2022-01-16   3917     
ئا: ئازاد شکور
یوڤال نوح ئەڵێت:
(ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ مێژووی کۆن، ئەوا بە دەیان بیرمەندو فەیلەسوف و پەیامبەر دەبینینەوە کەهەوڵیان داوە له گرنگی و بەهای پارە کەم بکەنەوەو تێکی بشکێنن. بەبیانووی ئەوەی کە پارە بەهۆکاری هەموو بەدکارییەکان و هەموو خراپیەکان دادەنێن. لەگەڵ ئەوەشدا پارە بۆ هەموو ئاینە جیاوازەکان و بیرەجیاوازەکان و هەموو کەلتوورە جیاوەکانیش، هەمیشە ئەوپەڕی ئازادی و سەربەستی و دڵفروانی پێبووە[١])، هەڵبەت پارە بەهەموو ڕەهەندەکانیەوە چ پارەی ئەلیکترۆنی یان پارچە کاغەز یان زەمبیلەی جۆ بێت ئەوەی کەمامەڵەی نێوان مرۆڤەکان بووە، بۆ ڕایی کردنی ژیانی ڕۆژانەیان. دەتوانین بڵێین پارە هزریکی کراوەترە، بەبەراورد بەزمان و فکرو یاسا و کەلتوورو ئاینەکانیش، تاکو دەگاتە پەیوەندیە کۆمەڵایەتییەکان. پارە تاکە شتە کە مرۆڤ دروستیکردبێت وبتوانێت هەموو دەرگا داخراوەکان بکاتەوە و کلیلی چارەسەر بێت بۆ هەموو ژوورە داخراوەکان، بەبێ گوێدان بەجیاوازی هزرو تێڕوانینەکان و زمان و کەلتوورو جیاوازی ئاینەکان. هەرچەندە ئەوخەڵکانە یەکتر ناناسن و متمانەو دڵنییایی لەنێواندا نییە، بەڵام پارە دەتوانێت تەواوی ڕێگا دوورەکان کورت بکاتەوەو دەنگ و ڕەنگەجیاوازەکان بەیەک بگەیەنێت، دەتوانێت متمانەو هاوبەشی لەنێوان مرۆڤەکان درووست بکات، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کەپارە توانای گۆڕینی هەیە کە وا دەکات بەملێونان کەسی غەریبە هاوبەشی ئەنجام بدەن لەبوارەکانی بازرگانی و پیشەسازیدا. لەڕوانگەی زۆربەی سەرمایەدارەکانەوە، پارە کرۆکی خۆشیەکانە، چونکە دەتکاتە خودانی هەموو هۆیەکانی خۆشبەختی لەژیاندا. بۆ ئەوەی تەندرووستیەکی باشمان هەبێت، دەبێت پارەمان هەبێت. ئەگەر خولیای گەڕان و گەشتکردن بین سوود لەسروشت و شوێنەسەرنج ڕاکێشەکان ببینین ئەوا دەبێت پارەمان هەبێت، ئەگەر بمانەوێت ببینە خاوەن جێگەیەکی دڵنیایی دەبێت پارەمان هەبێت، دەبێت پارەمان هەبێت بۆ ئەوەی بخۆین و بخۆینەوە و پۆشاکی جوان بپۆشین، بەڵام هەرگیز نابێت وەکو دەرمان تەماشایی پارەبکەین و خووی پێوە بگرین، چوونکی خووگرتن بەشتێکی دیاری کراووە ئەوا ئیدمانمان دەکات. پارە هەم سەربەستی و هەمیش ئازادیە، چونکە مرۆڤ دەپارێزێت لەدڵەڕاوکی دوودڵی و ترساندن، وەک ترسان لەهەژاری ترسان لەوەی نەتوانین سوود لەهۆیەکانی خۆشگوزەرانی و بەختەوەری وەربگرین.
_چۆن پارەمان دەست بکەوێت؟
بێگومان بۆ گەیشتن و دەستەبەرکردنی پارە پێویستمان بەهەنگاوی کردارەکی هەیە، باشترین و سەرەکی ترینیان، دەبێت "کارێکی سادە" دەست بخەین، ئەگەر چی کارێکی سادەو سەرەتایش بێت هەنگاوێکی پێویستە بۆ گەیشتن بەوشتەی دڵخوازی ئێمەیە کەپارەیە. لەزانستی ئابوریدا سێ پرنسیپی سەرەکی هەیە کەسەرمایەداران لەسەری کۆکن و بوچوونەکانی خۆیانیان لەسەر بیناکردوون، ئەوانیش بریتین لە: (بیرۆکە و کردار و ئەنجام) واتا بیرۆکە دادەنێین بۆ دەسخستنی کارێک، پاشان ئەیکەینە کردارو هەنگاوی بۆ دەنێین، دواتریش چاوەڕوانی ئەنجام دەکەین. بەدەست خستنی کارێک وادەکات لەکاتە فریەکاندا لەپاڵ کارەکەماندا، هەوڵی بەدەستهێنانی کاری زیاتر بدەین بەمەبەستی زیادکردنی داهاتەکانمان. لەڕاستیدا گرنگ نییە چ کارێک دەکەین، بەڵکو گرنگ ئەنجامدانی کارێکە کە بمانگەیەنێتە مەبەستەکەمان. دەبێت کارکەر دووربکەوێتەوە و نەهێڵێت ڕەگەزەکانی بێ توانایی و خۆدزینەوە و تەمبەڵی و خۆبەگەورە زانین بەسەریدا زاڵ بێت، و هەموو ئەو هۆیانەی دەبێتە هۆی تەوەزەلی و کەمتەرخەمی لەمێشک و خەیاڵدانی خۆیدا بکاتە دەرەوە. یەکێک لە جیاوازیەکانی تاکێکی هەژار لەگەڵ تاکێکی زەنگیندا ئەوەیە، هەمیشە هەژارەکان دەیانەوێت کارێکی ئاسان دەست بخەن بەڵام هەموو ژیانیان بەکارکردنەوە ببەنە سەر، بەڵام دەوڵەمەند چەند ساڵێک کاری قورس ئەنجام دەدات بۆ ئەوەی بەدرێژایی ژیانی بەئاسوودەیی و بەخۆشی بژێن. وەک ووتراوە بڕینی هەزاران کیلۆ مەتر لەیەکەم هەنگاوەوە دەست پێ ئەکات. بۆ ئەوەی بگەیەن بەقۆناغی بێمنەتی لەپارە و ئاسایشی ئابووریمان مسۆگەر بکەین، پێوستمان بە چەند هەنگاوێکە. سەرەتا پێویستە دەستبکەین بەپاشەکەوتکردنی پارەکانمان بە لانی کەم ٪١٠ و لەشوێنێک یان لەناو بۆکسێکدا هەڵیان بگرین وەکو بەشێک لەوونبوو لێیان بڕوانین. پێویستە خەرجیەکانمان کەم بکەینەوە و داهاتمان زیاد بکەین، هەنگاوبەرەو هۆشیاری ئابوریی بنێین، بەوەی کە چۆن داهاتی ساڵانەمان زیادبکەین و دەستبکەین بەکۆکردنەوەی زانیاری لەسەر ئەوکارەی دەستمان داوەتێ. زانست و زانیارییەکی ئەوتۆمان دەست بکەوێت لەسەرکارەکەمان، پرساربکەیەین و چاوساخ و چاوکراوە بین کەچۆن بگەین بەو قۆناغەی کەپارە لەڕێگەیەوە زیاد دەکرێت و چۆن سەرچاوەی داهاتمان زیاد بکەین، بەمەش دەتوانین کۆی پارەکانمان ئەگەرچی کەمیش بێت بیخەینە خزمەتی پرۆژەیەکی تایبەتییەوە، بەمەبەستی زیادکردنی سەرمایەکانمان. پاشان لەبری ئەوەی دەست بەکۆکردنەوەی پارە بکەین، ئاشنا دەبین بەقۆناغێکی زۆر گرنگ و چارەنووسساز، کەقۆناغی "وەبەرهێنان"ە لەپارەدا، وەک چۆن کۆیلە خزمەتی خاوەنەکەی دەکات، بەهەمان شێوەش پارەکان دەکەینە خزمەتی خۆمانەوە و وەبەرهێنانی تیادا دەکەین، بەم شێوەیەش دەگەین بە" قۆناغی دڵنیایی و گرنتی کۆمەڵایەتی" و بێ منەتیی لەپارەدا. بۆ ئەم مەبەستەش پێویستمان بە بەگەڕخستنی ئەقڵ و مێشکمانە، کە دەتوانین ناوی لێبنێین "دانایی ئابووری" چونکە ئەگەر ئەم حیکمەتی ئابووریە لەهزرماندا جێگیر نەبێت، ئەوا ناتوانین بگەین بەقۆناغی خۆشگوزەرانی وبێمنەتی لەپارەدا. نمونە زۆرن دەربارەی ئەوانەی کەخاوەنی چەند هەزار دۆلاربوون بەڵام لەبەرئەوەی لێوەشاوەنەبوون لەچۆنێتی ئیدارە دان و بەگەڕخستنی پارەکانیان، بێ ئەزموون و ناشارەزا بوون کەچۆن هەڵسو کەوت لەگەڵ ئەوپارە کەڵەکە کراوەدا بکەن، زۆر بەئاسانی لەماوەیەکی زەمەنی کورتدا پارەکانیان بەهەوادا چوون و بێ حاڵ ماونەتەوە. کەوابوو ئەوەی هەژارێک لەگەڵ خانەدانێک جیا دەکاتەوە، بەتەنها نەبوونی هۆشیاری داراییە، بۆیە لە بناغەدا مرۆڤەکان هەموویان بەدەوڵەمەندی لەدایک بوون و بەهیچ شێوەیەک لەنێو چاوانی هیچ مرۆڤێکدا نەنووسراوە کەئەم کەسە تەواوی ژیانی بەهەژاری بەسەر دەبات، بەپێچەوانەوە مرۆڤەکان لەدایک بوونیان بوونێکی دەوڵەمەندانەیە، بۆیە سەرمایەداران کۆکن لەسەرئەوەی کە ئەقڵ باشترین سەرمایەیە کەخودا بەمرۆڤەکانی بەخشیوە، لەم ڕێگەیەوە تاک ئازاد و سەربەستە کەئایا دەیەوێت بەهەژاری بمێنێتەوە یان زەنگین بێت، گرنتی کۆمەڵایەتی خۆی نەوەکانی بەدرێژایی ژیانی مسۆگەر و فەراهەم بکات. هەڵبەت ئەم بەهێزی مێشکەش پشت بەچەند ڕەهەندێک ئەبەستێت کە مرۆڤ دەتوانێت بازبدات بۆنێو ژیانێک لەبری ئەوەی کار بۆ پارە بکات بەپێچەوانەوە پارە کاری بۆ بکات، دیارترینیان "نەترسان"ە کەکۆڵەکە و بناغەی پرۆژەکەیە، چونکە مرۆڤی ترسنۆک و دوودڵ و گوماناوی ناتوانێت بگات بەقۆناغی سەرکەوتن، دەبێت ئەوکەسەی گەربیەوێت بێتە نێوبازنەی سەرمایەدارییەوە کەسێک بێت "کەلەڕەق" بێت لەسەرئەو کارەی ئەنجامی دەدات، بەهیچ شێوەیەک نەترسی لەکەوتن هەبێت نە بەشێک بێت لەبیرکردنەوەکانی، بەڵکو دەبێت خاوەن بڕوابەخۆبوونێکی وەهای کۆنکرێتی بێت زۆر دڵنیا بێت لەسەر سەرکەوتنی پرۆژەکەی. لەمێژوودا نەبووە کەسێک دوو دڵ بێت لەسەر بەجێ گەیاندنی پرۆژەیەک سەرکەوتنی بەدەست هێنا بێت، چونکە مرۆڤ گیرۆدەی بیرو تێڕوانین و هزرەکانی خۆیەتی ئەگەر تاکێک بڕوای وابێت کەئەکەوێت و ترسی لەهەژاری و شکست هەیە، ئەوا بێشک کەوتن و شکست و هەژاری چاوەڕێت دەکات، بەپێچەوانەیشەوە دڵنیابوون لەسەرکەوتن و گەیشتن بەئامانج ئەنجامەکەی سەرکەوتن و گەیشتنە بەو شتەی خۆت لەمێشکی خۆیدا وێنای کردووە. "دان لۆک" یەکێک لەبازرگان و ملیاردێرەکانی جیهان دەڵێت: (ئەگەر لەنێو سەتڵێکی بەتاڵدا، ژمارەیەک جاڵجاڵۆکەی تێدا بکەین دەبینین هەندێک لەوانە هەوڵ دەدەن خۆیان بگەیەننە سەرەوەی سەتڵەکە، بەڵام هاوڕێکانیان لەگەڵ هەرهەوڵێکی سەرکەوتنی ئەو چەندجاڵجاڵۆکەیە لەدوواوە ڕایان دەکێشن بۆ نێو سەتڵەکە،نایانەوێت سەربکەون.[٢] ) ئەمە ئاماژەیەکی ڕوونە کەئەم ژیانە بەگوڵ نەڕازێنراوەتەوە بەڵکو پڕێتی لەبەریەککەوتن و توندوتێژی و بەرژوەندی و پێکدادان، پڕیەتی لەخەڵکانێک کە ڕێگرن لەبەردەم هەموو سەرکەوتنێک، بۆ ئەوەی دەورووبەر نەتوانن لەسەرکەوتنەکان ڕات بگرن دەبێت شکست بەترس و مەحاڵ بهێنیت، لە بری ئەوە من دەتوانم سەر بکەوم بکرێتە پرنسیپ، بۆ ئەوەی گوڵێک بەدەست بهێنین دەبێت بەسەر چەند دڕکێکدا تێپەڕ ببین. دەبێت خۆمان کەڕ بکەین لەهەمبەر خەڵکانێک کەئامانج لەکارەکەیان ڕووخاندن و شکاندنی ئێمەیە، ئامانج لەو کارەش تەنها بۆ ئەوەیە کەهاوتایی خۆیانمان بکەن، کەوایە گرنگە جگە لەسەرکەوتن بیر لەهیچ شتێکی دی نەکەینەوە، گەیشتن بەئمانجەکانمان دەبێت ئەولەویەت بێت.
