" بۆ سەردانی کردنی، لەناویاندا هەردوو ڕکابەرە کۆنەکەی نووروڵڵای هەکاری و خان مەحموودی موکوس٢٣، کە هەردوکیان هێشتا حوکڕانی ئیمارەتەکانیان بوون و دۆخی حکوومەتیان هەبوو" (ڕایت و برێث، ١٨٤٦: ٣٨١ - ٣٨٣؛ ئایدن و ڤەرهیج، ٢٠١٢: ٣٦). کاتێ دەچینە دواوە بۆ سیستەمی نەریتیی حکوومەتی ڕۆژگارە دێرینەکان، وا باسدەکرا کە لە وتاری نوێژی هەینیدا ناوی هێنراوە، وەک ئاماژەیەکی ڕێکوڕەوان بۆ داواکردنی حوکمی سەربەخۆ لە جیهانی ئیسلامیدا. ئەمیش بەزۆری وەک ئەحمەد پاشای بابان، هەوڵی نوێکردنەوەی هێزەکانی دا و یەکەکانی دەستەبژێری سەروو خێڵی دروستکردبوو لە ژێر فەرماندەیی خۆیدا (ئایدن و ڤەرهیج، ٢٠١٢: ٣٦؛ کڵەین، ٢٠١١: ١٠٩ - ١١١؛ ڤان بروونەسن، ١٩٩٢: ١٧٢ - ١٨٠).
ئەگەر لە بێشکەدا نەخنکایە، ئەگەری زۆر هەبوو ئەم کۆششە نوێیە پێکهاتەی سیاسیی کوردی لە شێوازێکی جیاوازی ڕێکخستندا جێبهێشتایە. ئەو کەسایەتیی دەسەڵاتدارانەی کورد کەوا ئەم باسە لەسەریان وەستاوە بەدیاریکراوی سیاسەتی کوردیان دەبردە ئەودیوی سنوورەکانی ناوچەیی خۆیانەوە و بنەماکانی ڕێکخراوەکانی سەروو خێڵیان دادەمەزراند. دەکرێ تا ئەو ڕادەیەش بڕۆین کەوا فەوجە سەربازییەکانیان کە پێکهاتبوون لە خێڵی جۆراوجۆر ڕێکخستنی کۆمەڵایەتیی پێشتریان بەجێبهێشتایە و هاوپەیمانییەکی تازە چەکەرەکردوو لە ناو کەسایتییە کوردەکاندا سەری هەڵبدایە.
سەرلەنوێ جەختکردنەوە لەسەر دەسەڵاتی سیاسیی کورد تەحەدایەکی ڕاستەوخۆ بوو بۆ دەوڵەتی تەنزیماتی ناوەندی کە دایدەیشکاندەوە بە لای نەهێشتنی ئۆتۆنۆمی یان حوکمڕانیی ناڕاستەوخۆ لە ئیمپراتۆرییەتدا و گۆڕینی چینی ئەریستۆکراتییەتی ناوخۆیی بەوانەی کە لە ناوەندەوە دادەمەزران. لە ساڵی ١٨٤١دا، بە گومانی هێز و دەسەڵات پەیداکردنی بەدرخان و ئەو هاوپەیمانێتییانەی دروستی دەکردن، ئەستەمبووڵ ویستی جڵەوگیری بکات لە ڕێگەی لکاندنی چەند بەشێک لە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی بە ویلایەتی مووسڵەوە کەوا ئینجە محەمەد پاشای بەیراقدارزادە حوکمی دەکرد، کە پیاوێکی بەهەڵپە بوو و چاوی بڕێبووە چواردەوری خۆی. ئەوەی کە ناوی لێنرابوو مەسەلەی جەزیرە، یان مەسەلەی لکاندنی جەزیرە