ئا: ئاوێنە
عیرفان قانعی فەرد، شارەزای کاروباری ئێران لەم گفتوگۆیەی ئاوێنەدا دەڵێت " كۆماری ئیسلامی ئێران تیرۆریستە".
ئاوێنە: ئەوەی جێی سەرنجە ماوەیەكە قسەكانت زیاتر رەخنەگرتنن لەكۆماری ئیسلامی ئێران، وەك لەچاوپێكەوتنەكانی ئەم دواییەت لەكەناڵە فارسیو عەرەبیەكاندا دەبینرێت، هۆكاری ئەم گۆڕانكارییە لەهەڵوێستی تۆدا چییە کە پێشتر وا دەرنەدەكەوتی؟
عیرفان: مێژونوس ئەبێت كەسێكی سەربەخۆ بێت، سەربەخۆیی بەشێك بووە لەكارنامەی منو هەمیشە زمانی منیش زمانی رەخنە بووە، پێشتر هاتوچۆی کوردستانو ناوچەكەم دەكرد دەبو بەزمانی گوڵ قسەم بكردایە، بەڵام خەڵك دەزانێت ستایشو مەدحی كۆماری ئیسلامیم قەت نەكردوە، ئەگەر لەجێگەیەكدا مەدحیم كردووە كوا فیلمەكەی؟ کوا فایلە دەنگییەكەی؟ کوا نوسینەكە؟ با بڵاویبكەنەوە بزانن من لەكوێدا مەدحی كۆماری ئیسلامیم كردوە؟ بەڵام لەدوای ئەوەی ئیتر من هاتوچۆی کوردستانو ناوچەكە ناكەم، ئیتر هەڵگەڕاومەتەوە سەر هەڵوێستی جاری جارانی خۆمو وتومە كۆماری ئیسلامی تیرۆریستو پشتیوانی تیرۆریستە، ئەمە شتێكی شاراوە نەبووە لەكۆمەڵگە.
ئاوێنە: پێشتر رەخنەت لەحیزبە بەرهەڵستكارەكانی كوردی رۆژهەڵاتی وەك دیموكراتو كۆمەڵە دەگرت، ئەمە ناكاتە ئەوەی جۆرێك لەبەرگری كردن بووە لەكۆماری ئیسلامی؟
عیرفان: من رەخنەی مێژویم لەئۆپۆزیسیۆنی كورد گرتووە، وتومە ئەگەر ئەم شتانەتان نەكردایە سەركەوتوتر دەبون، ئەمە خۆ قسەیەكی خراپ نییە، با رەخنەش بێتە كۆمەڵگەی ئێمەوە. وتومە حیزبی دیموكرات لەگەڵ كۆماری ئیسلامی دانیشت هەڵەی كرد جارێكو دوانو سیان، ئیدی بۆ جاری چوارەم دەیكاتەوە؟
ئاوێنە: بەڵام پێشتر تۆ بۆچونت وابو د.قاسملو كۆماری ئیسلامی تیرۆری نەكردوە؟
عیرفان: من بۆچونی وام نەبوە، من وتومە سێ دیدگام ئاشکرا کردوە لەسەر تیرۆركردنی قاسملو، یەكەمیان دەڵێن كۆماری ئیسلامی كوشتویەتی، مام جەلال لەیاداشتەكانیدا بەڕاشكاوی وتویەتی. دوەم ئەوەیە لەناوخۆیاندا كوژراوە، كە كتێبەەكەی كریس كۆچێرا باسی دەكات. سێهەمیان یان كۆماری ئیسلامی كوشتویەتی یان لەناو خۆیاندا كوژراوە، یان وڵاتێكی دەرەكی كوشتویەتی، كە دوو كاربەدەستی ئێرانیو قەتەری دەڵێن وڵاتی دەرەكی كوشتویەتی. ئیتر با خەڵكی خۆی داوەری بكات كامیان راستە، بەڵام وەكو خۆم لەگەڵ قسەكەی مام جەلالم.
ئاوێنە: پەیوەندیت لەگەڵ حیزبە كوردییەكان چۆنە ئێستا؟
عیرفان: حیزبێكی كوردی نییە من نانم لەگەڵ نەخوارد بێتو دانیشتنم لەگەڵیان نەكرد بێت
ئاوێنە: پێشتر پەیوەندیت لەگەڵ یەكێتی زۆر توندوتۆڵ بو، ئێستاش هەر ئەو پەیوەندییەت ماوە؟
عیرفان: من پەیوەندیم لەگەڵ یەکێتیو لەگەڵ پارتیش هەبوە.