_ڕۆڵی ژیان چیە لەخۆ دۆزینەوەی مرۆڤدا؟
"ڕۆبێرت کێوساکی" ئەڵێت: (زۆر جار واتێگەیشتووین بۆ ئەوەی فێری پارە پەیداکردن بین، دەبێت گوێ لەپارەچەڤیدێویەک بگرین یان کتێبی تایەتمەند بخوێنینەوە، یان لەکۆڕو سیمینار ئامادەگییمان هەبێت، ڕاستە ئەمانە گرنگن، بەڵام هاوکات ئەزموونەکانی ژیانیش زۆرترین فێربوون و پەروەردەکردنی پێیە، ئەوەی لەقوتابخانەکان فێری ئەبین جیاوازە لەوەی کەلەژیاندا ئەزموونمان کردووە، چوونکە ئەزموونکردن ژیان باشترین مامۆستایە بۆ ئێمە گەر بمانەوێت فێری پەروەردەی دارایی بین، ژیان پێچەوانەی ئەوانی دی قسەمان بۆ ناکات بەڵکو یاریمان پێ دەکات و پاڵمان پێوە دەنێت، بۆیە هەموو پاڵ پێوەنانێک و یاریکردنێک قسەیەکی پڕ مفای ئەم ژیانەیە دەڵێت:"ڕابە لەخەو شتێک هەیە ئەمەوێت فێری تۆی بکەم.[٣]) واتا ژیان ئەوپەڕی بەئاگا هێنان و هۆشیارکردنەوەیە، وامان لێ دەکات بەهۆش خۆماندا بێینەوەو ئەگەر بێ حاڵ و نەدارین خۆمان تاونباریین و دەبێت بەرپرسیارێتی هەموو شکستەکان بگرینە ئەستۆ، خۆمان بەکەمتەر خەم بزانین، ئۆباڵی کەوتنەکان نەخەینە ئەستۆی هیچ کەسێک و لایەنێکەوە نەڵێین ئێمە بێ باکین فیتی سیستەمەکە یان کارەکە یان هاوڕێکەم و یان بازاڕەکەبوو بەڵکو دەبێت چەلەنگانە تەحەموولی شکستەکان بکەین بیکەین بەهێزێکی وەها بتوانیین هەستینە سەرپێی و ووجودیەتی خۆمان بەیان بکەین. وەک سۆقرات بیرمەندی یونانی لەدەقێکدا دەڵێ:(من وەک مەگەزی سەرمانگا وام، بەگەلی یونانەوە دەدەم تاوەکو بەهۆشیان بێنمەوە) کەوایە تاڵی و چەرمەسەریەکانی ژیان و بەرژەوەندی و بەریەککەوتنەکان دەبێت فێرمان بکات کەچۆن ڕووبەڕووی تەحەدیەکان ببینەوە، ئەم ژیانە دەفرێکی زێڕ نییە پێشکەشی ئێمە کرابێت بەڵکو پێویستی بەهەوڵی بەردەوام و کۆشش هەیە بۆ دڵنیاکردنەوەی ژیانی خۆمان و خانەوادەکانمان، چونکی لەڕاستیدا ژیان یاری بەهەمووان دەکات و پاڵمان پێوە دەنێت، هەندێکمان ئەگەر ئیرادەمان لاوازو سست بێت ئەوا تەسلیم دەبین و شکست دەخۆین، هەندێکی دیشمان دەجەنگین و ڕوبەڕووی تەحەدیەکان ئەبینەوەو زاڵ دەبین بەسەریدا، سەرئەنجامیش فێر ئەبین و سەردەکەوین ئەمیش بەهۆی دەرئەنجامی هەوڵەکانمان، چونکی ئەم ژیانە ململانێیە پێویستی بەمرۆڤی چالاک هەیە، هەمیشە مرۆڤە بوێرەکان دەتوانن لەنێو ئەوژیانەی کەدۆزەخێکی درووست کردووە بەهەشتێک بۆ خۆیان بینا بکەن.
- ئایا سەربەخۆی دارایی پەیوەندی چیە بەسەربەخۆی فکرەوە؟
بەدڵنیاییەوە سەربەخۆی ئابووری پێش سەربەخۆی فکریش ئەکەوێت، چونکە تاک تاوەکو لەڕووی داراییەوە سەربەخۆ نەبێت ناتوانێت لەڕووی فکریشەوە سەربەخۆبێت. نموونە زۆرە بۆ سەلماندنی ئەم پرسە، ئەم پرسە لەکرێکارێک و فەرمانبەرێکی حکومیەوە تەواوە تاکو دەگاتە نووسەرو مامۆستایەکی ئاینی و تەنانەت مامۆستای زانکۆو پرۆفیسۆرێکیش. ئەو کەسانەی کەقووت و موچەیان لەژێردەستی کەسانی تردایە هەرگیز ناتوانن تیڕوانینێکی ئازادانەش پێشکەش بکەن، تەنها ئامێرێکن بەویستی خاوەنەکانیان جوڵەیان پێ ئەکرێ، ئەوان ناچارن ناشرینی گەورەکانیان جوانتر بکەن و پۆخڵەوات و تاوانەکانیشیان بۆ پەردەپۆش بکەن تەنهاو تەنها لەپێناوی ئەوەی نەبادا قووتیان بکەوێتەمەترسیەوە، هەرچەند لەئەسڵدا نوخبەکانی نێو کۆمەڵگا وەک نوسەر و مامۆستایانی ئاینی و چینە دیارەکانی تری کۆمەڵگا ئەرکی بنەڕەتیان بەگژداچونەوەی جەورو ستەمکارییە، خەمیان لەبنەڕەتدا دەبێت خەمێکی گشتی بێت، بەڵام بەپێچەوانەوە ئەوەی ئەنجامی ئەدەن و لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندیە تایەتیەکانی خۆیانە، ئەگەر چی لەناخیشەوە هەست بەئازاری وویژدانیش بکەن. دەبینین حیزبیش بەلێشاو ئامادەیە بۆ کڕینی کەسە دیارو بزوێنەرەکانی ناوکۆمەڵگا، حیزب ڕاستەوخۆ بەهیچ کەس لایەنێک ناڵێت من تۆ دەکڕم دەبێت قسەنەکەیت و بێ دەنگ بیت، بەڵکو ژیرانەتر لەژێر چاودێری سەدان ڕاوێژکاری سیاسی و دەروونی و بەپاڵپشتی حکومەت و دەزگا فەرمیەکانی دەوڵەت کاری بۆ ئەکات. بۆ نموونە حکومەت بانگی ڕەخنەگرەکان دەکات، ئەوانەی کەکاریگەریان لەسەرجفاک و کۆمەڵگا هەیە، پێیان دەڵێ لەپای دڵسۆزیت و خەمخۆریت بۆ گەل و نییشتیمان، فەرموو ئۆتۆمبلێک یان ڤێلایەک یان پارچە زەویەک یان پرۆژەیەکی بۆ جێ بەجێ ئەکات، بەمەش ئەم ڕەخنەگرانە پێی بزانن یان نەزانن کڕاون، بەم کارە ڕوگیریان دەکات ئیتر ئۆتۆماتیکی ئەم ڕەخنەگرو نوخبانە خۆیان ڕاستەوخۆ دەبنە بەشێک لەپرۆژەی حکوومەت=حزب، چونکە هەمووان دەزانن لەڕۆژهەڵاتی ناڤیندا شتێک نیە بەناوی دەمەزراوەی نیشتیمانیەوە، ئەوەی هەیە حزب بەڕێوەی دەبات لەنێو حزبیش چەند ماڵباتێک، بەڵام ئەگەر کەسێک لەڕووی داراییەوە سەربەست بوو ئەوا کێشەی نییە، چوونکی ژیانی نەبەستراوەتەوە بەمووچەیەکی دیاری کراوەوە، بێ منەت ئەبێت هەرئەم بێ منەتیەش فکرێکی ئازادوو سەربەستانەی پێ ئەبەخشێت.
