شادمان مەلا حەسەن: ساڵى 2022 هێزێكى نوێ له‌هه‌رێم دروستده‌كرێت
  2021-12-20       3290       

ئا: ئاوێنە

 

ئەندامێکى سەرکردایەتى یەکێتى کە بەبڕیارى بافڵ تاڵەبانى دورخراوەتەوەو کەسێکى نزیک لەلاهور شێخ جەنگیە باس له‌دروستكردنى هێزێكى نوێ له‌هه‌رێمى كوردستان ده‌كات‌و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "دڵنیام ساڵی 2022 سەرەتای دەساڵی دەیەیەكی ترە بۆ ئەوەی میللەت فوڕسەت بداتە هێزێكی تر، بەڵام ئەو هێزەی ئەمجارە دەبێ ئازاو چاونەترس بێت".

شادمان مه‌لا حه‌سه‌ن له‌نوسینێكدا ده‌ڵێت:"میللەت هەر 10 ساڵ جارێك فورسەتێك دەدات، لەكوردستان میللەت 20 ساڵ فورسەتیدایە یەكێتیی‌و پارتی، ئەوان 10 ساڵیان بەململانێ‌و شەڕی ناوخۆ بەڕێكرد، 10 ساڵیشیان بەپێكهاتنەوەو لیژنەو لیژنەكاریی‌و دابەشكردنی پۆست‌و سەروەت‌و سامان بەسەربرد".

ده‌شڵێت:"نەیانتوانی ئەوەی زۆرینەی میللەت دەیەوێت بیهێننەدی، دوای ئەوە میللەت 10 ساڵی بەخشی بەئۆپۆزسیۆن‌و بزوتنەوەی گۆڕان، ئەویش لەكۆتاییدا چوە ناو هەمان بازنەی دەسەڵاتی یەكێتی‌و پارتی، بەڵام خۆی دۆبڕكرد لەخەڵك‌و جەماوەرەكەی".

به‌بۆچونى شادمان مه‌لا حه‌سه‌ن، "دڵنیام ساڵی 2022 سەرەتای 10 ساڵی دەیەیەكی ترە بۆ ئەوەی میللەت فورسەت بداتە هێزێكی تر، بەڵام ئەو هێزەی ئەمجارە دەبێ ئازاو چاونەترس بێت، ڕوبكاتەوە دەستورو هەموو شتەكان لەگەڵ بەغدا یەكبخاتەوە".

جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ده‌كاته‌وه‌، "ئه‌و هێزه‌شى متمانه‌ وه‌رده‌گرێت، ده‌بێت شەرم‌و ترسی نەبێت لەو دروشمبازیە بێناوەڕۆكە كلاسیكیەی كوردایەتی كە بەرامبەری كرا، كورد مافی خۆی فیدراڵیە، دەبێ ئەم فیدراڵیەتە پابەندی مادەو بڕگەكانی دەستوربێت. كورد دەبێ شەرم لەعێراقیبونی خۆی نەكات".

له‌كۆتاییدا نوسیویه‌تى:"بۆیە ئەمجارە ئەو هێزەی كە فورسەتەكەی پێدەدرێت، باشترین دروشم‌و ڕێگەچارە ئەوەیە هەموو شتێك بخاتەوە چوارچێوەی دەستورو مادەكانی كە حكومەتی ناوەندی پێیدەدات، بەدڵنیاییەوە قازانج دەكات زیان ناكات، نەوەی نوێ جورئەتێكی باشیكرد چوو لیستێكی هاوبەشی لەگەڵ عێراقیەكان پێكهێنا".

پێشتریش شادمان مه‌لا حه‌سه‌ن ڕایگه‌یاندبوو، هەر هێزێکی نوێ بێتە مەیدانەکەو بتوانێت خۆی لەگەڵ خواستەکانی خەڵکی هەرێم بگونجێنێت‌و بتوانێت لە25%ى دەنگی هاوڵاتیان بەدەستبهێنێت، ئه‌وا دەبێتە هێزی یەکەم‌و دەرفەتی ئێستاش لەبارە بۆ سەرهەڵدان‌و دروستبونی هێزێکی نوێی سەرتاسەری.

ئەم وتانەی شادومان مەلا حەسەن لەکاتێکدایە کە بەشێک لەچاودێران‌و کەسانی ئاگادار لەدۆخی نێو یەکێتی باس لەوەدەکەن، لاهور شێخ جەنگی کە بەبڕیاری مەکتەبی سیاسی‌و بافڵ تاڵەبانی لەحزبەکەی دورخراوەتەوە، لەگەڵ کەسە نزیکەکانی لەگفتوگۆی هەنگاوی داهاتودایە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×