بە مووسڵەوە، لە لایەن ئەو توێژەرانەوە کە خۆیان وێڵکردبوو لە داواکاریی کورد بۆ ئۆتۆنۆمی وا لێکدەدرایەوە کە ڕاپەرین و شۆڕشەکانی کورد تەنها کاردانەوەیە بۆ تەنزیمات، بەو پێیەی کە ڕووداوی سەرەکییە بۆ هەڵگیرساندنی شۆڕشی بەدرخان (ئایدن و ڤەرهیج، ٢٠١٢: ٣٦). مەسەلەی جەزیرە بۆ ماوەیەکیش بووبوو بە جێی باس و مشتومڕی ئەنجومەنی وەزیرانی عوسمانی و پاشاکان قسەیەن لەسەر ئەو کێشەیە دەکرد. لەکۆتاییدا، ناوچەکەیان بە فەرمی لە دیاربەکر بچڕی و خستیان سەر مووسڵ. ڕەتکردنەوەی بەدرخان بۆ ئەوەی کە ملبدات بۆ بەیرەقدار هەل و دەرفەتی ڕەخساند بۆ پاشاکانی عوسمانی کەوا بە یاخی لەقەڵەمی بدەن و ئۆتۆنۆمیی کورد تێکبشکێنن و هێز و دەسەڵاتی خۆیان زیاد بکەن. لەکاتێکدا کە پاشاکانی عوسمانی خەریکی پیلانگێڕان بوون، هاوپەیمانییەکی نێوان بەدرخان و خان مەحموود هاتە ئاراوە. ئەمە زۆر لەو هاوپەیمانییەی خان مەحموود دەچوو کە لە یەکەم قۆناخی ئارامکردنەوەی کوردستان لە ناوەڕاستی ١٨٣٠کاندا و کۆنترۆڵ کردنی قەڵای خۆشابی ستراتیجی (لە ساڵی ١٨٤٢دا) و هەوڵێکی سەرنەکەوتووانەی دا، بە یارمەتیی بەدرخان و نووروڵڵا بەگ بۆ ئەوەی ناوچەی بەدلیس بخاتە ژێر دەسەڵاتی خۆیەوە. هەندێ لە پاشاکانی عوسمانی لەو کاتەدا ئەمەیان وا لێکدایەوە کە بەشێک بێت لە نەخشە و پلانی عوسمانییەکان بۆ ئەوەی وردە وردە هەژموونی عوسمانی بخەنە لاوە (کاردام، ٢٠١١: ١١٥ - ١١٩).
هەر پاشاکانی عوسمانی بەتەنها نەیاندەویست گیانی سەربەخۆیی کرد تێکبشکێنن، بەڵکوو دیپلۆماتە بەریتانییەکانیش فشاریان دەکرد و پێیان لەسەر کۆتاییەک دادەگرت بۆ ئۆتۆنۆمیی کورد وەک بەشێک لە ستراتیجییە گەورەکەیان بۆ هێشتنەوەی عوسمانییەکان وەک قەڵا و سەنگەرێک بە فراوانخوازی و پەلکوتانی ڕووسیا بەرەو باشوور. ئەم فشارەش زۆری بەدەستەوە بوو بکرێت لەگەڵ ئەوەی کە چەندین ساڵ لەوەوپێش ڕوویدابوو. بە هۆی لەشکرکێشیی یەکەمی بەدرخان و نووروڵڵا بەگەوە بۆ سەر نەستوورییەکان لە هاوینی ١٨٣٤دا، بووبوون بە ناوی زۆر ناسراو لە ڕۆژئاوا و فشاریان خستبووە سەر ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی بۆ لابردنیان. ئەگەری زۆر هەیە کە بە هۆی پشتیوانی