كورد لە كەركوك: بازنەی یەك بۆ خۆم، لە بازنەی دوش ئەخۆم
  2021-09-24       2947       
كەركوك/ دەنگدەرێكی كورد لەكاتی دەنگداندا لە هەڵبژاردنی پێشوتری پەرلەمانی عێراق. فۆتۆ: ئاژانسی میترۆگرافی

ئا: ئاوێنە، كەركوك ناو

كورد بە ئەگەرێكی زۆرەوە هەر پێنج كورسییەكەی بازنەی یەكی پارێزگای كەركوك بۆ خۆی دەبات ئەگەر بەشێوەیەكی باش مامەڵە لەگەڵ دابەشكردنی دەنگەكانیدا بكات بەسەر كاندیدەكاندا، بەڵام بەپێچەوانەی هەڵبژاردنی رابردو ئەگەرێكی بەهێزە پارتی دیموكراتی كوردستان یان نەوەی نوێ، كورسی پەرلەمانی لەژێر چنگی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان دەربهێنن.

لە بازنەی یەك كە نزیكەی 450 هەزار دەنگدەری تیایەو پشكی شێریان كوردن، نۆ كاندیدی حزب و هاوپەیمانێتی كوردی لەگەڵ زیاتر لە 10 كاندیدی سەربەخۆی كورد كێبڕكێ دەكەن بۆ پێنج كورسی، لەگەڵ دەیان حزب و كاندیدی عەرەبی و توركمانی.

ئەوەش لەكاتێكدایە لە بازنەی دوی كەركوك كە بە ئاڵۆزترین بازنەی پارێزگاكە دادەنرێت كورد چاوی لەوەیە كورسییەك یان لە باشترین حاڵەتدا دو كورسی بۆ خۆی یەكلاییبكاتەوە لە كۆی چوار كورسی لەو بازنەیە. بۆ ئەوەش پێنج كاندیدی حزب و هاوپەیمانێتی كوردی و چەند كاندیدێكی سەربەخۆی كورد لە كێبڕكێدان، هاوشانی دەیان كاندیدی نەتەوەكانی تر.

پارێزگای كەركوك، بۆ هەڵبژاردنی تشرینی یەكەمی 2021، بەسەر سێ بازنەی هەڵبژاردندا دابەشكراوەو 130 كاندید 56یان سەربەخۆن، كێبڕكێی بەدەستهێنانی 12 كورسی دەكەن.
پێنج لەو 12 كورسییە بۆ بازنەی یەك تەرخانكراون كە ناوچە كوردنشینەكان دەگرێتەوە، چوار كورسی بۆ بازنەی دو كە قەزای داقوق و بەشێك لە ناوەندی شار دەگرێتەوەو دەنگدەرەكانی تێكەڵەیەكن لە هەرسێ نەتەوە سەرەكییەكەی كەركوك (عەرەب، كوردو توركمان).

هەرچی بازنەی سێیە، سێ كورسی هەیەو بۆ پێكهاتەی عەرەب یەكلاییبۆتەوە كە قەزای حەویجەو ناحییەكانی رەشاد، مولتەقا، زاب، عەباسی و ریاز دەگرێتەوەو لایەنی كوردی تەنیا نەوەی نوێ كاندیدی لەو بازنەیەدا هەیە.

شاخەوان عەبدوڵا، کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بازنەی یەك، پێیوایە ئەم سیستمی هەڵبژاردنە لە كەركوك لە بەرژەوەندی كورد نییە، وتی "دەنگەكانمان وەكو كورد پەرتبوە بەسەر سێ بازنەكەدا، بازنەكان تێكەڵەیەكن لە دەنگدەری نەتەوەكان و بونی سێ بازنەیی وایكردوە لە هەندێك ناوچە وەكو كورد سود لە دەنگەكانمان نەبینین."

كورد لە هەڵبژاردنی 2018دا ژمارەی كورسییەكانی لە هەشت كورسییەوە بۆ شەش كورسی دابەزاندو ترسی هەیە لە سیستمی نوێی هەڵبژاردندا كە عیراق بەسەر 83 بازنەی هەڵبژاردندا دابەشكراوە، جارێكی تر كورسیییەكانی لە كەركوك كەمبكات.

