2021-09-29   2344     
ئا: ئاوێنە
هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەریی کەجەکە ڕایگەیاند:" بە گەورەکردنەوەی ئاڵۆزییەکان و زیادکردنی کێشەکان دەیانەوێت یەنەکە پارچە بکەن تا لە هەڵبژرادنەکاندا ئەنجامێکی باش دەستنەخات، بۆیە دەبێت هەمووان ئاگاداربن و بە هەموو جیاوازییەکانەوە، بۆ تێکبردنی پلانەکان، پشتیوانیی لە یەنەکە بکەن".
جەمیل بایک هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەریی کۆماجڤاکێن کوردستان (کەجەکە) لە چاوپێكەوتنێكیدا لە كەناڵی ستێرک تیڤی ڕایگەیاند:" بە گەورەکردنەوەی ئاڵۆزییەکان و زیادکردنی کێشەکان دەیانەوێت یەنەکە پارچە بکەن تا لە هەڵبژرادنەکاندا ئەنجامێکی باش دەستنەخات، دەڵێت: ئامانجی ئەمکارانەش ئەوەیە، بە لاوازکردنی یەنەکە پلانەکانیان لەو ناوچانە جێبەجێی بکەن، بۆیەش دەبێت هەمووان ئاگاداربن و بە هەموو جیاوازییەکانەوە، بۆ تێکبردنی پلانەکان، پشتیوانیی لە یەنەکە بکەن".
هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەریی کۆماجڤاکێن کوردستان (کەجەکە) سەبارەت بە هێرشەکانی شەش مانگی ڕابردووی سوپای تورکیا و بەکارهێنانی چەکی کیمیایی، ئاماژەی بەوەکرد :" دەوڵەتی تورک پێش ئەو هێرشانە، هەڕەشەی ئەوەی کردووە تا لە ماوەی ١٥ ڕۆژدا هێزی گەریلا تێکبشکێنێت و هەموو هەرێمەکانی گەریلا داگیر بکات بەڵام ئێستا تەنیا چەند گردێکی بەدەست خستووە کە ناشتوانێت لەو گردانەدا بجوڵێتەوە، ئامانجی دەوڵەتی تورک داگیرکردنی تەنیا زاپ، مەتینا و ئاڤاشین نەبوو، ویستی هەموو گۆڕەپانی گەریلا بگرێت و هێزی گەریلا لەناو ببات، دەیویست هەموو کوردستان داگیر بکات و پاشان بەسەر هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا زاڵبێت، بەڵام ئەو ستراتیژیە بە بەرخۆدانی گیانفیداییانەی گەریلا پوچەڵ کرایەوە".
جەمیل بایک وتیشی: "دەوڵەتی تورک پاش تێکچوونی سوپاکەی لەبەرامبەر بەرخۆدانی هێزی گەریلادا، پەدەکەی خستە گەڕ، بەڵام ئەو سیاسەتەش سەرنەکەوت و دواجار پەنای بۆ هێرشی کیمیاوی هێناوە، تەنیا لە ماوەی یەک مانگدا ١٥٧ جار چەکی کیمیایی بەکارهێناوە، ئاکەپە و پەدەکە چی لە دەستیان دێت با بکەن، ئەم تێکۆشانە هەر سەردەکەوێت".
هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەریی کەجەکە لە درێژەی قسەکانیدا وتی: "پەدەکە ڕێگای گەریلا دادەخات، گەمارۆ خستووتە سەر هێزی گەریلا و لە بەردەم ڕێگای هاتوچوونیاندا بۆسە دادەنێت، ئەمە خواستی دەوڵەتی تورکە کە پەدەکە جێبەجێی دەکات، سەرەڕای ئەوەی کە گەلەکەمان داوا لە پەدەکە دەکەن، ئامانجی ئەو بۆسانە ئاشکرا بکات و چارەنووسی ئەو گەریلایانەی کە کەوتوونەتە بۆسەکەوە ڕوون بکاتەوە، بەڵام پەدەکە هیچ ڕاگەیەندراوێک بڵاو ناکاتەوە، هیچ بایەخێک بە ڕای گشتیی کورد نادات و تەنیا دەیەوێت دەوڵەتی تورک ڕازیی بکات".