لێکردنەی جۆراوجۆری ئەوروپی و مژدەدەرە دڵگەرمە تازە گەیشتووەکانی ئەمریکا و بەڵێنەکانی بڕیاری باڵای تەنزیمات وای لە نەستۆرییە کریستیانەکانی ناوچەی هەکاری کردبوو کە تا ئەو کاتە لە ژێر دەسەڵاتی نووروڵڵا بەگی میری هەکاریدا بوون، کە سەرانە (جزیە)ی ساڵانەی نەدەنێ و هێرشیشیان کردووەتە سەر جولەمێرگ بەپێی گێڕانەوەی مسیۆنێرەکانی ئەو سەردەمە (گرانت، ١٨٤٣: ٤٣٥). هەروەها مار شیمۆن (شەمعوون) ی ڕابەری نەستوورییەکانیش تەرەفگیریی سولەیمانی برازای نووروڵڵای کردووە کە ڕکابەریی مامی دەکرد بۆ سەرۆکایەتی. بۆ بەرەوڕووبوونەوەی ئەم سەربەخۆییە گەرموگوڕە و هێرش و پەلاماردانی ڕوو لە زیادی گوند و مزگەوتەکانی موسڵمانان و تەلار و خانەی مسیۆنێریی چەشنی قەڵای دکتۆر گرانت لە ناوچەی تەیاری، نووروڵڵا داوای یارمەتیی لە بەدرخان کرد و ئەویش هێزێکی گەورەی نارد بۆ بۆ دامرکاندنەوەی یاخیبوونەکە. لەو ڕووبەڕوونەوانەی کە بەدوایدا هات، ژمارەیەکی زۆری نەستوورییەکان کوژران و گەلێکیشیان ناچار کران ناوچەکە بەجێبهێڵن. هەڵبەت ئەوە دوور نیە لەو بەڵگەیەی کە باس لەوە دەکات کەوا ئەم ڕووداوەی کە تیشکێکی میدیایی باشی چووەتەسەر لەبارەی "ئەو کوشتارە دڵڕەقانەی بەدرخان بەگەوە"، وەک چاودێرێک باسی دەکات (باجەر، ١٨٥٢: ix)٢٤، بەمەش زنجیرەیەک لە هەست و سۆزی ئەوروپیی دژە کورد دەستی پێکرد لەگەڵ ڕاوبۆچوونی چەندبارەی زۆربەی گەڕیدە و دیپلۆماتەکان لە ناوچەکەدا و ئەمەش ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوەی بینی لە مەسەلەی دوورخستنەوەی کورد لە دانوستانەکانی دوای جەنگی جیهانیی یەکەمدا و ئەنجامیش واکەوتەوە کە دەوڵەتێکی تایبەت بە خۆیانیان نەبێت٢٥. کوشت و کوشتاری نەستوورییەکان لەلایەن هاوپەیمانی یان یەکگرتنی خان مەحموود - بەدرخان - نووروڵڵاوە و ئەو وێرانکارییانەی بەرپایان کرد لە کۆمەڵگەکانیاندا پەیوەندیی نێوان کورد و نەستوورییەکانی شێواند و ژەهراویی کرد. بە هەمان شێوە دەسەڵاتدارانی ئەوان و کوردی تری وەک میرە کۆر لەدژی یەزیدی و سیاسەتە نامرۆڤانەکانی تریش ڕۆڵێکی گرنگ و بەرچاویان بینی لە نامۆکرددنی یەزیدییەکان لەودوای کورد لە مەودای دوورودرێژدا٢٦.