_ئایا تۆ بەم جۆرە ژیانە ڕازیت؟
ئەگەر وەڵامەکەت بەڵێیە ئەوا دەست هەڵبگرەو هەموو ئەو کتێب و پارچە ڤیدۆیانە کەباس لەبێ منەتی پارە ئەکەن وەلاوە بنێ و دەست بەژیانی خۆت بکەو چۆن دەتەوێت بەو شێوەیە بژی،؟بەڵام ئەگەر تۆ کەسێکی ناتەوێت بەژیانی ناهەمواری ڕازی بیت و تا کۆتای ژیانت کاربۆ پارە بکەیت، ئەوا پێتڤیە ببیتە کاپتنی کەشتی ژیانی خۆت، هەموو ئەو ڕێگایانە بگرە بەر کەبەرەو چارەسەری هەنگاو دەنێن، چارەسەرێک بۆ ئەودۆخەی کەتێی کەوتووی بدۆزەرەوە. ئەگەر ئێمە کێشەیەکی تەندروستیمان هەبێت، دەبێت سەردانی دکتۆربکەین، بۆ نموونە: "ئەگەر نەخۆشی دڵمان هەبێت ئایا دەکرێ سەردانی پزیشکی مێشک و دەمار بکەین یان بچینە لای بزیشکی نەخۆشیەکانی چاو !هەڵبەت وەڵامی ئەم پرسە نەخێرە چونکە بەهەڵە بۆ چارەسەریەکان چووین دەبێت ڕێگا ڕاستڕەوەکە هەڵ بژێرین، یان خوێندکارێک ئەگەر کێشەی لەزمانی فارسی هەبێت خۆ ناکرێ بڕۆین کۆرسی زمانی ئینگلیزی بۆ بکەینەوە بەڵکو دەبێت دەست بۆ برینەکە ببەین کەکردنەوەی خولێکی زمانی فارسیە، ئێمە کاتێک کێشەمان هەیە لەئیدارەدانی ئابوری یان نامانەوێت بۆ کۆتایی ژیانمان ببینە کۆیلەی پارە بەڵکو دەمانەوێت پارە بکەینە خزمەتی خۆمانەوە و بۆ ئەوەی کۆتایی ژیانمان بەئاسوودەیی بژین، خۆ نابێت بڕۆین پرس و ڕاوێژ لەگەڵ ماۆستایەکی ئابووری یان یان فیزیا بکەین بەڵکو بۆچارەسەرکردنی ئەم دۆخەمان پێویستمان بەپرس و ڕاوێژی کەسانێکە کەلەبواری کارسازی و سامان و دارایدا لێ هاتوون و بەهەرەمەندن، کەوابوو توێژینەوە و بەدوادا چوون و بەگەڕخستنی ئەو داهاتەی کەهەمانە دەبێت لەژێر ڕێنمایی ئەوکەسانەدا بێت کەپسپۆرو لێوەشاوەن لەبوارەکەدا"، ئەم نووسین و ڕێنمایانە تەواو بازرگانین بۆ کەسانێک گەربیانەوێت بچنە نێو قۆناغێکی نوێوە بۆ گەشتن بە ئاسایشی ئابووری، ئەوا دەتوانین سوود لەم جۆرە نوسین و هەموو ئەو کتێبە بازرگانیانە وەربگرین. ئامانجی سەرەکیش بریتیە لەگۆڕانکاری بیروبۆچوون و تێڕوانینەکان، چونکە ئەگەر مرۆڤ نەتوانێت گۆڕانکاری لەبیروبۆچوونی خۆیدا بکات ئەوا هەرگیز ناتونێت گۆڕانکاری و ڕیفۆرم لەکایەکان و ڕەهەندەکانی تری ژیان بکات، چ کایەی ئابووری بێت و یان هەرکایەیەکی تری ژیان بێت، لەبەرئەوەی ئەم ووتارە زیاتر تیشک دەخاتەسەرئەوەی چۆن بتوانین بێ کار نەبین وامان لێ دەکات بیرکردنەوەکانمان فراوانتر بکەین و سەقفی داواکاری و هیواکانمان بەرزتر بکەینەوە لەو جۆرە کەسانە بین بەکەم ڕازی نەبین، بەڵکو زیاترمان دەوێت پارەی زیاتر و سێکسی زیاتر و پۆشاکی زیاترو بەختەوەری زیاترو خۆشی زیاترو هەمووشتێکی زیاتر، ئەمەش وامان لێ دەکات دیدگایەکی ڕوونترمان هەبێت بەوەی کەلەم ژیانە چیمان دەوێت وە چیمان ناوێت. گرنگیش نییە ئێمە کێین و لەکوێوە هاتووین و خانەوادەکەی ئێمە ناسراون یان نەناسراو بەڵکو گرنگتر ئەوەیە کە"چی دەکەین و دەگەین بەکوێ" بۆ گەشتن بەم ئارمانجەش تەنها پێویستمان بە بڕوابەخۆبوون و بوێرییەکی باش هەیە،کە ترسمان لەشکست نەبێت و سڵ لەکەوتن نەکەینەوە، چونکە لای کەسانی سەرکەوتوو ترس وکەوتن تەنها چەند ووشەیەکن هیچی تر نین، بەڵکو دەبێت شکستەکانمان بەو پەڕی ورە بەرزیەوە بگۆڕین بۆ سەرکەوتن، لەبری ئەوەی دۆش دابمێنن لەهەمبەر کەوتنەکان بە پێچەوانەوە دەبێت بەشاددی و کەیف و خۆشیەوە پێشوازی لەکەوتن بکەین بیان گۆڕین بۆ سەرکەوتن. ئەبراهام لینکۆڵن سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا(١٨٦٠-١٨٦٨) دووخول لەسەریەک سەرۆکی وولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بوو یەکێک بوو لەو نمونانەی لەزۆر هەڵبژاردنی نێو خۆی ووڵاتەکەیدا شکستی هێنا، بەڵام ئەم پیاوە نەک چۆکی دانەداو کۆڵی نەدا بەڵکو بەو پەڕی بڕوابەخۆبوونەوە خۆی کاندید کرد، بۆ سەرۆک کۆماری ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ زۆرێک لەخەڵکی وەک مەهزەلە لێیان ئەڕوانی بەڵام دواتر چی ڕوویدا بەدڵنیایەوە خۆی لەسەر کورسی بەهێزترین و زلهێزترین ووڵاتی جیهان بینیەوە کەئەمریکا بوو، لەوماوەیەش تاکو پێش تیرۆرکردنەکەی بەچاکترین و باشترین سەرۆک هەژمار کرا چونکە لەسەردەمی سەرەک "لینکۆڵن" شەڕی نێوان ولایەتەکانی باشوورو باکوور کۆتاییان پێهات، هاوکات توانی مێژوویەکی پرشنگدارو زێڕین بۆ خۆی بنوسێتەوە ئەوەیش ئەوەبوو توانی هەموو کۆیلەکان لەووڵاتەکەی ئازادبکات کۆتایی بەکۆیلایەتی هێنا، هەربۆیە بووە ڕەمزێکی جیهانی و مێژوووش نازناوی "ئازادکەری کۆیلەکان"ی پێ بەخشی، هەڵبەت ئەبێت ئەمە وانەیەیەکی بەهێزبێت، بۆ ئێمە کەبتوانین چۆن سوود لەکەوتنەکان وەربگرین و هەموو شکستێک بگۆڕین بۆ سەرکەوتن.
_جیاوازی کەسێکی دەوڵەمەند لەگەڵ کەسێکی هەژار چییە؟
جیاوازی لەنێوان ئەم دووچینە هێندەی ئاسمان و ڕێسمانە، هەژارەکان بەگشتی سەرقاڵن بەتۆڕی کۆمەڵایەتی و تەماشا کردنی گرتە ڤیدێوەکانەوە، پێچەوانەی کەسانی زەنگین کەزیاتر کتێب دەخوێننەوە، کتێب یەکێک لەوڕێگا گرنگانەیە کەبەهەزاران پەرتووکی تایبەتمەند هەن لەبواری بزنس و مارکێتینگ و بازرگانیدا، کەسوودێکی زۆرو زانست و زانیاریەکی ئەوتۆی تێدایە کە دەمانباتە نێو بازنەی سەرمایەداریەوە دەتوانین لەوڕێگەیەوە قۆناغێکی باش خۆمان پێش بخەین، نووسەری ئەم کتێبانەش پێچەوانەی نووسەری کتێبەکانی تر بەگشتی نووسینەکانیان پراکتیکیە هەموو ئەزموونی سەرکەوتنەکانی خۆیانە، کەلەبواری بازرگانیدا لەسەر ئاستی جیهانی ژمارەو ناسراون، زۆربەیان پەرتووکەکانیان پڕفرۆشترینی ساڵن، پێچەوانەی کتێبەکانی تر کەزیاتر پشت بەتێۆری ئەبەستێت و مەرج نییە نوسەرەکانیان قاڵ بووی بوارەکەبن، بۆ نموونە هەموو کەسێک دەتوانێت مێژووی سەرکردەیەک یان سەربوردەی شەڕێک بگێڕێتەوە مەرج نیە خاوەنەکەی کەسێکی شۆڕش گێڕ یان شایەتحاڵێکی ناو ڕووداوەکە بێت، بەپشت بەستن بەزانیاری و سەردانی مەیدانی باسی ڕووداوەکان دەکات، بەڵام کاتێک کتێبێکی بازاڕکاری یان کارسازی دەخوێنیتەوە دەبینیت نوسەرەکانیان یەکێکن لەملێونێرەکان یان کەسێکی سەرکەوتوون لەبورەکەدا هەموو ئەزموونی سەرکەوتنەکانی خۆیان بۆ خوێنەر بەیان ئەکەن، کەواتە کتێب ئەو جەوهەرە گرنگەیە، کەپڕە لەپەیام و ئامۆژگاری، بەڵام هەژارەکان لێی بێ بەشن، کاتە فریەکانی خۆیان بەگەلێک شتی ڕۆتینەوە بەفیڕۆ دەدەن کەناتوانن هیچ سوودێکی لێ ببینن، پێچەوانەی دەوڵەمەندەکان کەزیاتر حەزیان بەخوێندنەوەی کتێب هەیە. هەژارەکان بیرکردنەوەیان سنووردارەو خاوەنی هیچ پلانێکی دوور مەودا نین بۆ مسۆگەرکردن و دابین کردنی ژیانێکی دڵنیایی، چونکە زیاتر پشت بەکات ئەبەستن ئەمەش زیاتر پەیوەستە بەو مووچەیەیی بۆی دیاری کراوە، ئیتر ئەگەر مووچەی مانگانە یان هەفتانە یان ڕۆژانە بێت، ئەمەش تەنها تایبەت نییە بەفەرمانبەرێکی حکومیەوە زۆرجار کەسانی کاسبکاریش هەرلەو بازنەیەدا دەسووڕێنەوە کەدەتوانین لەنێو پرۆژەی هەژاراندا جێگەیان بکەینەوە، بەڵام کەسانی دەوڵەمەندو خانەدان ڕێک پێچەوانەی ئەم جۆرە بیرکردنەوانە مامەڵە دەکەن. چونکەئەوان کەخوودانی هۆشیاریەکی بەرزی ئابوورین لەپاڵ ئەو کارەی کەئەنجامی دەدەن، چەندین دەرگای تریان بەڕووی خۆیان کردووەتەوە بەمەش لەبری ئەوەی پشت بەیەک سەرچاوەی داهات ببەستن، چەندین سەرچاوەی داهاتیان بەڕووی خۆیاندا کردووەتەوە ،ئەمەش بیرکردنەوەیەکی زۆر ژیرانەیە چوونکی لەئەگەری داخستنی دەرگایەکدا چەندین دەرگا هەن کەناهێڵێت لەژیان دوابکەوێت. "دەوڵەمەند" بەگشتی کار لەسەر "دەرئەنجام" ئەکەن ئەیانەوێت زۆرترین بەرهەمیان هەبێت، بیرکردنەوەی هەژارانە زیاتر پشت بە خڕکردنەوە ئەبەستێت، واتا مشتێک پارە لەئەنجامی پاشەکەوت وەلاوە ئەنێت، بەڵام بەمە نایکاتە کەسێکی دەوڵەمەند چونکە ئەو پارەیی کۆی کردووەتەوە بۆ ئەوە نییە وەبەرهێنانی تیادا بکات و لەپرۆژەیەکدا بەکاری بێنێت، بەڵکو تەنها کۆی کردووەتەوە بۆ حاڵەتی نەخوازراو یان بۆ چارەسەر یان بۆ میوانداریەک. ئەمە پێچەوانەی خەڵکانی زەنگین و خانەدانەکانن، چونکە ئەوان پارەکانیان بەگەڕئەخەن بەپارە پارە پەیدا ئەکەن دەوڵەمەندان پارەکانیان لەپرۆژەدا بەکاردەهێنن، تێڕوانینی سەرمایەداران بۆ کۆکردنەوەی پارە تێڕوانینێکی نەرێنیانەیە، چونکە پیان وایە هەڵگرتنی یەک دینار هەر تەنها یەک دینارە هیچ زیاد ناکات و نەبەرهەمی دەبێت نەهیچیشی لێ شین دەبێت، پێچەوانەی ڕێساکانی بیرکاری لەبازرگانیدا ١+١ناگاتە ٢بەڵکو دەبێت زیاتر بکات لانی کەم بگاتە ژمارە"١٠"یان زیاتر، واتا دەبێت لەمنداڵدانی خوودی پارەدا زۆرترین پارە لەدایک بێت، بەمەش دەڵێین "لۆژیک و بیر" هەژارەکان هەمیشە خۆیان بەتاوانبار نازانن لەبەرانبەر هیچ کەوتن و شکستێکدا، بەردەوام تیری تاوانبارکردن دەگرنە کەسانی دەوروپشتی خۆیان واتا:خەتای سیستەمە یان خاوەنکار یان بازاڕ یان ئەزمە و قەیرانەکان یان فڵان و فیسار کەس، کەسانی دی هۆکاری شکستەکەم بوون، خۆم نەبووم! بەڵام دەوڵەمەندەکان