ئاوێنە: بەڵام تۆ زیاتر رەخنەت لەپارتی گرتووە؟
عیرفان: رەخنەم لەهەردوكیان هەبوە، ئەوەی لەمیدیا دەوترێ لەگەڵ ئەوەی لەدنیای واقیعدا هەیە تا ئەندازەیەك جیاوازە، ئەوەی میدیا دەیڵێت مەرج نییە هەموی راست بێت.
ئاوێنە: پەیوەندیت لەگەڵ سەركردەكانی ئێستای یەكێتی هەیە؟
عیرفان: دواهەمین جار كە لەكوردستان بوم لە2017دا بو، لەوساوە نەهاتومەتە کوردستان، دوا جاریش كە بافلم بینیبێت لەماڵی د.بەرهەم بینیومە لەسلێمانی.
ئاوێنە: گۆڕانكارییەكانی ناو یەكێتی چۆن دەبینیت؟
عیرفان: ئەو گۆڕانكاریانە لەمێژووی حیزبە كوردییەكاندا باو بوە، فڵانە حیزب پێی خۆش بوە بنەماڵەی خۆی دابنێ، زۆرتر بەرەو ئاڕاستەی بەبنەماڵەیی كردن رۆشتون، لەمێژوی كوردا زۆر ششتی وامان هەیە ئەمیش دەڕژێتە ئەو خانەیەوە.
ئاوێنە: ئێران رۆڵی هەیە لەم گۆڕانكاریانەدا؟ ئایا ئێران پێیخۆشە كە بافل بوە بەكەسی یەكەمی ناو یەكێتی؟
عیرفان: بەدڵنیایی ئێران پێیخۆشە ماڵی مام جەلال مەرجەع بێت، ماڵی بارزانی مەرجەع بێت، هەم توركیا پێیخۆشەو هەم ئێرانیش.
ئاوێنە: ئایندەی یەكێتی چۆن دەبینیت؟
عیرفان: یەکێتی لەسەر بنەمای کەسێک بنیاتنرابو کە مام جەلال بو، بەداخەوە سیاسەت لەكوردستاندا لەسەر ئەو بنەمایە بنیات نراوە، من وای نابینم داهاتویەكی رونی هەبێت یەكێتی، پێموایە زەحمەتە بەیەكگرتویی بمێنێتەوە.
ئاوێنە: ئایا بافلو قوباد دەتوانن سەركردایەتی یەكێتی بكەن لەقۆناغی داهاتودا؟
عیرفان: هەردوكیان لەئەوروپا ژیاون، بەڵام خوێندنێكی بەرزیان نەخوێندوە، نەبونەتە مەرجەعی حیزبی وەك مام جەلالی باوكیان كە پلە پلە سەركەوتو قۆناغەكانی خەباتو حیزبایەتی بڕی، ئەمان ئەو قۆناغانەیان تێنەپەڕاندوەو یەكسەر بونەتە كەسی یەكەم، ناوبانگێكیان هەیە هی باوكیانە، خۆیان زەحمەتیان بۆ ئەو ناوبانگە نەكێشاوە، بەڵام ئایا لەمێژوودا دەتوانن شایستەیی خۆیان بسەلمێنن؟ ئەوە دادگای مێژوو خەڵكی لەداهاتودا دادوەریی دەكەن كە سەركەوتو دەبن یان نا، هێشتا زوە.
ئاوێنە: مەسەلەی سەرۆك كۆماری مشتومڕی زۆر لەیسەر دەكرێ، بەبڕوای تۆ جارێكیتر د.بەرهەم دەبێتەوە بەسەرۆك كۆمار؟
عیرفان: لەدوای 2003ەوە سەرۆك كۆماری عێراق بەبێ رەزامەندی ئێرانو ئەمەریكا هەڵنەبژێردراوە، وەختێ هێرۆ خان هات بۆ ئێران داوەتی سەرۆكی پەرلەمانی ئێران بو، خۆ ئەمە رۆژنامەنوسەكانی ئێران نوسیویانەو قسەی من نییە، هێرۆخان بەلاریجانی وتبو با كوردێكی تر نەبێتەوە بەسەرۆك كۆمار، مام جەلال یەكەمینو دواهەمین كورد بێت دەبێت بەسەرۆك كۆمار، لاریجانی پێكەنیبو. وەختێكیش د.بەرهەم هات كەس بڕوای نەدەكرد ئەم ببێت بەسەرۆك كۆمار، ئەوەی د.بەرهەم جارێكیتر دەبێتەوە بەسەرۆك كۆمار لەسەر رای ئەمەریكاو ئێران وەستاوە كە ریال پۆلەتیكی خۆیان لەبەرچاو دەگرن، دیارە لەناوخۆشدا گەلەكۆمەیەكی سیاسی حزبەکان لەدژی د.بەرهەم هەیە. بێگومان ئێرانو ئەمەریكاش سەیری ئەوە دەكەن كێ بەرژەوەندی ئەوان دەپارێزێت.