هێرش و پەلامارەکە، کە وەک ڕووداویکی تر تێیدەڕوانرا لە زنجیرەیەکی دوورودرێژی توندوتیژی لەدژی کریستیانەکان، زۆر بەباشی جاڕی لێدرابوو لە ئەوروپادا. پاشان وا هاتەپێشەوە کە لەدوای چەندین ساڵ ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی یەکسانیی هەموو ڕەعییەتەکانی ڕاگەیاند لە بەردەمی یاسادا و هێرش و پەلامارەکە پێچەوانەی بەڵێنەکانی تەنزیمات بووە. حکوومەتەکانی فەرەنسا و بەریتانیا فشاریان خستە سەر عوسمانییەکان بۆ سزادانی سەرۆکەکانی یاخیبووان (هاکان، ٢٠٠٧: ١٥٧ - ١٩٣؛ کڵەین، ٢٠١١: ١٠٨ - ١١٥؛ ڤان بروونەسن، ١٩٢: ١٧٧ - ١٨١). بەڵام ئیدارییەکانی عوسمانی ڕاوبۆچوونیکی تریان هەبوو، بەو پێیەی کەوا نەستوورییەکان پێشتر هیچ کاتێ ملیان بۆ ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی کەچ نەکردووە و سەرکوت کردنیشیان لەلایەن بەدرخانەوە مایەی نیگەرانی نەبووە. بۆ نموونە، کامیل پاشای والیی ئەرزڕوومیش، تێبینیی ئەوەی کردووە کەوا کاریگەریی بەریتانی و ئەمریکییەکان، هاوکات لەگەڵ دەستێوەردانی ئێراندا، سەریان لە نەستوورییەکان شێواندبوو و تووشی هەڵەی کردبوون و هانیدابوون گوندەکان تاڵان بکەن و مزگەوتەکان بکەنە کەنیسە و لەبەر ئەوە بووە کەوا بەدرخان کاری پێویستی کردووە بۆ سەرکوت کردنیان٢٧. بە هەمان شێوە، پشتگیری کردنی والیی بەغدا و ئەرزڕووم لە بەدرخان و ترس لە دەستێوەردانی ئەوروپییەکان ڕەنگە پاڵی بە ئەستەمبووڵەوە نابێت بۆ ئەوەی بەدرخان لە مەسەلەکە نەکاتە دەرەوە. پێدەچێت پاڵپشتیی ئاست بەرز دنەی دابێت بۆ بەردەوام بوون لەسەر سیاسەتی دڵڕەقانەی دژ بە نەستوورییەکان و کونسوڵەکانی فەرەنسا و بەریتانیا، کە هەمیشە لەلایەن میسیۆنێرەکانەوە ئاگادار دەکرانەوە، بەردەوام فشاریان لە ئەستەمبووڵ و دامودەزگا دەرەکییەکان کردووە بۆ ئەوەی زنوورێک بۆ ئەم چەوساندنەوە دابنێن. پاش ئەوەی بەدرخان هێرشێکی تری خوێناویی کردە سەر نەستوورییەکانی تووما لە پایزی ساڵی ١٨٤٦دا، ئەستەمبووڵ، بە هۆی فشاری باڵیۆزی فەرەنسییەوە و ئاگادار کردنەوەی کە چیتر شەرعییەتی لە مەترسیدایە، گەیشتە ئەو ئەنجامەی کەوا ئیتر کاتی ئەوە هاتووە مامەڵەیەکی یەکلاکەرەوەی لەگەڵدا بکرێت. لەبەرئەوە موشیری (فەرماندەی) سوپای ئەنەدۆڵ و والییەکانی سیواس و دیاربەکر و مووسڵ فەرمانیان پێکرا لەشکرکێشییەک ڕێکبخەن دژ بە بەدرخان و وان، کە دانیشتووانی بەردەوام بوون لە تەحەدا کردنی حکوومەت و باوەڕیان "بە خۆیان هەبوو کە توانایان هەیە سەربەخۆیی خۆیان بپارێزن"٢٨.