خوودی خۆیان بە بەرپرسیار ئەزانن، خۆیان بەکەم تەرخەم دەزانن و شکستەکەیان دەکەنە ئەزموونێک بۆ هەستانەوە، بەدەیان دەوڵەمەند تووشی نووشستی و مایەپووچی بوونەتەوە، بەڵام لەبەرئەوەی هۆیەکانی دەوڵەمەندیان دۆزیوەتەوە دەتوانن چارەسەرێک بۆ ئەو دۆخەی خۆیان بدۆزنەوەو هەستنەوە سەرپێ. "ڕۆبێرت کێوساکی" پێی وایە: (مایەپووچی زۆر باشترە لە هەژاری چونکە ئەوانەی مایەپووچ بوون سەردەمێک زەنگین بوونە دەزانن چۆن سەرلەنوێ زەنگین ببنەوە[٤])، بەڵام هەژارەکان توانایی ئەو تێڕامان و بیرکردنەوە قوڵەیان نیە، هەمیشە بەکەم ڕازین پێچەوانەی دەوڵەمەندەکان کەدەیانەوێت زۆرترین سەرمایەیان هەبێت. هەژارەکان هەمیشە زۆرترین کۆمێنت دەکەن و زیاتر فرەوێژن، لەسەر هەموو بابەتێک قسە ئەکەن کاتێک دێتە سەرباسی هونەر قسەی تیادەکەن وەک بڵێ دەرچووی هونەربن لەسەرسیاسەت زۆرترین قسەیان هەیە لەسەر ئابووری قسەئەکەن لەسەرئاین قسەئەکەن، لەسەر تەواوی کایەکانی تری ژیان، تەنانەت کاتێک کەسێک بیەوێ شاکارێک یان بەرهەمێک یان بیرۆکەیەک پێشکەش بکات، ئەگەرچی سوودی جفاک و گۆمەڵگاشی تیادا بێت، وەک پیشەیی هەمیشەییان، دێن کۆمێنتەکانیان بەشێوەیەکی ڕووخێنەرانە ئەخەنە ڕوو هەمیشە بۆ شکستەکانی خۆشیان بەبیانوون، سڵ لەهیچ شتێک ناکەنەوە، دەست دەبەن بۆ هەموو جۆرە تیرۆرێکی کەسایەتی، کەسانی بەتاڵ و چەق بەستوون ،بەتاڵن لەسیاسەت، لەئەخڵاق ،لەپەروەردە لە مرۆڤایەتی، لەمەعریفە، هەمیشە هەوڵی پاشگەزبوونەوەی ئەوجۆرەکەسانەش ئەدەن ئەگەر بیانەوێ کارێکی باش ئەنجام بدەن. دەیانەوێت لەم جیهانە پان و بەرینەدا هەموو کەس بگۆڕن، تەنها خۆیان نەبێت، لەکاتێکدا گۆڕینی خوود زۆر ئاسانتروچێترە وەک لەوەی بتەوێت هەمووان بگۆڕیت، بەڵام دەوڵەمەندەکان بەپێچەوانەوە کەمترین گازندەیان هەیە، یان هەرنیانە بەڵکو زیاتر و زۆرترین کرداریان هەیە و زۆرترین بەرهەمیان هەیە. هەژارەکان بیرکردنەوەکانیان وەستاون، هەمیشە دوای خەیاڵەکانیان دەکەون. دەیانەوێت بە یانسیب یان بەمیرات دەوڵەمەند بن بەڵام ئەوانە تەنها خەیاڵێکن تەنانەت ئەگەریش ئەو بڕە پارەشیان دەست بکەوێت بەفیڕۆی ئەدەن چونکە بیرکردنەوەکانیان وەستاون و دانایی ئابوریان نییە، بەڵام .دەوڵەمەندەکان بیرکردنەوەی کردارەکیان هەیە خۆیان دەرفەت ئەڕەخسێنن و کاری بۆ ئەکەن
_فرۆشیاری چییە؟ چۆن ڕووبەڕووی کڕیار ببینەوە؟
فرۆشیاری پێویستە خاوەنەکەی مامەڵەیەکی تەندرووستانە ئەنجام بدات و بەوریایی و ئاگاییەوە مامەڵە لەگەڵ کڕیارەکانی دا بکات، دەبێت زۆر بەخێرایی داواکاری داخوازی کەرانی بەجێ بگەیەنێت، تاوەکو ناوبانگی باش بەدەست بهێنێت و متمانەی کڕیارەکانی بەدەست بهێنێت، نابێت فرۆشیار کەسێکی قسە ڕەق و قسە لەڕوو بێت،چونکە کڕیار حەزیان بەفرۆشیاری ڕوو خۆش و خۆشەویستە دەبێت فرۆشیارەکان زوو بچنە دڵی کڕیارەکانەوە، فرۆشیار پێتڤیە کەسێکی ڕاستگۆو متمانە پێکراو بێت، ئەگەرنا دەبێتە هۆی ئەوەی کڕیارەکان لێ بتەکێنەوە ئەگەرنا دەبێت پێش بینی مایەپووچ بوونی خۆی بکات، یەکێک لەوپرەنسیپانەی کەدەبێت فرۆشیار بڕوای پێی هەبێت ئەویش ئەوەیە"هەمیشە کڕیارەکان لەسەرحەقن" بەهیچ شێوەیەک فرۆشیار نابێت هیچ بیانوویەک بۆ تاوانبارکردنی کڕیارەکانی بهێنێتەوە ، چونکە کڕیار بەگشتی خاوەنی دڵێکی ناسکن و زوو نیگەران ئەبن کاردانەوەی نەرێنی ئەبێت بۆسەر فرۆشیار، دەبێت لەوە تێ بگات ئەو شمەکانەی لەنێو دووکانەکەیدایە بەهۆی کڕیارەکانەوە ساخ دەبنەوە، چونکە بەدەستهێنانی پارەو بازاڕگەرمی فرۆشیارەکان پەیوەستە بە دەستەبەرکردنی دڵی کڕیارەکانەوە، دەتوانین بڵێین: فرۆشیاری وەک چون زانستە بەهەمان شێوە هونەریشە، چوونکە پێویستی بەئەداو سەلیقەی باش هەیە، فرۆشیار ناکرێ پەنا بۆ هەڵخەڵتاندن یان تۆڵە کردنەوە ببات، چونکە کاردانەوە لای کڕیار درووست دەکات سەرئەنجام بەزیانی فرۆشیار ئەشکێتەوە، لەزانستی ئابووریدا یاسایەک هەیە پێی دەوترێت یاسای٨٠/٢٠ ئەم یاسایە باس لەوەئەکات مەرج نیەهەموو ئەوکەسانەی سەردانی فرۆشگاکان ئەکەن کڕیاری جدی بن، (٨٠) کەسیان بۆ کات بەسەربردن و تاقی کردنەوەی نرخەکان دێن، تەنها (٢٠)کەسیان کڕیاری جدین، بەڵام بۆ فرۆشیاری سەرەتایی لەبەرئەوەی ئەزموونی کارکردنی تازەیە هەردەبێت تەندروستانە مامەڵەبکات، زۆربەی کات ڕووئەدەن کڕیارەلاوەکیەکان بەهۆی هەرزانی نرخ یان مامەڵەی تەندرووستی فرۆشیارەوە ببنە کڕیارێکی بەردەوام، بەڵام ئەمە بەپێی ئەزموونی کاری فرۆشیار دەرئەکەوێت، ئایا ئەو کڕیارانە کامانەن، ئایا جدین یان لاوەکین وە یان تانها بۆ زانینی نرخ هاتوون، بەڵام بەهەموو شێوەکان بۆ کڕیارێک دەبێت نەرم و نیان و خۆشەویست و لەبەر دڵان بێت،"نیڵسۆن ماندێلا"،سەرۆکی پێشووی ئەفریقای باشوورو سیمبولی بەگژداچوونەوەی ڕەگەزپەرستی، دەڵێ: مرۆڤ لەیەک کاتدا دەتوانێت هەم قسەی شرین بکات هەمیش قسەی ڕەق بکات، مادام لەهەردوو حاڵەتەکە بەدەستی مرۆڤە قسەی باش و چاک باشترە، ئەمە بۆ فرۆشیاریش تەواوە مادام دەتوانێ نەرم بێت قسەی شرین بکات، ئیتر چی داوە لەوەی قسەی تاڵ بکات، هەروەکو لەکوردەواریدا ووتراوە مرۆڤ بەرهەمی کارەکانی خۆی دەدوورێتەوە، ئەگەر خراپەت کرد خراپەش دێتەڕێت ئەگەر باشیش ئەنجام بدەین بێگومان باش دێتەڕێمان "کیم -- چونگ" دەڵێ: (لەگەڵ کۆمپانیای"دای" ئەندۆنیزی ئاڵوگۆڕی بازرگانی قوماشمان دەکرد، دەڵێ ئەو کۆمانیا ئەندۆنیزیە لەبەرئەوەی قەرزاری بانکی ناوەندی ببوو کۆمپانیاکە هەڕەشەی داخستنی لەسەربوو، دەبوو ٣٠٠٠٠٠ بداتە بانکی ناوەندی،ئەگەر ڕووبەڕووی یاسا ئەکرێتەوە، لەئەنجامدا ئێمە بڕیارماندا قەرزەکەی بۆ دابین بکەین، بەخۆشحاڵیە وە توانیمان ئەو قەرزەی بۆ بدەینەوەو لەمایە پووچی ڕزگاری بکەین، دەڵێ: ئێمە وەک هەمیشە ئاڵوگۆڕی بازرگانیمان بەردەوامی هەبوو لەماوەی سێ ساڵدا بەملێونان دۆلار قازانجمان کرد[٥]) ئەمە ئەوەمان پێ ئەڵێ ئەگەر چاکە بکەین ئەگەرچی بۆبەرژەوەندی خۆشمان بێت ئەوا بەرهەمی چاکەکە دەدوورینەوە، ڕووحیەتی هاوکاری گرنگ وزەروریەتە دەبێت لەبەرچاوی بگرین
_بەندی (٢٥٠)چییە؟
جۆ جیرارت یەکێک لەبازگانەکانی ئیتاڵیایە لەکتێبی[چۆن هەرشتێک بەهەرکەسێک دەفرۆشیت] دەڵێ: (ڕۆژیکیان سەردانی هۆڵێکی پرسەم کرد، پرسیارم لەساحێبی پرسەکە کرد ئایا چەند کەس لەم پرسەیەدا ئاماددە ئەبێت، خاوەن پرسەکەش لەوەڵامدا ووتی نزیکەی "٢٥٠"کەس، دەڵێ: بۆ ڕۆژی دواتر سەردانی گۆڤەندێکم کرد و هەمان پرسیاریشم لەخاوەنی ئەو شایی و گۆڤەندە کرد ئەویش بە ٢٥٠کەس وەڵامی دایەوە.[٦] ) کەواتە: کە هەر تاکێک کاریگەری لەسەر ٢٥٠کەس هەیە، ئەمە وانەیەکی جدیە بۆ فرۆشیار ئەگەر فرۆشیار هەڵس و کەوتی ناشیاو لەگەڵ تەنها کەسێک کرد، ئەبێت لەوە تێ بگات، کە دڵی٢٥٠کەس ڕەنجاندووە، چونکە بیرمان نەچێت مرۆڤ بونەوەرێکی کۆمەڵایەتییە، پەیوەندی و هامشۆو دۆستایەتی لەنێوانمدا هەیە، بۆیە لەئەگەری هەرحاڵەتێکی نەخوازراودا ئەوا دەور و بەریشمان ئاگادار دەبنەوە و کاریگەری نەرێنی ئەکاتە سەرفرۆشیار، پێچەوانەکەشی ڕاستە ئەگەر مامەڵەی باش و نرخی گونجاو کوالێتی بەرز و خزمەت گوزاری باش پێشکەش بەکڕیارەکانمان بکەین بێگومان دەرئەنجامی ئەرێنی لێ ئەکەوێتەوە.
_بازنەی ڕازیکردنی کڕیاڕ لەلایەن فرۆشیارەوه؟
یەکەم شت کەفرۆشیار دەبێت ئەنجامی بدات ئەوەیە: ئایا فرۆشیار چ چاوەڕوانیەکی لەکڕیار هەیە؟ ئەبێت فرۆشیار ئامانج و ستراتیژی خۆی دیاری بکات، ئەویش ئەوەیە کەپەیوەندیەکی کاریگەر و دۆستانە لەگەڵ کڕیارە کۆنەکانی ببەستێت بۆ ئەوەی لەو ڕێگەیەوە کڕیاری نوێ بەلای خویدا ڕابکێشێت، زۆر جار ئەمەش پێویستی بەبەستنی پەیمانێکی کۆمەڵایەتییە لە نێوان فرۆشیارو کڕیارە کۆنەکە، فرۆشیار میقدارێک پارە ئەدات لەبەرامبەر ئەوەی کڕیارە کۆنەکە بانگهێشتی کڕیاری نوێ دەکات ئەمەش سوودێکی دارایی باشی بۆ هەردوولا هەیە.ئەم جۆرە پەیوەندیە کاریگەره، پێویستە فرۆشیار ئەم جۆرە ستایلە فێربێت بۆ فراوان کردنی کارەکەی، کاتێک ئەم کارە مسۆگەربوو فرۆشیار دەبێت کار لەسەر "پەیوەندی کاریگەری گووتاری" بکات ئەمە کاتێک ڕوودەدات کەفرۆشیار خاوەن هۆشیاریەکی باش بێت و بەرژەوەندنی کارەکەی ئەولەویەت بێت، دەبێت لەم مامەڵەیەدا فرۆشیار کار لەسەرخواستەکانی کڕیاربکات، دەبێت کڕیار حەزی لەچ باس و نواندنێک بێت دەبێت فرۆشیار بەهەمان ستایل گفتوگۆ بکات، تاوەکو بەرهەمی سەرکەوتنەکانی بدورێتەوە. جۆرێکی تر بریتیە لە"پەیوەندی کاریگەری ناگوتاری" کەئەمەیان پەیوستە بەڕێکخستنی ڕیتمی بەرزو نزمی دەنگ و شێوازی دانیشتن و چۆنێتی پێشوازی کردن لەکڕیارو ناساندنی ئەو شمەکانەی لەنێو فرۆشگاکەدا هەیە، دەبێت لەنێوان پەیوەندی (گوتاری و ناگوتاری)دا،جۆرێک لەهاوسەنگی لەنێوانیاندا هەبێت، فرۆشیار دەبێت لەکاتی ناساندنی کاڵاکاندا هیچ شپرزەو دوو دڵیەکی پێوە دیار نەبێت، چونکە کڕیار وردبینەو دەتوانێ جیاوازیەکان ببینێ دواجار بەزیان بۆ فرۆشیار ئەشکێتەوە.
