ئا: ئاوێنە
وەرگێڕێكی عێراقی كە هەماهەنگی لەگەڵ ئەمریكییەكاندا هەبووە دەڵێت، سوپای ئەمریكا لەكاتی دەستگیركردنی سەدام حسێن بۆدرەیەكی هۆشبەریان بەكارهێناوە.
وەرگێڕەكە، كە ناوی ئاشكرانەكراوە، دەڵێت، یاوەری ئەو سەربازە ئەمریكییانەی كردووە كە پرۆسەی دەستگیركردنی سەدام حسێن-یان جێبەجێكردووە.
وتیشی، “پاش نزیكەی هەشت مانگ بەسەر دەستپێكی كارەكەمدا، لایەنی ئەمریكی زانیاریی زۆر نهێنییان پێگەیشت دەربارەی ئەو شوێنەی سەدام حسێن خۆی لێحەشاردەدا لە ناوچەی دۆر لە پارێزگای سەلاحەدین. لە كێڵگەیەكدا خۆی حەشاردابوو لە دووری چەند مەترێكی كەم لە ڕووباری دیجلە، لە ناوچەی مەعبەر”.
بەپێی وتەی ئەو، دەنگۆیەك هەیە بەوەی یەكێك لە كەسە نزیكەكانی پاسەوانەكانی سەدام شوێنی حەشارگەكەیان ئاشكراكردووە، دواتر لێكۆڵینەوە لەو زانیارییانە كراوە لەڕێی چاودێریكردنی ئەو پیاوەی خواردنی بۆ سەدام دەگواستەوە.
وەرگێڕەكە دەڵێت، “كەس نەیدەزانی پاسەوانی ئاسایشی سەدام-ه، بەڵام گومانی لەسەربوو چونكە باشترین شمەك و پێویستی لە هەندێك لە ماركە بازرگانییەكانی بازاڕ دەكڕی. بەهۆی دۆخی دژواری وڵات ئەمە بووە جێی گومان و پاش چاودێریكردنی هەموو شتێك ڕوون بووەوە”.
بۆیە یەكەیەكی هێزی تایبەتی ئەمریكا ڕەوانەی شوێنەكە كرا، ڕێگە بە خودی وەرگێڕەكە نەدرا نزیكبێتەوە، چونكە ڕووپۆشی دژ بە گازی پێوە نەبوو. دوای ئەوە گازی خەوێنەر لە ناوچەی جێبەجێكردنی پڕۆسەكەدا ڕژێندرا.
وەرگێڕەكە وتی، “زۆر كەس لەوێ هێنرانە دەرەوە. لەنێویاندا سەدام حسێن هەبوو، ڕێگەیان پێنەداین لێی نزیكببینەوە”.
دوای گواستنەوەی سەدام حسێن لەڕێی هەلیكۆپتەرێكەوە، وەرگێڕەكە توانی چاوی بەو ژوورە بكەوێت كە تیای دەژیا، ژوورێك بوو بە پانی 3.5 مەتر و درێژیی نزیكەی 4 مەتر. دوو جێگای نوستنی تیابوو، لەوێ پێڵاو و جلوبەرگی گرانبەها و بۆن و شمەكە كەسییەكانی هەبوون- كاتژمێرە دەستییەكەی و دەمانچەكەی، لەگەڵ ژمارەیەك لە وێنەی خێزانەكەی، ئامێرێكی تۆماركردنی دەنگ بە كاسێتێكی بەتاڵ و چەند تۆمارێكی دەنگیی خۆی.
وەرگێڕەكە وتی، “بەشی زۆری ئەو شمەكانە دزران- پێڵاو و كاتژمێر و جلوبەرگ و تەنانەت خۆراكیش، سەربازەكان وەك یادگاری بردیان”.
ئاماژەی بەوەشكرد، دوای پرۆسەكە، درەختە پرتەقاڵەكانی ناوچەكە بە ماددەیەكی سپی نەزانراو ڕژێندران.