بەدرخان پەیمانی دا جەزیرە بەجێبێڵێت و ڕێگە بە گەڕانەوەی هەموو هەڵاتووەکانی ناوچەکە بدات و هەرچییەکی لەسەرە بیبژێرێت و کۆکردنەوەی ڕێکوپێکی باجی شایستە و چیتر دەستوەردان نەکات لە کاروباری نەستوورییەکاندا و بەتەواوی ملکەچی دەسەڵاتی دیاریکراوی والیی مووسڵ بێت و سەرباز لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆی بدات، بەڵام ئەمانە هیچ سوودێکیان نەبوو (کاردام، ٢٠١١: ٣١٣ - ٣١٥). هەڵبەت بۆ ئەستەمبووڵ، داواکاریی بەدرخان کە لە وتاردانی نوێژی هەینیدا تەنها ناوی ئەو بخوێنرێتەوە لابردنی مسۆگەر کردبوو. ئەستەمبووڵ لەوە بەدواوە چیتر دەسەڵاتدارە کوردەکان نابەخشێت. ئەوجا لە پاش ئامادەکارییەکی دوورودرێژ، لە هاوینی ١٨٤٧دا، سوپای عوسمانیی ئەنەدۆڵ و عەرەبستان بە فەرماندەیی موشیر عوسمان پاشا لە یەک کاتدا کەوتنە هێرش کردن بۆ سەر خان مەحموود و بەدرخان، کە هەردوو سەرکردەی هاوپەیمانییە کوردییەکە بوون (کاردام، ٢٠١١: ١٠٥). شاری وان لە سەرەتای ساڵی ١٨٤٥وە تەحەدای دەسەڵاتی عوسمانیی دەکرد. عوسمان پاشا نامەیەکی ناردبوو بۆ دەستەی ئەرکانی عوسمانی و بە ڕوونی ئاماژەی بۆ ئەوە کردبوو کەوا هاوپەیمانیی خان مەحموود - بەدرخان هەندێ کەسایەتی دەسەڵاتداری تری کورد دەگرێتەوە ە یەکێتییەکی بەهێزیان هەبووە (ئیتتیفاقی قەوییە) و هەندێ بیر و ئایدیایان هەبووە کە لەگەڵ دڵسۆزیدا (بۆ سوڵتان یان دەوڵەت - و) یەکینەدەگرتەوە و خەونیان بە دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆوە بینیوە (حکوومەتی موستەقیللە)٢٩. بابی عالی فەرمانی داوەتە پاشاکانی خۆی کە چی لەتوانایاندیە بیکەن بۆ تێکشکاندنی "یەکێتی و هاوپەیمانیی کەسایەتییە دەسەڵاتدارەکان). کارەکە باش بەدەستەوە هات و جێبەجێ بوو کاتی کە شەریف بەگی مووش و عەبداڵ خانی برای خان مەحموود، پێدەچێت تووڕە بووبێتن چونکە دەبوو ئەو قەڵایانەی بەدەستیانەوە بوو ڕادەستی بەدرخانی بکەن و لەو سۆنگەیەوە عەبداڵ خان لە نیسانی ساڵی ١٨٤٧دا لێیان جیابووەوە (هاکان، ٢٠٠٧: ١٩٣ - ٢٠٣؛ کاردام، ٢٠١١: ٣٣١ - ٣٣٦). بەدوایدا ڕیزوان ئاغای سەرۆکی حەسەنان و ئیبراهیم ئاغای سەرۆکی خێڵی حەیدەران و دەمڕاست و دەسەڵاتدارانی ئەخڵات و عادیلجەوازیش وازیان لە بەرگری هێنا و ملکەچی سوپای عوسمانی بوونەوە. پاشان هەندێ جیابوونەوەی تریشی بەدوادا هات. بە نەخشە و پلانێکی ڕوون بۆ لەناوبردنی ئەم کەسە جیابووەوانە پاش ئەوەی لە ژێر ڕکێفی بەدرخاندا خزمەتیان کردبوو، پاشاکانی عوسمانی ڕۆب یان عەبای ڕێزلێنانیان بەسەر