٭کۆمەڵێک ڕێگای تر هەیە کەدەبێت فرۆشیار بیگرێتەبەر تاکو کارەکەی پێ تەواو بکات. وەکوو
- ئیدارەدانێکی باش، فرۆشیار پێویستە بزانێت چۆن ئیدارەی فرۆشگاکەی بدات ئایا ئەو ڕێگایانە چین بۆ ئیدارەدانێکی باش. بەستنی پەیوەندیەکی دۆستانە لەگەڵ ئەو کەسانەی کەلە فرۆشگاکەدا کاردەکەن، چونکە پیشاندانی هەڵسوکەوتی تەندرووست لەگەل ژێردەستەو کرێکارەکان، وا دەکات داهاتی فرۆشگاکە زیاتربێت چونکە وادەکات ئەوانیش دڵسۆزبن خۆیان بەبەشێک کارەکەبزانن، بەڵام بەپێچەوانەوە کاردانەوەی نەرێنی درووست ئەبێت، بەشکان و تیاچوونی فرۆشگاکە کۆتایی دێت، نابێت کرێکارو فەرمانبەرەکان لە خاوەنکارەکەیان بترسن بەڵکو دەبێت خۆشیان بوێت، بۆ ئەوەی لەغیابی خاوەنکاریشدا کارمەندان دڵسۆزانە کارەکان ڕایی بکەن و بەدوای تۆڵەکردنەوە نەگەڕێن.
-نمایش کردنی "کەل و پەل"و شمەک یەکێک لەو هۆکارانەیە کەسەرنجی کڕیار ڕائەکێشێت، سڕین و پاکردنەوەو خاوێنکردنەوەی کەلوپەلەکان سەرنجێکی جادوویە بۆ ڕاکێشانی کڕیار.
-زیادکردنی "ڕووناکی" خاڵێکی ترە بۆ ئیدارە دانێکی باش وادەکات حەزێکی باش لای کڕیار درووست ببێت، چونکە هەبوونی ڕووناکی زۆر وادەکات کەلوپەلەکان جوانتر دەربکەون
-"واجیـهە وفراوانی" ناو فرۆشگا وادەکات شمەکەکان جوانترو زۆرتر دەربکەون، چونکە کڕیار مەیلیان لەفرۆشگایەکە کەشمەکەکانی بەزۆری بەجوانی دەربکەون، تاکو کڕیار بتوانێت بەئارەزووی خۆی بەبێ فشارو پەستان بتوانن کەرەستەی دڵخوازی خۆیان هەڵبژێرن، کڕیار زۆرجار لەماڵەوە لیستی داواکاریەکانیان ئامادە دەکەن، بۆیە کڕیار حەزیان لێیە هەموو پێویستیەکانیان لەیەک جێگادا بکڕن، نایانەوێت جێگۆڕکێی شوێنەکان بکەن چونکە کڕیار بێزارە لەم جێگۆڕکیێیە.
-دەبێت فرۆشیار هەوڵ بدات کوالێتی شمەکەکانی بەرز بێت و تاڕادەیەک نرخەکەی هەرزان بێت، چونکە خەڵک حەزیان بەکوالێتی بەرزو نرخی گونجاوە، لەبەرئەوەی زاروودۆخی هاوڵاتیان سنوردارە سەرباری بەهای شمەک و کوالێت، هەرزانی نرخ ئەولەویەت و گرنگە بۆ کڕیار.
-بوونی" پارکینگ" واتا شوێنی ڕاوەستانی ئۆتۆمبیل گرنگە بۆ کڕیار، چونکە وادەکات کڕیار بەئاسانی و بەئازادی بەدوای کەل و پەلی پەسەندی خۆیدا بگەڕێت.
- " ناوازەبوون": فرۆشیار دەبێت ناوازەبوون بکات بەبەرگی ئەو شمەکانەی کەپێشکەشی دەکات، کرۆک وجەوهەری فرۆشیاری ئەوەیە دەبێت ناوازەبێت، بەردەوام بیرۆکەی نوێ و کاری داهێنەرانە ئەنجام بدات، هەمیشە کاری ناوازە لەبەرچاوانە ئەوشتەشی لەبەرچاو بێت کاریگەری لەسەر دڵەکانیش درووست دەکات، داخوازی زیاتری لەسەردەبێت، چوونکە خەڵکی حەزیان لەکاری نوێ و بەرهەمی نوێیە، ئەمەش لەڕووی داراییەوە داهاتێکی باشە تاکو ئەوکاتەی ڕکەبەری بۆ پەیدا ئەبێت، فرۆشیار دەتوانێت فرۆشێکی باشی هەبێت، بناغەی ئەم کارەش بەندە لەسەر "بوێری و سەرکێشی "چونکە هەرکارێک کەسەرەتا ئەنجام ئەدرێ سوودی دیارنیە نازانرێ ئایا کڕیای بۆ دەبێت یان نا بۆ پێشکەشکردنی هەربەرهەمێکی نوێ دەبێت خاوەنەکەی نەترسێ لەدۆڕان و کەسێکی سەرکێش بێت، بۆ فرۆشیاری سەرکەوتووش وا پێویست دەکات کەبەرهەمی نوێ و بیرۆکەو خزمەت گوزاری نوێ پێشکەش بەکڕیارەکانی بکات تاکو بەر بەڕکابەرەکانی بگرێت و نەهێڵێت پێشی بکەون چونکە بازاڕ پڕە لەڕکەبەری. باشترین کاریش لەنێوان ڕکەبەرەکان ئەوانەن کامیان بەرهەمی نوێ و کاری جوان پێشکەش بەکڕیارەکانیان دەکەن، دووربکەونەوە لەململانێی ناشەریفانە، نابێت هاوپیشەکان هەنگاو بەرەو مل شکاندنی یەکتری بنێن، لەناو جفاگدا واباوە کە"دووژمنی مرۆڤ هاوپیشەکەی خۆیەتی"، بەڵام لەڕووی زانستی ئابوریەوە ئەمە لێکدانەوەیەکی هەڵەی بۆ کراوە، پێویستی بەڕێکخستن و ڕیفۆرم هەیە، دەبێت لەنێوان هاوپیشەکاندا پەیوەندی پتەو هەبێت، بۆ فرۆشیار ئاساییە پرسیار لەهاوپیشەکەی خۆی بکات سەبارەت بەنرخ و کوالێت و چۆنێتی شمەکەکان، دواتر ئەمیش هەوڵبدات کوالێتی بەرزتر و نرخی گونجاوتر پێشکەش بەکڕیارەکانی خۆی بکات، بەمەش دەگوترێ ململانێی شەریفانە. پێویستە هەرفرشیارێک هەوڵبدات خزمەتگوزاری باشترو چاکترو گونجاوتر پێشکەش بەکڕیارەکانی بکات، ئەمەش جۆرێکە لە"ناوازەبوون" پێشکەش کردنی ئەدای جوان و پێشکەشکردنی خزمەت گوزاری و پەیڕەوکردنی ململانێی ئەخڵاقی وادەکات کارەکان جوانتر بن.
_چۆن ڕکەبەر[هاوپیشە]کانمان بناسین؟
هەموو فرۆشیارێکی سەرکەوتوو لە بازاڕدا، پشت بەزانیاری و توێژینەوە ئەبەستێت، وەک ئەوەی چی لەبازاڕی فرۆشتندا هەیە و ڕکەبەرەکانت خەریکی چین، بۆ ناسینی ڕکەبارەکانت خاڵی دەستپێک جیاوازی کردنە لەنێوان بەرهەم و خزمەتگوزاریەکانی خۆت لەگەڵ بەرهەم و خزمەت گوزاری هاوپیشەکانت، بەردەوام پرسیارکردن و خۆ نوێ کردنەوە و گەڕان بەدوای ئەو فاکتەرو هۆکارانەی کە کەوا دەکات هاوپیشەکانت جمەی بێت لەکڕیار، بەپێچەوانەی خۆمان، بۆچی خەڵک لەڕکەبەرەکانت شمەک دەکڕن و لەتۆی ناکڕن؟ ئایا خاڵی بەهێزی ڕکەبەرەکانت چیین؟ وە خاڵی لاوازی تۆ چییە؟چۆن بەدووای ڕێگاچارەکان بگەڕێین؟ چۆن و چی بکەین بۆ هەستانەوە، وە پرسیارکردن لەکڕیارەکانی ڕکەبەرەکانت بۆ چی کڕیارەکان بەرهەمی هاوپیشەکانت پەسەند ئەکەن و بەڵام خزمەتگوزاریەکانی تۆ ڕەت ئەکەنەوە؟ ئەمانەش کۆمەڵێک پرسیاری جەوهەرین گرنگە بۆ فرۆشیار کە دەبێت کاریان لەسەربکات، وە بەرچاو ڕوونیەکی باشن بۆ فرۆشیار کەهەنگاو گەلێکی باشن و تاڕادەیەکی زۆر لەسەرکەوتن نزیکی دەکەنەوە.
٭ (فرۆشیار زۆر گرنگە بەرهەڵستی گریمانەو لێکدانەوەو تێڕوانینەکانی خۆی بکات زۆر جار" فرۆشیار" بەچاوێکی کەم سەیری هاوپیشەکانی خۆی دەکات ئەمەش یەکێک لەخاڵە لاوازەکانی فرۆشیارە پێویستی بەپێداچوونەوە و ڕێکخستن هەیە، با بەنموونەیەک ئەم پرسە شی بکەینەوە "کۆمپانیای ئەپڵ" کاتێک موبایلی ئایفۆنی خستە بازاڕەوە، بەرهەم و خزمەت گوزاریەکانی پێشکەش کرد، بەڵام کۆمپانیای نۆکیا وەک هەڕەشەو مەترسی لێی نەڕوانی، بەڵکو بەسادەیی لەبابەتەکەی ڕووانی و پێی وابوو کە کۆمپانیای ئەپڵ ناتوانێت تاکو کۆتایی لەبەرانبەر تەحەدی و ڕکەبەریەکان خۆی ڕابگرێت و بەردەوام بێت، پێی وابوو ئەمە تەنها یاریەکەو زوو کۆتای دێت.[٧])بۆیە ئەنجامی ئەم بەکەم زانین و حساب بۆ نەکردنە بەشکستی کۆمپانیای نۆکیا کۆتای هات، کۆمپانیای ئەپڵیش بەردەوام بوولەپێش کەش کردنی ئەپ و خزمەت گوزاری نوێ و بەرزی کوالێت دقەی ڕوون، توانی دەست بەسەر بازاڕەکانی جیهاندا بگرێ، ئێستا بەیەکێک لەخزمەتگوزاریە بێ ڕکەبەرەکان هەژمار ئەکرێ لەسەرانسەری جیهاندا. وەک چۆن "کارل مارکس"بیرمەندی ئەڵمانی پێی وابوو سەرمایەداری هۆکاری لەناووچوونی لەناو خۆیدا هەڵگرتووەو وەکو دارێکی ڕزیوو وایە هەرخۆی لەناوبەری خۆیەتی، کەئەم تێکستەش وەک پاڵپشتیەک بوو بۆ ڕێکخستنی ژیانی کرێکاران، بەڵام پێچەوانەی ئەم تێکستە سەلمێنرا.ووڵاتەسەرمادارەکان زیاتر لە"کۆمۆنیزمی مارکسی" توانیان کێشەی کرێکاران چارەسەر بکەن و بیمەی بێکاریان بۆ فەراهەم بکەن وە کاتی کاریش بۆ کرێکاران کەم کرایەوە، ئیتر شتێک نەما بەدەست بلۆکی سۆسیالیزمەوە کە بەرگری پێ بکەن بۆ کرێکاران، ئەمەش دەرخەری بەکەم ڕوانینی ڕکەبەرەکانمان نیشان دەدات. "سەن تزوو" دەڵێ: (هەرکەسێ خۆی بەباشی بناسێت، چەند جەنگێک دەباتەوە، بەڵام هەرکەسێک دووژمنەکەی بەباشی بناسێت ئەوا چەند جەنگێکی زیاتر دەباتەوە، بەڵام هەرکەسێ و خۆی و دووژمنەکەی بەباشی بناست ئەوا لە"١٠٠"جەنگدا براوە دەبێت[٨])ئەمە لەکاری بازرگانیشدا تەواوە ئەگەر خاڵی بەهێزو لاوازی بەرهەم و خزمەتگوزاریەکانی خۆمان لەگەڵ لاوازی بەهێزی ڕکەبەرەکانمان بەجوانی بناسین ئەوا مانای وایە ئێمە لە١٠٠جەنگ و کێبڕکێی بازرگانیدا براوەین. ئەم نموونەیە لەکتێبی باوکی زەنگین و باوکی هەژار ،لەنووسینی "ڕۆبرت کیوساکی" گێڕدراوەتەوە.