جەمیل بایک سەبارەت بە هەڵوێستی ناتۆ و ئەمریکا لەبەرامبەر بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە ڕایگەیاند کە بێدەنگی ئەو لایەنانە لە بەرامبەر بەکارهێنانی چەکی کیمیاوی، بەواتای هەڵکردنی گڵۆپی سەوز بۆ دەوڵەتی تورکە و پێویستە گەلەکەمان لێپرسینەوە لەم هەڵوێستە بکەن.
جەمیل بایک لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا تیشکی خستە سەر تیرۆرە سیاسییەکانی ڕۆژانی ڕابردووی باشووری کوردستان و بەتایبەت سەبارەت بە تیرۆرکردنی شوکری سەرحەد وتی: بە درێژایی مێژوو، هەرکاتێک پارت و ڕێکخستنە سیاسییەکانی کورد تووشی ناکۆکی بوون، دوژمنان هەوڵیانداوە ناکۆکییەکە گەورەتر بکەنەوە و ئێستا کە هەندێک کێشەی ناوخۆیی لە ناو یەنەکەدا دروست بووە؛ دوژمن دەیەوێت ئەو کێشانە گەورەتر بکاتەوە تا یەنەکە لاواز بکات و بە ئامانجەکانی بگات، هەم ئەندامانی یەنەکە و هەم گەلەکەمان بەتایبەت خەڵکی سلێمانی پێویستە ئاگاداری ئەو یارییە بن و ڕێگەی پێنەدەن.
جەمیل بایک هەر سەبارەت بەو تیرۆرانینەوە وتی: دوژمنان بەتایبەت لە سەروبەندی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا کۆمەڵکوژییە سیاسییەکانیان زیاد کردووەتەوە، ئەم هەڵبژاردنە هەڵبژاردنێکی ئاسایی نییە، لەم بارودۆخەدا دوژمن دەیەوێت بە زیادکردنی هێرشەکانی، بە قووڵکردنەوەی ئاڵۆزی و گەورەکردنەوەی کێشەکانی ناو یەنەکە، خەڵک لە یەکتر دوور بخاتەوە و بەمشێوەیە یەنەکە ئەنجامێکی بەهێز لەو هەڵبژاردنە وەرنەگرێت تا لە ناوچەکانی یەنەکەدا هەندێک پیلانی خۆی جێبەجێ بکات، ئەمە ئاشکرایە و یەنەکە و خەڵکی سلێمانیش پێدەچێت ئاگاداری بن، لایەنگرانی یەنەکە و دەرەوەی یەنەکە سەرەڕای هەموو جیاوازییەکی بیرکردنەوەییان پێویستە هەوڵبدەن یەنەکە لەم هەڵبژاردنەدا سەربکەوێت و دەستکەوتێکی بەهێزی هەبێت.
سەبارەت بە تیرۆركۆدنی شوکری سەرحەد جەمیل بایک وتیشی:" تیرۆری شوکری سەرحەد تەنیا تیرۆری ئەندامێکی پەکەکە نییە، ئەو هێرشە لە کەسایەتیی ئەندامێکی پەکەکەدا هەموو گەلی کوردی کردووەتە ئامانج، ئەو کۆمەڵکوژییە بۆ تێکشکاندنی ئیرادەی گەلی کورد ئەنجامدراوە، دەوڵەتی تورک دوژمنی هەموو گەلی کوردە، دەوڵەتی تورک دەیەوێت هەموو کەسێک بترسێنێت و چۆکدا بدات، دەوڵەتی تورک ئامادەکاری ئەوە دەکات تا لە دەرفەتی گونجاودا هەموو کوردستان داگیر بکات، بەم ئامانجەش کار لەگەڵ تورکمانەکان دەکات، دەیەوێت لە باشوور ئاڵۆزی دروست بکات و بە بیانوی پاراستنی تورکمانەکان ناوچەکە داگیر بکات، پێویستە خەڵکمان ئاگاداری ئەو پیلانە بن و کاردانەوە نیشان بدەن، ئەگەر ئەمڕۆ کاردانەوەیان نەبێت ڕەنگە داهاتوو درەنگ بێت".