گەلێکیاندا دابەش کردبوو (کاردام، ٢٠١١، ٣٢٨). بۆ مسۆگەر کردنی خزمەتی شەریف بەگ کرا بە میرئاڵای (کۆڵۆنێڵ) و شارۆچکەی مووشیش کرا بە مەڵبەندی ئامادەکاری. ڕەشید پاشا پشتگیریی ئەمین پاشای برای شەریفی کرد کە ببێتە موتەسەڕیفی سەنجەقی مووش و نیشانی ڕێزلێنانی ئیمپراتۆریی بەخشییە هەردوو براکە (گێنسەر، ٢٠١٠: ١٦). لەبەرئەوەش کە عەبداڵ خان کۆنترۆڵی قەڵاکانی ساتمانیس و خۆشابی کردبوو لە سەر سنوور، بۆیە جیابوونەوەکەی تێسرەواندنێکی هێجگار گەورە بوو بۆ هاوپەیمانییەکەی خان مەحموود - بەدرخان، کە پلان وابوو پەنا بەنە بەر قەڵای خۆشاب لە حاڵەتێکدا کە شکستیانهێنا٣٠. بەم جۆرە، جیابوونەوەکەی عەبداڵ خان بەدرخانی ناچار کرد بکەوێتە دانوستان لەگەڵ ئێراندا. لەو ماوەیەشدا، ڕەسووڵ پاشای ڕەواندز، کە لە دوای خۆبەدەستەوەدانی براکەی ئەمیان لە شوێنی دانبوو، دواتریش کرابوو بە قایمقامی هەریر، هەڵاتبوو بۆ شنۆ لە ئێران. ئەستەمبووڵیش داوای لە هەردوو کونسوڵی ئێرانی و بەریتانی کردبوو لە بەغدا بۆ ئەوەی کە بیگێڕنەوە. ئەویش بە خوایشتی خۆی بەقسەی کردبوون و گەڕابووەوە، لەبەر ئەوە تاران بڕیاریدا کە هیچ یارمەتییەکی بەدرخان نەدا یان هیچ هیوایەکی نەهێڵێت بۆ ئەوەی پەنای بدات ( هاکان، ٢٠٠٧: ٢١٧ - ٢١٩).
هەرچەندە بەدرخان و خان مەحموود بەرەگاری سوپایەکی باڵادەست بوونەوە کە لە ٢٥ هەزار سەربازی پڕچەک و تفاقی سەربازیی چاک پێکهاتبوو کە ژمارەیەک جەنەراڵی پلە و پایە بەرز فەرماندەییان دەکرد، بەلام بڕیاریاندا بەرگری بکەن و سەرکەوتووانەش کردیان. بەڵام لەو کەسە پایە بەرزانەی کە جیابوونەوە، خیانەت کردنی یەزدانشێری ئامۆزاکەی بەدرخان و کوڕی میر سیڤەدین بوو، کە جێگەی بەدرخانی گرتەوە و ڕێگەی بە سوپای عوسمانی دا بێتە ناو جەزیرەوە لە کۆتایی مایسی ١٨٤٧دا و ئەمەش بە شێوەیەکی بەرچاو کز و لاوازی کردن، بەتایبەتی کە یەزدانشێر پێش هێزەکان کەوت بۆ دەنگەر و قایمکارییەکانی بەدرخان لە دەرگوڵ٣١. بەدوای ئەودا شەڕ و پێکدادان دروستبوو لەنێوان هێزەکانی خان مەحموود و سوپای عوسمانیدا لە ناوچەکانی ئەخڵات و بەدلیس و مووش (هاکان، ٢٠٠٧: ٢١٢ - ٢١٣). لە ١٤ی حوزێرانی ١٨٤٧دا، بەدرخان، بە یاوەریی ٤ - ٥ هەزار جەنگاوەر هێرشێکی شەوانەیان کردە سەر سەربازگەکەی فەریق عومەر پاشا. هاوزەمان، خان مەحموودیش بۆسەیەکی شەوانەی نایەوە بۆ تیپەکەی سەرعەسکەر عوسمان پاشا و هەرچۆنێک بوو نەیهێشت "هێزەکانی لە ڕووباری بۆتان بپەڕنەوە، کەوا بە کەڵەک دەیانویست ئەو کارە بکەن، چونکە پردەکە ڕووخێرابوو"٣٢.