_دوژمنی مرۆڤ هاوپیشەکەی خۆیەتی!
ئەمە یەکێک لەو پرنسیپانەیە کەزۆرینەی فرۆشیاران وەکو کلاسیک وەریان گرتووە، بەڵام میراتگرێکی خراپ و زیان بەخشە،"فرۆشیار" پێویستە بەپێچەوانەی ئەم پرەنسیپە مامەڵە لەگەڵ هاوپیشەکانی خۆیدا بکات بەتەکنیکێکی نوێوە مامەڵەکان دەست پێ بکات، لەبری ئەوەی جاڕی جەنگ و بەریەکەوتن لەگەڵ هاوپیشەکەی لێبدات، واچاکترە ڕێککەوتنێکی کۆمەڵایەتی لەناڤبەریاندا دروووست ببێت، بۆنموونە: هەردوولا ڕێک بکەون کە ئاڵ و گۆڕی کڕیارەکانیان بکەن هەر شمەکێک ئەگەرلای فرۆشیارێک نەبێت ئەوا ڕێگەی بۆ ئاسان بکرێ تاکو بچێتە لای هاوپیشەکەی، هەردوولا یەکتری بەکڕیارەکانیان بناسێنن، ئەمەش وادەکات هەردوو قازانجەکانیان چەند هێندە بەرەو پێشەوە بچێت، سەرباری ئەوەش ئەمە دەچێتە چوارچێوەو پرەنسیپی ئێنسان دۆستیەوەو پەیوەندی کۆمەڵایەتیەکانیش بەرەو پێش دەچێت و ڕزق و کاریان فراوانتر و زیاتر دەبێت وەهاوکاتیش گرژیە دەروونیەکانیش ئەڕەوێتەوە، بەڵام ئەگەر وەها نەبێت ئەوا هەموو ڕەگەزەکانی بوغزو کینەو ململانیێی نائەخڵاقی و تیرۆری کەسێتی و مل شکاندن و درۆ بۆ هەڵبەستن و یەکتر تاوانبار کردن جێگەی ئەگەرێتەوە.
_ ئەو هۆکارانە چین کەدەبنە هۆی کەم بازاڕی؟
بێگومان هۆکار گەلێک هەن وادەکات بازاڕ ڕوو لەکزی بکات، تەنانەت تا دەگاتە ئاستێک کەناوی بنێین ڕاوەستانی بازاڕ، بەجۆرێکە بەزەحمەت کرێی کرێکارو کرێی فرۆشگاو پێویستیەکانی ناو فرۆشگاکە دەربهێنێی:
آ-هۆکاری نێوخۆیی 1-(کۆمەڵایەتی): ڕەنگە ئەوکەسەی کەچاوی فرۆشگاکەیە کەسێکی کۆمەڵایەتی نەبێت، کەسێکی قسەلەڕوو و سرووشتێکی ووشکی هەبێت، یان کەسێکی خۆشەویست متمانەپێکراو نەبێت، چونکە کڕیار پێی خۆشە شمەک و کەل و پەلەکانیان لای کەسانێک بکڕن کە خۆشەویست و لەبەردڵان و متمانە پێکراو بن، هەروەک لەکوردەواریدا دەڵێن :"نان لەڕووی خوودان ماڵدا دەخورێت"، خاسیەتی ناڕاستگۆی فرۆشیار لای کڕیار وادەکات وادەکات مەمەڵەکان قورس بن، بۆیە گرنگە فرۆشیار کەسێکی ڕاستگۆ و ئەمین بێت، دەبێت کەسێک بێت ڕەوشتێکی بەرزی هەبێت، بەچاوی خراپەوە تەماشای کڕیارەکانی نەکات، دەبێت دڵێکی فراوانی هەبێت وکەشێکی ئازادانە بەکڕیارەکانی ببەخشێت بۆئەوەی کڕیار هەست بەئازادی و سەربەخۆی بکات، پێتڤیە فرۆشیار کاری لەپێشینەیی ساخ کردنەوەی بەرهەمەکانی بێت .
2- نزمی کوالێتی و بەرزی نرخەکان: یان نەبوونی تەنسیق لەنێو فڕۆشگاکاندا هۆکارێکی تری کەم بازاڕییە، زۆر جار خواستی کڕیار لەسەربەرهەمێکە بەڵام ئەوەی بەدەستی دەگات پێچەوانەی خواستی خۆیەتی.
3- بوونی کەم و کورتی لەبەرهەمەکان کاریگەری نەرێنی دەخاتە دڵی کڕیارەکانەوە، ئەمەش وادەکات خەڵکانی تریش سڵ بکەنەوە کەمامەڵە لەگەڵ ئەو جۆرە فرۆشیارانەدا بکەن، سەرئەنجامیش کاریگەری نەرێنی جێدەهێڵێت لەسەر فرۆشیارەکان.
4- هەندێ لەفرۆشیارەکان لەقاڵبی کۆندا ماونەتەوە، نەیان توانیوە بەڕووی تەکنۆڵۆژیاو ئەنتەرنێت و وەسیلەکانی تری گەیاندندا بکرێنەوە، یان نەبوونی ناونیشانێک یان فلێکسێک، یان شوێنێکی بەرچاو وادەکات کڕیار بەزەحمەت بتوانێت خۆی بگەیەنێت بەوجێگەیەو بەرهەمی دڵخوازی خۆی دەست بکەوێت.
بۆیەچارەسەرکردنی ئەم بابەتە:
-"فرۆشیار" پێویستی بەڕیفۆرمێکی کۆنکرێتی و بەخۆداچونەوەیەکی گەورە هەیە، ئەوکەسەی کەئەرکی پێشوازی کردنە لەکڕیارەکان، دەبێت تەواو کۆمەڵایەتی و هۆشیاریەکی باشی هەبێت و کەسێکی ڕۆشنبیر و پارێزراو بێت، ڕاستگۆو متمانە پێکراوو ڕووخۆش بێت، کەسێک بێت خاوەنی ئەدایەکی جوان بێت لەکاتی پێشوازی کردن لەکڕیار.
- فرۆشیار دەبێت دەستبکات بەگۆڕانکاری کردنی ناو فرۆشگاکەی وەک، زیادکردنی ڕووناکی و گۆڕینی دیکۆرەکان و یان فراوان کردنی جێگەکەی و پاک ڕاگرتن و سڕینی بەرهەمەکانی و ناو فرۆشگاکەی، فرۆشار دەبێت زۆر وورد بین بێت، لەکاتی نمایش کردنی کاڵاکانی نابێت هیچ پەڵەیەک یان شکاویەک یان لەکەیەک بەبەرهەمەکەیەوە هەبێت.
- بەردەوام کەرەستەی نوێ بخاتە جێگەی کەلوپەلەکان، واتا دەبێت کەل وپەلەکان گۆڕانکاری تیادا بکات.
- گۆڕینی دیکۆری ناو فرۆشگاکە دەبێت بەشێوەیەک بێت سەرنجی کڕیاڕ ڕابکێشێت نابێت ڕەنگێکی ڕەش و تاریک ببێت، ئەوشمەکانەی کەبۆ نمایش بەکارهێنراون پێویستەلەهەرە ناوازەترین شمەکەکانی بێت ،دەبێت قەرەبووی هەرکەم و کورتیەک بۆ کڕیار بکرێتەوە و بەردەوام پەیوەندیان لەگەڵ ببەستێت و کێشەکانی کڕیار چارەسەربکات ،هەوڵ بدات کەمترین هەڵە لەمامەڵەکانداڕووبدەن، ئەمانە تاڕادەیەک چارەسەرگەلێکی باشن بۆ ئەوەی گەشە بەفرۆشگاکە بدرێت
- فرۆشیار دەبێت "فلێکس" دروووست بکات بۆ ناونیشانی فرۆشگاکەی بۆئەوەی ناسینەوەی ئاسان بێت، ڕێگایەکی باشە بۆ ئەوەی فرۆشیار بتوانێت کڕیارێکی زیاتر بەخۆی و کەل وپەلەکانی ئاشنا بکات.
- بەکارهێنانی "ئەنتەرنێت" ڕێگەیەکی سەرکەوتووی ڕۆژگاری هاوچەرخە بۆ ساخ کردنەوەی بەرهەمەکان، خەڵکی ئێستا مەیلیان لەوشتە هەیە کەلەماڵەکەی خۆیانەوە داواکاری پێش کەش ئەکەن پێیان خۆشە بەئۆنلاین کەل و پەلەکانیان بەدەست بگات ئەمە ڕێگەیەکی و ئاسان و گونجاوە، دەبێت فرۆشیار کۆنتاکی لەگەڵ ئەم جۆرە بیرۆکانە هەبێت، چونکی خەڵکی ووزەی ئەوەیان نییە سەردان بکەن حەزدەکەن بەوێنەو ڤیدێو لەماڵەکەی خۆیاندا هەر کەل وپەلێکیان بوێت حەزیان لەهەرچی مارکە و دیزاین کوالێتێک کرد بەئاسانی بگاتە نێو ماڵەکانیان، حەزدەکەن بەو شێوەیە بەرهەمەکان بکڕن، ئەمە هەم بۆ کڕیار ئاسانە بۆ فرۆشیاریش دەرفەتێکی زێڕینە بۆ کۆکردنەی پارە، دەتوانن هەرلەڕێگەی تۆڕی کۆمەڵایەتی و ئەپەکانی ترەوە ڕیکلام بۆ کاڵاکانیان بکەن زۆرترین کەس بەبەرهەمەکانیان ئاشنابکەن، ئەمە لەڕووی داراییەوە خزمەتێکی باش بەفرۆشیار دەکات ، دەبێت فرۆشیار لەگەڵ سەردەم خۆی بگۆنجێت و کار لەسەر کڕیار بکات، چونکە کڕیار حەزیان .لەشێوازی نوێ و ناوازە بوون هەیە
ب: فاکتەری دەرەکی:
جگە لەو فاکتەرە نێوخۆیانەی کەڕۆڵی بەرچاویان هەبوو، لەکزبوونی بازاڕدا هاوکات چەند فاکتەرێکی دەرەکیش هەن کەهەمان ڕۆڵیان هەیە بۆ نموونە:
1-قەیرانی دارایی:
یەکێک لەوهۆکارانەیە چونکە٪٩٠ هاوڵاتیان بۆ ڕایی کردنی کارەکانیان پشت بەمووچە دەبەستن، بەڵام مووچە لەکوردستان بەشێوازێکی پچڕ پچڕ دابەش ئەکرێ، هەندێک جار مووچە بەلێ بڕینەوە دابەش ئەکرێ، هەندێ جاریش دوو مانگ جارێک ،بیانووی هەرێمی کوردستان بۆ ئەم کارەیان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە کوردوستان ڕووبەڕووی شەڕێکی قورس بووەتەوە کەڕێکخراوی داعشە، بۆیە حکومەت پێی وایە ئەم شەڕە میزانیەکی زۆری دەوێت بۆ کڕینی چەک و تەقەمەنی و قایمکردنی ناوچەسنوریەکان، بووە هۆی ئەوەی بووجەی هەرێم تووشی کورتهێنان بێت، خاڵێکی تر کەوەک بیانوو بەدەست هەرێمەوەیە ئەویش
2-بڕینی بەشە بووجە خەڵکی هەرێمی کوردستانە لەلایەن حکومەتی فیدڕاڵیەوە، بڕینی بەشە بووجەکەش لەلایەن حکومەتی ناوەندیەوە ،بەهۆیی ئەوەوەیە کە"حکومەتی خۆماڵی کوردستان" جاڕی "سەربەخۆی ئابووری" لێدا، تاک لایەنانە سەربەخۆی نەوتی ڕاگەیاند، نەوتی بەنرخێکی کەمتر لەنرخە جیهانیەکە بەووڵاتی تورکیا دەیفرۆشێت، کە ڕێککەوتنێکی ٥٠ساڵی لێکەوتەوە، لەو سەرووبەندەدا حکومەتی هەرێم بڕیاریدا داهاتی ناوخۆیی وەک خاڵەسنوریەکان و بیرەنەوتەکان و تەواوی داهاتە نێوخۆیەکانی تر بەسەربەخۆی بەبێ ڕەزامەندنی حکومەتی ناوەندی بفرۆشێت، پاشان ئەمە غروری بۆ کاربەدەستانی هەرێمی کوردووستان درووست کرد کەجاڕی سەربۆخۆی کوردووستان بدەن.
