ئا: ئاوێنە
جەمیل بایك، هاوسەرۆکی (کەجەکە) دەڵێت، "پارتی لەگەڵ دەوڵەتی تورک بوەتە یەک و لە هەندێک هەنگاودا دژی گەریلا، دەوڵەتی تورک دوای پارتی کەوتوە."
جەمیل بایک، هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەری کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) لە دیدارێکدا لەگەڵ کەناڵی ستێرک تیڤی لەبارەی پەیوەندیەکانیان لەگەڵ پارتی وتوشیەتی"هەمو کەس دەزانێت کە ئێمە پێشتر پەیوەندیمان لەگەڵ پارتی هەبو، هەروەها پارتیش پەیوەندی لەگەڵ دەوڵەتی تورک هەیە، بەڵام پەیوەندی ئێستای پارتی لەگەڵ دەوڵەتی تورک وەک پێشتر نییە، پارتی بەتەواوی بەشداری لەهێرشەکانی دەوڵەتی تورکدا کردوە لە دژی پەکەکە."
بەقسەی جەمیل بایك "دەوڵەتی تورک چەند بەڵێنێکی بە پارتی داوە پارتیش بەپێی ئەو بەڵێنانە لەگەڵ دەوڵەتی تورک یەکیگرتوەو دەیانەوێت پەکەکە بەم شێوەیە لەناوبەرن.
هاوسەرۆكی كەجەكە وتوشیەتی“بە گوێرەی پارتی ئەگەر بتوانن پەکەکە لەناو بەرن، هەمو شتێک بۆ ئەوان دەمێنێتەوە. واتە هەمو ئەو بەهایانەی کە لەلایەن پەکەکەوە دروست کراون دەتوانرێت بۆ بەرژەوەندی خۆیان لەناوببرێن، بۆیە لەگەڵ دەوڵەتی تورکدا یەکیگرتوەو لە دژی پەکەکە دەجەنگێت، پارتی هێزێکی دەرەوەی شەڕ نییە كە تەنیا پشتیوانی دەوڵەتی تورک بکات نەخێر؛ پارتی لە ناوەڕاستی شەڕدایە لە هێرشی دژ بە پەکەکەدا، ئەرکی پارتی- دەوڵەتی تورک- یش ئاشکرایە."
هاوسەرۆکی کەجەکە ئەوەشی وتوە"دەوڵەتی تورک چەند بەڵێنێکی بە پارتیداوە بەڵێنەکانی وەک؛ ئەگەر پەکەکە لەناوببرێت، ئێوە لە دەسەڵاتدا دەمێننەوە، ئەوا لە باشور بەردەوام دەبن، ئێمە لە بەرامبەر ئەوەدا ڕێگر نابین. پارتیش پشت بەو بەڵێنانە دەبەستێت و کەمین لەبەردەم گەریلاکاندا دادەنێت، لە کەمینێکدا سێ هەڤاڵ لە کەمینێکی دیکەشدا حەوت هەڤاڵ گیریان خوارد، هەڤاڵێک بە زیندویی ڕزگاری بو و هەڤاڵێکیش بێسەروشوێنە. ئەمە ڕاستیەکەیە ئەرکی دەوڵەتی تورک ئێستا لەلایەن پارتییەوە جێبەجێ دەکرێت."
بەقسەی جەمیل بایك "هەر وەک چۆن دەوڵەتی تورک بۆسە بۆ هەڤاڵان دادەنێت و شەهیدیان دەکات و بە هەزاران کەس زیندانی دەکات ئەشکەنجەیان دەدات، پارتیش بۆسە بۆ هەڤاڵانمان دادەنێت شەهیدیان دەکات ئەوانەی بانگەشەی پەیوەندیان لەگەڵ پەکەکەدا دەکرێت زیندانیان دەکات و ئەشکەنجە دەدرێن."
ئاماژەی بەوەشکردوە کە "پارتی ئەو کەسانەی کە بەهۆی ڕژێمی فاشیستەوە لە باکور هەڵاتون ناهێڵێت بە شێوەیەکی ئازاد بژین پێیان دەڵێت “یان خزمەتی ئێمە دەکەیت و دەبیەتە سیخوڕمان، یان تەسلیمی دەوڵەتی تورکیاتان دەکەم، تۆ ناتوانیت لە ناوچەکەی من بمێنیتەوە."
هاوسەرۆکی کەجەکە ڕاشیگەیاند"دەوڵەتی تورک تەرمی گەریلا بە پۆستە ڕەوانەی خێزانەکان دەکات، هەروەها پارتیش گەریلا دەکوژێت و تەرمەکانیش ناداتەوە خانەوادەکانیان خێزانەکان دەڵێن ‘ تەرمەکانمان بدەنێ’ بەڵام پارتی نە بە بەڵێ نە بەنەخێر وەڵام نادەنەوە واتە ئەوەی دەوڵەتی تورک دەیکات بە پێی کردەوەکانی پارتی کەمتر دەبێت."
جەمیل بایك، سیاسەتی پارتی بە "سیاسەتێکی هەڵە" ناوبردوەو وتویەتی"خزمەتی گەلی کورد ناکات، خزمەتی دەوڵەتی تورک دەکات...هیچ کەسێک پێشبینی ئەوە ناکات کە پارتی سیاسەتێکی لەو شێوەیە پەیڕەو بکات، بەڵام ئەمڕۆ ئەو سیاسەتە پەیڕەو دەکات."
ئاماژەی بەوەکردوە "دەرفەتێکی زۆر گرنگە لە مێژوی گەلی کوردا هەر کەسێک خۆی بە کورد ناوبەرێت، بۆ بەرژەوەندی گەلی کورد شەڕ بکات، دەبێت ئەم دەرفەتە لەبەرچاو بگیرێت، پارتی لە جیاتی ئەوەی پەیوەندی لەگەڵ کوردان بەهێز بکات، لە پەیوەندیدایە لەگەڵ دەوڵەتی تورک کە دوژمنی کوردە واتە ئەو دەرفەتانەی کە هەیە ژێرپێی دەخات، پێویستە گەلەکەمان ئەو سیاسەتە قبوڵ نەکەن."