2021-10-30   4224     
دانا حەمە عەزیز
لە ڕوی جوگرافیییەوە، وڵاتێکی داخراوە. هیچ سنوریکی بە دەریاوە نیە، کەوتۆتە نێوان ڕوسیا لە خۆرهەڵاتەوە، لاتڤیا و لیتوانیا لە باکورەوە، پۆڵۆنیا لە خۆرئاوا و ئۆکرانیا لە باشورەوە.
بێلاڕوس، بەزمانی ڕوسی واتە ڕوسیای سپی، بەپێی سەرچاوە جیاوازەکان، (خان)ەکانی مەغۆل وەك شوێنێك کە نەیانتوانیوە دەسەڵاتی ڕەشیان بیگاتێ، ئەم ناوەیان لێناوە، یان ڕوسەکان وەك هەرشوێنێکی تری ڕوسیا ناوەکەیان بەسەردا سەپاندوە. بێلاڕوسی یەکێکە لە زمانە سەربەخۆکانی گروپی زمانەکانی سلاڤ، بەڵام روسیای قەیسەری و یەکێتی سۆڤێت لە بێلا ڕوسیا وەجاخیان ڕونە و لە سەدا هەشتای دانیشتوان بەڕوسی قسە ئەکەن، لەکاتێکدا ڕێژەی ڕوس لەم وڵاتەدا کەمترە لە لە سەدا هەشتی دانیشتوان.
بێلاڕوسیا ڕوبەرێکی جوگرافی تەخت و فراوانی هەیە کە نزیکەی نیوەی ڕوبەری عێراق یان زیاتر لە دە ئەوەندەی پارێزگای سلێمانییە. دانیشتوانەکەی نزیکەی نۆ ملیۆن و نیوە. کشتوکاڵ کۆڵەکەی ئابوری وڵاتە، هەربۆیە بە تراکتۆر و پەتاتە بەناوبانگە.
بێلاڕوس، لە وڵاتە هەژارەکانی ئەوروپایە، ڕێژەیەکی بەرچاوی دانیشتوان لەژێر هێڵی هەژارییهوەن. خەڵکەکەی بەگشتی مڕومۆچ و کەم متمانەن بەخۆیان، وەك خۆیان ئەڵێن ئەگەڕێتەوە بۆ گۆشەگیریی وڵاتەکەیان کە ڕەگوڕیشەی ئابوری، جوگرافیی، سیاسی و کەلتوریی هەیە. بیلەڕوسەکان، نائومێدن لەژیان بۆیە ژمارەی زاوزێ یان دانیشتوان، بەردەوام لە داکشاندایە. لە ٥٤% دانیشتوان مێ و لە ٤٦% نێرن، واتە بۆ هەر ١٠٠ ژنیك تەنها ٨٧ پیاو هەیە.
بێلاڕوس، بەدرێژایی میژوو، ژێردەستەی لیتوانی و پۆڵۆنی وڕوسەکان بوە. تەنها بەهۆی لێکەوتەکانی جەنگی جیهانی دوەمەوە، هەلی سەربەخۆییان بۆ ڕەخسا، بەڵام هەرزوو لەسەرەتای سیەکانی سەدەی ڕابردودا، بون بە کۆمارێکی سەر بە یەکێتی سۆڤێت ی جاران.
بێلاڕوس، لە ئابی ١٩٩١ دا لە یەکێتی سۆڤێت جیابۆوە و، لە ساڵی ١٩٩٤ سیستەمی سەرۆکایەتی پەسندکرد، لەوکاتەوە ئەلکسەندەر لۆکاشینکۆ لەڕێگەی هەڵبژاردنی گوماناوییەوە سەرۆکی وڵاتە.
بێلاروس، لە ڕوی سیاسییەوە تەواو گۆشەگیرە، پاش ڕوسیا دوا وڵاتی دیکتاتۆریی ئەوروپایە.
لۆکاشینکۆ بە پیاوی تەزویرکردنی هەڵبژاردن ناسراوە. پارساڵ بە جۆرێك هەڵبژاردنی تەزویرکرد، ڕوی سیستەمی حکومڕانی خێڵەکیی کوردی سپی کردەوە. ئەم کابرایە، یاسا بەکار ئەهێنێ بۆ زیندانیکردن و سزادانی هەمو ئەوانەی ڕەخنە لە ڕژێمەکەی ئەگرن، بە ڕۆژنامەنوس و چالاکوان و لیبراڵ سیاسی یەوە.
جگە لە ڕوسیای پوتین، حکومەتی تاکڕەوی بیلاڕوس هیچ دۆستێکی ئەوروپایی نیە، بەهۆی ڕەفتارەکانی لۆکاشینکۆوە، یەکێتی ئەوروپا بیلاڕوسیای ئابڵوقداوە. لەبەرامبەردا بێلاڕوس، ڤیزە ئەبەخشێ بە پەنابەرانی عێراقی و ئەفغانی و ئەفریقایی، پاشان وەك کاردانەوە و گوشار، ڕێگەی بۆ کردونەتەوە بەرە و یەکێتی ئەوەوپا بڕۆن لە ڕێگەی پۆڵۆنیا و لیتوانیا و لاتڤیا وە. ئێستا هەزاران پەنابەر لەو سنورانە گیریان خواردوە، ڕوبەڕوی سەرما و برسێتی و مامەڵەی خراپی سوپا و پۆلیسی ئەم بەرەوبەر بونەتەوە، لە باشترین حاڵەتدا ئەگەر بەخت یاوەریان بێت، خۆیان لەکەمپ و زیندانەکانی پۆڵۆنیا و لیتوانیادا ئەبیننەوە.
*دووجار سەردانی (بێلاروس) م کردوە، مانگی هەشت ی ئەمساڵیش لەسەردانێکم دا بۆ چیرنیهۆڤ و ویستگەی ئەتۆمی چیرنۆبڵ ی کۆست کەوتو، کە نزیک سنورەکانی ئەم وڵاتە ن، ویستم ئەمجارەیان بە ئۆتۆمبێل بڕۆم، بەڵام پۆلیسی ئۆکرانی هەرزوو ئاگاداریانکردمەوە کە تاکە ڕێگە بۆ گەشتکردن بۆ بێلاڕوس، ڕێگەی ئاسمانیی یە و ئەبێ تەنها لە مینسك ی پایتەختیش دابەزیت!