هەرچەندە شەڕ و پێکدادان ڕووبەرێکی جوگرافیی فراوانی گرتووەتەوە بەڵام وەک دەگوترێ مانگەشەو سەر لە ئێوارە دیارە، بۆیە بەدرخان شوێنکەوتووانی ئازاد کرد لەو سوێندی ملکەچی و دڵسۆزییە کە خواردبوویان. لە دوادوایی تەمووزدا، لەگەڵ نزیکەی ٥٠٠ کەس لە شوێنکەوتووانی کشانەوە بۆ قەڵای ئێروێکس (ئۆراک)، کە لەوێ خێزانەکەی بەدڵنیاییەوە لە ئەماندا دەبێت. فرەی نەبرد خۆبەدەستەوەدانی دوو برازای بەدوادا هات. هەرەسهێنانی کۆمەڵەی کەسایەتییە دەسەڵاتدارەکانی کورد ورەی بەرگریکارانی لە واندا ڕووخاند. کاتێ هێزەکانی ئەرزڕووم گەیشتن، دوو لە براکانی خان مەحموود، کە ئەوێیان بەجێهێشتبوو بۆ بەرگری کردن لە شارەکە، خۆیان ڕادەستی فەریق عومەر پاشا کرد٣٣. هێنری ئە. لایارد تێبینیی ئەوەی کردووە کەوا هێزەکانی سوڵتان بە هاوکاری و یارمەتیی بە سەربازگرتنی زۆرەملێی کوردە یەزیدییەکان، بۆ دواجار شکستیان بە خان مەحموود هێنا لە تیللە، لەکاتێکدا کە لەگەڵ خێڵەکانی وان و هەکاریدا پێشڕەویی کردبوو بۆ یارمەتیدانی بەدرخان. بەهەرحاڵ، بە گەیشتنی هەواڵی خۆبەدەستەوەدانی بەدرخان، خان مەحموودیش کەوتە دانوستان کردن لەپێناوی خۆڕادەستکردنی خۆی و هاوپەیمانییەکەیدا (لەنێویشیاندا میکردیچ و ماریک ئەفەندیی هاوپەیمانە ئەرمەنەکانی). بەم جۆرە ماوەی چل ڕۆژی شەڕ و پێکدادان لە نێوان هێزەکانی عوسمانی و کورددا هاتە کۆتایی. خان مەحموود لە ٤ی تەمووزی ١٨٤٧دا لە تاتڤان خۆی بەدەستەوەدا و دواتر دوورخرایەوە بۆ ڕوسچوک، هەفتەی دواتریش، هێزەکانی حکوومەت توانییان قەڵای وان بگرن (دۆغان، ٢٠١١: ١٥٦ - ١٥٧؛ کاردام، ٢٠١١: ٣٤٣، ٣٦١ - ٣٦٢).
بەپێی برانتی کونسوڵ، وا باس بووە کە دەکرا بەدرخان سەرکەوتوو بێت لە بەرپاکردنی ڕاپەڕینێکی گشتیی کورددا٣٤. بەهەرحاڵ، ئەو لەپاش چەندین ڕۆژی بەرگری کردن لەدژی هێزەکانی عوسمانی لە ئێرویکس، لە ٤ی تەمووزی ١٨٤٧دا، خۆی ڕادەستی پاشاکانی عوسمانی کرد (کاردام، ٢٠١١: ٣٥٨). وادیارە لەم کاتەشدا (مایسی ١٨٤٧)، نووروڵڵا بەگی هەکاری، کە لە شۆڕشەکەدا بەشداریی نەکرد و خۆی بەدوور گرتبوو، قەناعەتی پێکرابوو کە واز لە دڵسۆزی و ملکەچیی بەدرخان بێنێت٣٥. لەپاش گرتنی بەدرخان، "تەنها چەند مانگێکی کەم تێپەڕیبوو بە سەر گرتنی بەگەکانی بەدلیسدا، کە درێژترین ماوە بەرگریی هێزی چەکداری تورکییان کردبوو. بۆچوون وایە کە لەگەڵ ئەواندا یاخیبوونەکە لەو کاتەدا لە کوردستان دامرکێنرایەوە (لایارد، ١٨٥٢: ١٠). تا مانگی ئاب نزیکەی هەموو سەرۆکە گرنگە کوردەکان خۆیان بەدەستەوەدا و چاوەڕیی دوورخستنەوەیان بوو بۆ ناوچەکانی ڕۆژئاوای ئیمپراتۆرییەت٣٦. وەک هەمیشە عادەت وابووە کە خیانەت تەنها ئاسوودەییەکی کاتی دەستەبەر دەکات بۆ خیانەتکاران، ئەو سەرۆکانەی کە هاوکاری و هەماهەنگییان کرد لەگەڵ عوسمانییەکاندا، وەک شەریف بەبی مووش و براکانی بۆ ماوەیەک لە پێگە و پۆستەکانیان مانەوە بەڵام بۆ سەرەتای ساڵی ١٨٥٠ ئەوانیش لە ناوچەکە دوورخرانەوە. سەرباری زوو جیابوونەوەشی عەبداڵ خانیشیان خستە پاڵ کاروانی دوورخراوەکان.
