سكرتێری گشتی حدك: تا ئێستا سێ دیداری بێ ئەنجاممان لەگەڵ بەرپرسانی ئێران هەبوە
  2021-12-24       2136       

ئا: ئاوێنە

 

سكرتێری گشتی حیزبی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند، تا ئێستا سێ دانیشتنیان لەگەڵ بەرپرسانی ئێران هەبوە بەڵام دانیشتنەكان هیچ ئەنجامێكیان نەبوە. ئاماژەی بەوەشدەدات، بەهۆی پەرتەوازەیی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانییەوە، بەرپرسانی رۆژئاوا گوێ لە قسەكانیان ناگرن. دەشڵێت: لەم هەفتەیەدا سەردانی واشنتۆنی كردوە تا ئەو پەیامە بگەیەنێت كە كێشەی ئێران تەنیا رێككەوتنی ئەتۆمی نییە.

خالید عەزیزی، سکرتێری گشتی حیزبی دیموکراتی کوردستان كە لەم هەفتەیەدا سەردانی واشنتۆنی كردوە، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا ڕایگەیاند "بەو پێیەی کە پرس و کێشەکانی ئێران لە ئاستێکی نێونەتەوەیدا کورت کراوەتەوە بۆ پرسی ئەتۆمی، هەر بۆیەش من ئەم سەردانەم بۆ واشنتۆن ئەنجامداوە تا ئەو پەیامانە لە ڕێگای دامەزراوە حکومی و سەربەخۆکانەوە بە بەرپرسانی ئەمەریکا ڕابگەیەنم کە کێشەی ئێران تەنیا ڕێککەوتنی ئەتۆمی نییە، بەڵکو کێشەی سەرەکی ئێران نەبونی دیموکراسی، هەژاری و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤە."

عەزیزی وتیشی "ئێمە لە ڕێگای هەندێ دامەزراوەی نزیک لە بەڕێوبەرایەتی ئێستای ئەمەریکا، ئەو پەیامەمان بە بەرپرسانی ئەمەریکا گەیاندوە کە گەر لە پرسی ئەتۆمیشدا لەگەڵ ئێران ڕێبکەون، ئەوا هیچ لە کێشەکان کەم ناکاتەوەو ئێران وەک فاکتەرێکی جدی ئاسایشی لە ئاستی جیهانیدا دەمێنێتەوە."

خالید عەزیزی لە وەڵامی پرسیارێکی دەنگی ئەمەریکا سەبارەت بەوەی کە ئایا بەرپرسانی ئەمەریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا هیچ گرنگییەک دەدەن بە داخوازی و قسەکانی ناوبراو، وتی "بەداخەوە زۆر گوێ لە قسەکانمان ناگرن و هۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ پەرتەوازە بون و یەکنەگرتنی دژبەران و ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامی." ئەو وتیشی "ئێمە تاکو ئێستا هیچ بە دیل و ئاڵترناتیڤێکمان ڕێکنەخستوە بۆ جێگرتنەوەی کۆماری ئیسلامی و هەر ئەمەش وایکردوە کە زلهێزە جیهانییەکان زۆر گرنگی بە قسەی ئۆپوزیسیۆن نەدەن."

عەزیزی ئاماژەشی بەوە کرد لە ئێستادا هەوڵەکانیان چڕ کردۆتەوە بۆ ئەوەی لەگەڵ حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێراندا یەکبگرنەوە و ببنەوە بە یەک حیزب و پێکەوە چالاکی بکەن. ئەو وتیشی "تاوەکو ئێستا هەوڵەکانمان لەو ڕوەوە سەرکەوتو بوەو ئەندامانی سەرکردایەتی و دەستەی وتوێژەکان بۆ یەکگرتنەوە لە پەیوەندییەکی باشدان و نزیک بوینەتەوە لە یەکگرتنەوە."

سکرتێری حیزبی دیموکراتی کوردستان لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا و لە وەڵامی پرسیارێکتردا سەبارەت بە ڕادەستکردنەوەی سیخوڕەکانی ئێران بە هەرێمی کوردستان، وتی "ئیمە وەک ڕێزێک بۆ سەروەری خاکی هەرێمی کوردستان و عێڕاق، ئەو دو سیخوڕەمان ڕادەستی سیستمی دادی هەرێم کردەوەو ویستومانە لەو ڕێگایەوە بە حکومەتی عێراق بڵێن کۆماری ئیسلامی سەروەری خاکی ئێوەی پێشێلکردوە و لە ناو خاکی ئێوەدا تاوانی ئەنجامداوە."

عەزیزی هەروەها لە بارەی وتوێژکردن لەگەڵ کۆماری ئیسلامی، وتی "ئێمە تاکو ئێستا سێ جار لەگەڵ کۆماری ئیسلامی لە ئاستی بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەو بەرپرسانی سوپای پاسداران دانیشتمان هەبوە سەبارەت بە چارەسەری کیشەی کورد لە ناو ئێراندا بە شێوەیەکی ئاشتیانە."

ئەو وتیشی "بەڵام شوناسی کۆماری ئێسلامی ئێران ڕونە، ئێمە لەو کۆبونەوانەدا ڕامانگەیاندوە کە بە مەرجێک وتوێژ دەکەین کە کۆماری ئیسلامی دان بە پرسی کورددا بنێت و قبوڵی ئەوە بکات کە دەیەوێت پرسی کورد لە ڕێگای ناوەندی هاوکاری حیزبەکانەوە چارەسەر بکات." عەزیزی وتی "ئێران بێگۆمان ئەوەی قبوڵ نەکردوەو هەر بۆیەش دیدارەکان هیچ ئەنجامێکیان نەبوە."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×