بەڵام لەگەڵئەوەشدا شاخەوان عەبدوڵا وتی "كەوتۆتە سەر ئەوەی هەر حزبەو چۆن مامەڵە لەگەڵ كاندیدو دەنگەكانیدا دەكات."

پارتی لە بازنەی یەك تەنیا یەك كاندیدی هەیە، ئەوەش كاریگەری نابێت بەسەر پەرتكردنی دەنگەكانی خۆی وەكو حزب، بۆیە چاوی لە كورسییەكی ئەو بازنەیەیەو دەیەوێت كورسییەكی بازنەی دوش لەڕێی سیستمی كۆتای ژنانەوە بۆ خۆی مسۆگەر بكات، بۆ ئەوەش تەنیا یەك كاندیدی هەیە.

"ئێمە وەک پارتی بەوردی و ژیرانە بەشداریمان کردوەو مامەڵەمان لەگەڵ دەنگەكانماندا كردوە، دەمانەوێت دو كورسی ببەین، یەكێك لە بازنەی یەك و ئەوەی تر لە بازنەی دو"، شاخەوان وایوت.

هاوپەیمانی كوردستان كە لە هەریەكە لە یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان پێكهاتوە، چاوی لەوەبو هەر پێنج كورسییەكەی بازنەی یەك و كورسییەك یان دو كورسی بازنەی دوەمیش ببات، بەڵام كێشەی ناوخۆی یەكێتی و زۆری كاندیدەكانی وایكردوە ترسی لەدەستدانی شەش كورسییەكەی هەڵبژاردنی رابردوی هەبێت.

لە بازنەی یەك لە پێنج كورسی پەرلەمانیدا، دەنگەكانی هاوپەیمانی كوردستانی بۆ شەش كاندید دەڕوات، ئەوەش دوای سوربونی ئاڵا تاڵەبانی كاندیدی هاوپەیمانی كوردستان لە بەشداریكردنی لەو هەڵبژاردنەدا، هەرچەندە لەلایەن حزبەكەیەوە دورخراوەتەوەو لەبری ئەو، یەكێتی پشتیوانی دیلان غەفور پەرلەمانتاری یەكێتی و كاندیدی سەربەخۆ دەكات لەو بازنەیە.

"ئەو پەرتبونەی دەنگەكانی یەكێتی و گۆڕان لەچوارچێوەی هاوپەیمانی كوردستاندا لە بەرژەوەندی كاندیدەكانی پارتی دیموكرات و نەوەی نوێدایە، چونكە ئەوان یەك كاندیدیان هەیەو ئەگەری زۆرە لە رێزبەندی پێنج كاندیدی بازنەكەدا هەر پێنجی لە هاوپەیمانی نەبن، لەوكاتەدا هەمو كورسییەكان بۆ هاوپەیمانی نابن"، لێپرسراوێكی یەكێتی لە دەزگای هەڵبژاردنی ئەو حزبە وای بە (كەركوك ناو) وت.

بەپێی سیستمی نوێی هەڵبژاردن كورسییەكان بەپێی زۆرترین دەنگی كاندید لەو بازنەیە دابەشدەبن.

ئەو لێپرسراوەی یەكێتی، وتی "كێشەی ناوخۆیی یەكێتی وایكردوە لە بازنەیەكی پێنج كورسیدا دەنگەكانمان بەسەر شەش كاندیددا دابەشببن... لەخراپترین حاڵەتدا وەكو هاوپەیمانی كوردستان دو كورسی لەو بازنەیە لەدەستدەدەین و لە باشترین حاڵەتیشدا هەر پێنج كورسییەكە دەبەین."

بەڵام ئەو جەختیكردەوە لەوەی "هەر چۆنێك بێت هەمو كورسییەكانی بۆ بازنەیە كورد دەبن، لە بازنەی دوش چاومان لەوەیە كورسییەك یان دوان ببەین وەكو كورد."

لە بازنەی دوی كەركوك كە چوار كورسی بۆ دانراوە، 56 كاندید هەن، كورد پێنج كاندیدی حزب و هاوپەیمانێتییەكانی لەو بازنەیەدا هەیە لەگەڵ چەند كاندیدێكی سەربەخۆ.