بەهەمان شێوە، هاوکاری نەکردن لەگەڵ بەدرخان - خان مەحموود و پێدانی نیشانێکی ئیمپراتۆرییش نووروڵلا بەگی هەکاریی ڕزگار نەکرد. ئەستەمبووڵ بەهانەیەکی پێگرت کەو هەوڵی داوە ناوچەکانی هەکاری بخاتە سەر ئێران و عوسمانییەکان بەگومان بوون لە نووروڵڵا چونکە یەکێک لە ژنەکانی خوشکی یەحیا خانی سەڵماس بوو، کەوا خوشکێکی تری ژنی محەمەد شای ئێران بوو. عوسمانییەکان بە داواکاری ئەوەی کە تاران ڕێگە نەدات لە سنوور بپەڕێتەوە لە ٩ی دیسەمبەری ١٨٤٨دا هێزەکانیان بردە ناو جوولەمێرگەوە. نووروڵڵا بەگ لە ترسی باڵادەستیی ئەم هێزە هەڵهات بۆ قەڵای بەردەڕەش و لەوێ عەلی ئەشرەف خانی حاکمی ئێرانی بە ٣٠٠ سوارەوە فریایکەوت و ڕزگاری کرد. ئەمەش قەیرانێکی نێودەوڵەتیی بچووکی لێکەوتەوە و کاتێ داوای گێڕانەوەی کرد لە تارانەوە، دەسەڵاتە ناوخۆییەکان و تەنانەت کونسوڵەکانی بەریتانیا و ڕووسیا لە تەبرێز لای خۆیانەوە هانی ئێرانییەکانیان دەدا کەوا نووروڵڵا ڕادەستی دەسەڵاتدارانی عوسمانی بکەن و بەڵێنی پاراستنی ژیان و کەرامەت و مڵک و ماڵیان دا. ئەوجا نووروڵڵا لە ژێر ئەم چەشنە فشارەدا ناچار بوو بگەڕیتەوە بۆ بەری عوسمانییەکان و پەنا بباتە بەر سەید تەهای هەکاری، کە شێخێکی نەقشی - قادریی ڕێزلێگیراو بوو (هاکان، ٢٠٠٧: ٢٦٦ - ٢٧١). بەهەرحاڵ، هەر زوو نێردرا بۆ ئەستەمبووڵ و لەوێشەوە بۆ تاراوگە. داڵدەدانی نووروڵڵا لە لایەن سەید تەهاوە ساتەوەختێکی سیمبۆڵی بوو لە مێژووی کوردستاندا. لەکاتێکدا کەوا کەسایەتی و دەسەڵاتدارە کۆنەکان بەرەو لاوازی و کزی دەجوون، چینێکی نوێی چینیکی نوێی خەڵکی ناوەند لە نێوان دەوڵەت و کۆمەڵگەدا، سەرکردە و ڕابەرانی چەسپاوی تۆڕە ئاینییەکان، بەرەوە شانۆی ڕووداوەکان دەچوونە پێشەوە و عەبای سەرکردایەتییان دەدا بە شاندا.