3-ڕیفراندۆم لە٢٥تەمووزی ٢٠١٧شدا "ڕیفراندۆم" بۆ سەربەخۆی کوردووستان ڕاگەینرا، هەرچەند بڕیارەکە بێ هیچ پاڵشتیەکی نێودەوڵەتی و هەرێمایەتی بوو، بەڵام ئەم ڕیفراندۆمە نەک هەرنەیتوانی گەلی کورد بکاتە خاوەن قەوارەو دەوڵەتی خۆی بەڵکو بووە بیانوویەک کە٪٥٠خاکی کووردووستان لەدەست دەرچێت و بەشە بووجەی هەرێمیش لەبەغداوە بڕا، ئەمەش کاریگەری نێگەتیڤی لەسەرهاوڵاتیان درووستکرد، بەمەش کێشە لەدابەشکردنی مووچە درووست بوو، بووە هۆی ئەوەی خەڵکی کەمتر شت و مەک و کەل وپەل و پێداویستیەکانیان بکڕن، بەهۆی درووست بوونی سستی لەمووچەدا، لەم کاتەدا خەڵکی ناچارن تەنها ئەو پێداویستیانە بکڕن کەپەیوەندی بەقوتی ڕۆژانەوەیانەوە هەیە، پێداویستیەکانی تر بەلاوەکی زێدە خەرجی لێکبدەنەوە بۆیە لەئەگەری کەم بوونی داهاتدا هاوڵاتیان ناچاردەبن خەرجیەکانیان کەم بکەنەوە
4-بێ متمانەیی لەنێوان هاوڵاتیان و دەسەڵاتیش درووست بووە، هاوڵاتی ئەگەر دوومانگیش لەسەریەک مووچە وەک خۆی بدرێ هاوڵاتیان ترسیان هەیە ئەمە سیناریۆ یان حەملەی هەڵبژاردن بێت، بۆیە لەڕووانگەی هاوڵاتیانەوە دەسەڵاتی کوردی جێگەی متمانە نین و دەسەڵاتێکی دزو قۆڵبڕن، تەنانەت هەندێک بەشێوەیەک ڕەشبینن بەرامبەر حکومەت، کە گومان دەکەن کەڕۆژێک دەسەڵات بەکۆمەڵ گەلەکەی بفرۆشێت لەپێناو پارە یان پاراستن و مانەوەی خۆیان خانەوادەکانیان.
5-نەبوونی ڕەقابە: بەهۆی ئەوەی دەسەڵات خۆی بەشێکی سەرەکیە، لەپڕۆسەی ئەو دۆخە گرانەی کەلەبازاڕدا دژ بەچینی سێیەم درووست بووە، چونکی بازرگانان و سەرماداران هاوردەکارانی شمەک بەووست و خواستی خۆیان نرخەکان زیاد دەکەن بەبێ ئەوەی لایەنی پەیوەندیدار هیچ ڕەقابەو ئێجرائاتێک بگرێتە بەر،هۆکاری سەرەکیش بۆ ئەوە ئەگەڕێتەوە دەسەڵات پشکیان لەگەڵ بازرگانان هەیە، تەنها بەوەشەوە نەوەستاوە بەسەدان ماددەی بەسەرچوو و قەدەغەکراو و ژەهراوی بوون بەڕێگای نایاسایی لەسنورەکانەوە ئەو دیو ئەکرێن، ئەم بێ سانسۆریەی دەسەڵات هێندەی تر بازرگانان سوور دەکات یاری بەژیانی هاوڵاتیانەوە بکەن و تاکە ئامانجیشیان بڕینی گیرفانی خەڵکە ڕەش و ڕووتەکە بێت، کە زۆرینەی کۆمەڵگا پێک دەهێنن، ئێستا ئەوە نیە شتێکە بەناوی دامەزراوەیی نشتیمانی و پاراستنی ئاسایشی هاوڵاتیانە، بەڵکو هەمووی کورت کراوەتەوە لەبەرژەوەندی و کەڵەکەکردنی سەرمایەیەکی زۆر، ئیتر بەهەرجۆرەو شێوازێک بێت گرنگ نییە، بەڵکو گرنگتر دۆشینی میلەت و دەستخستنە نێو بیناقاقاو مژینی خوێنیانە.
6-لەبناغەدا گومان ئەکرێ، ئەم قەیرانە قەیرانێکی درووست کراو بێت، چوونکە دەسەڵاتدارانی هەرێم فێرن بۆ داپۆشینی قەیرانێک قەیرانێکی تر درووست بکات. دەسەڵات وابیردەکاتە ئەگەر هەموو خزمەت گوزاریەکان پێش کەش بکرێت و مووچە لەکاتی خۆیدا دابین بکرێت، ئەوا هاوڵاتیان هیچ کێشەیەکیان نابێت بۆیە ئەوجا بیر لەلادانی دەسەڵات داران ئەکەنەوە هەوڵی گۆڕینیان ئەدەن، بۆ نموونە: ساڵی ٢٠١١-٢٠١٢ بەساڵی هاتی و خۆشگوزەرانی دادەنرا بۆ هاونشتیمانیانی کوردووستان، هەم مووچە لەکاتی خۆیدا دەهات هەمیش خزمەتگوزاریە سەرەتایەکانیش پێشکەش ئەکران، "پێشینەی خانووبەرەو و هاوسەرگیری و قەرزی بچووک"یش هەبوون، هاوڵاتیان لەو پەڕی خۆشگوزەرانی و ئاوەدانیدا بوون لەڕووە دارایەکەوە، بەڵام پێیان وابوو دەبێت کێشەی سیاسیش چارەسەربکرێ خۆپیشاندانی ١٧شووباتی لێ کەوتەوە، هاوڵاتیان واژۆیان کۆدەکردەوە بۆ گۆڕینی سەردارانی ووڵات و درووسکردنی حکومەتی ئینتیقالی، بۆیە خەڵکی پێیان وایە ئەم قەیرانە لەبنەڕەتدا .درووستکراون و هیچ شتێک نییە بەناوی قەیرانی داراییەوە(هاونشتیمانیان)
ج_ناسەقامگیری نرخی نەوت:
ڕۆڵێکی بەرچاوی هەیە لەدرووستکردنی دۆخێکی نادڵنیایی، بەتایبەت بۆ ئەودەوڵەت و هەرێمانەی کەپشت بەسەرچاوەی نەوت ئەبەستن، کاتێک هاوسەنگی خواست و خستنەڕووی نەوت لەبازاڕەکانی جیهان تێک ئەچێت، دۆخێکی ناسەقامگیرو ناهەموار درووست ئەبێت، تایبەت تر کاتێک دۆخێکی نەخوازراو درووست ئەبێت، ئەمەش بۆ ووڵاتانی بەرهەم هێنەری نەوت شۆکهێنەر ئەبێت، لەماوەی نێوان ساڵانی(٢٠١٤-٢٠٢٠)دۆخەکە لەوپەڕی شڵەژانی دایە، چونکە نەوت لە"١٠٠"دۆلاری ئەمریکیەوە گەیشە ٥٠دۆلار، هەندێک جاریش کەمتر، هۆکارەکەشی بۆ ملمالانێی بەردەوامی نێوان (ڕووسیا و ئەمریکا و ئێران و سعودیە) دەگەڕێتەوە، وە درووست بوونی ڤایرۆسی کرۆنا(کۆڤید ١٩) کەدوو ڕووداوی جیهانی بوون، میزانیەکی زۆری وویست بۆ ئەوەی عێراق ڕووبەڕووی بێتەوە ، وای لێهات تەواوی کەرتەکان و دام و دەزگاکان ڕاوەستان کار کەم بووە بۆ چینی هەژاران وەک ڕەوەستانی ژیان وا بوو، ئەمە بۆ عێراق و قورستر بوو چونکە لەکۆتای ٢٠١٤دا "ڕێکخراوی داعش" دەستی بەسەر زۆربەی بیرە نەوتەکانی عێراقداگرت، بەمەش هەناردەی نەوت سستی تێکەوت و بووجەیەکی زۆر بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی داعش دابینکرا بەمەش عێراق تووشی کورتهێنانی بووجە بوویەوە، کارەساتەکەش زیاتر ڕەنگ دانەوەی درووستکرد، چوونکە عێراق و هەرێمیش خاوەنی هیچ سندوقێکی ئابووری نین بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەرقەیرانێکی نەخوازراو بەڵام ئەمە بۆ کوردووستان زۆر بەخراپتر شکایەوە، چونکەهەرێم بۆ دابینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی پشت بەحکومەتی ناوەندی دەبەستێت، بەهۆی ڕیفراندۆمەوە قوڕەکە هێندەی تر خەستر بووەوە، بەهۆیەوە کێڵگە نەوتیەکانی "بای حەسەن و باباگوڕگوڕ و جمهوری" لەکەرکوک کەپێش ڕیفراندۆمی سەربەخۆی کوردووستان، هەرێم بەسەربەخۆی دەیفرۆشتن، بەوهۆیەوە ئەو کێڵگانەش لەدەست دران و حکومەتی مەرکەزی دەستی بەسەرداگرت، بەمەش هێندەی تر ئابووری کوردووستان تووشی نابووتی هات و کاریگەریە نەرێنیەکانی لەسەر هاوڵاتیان قورستر ڕەنگی دایەوە، جگە لەوەش یاسای بووجە لەهەرێمی کوردووستان زۆر ناڕوون و ناشەفافە چوونکی بۆ دوو خوولە ڕەوانەی پەرلەمان نەکراوەو خوێندنەوەی یاسایی بۆ نەکراوە، کەس هیچی لەبارەیەوە نازانێت.