مەحمود هاوتا، گەنجێکی دانیشتوی گەڕەكی رەحیماوایە لە كەركوك، وتی "بۆیە دەچم دەنگدەدەم تا بوار بۆ ساختەكاری هەندێك لایەن نەهێڵمەوە، بەڵام پێموانییە کورد لە شارەکە وەک رابردو دەنگبهێنێت، دەمی هەركەسیك دەكەیتەوە دەڵێت دەنگدان سودی چییەو چی لە ژیانی ئێمە دەگۆڕێت."

ئەو وتی، ئەگەر وابێت كورد كورسییەكانی لە كەركوك كەمدەكات.

بەڵام عەلی محەمەد، لە گەڕەكی شۆڕیجە دادەنیشێت، یەكەم هەڵبژاردنە لە دوای ساڵی 2005ەوە بڕیاریداوە بەشداری هەڵبژاردن نەكات. ئەو وتی"لایەنە کوردییەکان هەمو هەڵبژاردنێك ئەوەیان بە گوێی دەنگداراندا داوە کە دەنگیان پێبدەن خزمەتی شارەکە دەکەن، بەڵام هیچ خزمەتێکی ئەوتۆ بە شارەکە نەکراوە."

یەكێك لە گەورەترین گرفتەكانی كەركوك لە ئێستادا كەڵەكەبونی خۆڵ و خاشاكە، كەمی خزمەتگوزاری رێگاوبان و بڕی پێدانی كارەبایە.

شاره‌وانی كه‌ركوك، لە توانایدایە رۆژانە 300 تەن لە خاشاكی ناو شار هەڵبگرێتەوە، لەكاتێكدا هاوڵاتیان رۆژانە نزیكەی هه‌زارو 200 تەن خاشاك فڕێدەدەن.

عەلی وتی "دەنگدان سودی چی بو بۆ خزمەتگوزاری، بۆ پاراستنی ئاسایشی هاوڵاتیان و زامنكردنی مافە نەتەوەییەكانمان."

بەڵام چنار چالاك (20 ساڵ)، خوێندكاری زانكۆی كەركوك، وتی "مافێكی یاسایی هەر هاوڵاتییەكە بەشداری هەڵبژاردن بكات... بایكۆت خزمەت بە كەس ناكات، دەنگدان دەبێتە فشار لەسەر ئەو هێزانەی ساڵانێكە هێزی یەكەمن و خزمەت ناكەن تا بەخۆیاندا بچنەوە."

لەگەڵ ئەو نیگەرانیانەشدا لەسەدا 87 دەنگدەرانی كەركوك كارتی دەنگدانیان وەرگرتۆتەوە، ئەوەش لە زۆر پارێزگای عێراق باشترە.

لە پارێزگای كەركوك ملیۆنێك و زیاتر لە 75 هەزار دەنگدەر هەیە.

هەرسێ نەتەوە سەرەكییەكەی شارەكە نەیانتوانیوە لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتییەكی نەتەوەییدا بەشداری ئەم هەڵبژاردنە بكەن و لەناو خۆیاندا گرفتیان هەیە، ئەوەش وایكردوە پێشبینی بۆ دابەشكردنی كورسییەكان بەسەر لایەن و كاندیدەكاندا قورس بێت.

محەمەد نەسرەدین، کاندیدی هاوپەیمانی كوردستان لە بازنەی یەك، وتی"دروستکردنی هاوپەیمانی لەنێوان بزوتنەوەی گۆڕان و یەکێتی بۆ دروستکردنی یەکڕیزی لایەنی کوردی بو لە کەرکوک. ئێمە دەمانەوێت لە كەركوك پێگەو سەنگی هەڵبژاردنەکانی پێشوتر لە دەستنەدەین."

ئەو پێشبینی كرد، كورد هەر پێنج كورسیییەكەی بازنەی یەك و لانیكەم دو كورسی بازنەی دو ببات.

"بەدەستهێنانی کورسی زیاتر مانەوەو پێگەی کورد لە شارەکە مسۆگەر تر دەکات"، محەمەد نەسرەدین وای وت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×