ئا: كاوە ڕەش، بەریتانیا
بەپێی دواین زانیاری لەسەر بەلەمە ژێرئاوكەوتوەكەی فەرەنسا، دەسەڵاتدارانی فەرەنسا پشتڕاستیان كردۆتەوە كە زۆربەی قوربانیەكان كوردی عێڕاقو ئێرانن. لەنێو قوربانیەكانش ژنێكی دووگیانو سێ منداڵ هەیە.
لەڕوداوە دوو كەس لەڕەگەزی نێر ڕزگاریان بووە، كە پێكهاتوون لەهاووڵاتیەكی عێراقییو سۆماڵییەک، ئێستا لەنەخۆشخانەی کاڵاس لەژێر چاودێری پزیشكدان بۆ چارەسەر.
لێکۆڵینەوەکان لەسەر تاوانکاری ئەو ڕووداوەش لەلایەن داواکاری گشتی لەشاری (لیل) کراوەتەوە، ئێستا لێكوڵینەوەكان لەگەڵ چوار پیاو کە گومانیان لێدەكرێت ”بەشداری راستەوخۆیان" هەبێت لەهەوڵدانی پەڕینەوە كۆچبەرە خنكاوەكان کە لەڕۆژی چوارشەممە ڕوویداو بەرەبەیانی پێنج شەممە دەستگیرکرابوون.
نوسینگەی داواکاری گشتی لەشارۆچكەی (لیل) پشتڕاستی کردەوە کە 17 پیاوو حەوت ژن و سێ هەرزەکار - دوو کوڕو کچێک - لە کارەساتەکەدا، گیانیان لەدەستداوە. وتەبێژێك وتی "ئەم بەیانییە پشكنینی پزیشكی بۆ دوو ڕزگاربوەكە كراوە مەترسی لەسەر ژیانیان نەماوە".
وەزیری ناوخۆی فەرەنسا، گورالد دارمانین، بەڕادیۆی ئاڕ تی ئێڵ-ی ڕاگەیاندوە کە گومانلێکراوی پێنجەم بەئۆتۆمبێلێک كە هەڵگری ژمارەی ئەڵمانیایە، بەلەمەكەی هێناوە بۆ فەڕەنساو لێیخوڕیوە لەئەڵمانیا چوپە بەلەمەكەی كڕیوە. بەگوتەی وەزیر، لەسەرەتای ساڵەوە 1500 کەسی گومانلێکراوی قاچاخچی كردن بەكۆچبەرانەوە، لەفەڕەنسا دەستگیرکراون.
دارمانین، وتیشی "بەرپرسیاریەتی سەرەکی ئەم دۆخە دەکەوێتە ئەستۆی قاچاخچییەکان" كەبەشێوەكی ڕێکخراویی و مافیایی لەبەلجیکاو هۆڵەنداو ئەڵمانیا و بەریتانیا" كارەكانیان ڕێكدەخەن، فەرەنساو بەریتانیا، بەتەنیا بەیەكەوە ناتوانن بەتەواوی ڕێ لەو كارە بگرن، بەڵكو دەبێ هەموو پێکەوە لەوڵاتانی ئەورپاوە کار بکەین، ئێمە چیتر ناتوانین تاکە دەوڵەت بین، کە شەڕی ئەو قاچاخچیانە بکەین".
میدیاکانی فەرەنسا دەڵێن، بەلەمەكە، بەلایەنی کەمەوە 29 کەسی تێدا بووە، پێدەچێ لەناوچەیەكی نزیك (لۆون پلاگەوە) كە لەنزیک شارۆچكەی دانكیغە بەڕێ کەوتبێت و بەئەگەری زۆرەوە لەناو دۆڵی نزیک (گراندی سینث) بووە، کە شوێنی چەندین کامپی کۆچبەران بوو، لەوێ چادریان هەڵدابوو. كە نزیکەی ١٥٠٠ کەسی لێمابۆوە، بەڵام هەفتەی ڕابردوو لەلایەن پۆلیسەوە ئەوشوێنە هەڵوەشایەوە.
دەربارەی كاتی بەڕێكەوتنی بەلەمەكە، میدیاكان دەڵێن "ڕووناكی بەرەبەیانی بووەو بای نەهاتوەو دەریا لەو کاتەدا ئارام بووە". بەپێی چەندین راپۆرتی پشتڕاست نەکراو، لەچەندین میدیادا بەڕۆژنامەی لاڤۆیکس، دو نۆردەوە دەڵێن، کە بەلەمەکە یان بەکەشتییەکی گەورە لێدراوە، لە ”یەکێک لەقەرەباڵغترین ڕێگاکانی گواستنەوەی جیهان، یان لەژێر کێشی زۆر قورسدا ژێرئاو كەوتوە".
ڕۆژنامەی تێلگراف گراف دەپرسێ: بۆ كۆچبەران دەیانەوێ ژیانیان لەو بەندەرە ئاوییە بخەنە مەترسییەوە لەكاتێكدا چەندین وڵاتی دیكەی سەلامەتی ئەوروپا بەجێدێڵن؟
بەبۆچونی ئەوان كۆچبەرانی ئەفغانستان و عێڕاق و سوریا بەهۆی ئەوەی پێشتر بەریتانیا، كاریگەری لەسەر وڵاتەكانیان. هەبووە ڕەنگە هۆكارێك بێت بۆ ئەوەی ئەوان ڕووبكەنە بەریتانیا.
هۆكارێكی دیكەش بەشێك لەكۆچبەران زمانی ئینگلیزی بەكاردێنن و دەتوانن قسەی پێ بكەن. یاخود بەشێك لەكۆچبەران كەسوكارو هاوڕێیان هەیە لەبەریتانیا.
هەرچەندە مافەكانی كۆچبەر لەوڵاتێكی وەك فەڕەنسا باشترە وەك ڕۆژنامەكە دەڵێ، لەبەریتانیا كۆچبەرێك لەكاتی داواكاری مافی پەنابەریەتی بڕی ٣٩ پاوەندی هەفتانە وەردەگرێ تا كاتی یەكلای كردنەوەی كەیسەكەی كە ڕەنگە ئەو پرۆسەیەش ماوەیەكی زۆر بخایەنێت، بەڵام لەفەڕەنسا كۆچبەر هەفتانە بڕی ٤٣.٥ وەردەگرێت و دوای شەش مانگ، دەتوانێت مافی كاركردن بەدەستبخات ڕاستەوخۆ، بەڵام لەبەرامبەردا لەبەریتانیا، مافی كاركردنت نیە، تا ئەو كاتەی مافی مانەوە وەردەگریت. وەك تێلگراف دەڵێ "ئیشكردن لەبازاڕی ڕەش بەنایاسایی لەبەریتانیا لەوڵاتانی دیكەی ئەوروپا، مەجالی زیاترە".
بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی تێلگراف، بەریتانیا تەنها لەسەدا سێی كۆچبەران ڕووی تێدەكەن ساڵانە، لەكاتێكدا فەڕەنسا ساڵانە پێنج هێندەی بەریتانیا، داواكاری مافی پەنابەری لێدەخوازرێ.