ئه‌و كوڕ و باوكه‌ی هێرشیان كرایه‌ سه‌ر:‌ له‌لایه‌ن ئه‌و ژنه‌وه‌ چه‌كداره‌كان هێندرابوو بۆ خوێندنگه‌كه‌
  2021-12-25       2475       

ئا: ئاوێنه‌

 

ئه‌و كوڕ و باوكه‌ی له‌چه‌ند رۆژی رابردودا له‌یه‌كێك له‌ خوێندنگه‌كانی شاری سلێمانی هێرشیانكرایه‌سه‌ر و له‌تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان گرته‌یه‌كی ڤیدیۆیی ساتی هێرشه‌كه‌ی سه‌ریان بڵاوكرایه‌وه‌ رایده‌گه‌یه‌نن، داوای مافی خۆیان ده‌كه‌ن و سورده‌بن له‌سه‌ر سكاڵاكانیان و ده‌شڵێن، "به‌چه‌ك و جلوبه‌رگی سه‌ربازیه‌وه‌ له‌لایه‌ن ئه‌و ژنه‌وه‌ چه‌كداره‌كان هێندرابون بۆ خوێندنگه‌كه‌".

 

باوكی ئه‌و خوێندكاره‌ی له‌گه‌ڵ كوڕه‌كه‌یدا له‌ چه‌ند رۆژی رابردو هێرشیكرایه‌سه‌ر له‌كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، "كوڕه‌كه‌م له‌گه‌ڵ كوڕێكی دیكه‌ی عه‌ره‌بدا كێشه‌ی هه‌بو، منیش چوم به‌مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ی چه‌ند جارێك له‌كوڕه‌كه‌میاندابو له‌ده‌ره‌وه‌ی خوێندنگه‌، دایكی ئه‌و منداڵه‌ی دیكه‌ هاته‌ به‌شی ئیداره‌ی خوێندنگه‌كه‌ و به‌ئاماده‌بونی به‌ڕێوه‌به‌ر و یاریده‌ده‌ری به‌ڕێوه‌به‌ر، باسمان له‌چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان كرد و نابێت شه‌ڕ بكه‌ن، كێشه‌كه‌مان چاره‌سه‌ركرد".

وتیشی، "بۆ رۆژی دوه‌م كه‌ چومه‌وه‌ بۆ خوێندنگه‌كه‌، شه‌ش كه‌س له‌به‌رده‌م خوێندنگه‌كه‌ بون كه‌ جلوبه‌رگی سه‌ربازیان له‌به‌ربو، دو كه‌سیشیان جلوبه‌رگی ئاسایشیان له‌گه‌ڵ بو، پێموتن نامانه‌وێت كێشه‌ دروستببَت، به‌ڵام هێرشیكرده‌ سه‌رم و پاشانیش ئه‌و خوێندكاره‌ی دیكه‌ له‌گه‌ڵ ئاسایشه‌كان لێیانداین".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، "به‌چه‌ك و جلوبه‌رگی سه‌ربازیه‌وه‌ له‌لایه‌ن ئه‌و ژنه‌وه‌ چه‌كداره‌كان هێندرابون بۆ خوێندنگه‌كه‌، ئێمه‌ش ده‌مانه‌وێت یاسا سه‌روه‌ر بێت و سازش له‌سكاڵاكه‌مان ناكه‌ین، داواش له‌ بافڵ تاڵه‌بانی و قوباد تاڵه‌بانی و حكومه‌تی هه‌رێم ده‌كه‌ین، مافمان بسه‌نن و پارێزگاریمان لێ بكه‌ن، چونكه‌ ئێمه‌ غه‌ریبین له‌م شاره‌، چونكه‌ كوڕه‌كه‌م له‌ڕوی ده‌رونیه‌وه‌ كاریگه‌ری زۆری له‌سه‌ره‌ و ناتوانێت بچێته‌وه‌ بۆ خوێندنگه‌كه‌ی".

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو، "بافڵ جه‌لال تاڵه‌بانی دڵنیایی پێداین و پێی وتین ژماره‌ی منتان لایه‌ ئه‌گه‌ر مه‌ترسی له‌سه‌ر ژیانتان دروستبو په‌یوه‌ندیم پێوه‌بكه‌ن و خۆم پارێزه‌رتان بۆ ده‌گرم و پارێزگاریتان لێده‌كه‌ین، پاشانیش به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ئاسایش و سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان په‌یوه‌ندیان پێوه‌كردین، دڵنیایان كردینه‌وه‌ كه‌ به‌فه‌رمانی قوباد تاڵه‌بانی ئه‌و كه‌سانه‌ی هێرشیانكرده‌ سه‌رمان ده‌ستگیركراون و له‌زیندانن كه‌ كۆی گشتیان نزیكه‌ی 10 كه‌س ده‌بون".

خوێندكاره‌كه‌ی دیكه‌ دایكی هێنابو، به‌ڵام پاره‌ی دابو به‌و چه‌كدارانه‌ تا من و باوكم بكوژن
هه‌ر له‌كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانیه‌كه‌دا ئه‌و خوێندكاره‌ی كه‌ هێرشیكرایه‌ سه‌ر وتی، "بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كانمان باوكم هێنا بۆ خوێندنگه‌ و خوێندكاره‌كه‌ی دیكه‌ش دایكی هێنابو، به‌ڵام پاره‌ی دابو به‌و چه‌كدارانه‌ تا من و باوكم بكوژن، كاتێك چوینه‌ ئیداره‌ی خوێندنگه‌كه‌وه‌ جنێویان به‌باوكمدا و ویستمان بچینه‌ ده‌ره‌وه‌ به‌ڵام هێرشیانكرده‌ سه‌رمان".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، "له‌ئه‌نجامی هێرشه‌كه‌ی سه‌رمان، په‌نجه‌م شكاوه‌ و سه‌ریشم له‌چه‌ند شوێنێكه‌وه‌ ته‌قیوه‌، به‌ڕێوه‌به‌ری خوێندنگه‌كه‌ش په‌یوه‌ندی به‌ 104ه‌وه‌ كرد و هاتن به‌فریامانه‌وه‌ و ئێمه‌ش سكاڵامان تۆماركرد".

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×