ئەلعەرەب: دوو هۆکار لە پشت ساردبوونەوەی سەدرن لە بارزانی
  2022-02-06       4071       

ئا: ئاوێنە

 

ڕۆژنامەی ئەلعەربی چاپی لەندەنی دوو هۆكاری سەرەكی باس دەكات لە ساردبوونەوەی سەدر لە بارزانی و دواجار پەنابردن بۆ بایكۆتكردنی دانیشتنی سبەینێی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار و هەڵپەساردنی دانوستانەكان بۆ پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی عێراق.  

ڕۆژنامەكە لە ڕاپۆرتێكیدا دەڵێت، هۆكاری یەكەم ناڕەزایەتییە لە گفتوگۆکانی دیاریكردنی سەرۆکكۆمارێكی تەوافوقی و پێداگری بارزانییە لەسەركاندیدكردنی هۆشیار زێباری.  

هۆكاری دووەمیش، بەپێی ڕاپۆرتەكە، کردنەوەی کەناڵی پەیوەندییە لەگەڵ چوارچێوەی هاوئاهەنگی شیعەكان لە لایەن پارتییەوە بە چاودێری ئێرانی.  

دەشڵێت، بۆیە سەدر لە تویتێکدا (4-2-2022) ڕایگەیاند، "ئەگەر هۆشیار زێباری، کاندیدی پارتی یاخود هەر کاندیدێکی دیکە بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار مەرجەکانی کاندیدبوونی تێدانییە، ئەوە پەرلەمانتارانی چاکسازیخواز دەنگی پێنەدەن، چونکە ئێمە لە خەمی چاکسازیداین، نەک خوازیاری دەسەڵات."        

لەدوای تویتەکەی سەدر، حەسەن عەزاری، سەرۆکی فراکسیۆنی سەدرییەکان لە پەرلەمانی عێراق لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا لەناو پەرلەمانی عێراق (5-2-2022) ڕایگەیاند، ”بە فەرمانی سەماحەتی فەرماندە سەدر بڕیارمان دا لە سڕكردنی سەرجەم دانوستانەكان لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان سەبارەت بە پێكهێنانی حكومەتی داهاتوو تا كاتێكی نادیار.”      

ئەو بڕیارانەش لەکاتێکدا، هەریەک لە پارتی و سەدرییەکان و تەقەدومی سوننە هاوپەیمانن بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق.  

ئەوەبوو شەوی ڕابردووی مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان و موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی سەدر لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا جەختیان لە هاوپەیمانێتییە ستراتیژییەکان کردەوە.    

لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا جەخت لە هاوپەیمانێتیی ستراتیژی و بەردەوامیی هەوڵەكان بۆ خێراتركردنی پێكهێنانی حكومەتی زۆرینەی نیشتیمانی كرایەوە، بۆ ئەوەی حكومەتی داهاتوو بتوانێت بە ئەركی خۆی بەرانبەر داخوازییەكانی ڕۆڵەكانی گەلی عێراق و  پارێزگاری لە بەرژەوەندییە باڵاكان و قووڵكردنەوەی سەقامگیری و خوشگوزەرانی هەڵبستێت. 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×