د_بەرززوونەوەی نرخی دراو:
لەگەڵ ناسەقامگیری نرخی نەوت ڕاستەوخۆ دۆلاری ئەمریکی بەشێوەکی بەرچاو ڕووی لەبەرزبوونەوە کرد، بانکی ناوەندی عێراقی ڕایگەیاند : ئەم بەرزبوونەوەیە کاتیەو تەنهابۆ ماوەی "سێ ساڵ"ە، هۆکاری ئەمەش بەمەبەستی پڕکردنەوەی ئەو کورتهێنانەیە کەلەبووجەدا درووست بوە، بەڵام ئەمە دۆخێکی نادڵنیایی زیاتری بۆ هاوڵاتیان دروووست کرد ، چونکە مووچەی فەرمانبەران وەک خۆیان مانەوەو شمەک و کەل و پەلەکان نرخیان بەرزتر بووەوەباجێکی زۆریان خرایە سەر ، نرخی خزمەتگوزاریە حکومیەکان زیاتر بوو چونکە هەموو مامەڵەکان بەدراوی ئەمریکیە خەڵکیش بەقورسی باجەکەی دەدەن، وای لێهات دەسەڵات بەدەستێک پێت ئەبەخشێت بەڵام بەدەستەکەی تر لێت وەرئەگرێتەوە، ناهەوسەنگیەکی گەورە لەنێوان داهات و خەرجیەکان درووست بووە، لەو نێوەندەدا خەڵکی ناچارئەبن تەنها ئەو پێویستیانە بکڕن کە پێویست و گرنگن، خۆیان بەدوور بگرن لەکەمالیەتەکانی تری ژیان ئەمەش دەبێتە هۆی چەق بەستووی لەبازاڕدا، پێویستی بەدەستێکی حەکیم هەیە بۆ دەربازبوونی خەڵکی لەم بارودۆخە دژوارە
ه-فاکتەری مێژوویی:
قەیرانی دارایی ڕووداوێک نییە بەسترابێتەوە بەسەردەمێکی تایبەتەوە بەڵکوو ڕەهەندێکی مێژووی هەیە، پێشووتریش ڕووداوی هاوشێوە ڕوویان داوە. بۆنموونە : لەچەرخی مسریەکۆنەکاندا دیارتر لەدەمی فەرمان ڕەوا "ئەخناتۆن" ووشکەساڵی و بێ بارانی بۆماوەی حەوت ساڵ ڕووی لەووڵاتەکە کرد بەڵام توانرا ڕووبەڕووی قەیرانەکە ببنەوە، چونکە حکومەتی ئەوکات سندووقی گەنمی خەزن کراوی هەبوو، جگە لەناوخۆی ووڵاتیش گەنم نێردرا ووڵاتی دراوسێ وەک ووڵاتی کەنعان. یەکێک لەو ڕووداوانەی تر کەگاریگەری جیهانی هەبوو، قەیرانی دارایی نێوان ساڵانی ١٩٢٧-١٩٣٣ بوو دیارتر لەسەردەمی فرانکلین ڕۆزڤۆڵت، سەرۆکی وولاتەیەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئەم پیاوە تاکە سەرۆکە لەمێژووی ئەمریکادا سێ خوول لەسەریەک سەرۆک کۆماربێت، توانی بەسیاسەتێکی حەکیمانە کۆتای بەقەیرانی دارایی بهێنێت. زۆر ڕووداوتری هاوشێوە زۆرن لەمێژوو دا وەک جەنگی یەکەم و دووەمی جیهانی، جەنگی ساردی نێوان ئەمریکا و سۆفیەت کاریگەری نەرێنی لەسەر ئابوریی جیهانی هەبوو، بەڵام توانراوە چارەسەری بۆ بدۆزرێتەوە . بۆیە لەهەرێمی کوردستان و تەنانەت خوودی عێراقیشدا، قەیرانێکی دارایی جدی ڕووی لەناوچەکە کردووە، بۆیە ئەگەر کەسانی دڵسۆزو غەمخۆر پلانێکی تۆکمە دانەنێن بەئەگەری زۆرەوە ناوچەکەمان ڕووبەڕووی کارەساتێکی گەورەی مرۆیی ئەبێتەوە، بۆ چارەسەرکردنی ئەم دۆخە، ناوچەکەمان پێویستی بەنەشتەرگەریەکی گەورە هەیە، ئەمەش پێویستی بەئەقڵێکی کراوەو گەورە هەیە، یەکەم ڕێگای چارەسەری بریتیە لەبنبڕ کردنی دیاردەی گەندەڵی کەچەند کەسێک وەک کەلاکێک کەوتوونەتە گیانی و بەملێونان دۆلار بەشێوەیەکی ناڕەسمی و بەدزی و گزی بەهەدەر ئەدرێ و دەچێتە بەرۆکی چەند خانەوادەیەکەوە کەئەوانەش لەدەسەڵاتدان، دەبینین بەرپرسان و نەوەکانیان خاوەنی پرۆژەو و کۆمپانیاو دامەزراوەی ناحکومین کەهەموو ئەوسەرمایەیان بەبەرتیل و ڕێگای ناتەندرووست دەست کەوتووە، لەڕێگەی ئەو هەموو پارەیانەوە بەسەدان کەناڵ و چەناڵ و پەیج و ئەکاونتیان درووست کردووە بۆ ململانێی نێوان براکان بەکارئەهێنرێت، بەهەزاران ملێون دۆلار بۆ ڤێلاو کۆشک خەرج کراوە بۆبەرپرسان و کوڕی بەرپرسان، پارەیەکی زۆر بەنایاسای دوور لەهەموو پێوەرەکان بەناوی مۆدێلاتەوە بەهەدەر ئەدرێت، تەرخان کردنی سەدان ملێون دۆلار بۆ لایەنەسیاسی و نوسەرو مامۆستایانی ئاینی بە بیانووی بێ دەنگکردنیان، کۆنتڕۆڵ کردنی هێڵەکانی پەیوەندی و ئەنتەرنێت و دەستبەسەراگرتنی. ئەو داهاتانەی ناوخۆوە بۆ خزمەتی گشتی خەرج ناکرێ و زیاتر خزمەتی چینێکی باڵا دەست دەکات، دروووست کردنی دەیان لیواو و فەوج سریە و دەزگای ئەمنی کەهەموویان کەسین و هیچیان نشتیمانی نین کەبۆ بەریەک کەوتنە نێوخۆیەکان بەکار هێنراون و بەکار ئەهێنرێن، سامانی ووڵات لەلایەن کەمینەیەکەوە ئەدۆشرێت و خەڵکی ڕەسەن و شاییستە نەیان توانیوە سوود لەسامانی سەرزەوی و ژێر زەوی وەربگرن. درووستکردنی به هەزاران مووچە خۆری بندیوار، خانەنشینکردنی ژمارەیەکی بێشوومار وای کردووە بارەکەی زیاتر قورستر کردووە بەپارەیەکی ئێجگار زۆر و زەوەند خانەنشین کراون، لەهەمان کاتدا زۆرینەیان هیچ دەوامێکی فەرمیان نیە، مووچەیەکی زەبەلاح دەرخان کراوە بۆ ئەو دامەزراوە حکومیانە، مووچەی مانگانەیان بۆ بڕاوەتەوە بەپارەیەکی خەیاڵی، ئەمە هێندەی تر باری ئابووری و دارایی ووڵات بەرەو نابووت کردن و پووچانەوە پوکانەوە بردووە، ئەمەش باری خەڵکی گرانتر کردووە وای کردووە پارە لای خەڵکە گشتیەکە کەم دەست بکەوێت چێنایەتیەکی گەورە درووست ببێت، بۆیە خەڵکی بۆبەردەوامیان لەژیان خەرجیەکانیان کەم کردووەتەوە لەبەرئەوەی داهاتیان کەم بووەتەوە، ئەمەش پێویستی بەچارەسەرکردنێکی جدی هەیە پێویستی بەوە هەیە دڵسۆزانە هەموو ئەودەستانەی کەدەستی ئەمین نین دوور بخرێنەوە و بەیاسایەک سکاڵا لەسەر ئەو برپرسانە تۆمار بکرێت، دەست بەسەر هەموو ئەو موڵک و سامانەی بەرپرسان بگیرێت و بیانخەنە خزمەتی گشتیەوە، دەبێت سەرلەنوێ سیستەمێکی نوێ و هەیکەلێکی نوێ دابڕێژرێت کۆتای بەو هەمووکەسانە بهێنرێت کەڕێگە خۆشکەرن بۆ فەسادی دارای و بەرتیل و ڕۆتینات لەدام و دەزگاو دایەرە فەرمیەکان، کەبەردەوام خەریکی ڕووتانەوەو بڕینی گیرفانی هاوڵاتیانن، هەموو ئەمانە دەبێت دوور بخرێنەوە کەسانی شیاو دەست پاک جێگەیان بگرێتەوە سزاش لەبەرانبەریان بگیرێتەبەر تاکو ببنە عیبرەت بۆ ئەوانەی پێش و پاش خۆیان. یەکێک لەهەڵەگەورەکانی بەڕێوەبەران و سەردارانی ووڵات ئەوەیە هەمیشە پشتیان بەیەک سەرچاوەی داهات بەستووە ئەویش تەنها "نەوت"ە لەکاتێکدا ناوچەکەمان بەهەرمەندن بەدەیان کانزای سرووشتی و ڕێگەی تر تاکو بکرێتە هاوشانی نەوت یەکێک لەوانە "ناوچەی گەشتیاریە"هەروها هەڵکەوتەی هەردوو شاری کەربەلاو نەجەف کەمەزارگەی ڕێبەرە ئاینەکانی لێیە کەمتر نیە لەمەراسیمی حەج لەسعودیە، کە دەتوانرێت سوودی لێوەربگیرێت بۆ خزمەت کردنی ووڵات و ڕزگارکردنی ناوچەکەمان لەکارەساتی مرۆیی، پێویستە کاربەدەستانی ووڵات پلانی دوور مەودایان هەبێت لەئەگەری ووشک کردن و نەمانی نەوت ئەوا ژیان لەناوچەکەمان ڕائەوەستێت، چونکە ئەوەی هەیە لەنەوت درووست ئەکرێت، لەوانە ئۆتۆمبیل و سەرچاوەکانی تری گەیاندن و پۆشاک و پلاستیک ئامێرەکان. -هەبوونی" ووزەیەکی وەک خۆر" کەسامانێکی ئێجگار گرنگە ئەگەر ئەقڵێکی باش و ئێدارەدانێکی باش هەبێت دەتوانین بیکینە بەدیلی نەوت و لەڕێگەیەوە کارەبای لێ بەرهەم بهێنین و تەنانەت بەووڵاتانی دراوسێش بیفرۆشین، حکوومەتی پڕۆڤیشناڵ دەبێت نەوتەکەی هەڵبگرێ بۆ نەوەکانی داهاتوو، ووڵاتێکی وەک سوید لەبەرنامەی دایە، لەساڵی ٢٠٣٠لەبری ئەوەی لەبەرهەمی نەوت کەپانزینە بکاتە سووتەمەنی بۆ ئۆتۆمبیلەکانیان بیریان کردووەتەوە کەشەحنی پاتری بکەنە بەدیلی پانزین، وڵاتی سعودیە سەرباری مەراسیمی حەج و عەمرەو بوونی چەند سەرچاوەیەکی سرووشتی وەک نەوت و خەڵووز، بەرهەمەکانی شیرەمەنی یەکێکی ترە لەو بەدیلانەی کەداهاتی ووڵاتەکەی پێ زیاد کردووە، لەپشت ئەم هەنگاونەوە ئەقڵێک هەیە کەئیدارەی ووڵاتی پێ ئەدرێت، ئەمەدەبێت ببێتەچاولێکەریەکی باش بۆ ئێمەش بتوانین ناوچەکەمان لەمایە پووچی و ئیفڵاس بوون ڕزگاربکەین. ئەمەش تەنها کەسانی دڵسۆز و ئیرادەیەکی پۆڵاین و ئەقڵێکی ڤەکری پێویستە. -هەبوونی سەدان ئەشکەوت و شوێنەوار کەمێژووی شارستانیەتی ئێمەیە، کەدەتوانین سوودێکی باشی لێوەربگرین ڕێگەخۆش بکەین بۆسەردانی کەران و خەڵکانی بیانی نێوخۆی، هەبوونی گۆڕی باوکی پێغەمبەران(ابراهیم)لەناوچەی وەرکا لەسەماوە کەساڵی پار پاپای فاتیکان ڕێبەری ڕووحی کاسۆلیکی مەسیحی سەردانی کرد ئەمە یەکێکە لەوجەوهەرە گرنگەی بۆ کەڵەکەکردنی سەرمایە زیاترکردنی داهات بەدیلێکی باشیشە کەبیکەینە هاوشانی نەوت. -هەڵکەوتەی جوگرافی ناوچەکە زۆر لەبارە بۆ کشتوکاڵ کردن چونکە خاوەنی چەندان زەوی بەپیت و شێدارو بەرەکەت دارن،لەگەڵ هەبوونی چەندین ڕووبارو دەریاچە و بەنداوی گرنگ،ئەمە بەسە بۆ ئەوەی ئەو هەموو زەویە بەپیتانە بەگەڕ بخەین و بۆ پڕ کردنەوەی پێداویستیەکانی ناوخۆی خۆمان،نەک پێویستمان بەدەرەوە نەبێت، تەنانەت دەتوانین هەناردەی دەرەوەشی بکەین هەموو ئەمانە کاریگەرن بۆ ئەوەی دۆخی هاوڵاتیان بەرەو پێش چونێکی باش بەخۆیەوە ببینێ .
--------------------------------------------------------
لیستی سەرچاوەکان:
(١) پارە، یۆڤال نوح هەراری، وەرگێڕانی ئارام قەفتان، چاپی یەکەم، لاپەڕە[٢٦]
(٢)بێ منەتی لەپارەدا، دان لۆک، وەرگێڕانی،چنار قادر احمد- نەژاد عمر مجید، چاپی یەکەم، لاپەڕە[١٥٤]
(٣)باوکی زەنگین و باوکی هەژار، ڕۆبێرت کێوساکی، وەرگێڕانی، دڵشاد شارباژێری، چاپی یەکەم،لاپەڕە[٤٠]
(٤) ڕوبێرت کێوساکی، سەرچاوەی پێشوو، لاپەڕە[١٧]
(٥)هەموو شەقامەکان لەزێڕن، کیم--وو--چونگ،وەرگێڕانی حسن عینایەت، چاپی یەکەم،لاپەڕە[١٦٤]
(٦)چۆن هەرشتێک بەهەرکەسێک بفرۆشێن،جۆ جیرارت، وەرگێڕانی عبداللە بەهادین، چاپی یەکەم، لاپەڕە[٦٨]
(٧)مارکێتینگ، برایان ترەیسی، وەرگێڕانی خەنسا مەعروف، چاپی یەکەم، لاپەڕە[٦٤-٦٥]
(٨) "سەن تزوو" فەیلەسوف و ژەنڕاڵ و ستراتیژناسێکی چینییە، ساڵی (٥٤٥ پ-ز) لەدایک بووە، بەنووسینی کتێبی "هونەرەکانی جەنگ "لەجیهاندا ناسرا، برایان ترەیسی،سەرچاوەی پێشوو.