بەریتانیا داوا لەفەڕەنسا دەكات پەناخوازەكان وەربگرێتەوە
  2021-11-26       1576       

ئا: كاوە ڕەش، بەریتانیا



سەرۆك وەزيرانی بەریتانیا، بۆریس جۆنسن، داوا لەحوكمەتی فەڕەنسا دەكات، سەرجەم ئەو پەناخوازانە وەربگرێتەوە كەبەچەناڵی ئینگلیزیداو بەبەلەمی چوپ دەپەڕنەوە ووڵاتەكەی.
سەرۆكوەزیرانی بەریتانیا، لەنامەیەكدا بۆ ئیمانیۆل ماكرۆن سەرۆكی فەڕەنسا، پێنج هەنگاوی  دیاری كردوە،  تابەپەلەو لەداهاتوودا كاری تێدا بكرێت بۆ دووبارە نەبوونەوەی مەرگەساتی ڕۆژی چوارشەممەی ژێرئاوكەوتنی بەلەمی كۆچبەران.


لەهەنگاوی یەكەمدا ڕێكەوتنێك بكرێت لەگەڕانەوەی ئەوانەی کەلەکەناڵەکە تێدەپەڕن، بەگوتەی بۆریس جۆنسن، ئەم هەنگاوە، کاریگەری ڕاستەوخۆ و بەرچاوی دەبێت لەوەستاندنی پەناخوازان لەپەڕینەوە.
سەرچاوەیەکی حکومییش دەڵێ، بەریتانیاو فەرەنسا، گفتوگۆی  ئەرێنیان کردووە لەسەر ئەو بابەتە.
مستەر جۆنسن، لەتویتێكدا بەكورتی پێنج هەنگاوەكەی داناون كەبریتن لە:
*پاسەوانی كردنی هاوبەش، بۆ ڕێگەگرتن لەجێهێشتنی بەلەمی كۆچبەران لەکەناراوەکانی فەڕەنسا.
*دانانی تەکنەلۆجیای پێشکەوتووتر، وەک ڕادارو ئامێری نیشاندانی هەستەوەرەكان.
*زیاد كردنی پاسەوانی دەریایی، بۆ دووهێندە، لەناو خاك و ئاوەكانی یەکتر و چاودێركردنی ئاسمانی.
*لەنزیكەوە کاری هاوبەشی دەزگا هەواڵگرییەكانی هەردوو وڵات.
*کاركردنی ڕاستەوخۆ لەسەر ڕێکەوتنی گەڕانەوەی دوولایەنە لەگەڵ فەڕەنسا، شانبەشانی ئەوەش، گفتوگۆكردن بۆ  بنیادنانی ڕێککەوتننامەیەكی هاوبەش، لەگەڵ یەكییەتی ئەوروپا لەسەر پرسی پەنابەران.
بڕیارە ڕۆژی یەك شەممە، وەزیری ناوخۆی بەریتانیا، سەردانی فەڕەنسا بكات و لەگەڵ لەگەڵ هاوتا فەڕەنسەكەی كۆبونەوە ئەنجام بدات.
لەگەڵ ئەوەش بەشێكی دیكە لەبەرپرسانی بەریتانیا، ڕۆژی پێنج شەممەی داهاتوو، سەردانی فەڕەنسا دەكەن، دەربارەی چۆنیەتی كاركردنی هاوبەشی باشتر، لەسەر پرسی كۆچی نایاسای.
خانمە پرێتی پاتیل،لەبەردەم ئەندامانی پارلەمان گوتی، کەلەم ساتەداهیچ چارەسەرێکی وەها خێراو بەپەلە نییە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە. بەڵام گوتی،كەئەو قسەی لەگەڵ هاوتا فەرەنسیەکەی کردووە، بۆ ئەوەی پێشنیاری دانانی  پاسەوانی زیاتربكرێت لەوبەندەرە،  تابەهاوبەشی چاودێری کەناڵەکە بكەن.
وەزیری ناوخۆ دەڵێ، ئەو بەلایەوە گرینگە كەپشت بەئاماژەو  ”بەفاکتەرە درێژ خایەنەکان" ببەستین بۆ ئەوەی  چەتەو تاوانبارەكان، بوەستێنین، کە مامەڵە بەگیانی خەڵکی كۆچبەرەوە دەکەن.
لەلایەكی دیكەوە، ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا، داوای کۆبوونەوەیەكی بەپەلەی وەزیرانی یەكییەتی ئەوروپا کردوە، بۆ گفتوگۆکردن لەسەر چۆنیەتی ڕاگرتنی پەڕینەوەی كۆچبەران.
سەرۆكی فەڕەنسا، خوازیاری كاری هاوبەشی زیاترە لەگەڵ بەریتانیا دەربارەی کۆچبەران.
هەرچەندە ئێستا ڕێكەوتنێكی  ٥٤ ملیۆن پاوەندی لەنێوان  فەڕەنساو بەریتانیا واژوو كراوە،  بۆ ئەوەی فەڕەنسا ڕێگری لەكۆچی نایاسای بكات، بەڵام هێشتا نەبۆتە هۆی كەمكردنەوەی لێشاوی پەناخوازان بۆ پەڕینەوە.
بەپێی دواین ئاماری وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا، تەنها ئەم ساڵ لەڕێی بەلەمەوە، ٢٧هەزار كۆچبەری نایاسایی  پەڕیونەتەوە ئەو ووڵاتە، كەم ئەم ژمارەیە،  سێ هێندەی ساڵی ڕابردووە.
هاوكات لەماوەی ٢٠ساڵی ڕابردوشدا ئەم ساڵ، بەرزترین ڕێژەی داواكاری مافی پەناخوازی پێشكەش كراوە لەبەریتانیا، كەژمارەكە گەیشتۆتە،٣٧ هەزارو پێنج سەدو شەست و دوو داخوازینامەی پەناخوازی.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×