جەبار ئەحمەد – مامۆستای زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی سلێمانی
جیاواز لە هەڵبژاردنەکانی ڕابردووی عێراق، هەڵبژاردنی ئەمجارە کراوەتە کۆمەڵێک بازنەی بچوک لەسەر بنەمای کورسی کۆتای ئافرەتان، بەڵام جاری پێشوو هەر پارێزگایەک بازنەیەکی هەڵبژاردن بوو.
پارێزگای سلێمانی کە جاری پێشوو یەک بازنەی هەڵبژاردن بوو، ئەمجارە کراوە بە پێنج بازنەوە (سێ بازنە هەریەکەیان چوار کورسی و دوو بازنەش هەریەکەیان سێ کورسی پەرلەمانی پڕ دەکەنەوە).
بەگشتی لە پارێزگای سلێمانی هەژدە (١٨) کەس چانسی دەرچونیان هەیە بۆ ئەنجومەنی نوێنەران، بۆ ئەمەش شەست و پێنج (٦٥) کەس کێبڕکێ دەکەن.
لە پێنج بازنەکەی پارێزگای سلێمانی کاندیدان بەمجۆرە کێبڕکێ دەکەن: لەبازنەی یەک باکوری سلێمانی چواردەکەس کێبرکێ دەکەن بۆ چوار کورسی – سێ پیاو و یەک ژن، لەبازنەی دوو باشوری سلێمانی شانزە کاندید کێبرکێ دەکەن بۆ سێ کورسی – دوو پیاو و یەک ژن، لە بازنەی سێ (هەڵەبجە، سەیدسادق، شارەزور، پێنجوێن) هەشت کاندید کێبرکێ دەکەن بۆ سێ کورسی، دوو پیاو و یەک ژن، لەبازنەی چوار(ڕانیە، قەڵادزێ، دوکان) یانزە کاندید کێبرکێ دەکەن بۆ چوار کورسی – سێ پیاو و یەک ژن، لەبازنەی پێنج(ناوچەی گەرمیان- کەلار، چەمچەماڵ، کفری) شانزە کاندید کێبرکێ دەکەن بۆ چوار کورسی – سێ پیاو و یەک ژن.
واتا پێویستە پێنج ژن دەربچن (هەر بازنەیەک و یەک ژن دەربچێت) بۆ ئەمەش بیست و سێ ژن کێبرکێ دەکەن بەمجۆرە: بازنەی یەک - چوار ژن، بازنەی دوو - هەشت ژن، بازنەی سێ - سێ ژن، بازنەی چوار – سێ ژن، بازنەی یەک – پێنج ژن.
هەروەها پێویستە سێزدە پیاو دەربچن، بۆئەمەش چل و دوو پیاو کێبرکێ دەکەن، بەمجۆرە: بازنەی یەک - دە پیاو، بازنەی دوو - هەشت پیاو، بازنەی سێ - پێنج پیاو، بازنەی چوار – هەشت پیاو، بازنەی پێنج - یانزە پیاو.
زۆرترین ژمارەی کاندیدان بریتین لە کاندیدە سەربەخۆکان کە ژمارەیان حەڤدە کاندیدە، چوار ژن و سێزدە پیاو، پێنج کاندید لە بازنەی یەک(چوار پیاو و یەک ژن)، حەوت کاندید لەبازنەی دوو(پێنج پیاو و دوو ژن)، یەک کاندیدی پیاو لەبازنەی سێ، دوو کاندیدی پیاو لەبازنەی چوار، لەبازنەی پێنج - یەک کاندیدی پیاو و یەک کاندیدی ژن.
دووەم گەورە هێز لەڕووی زۆری ژمارەی کاندیدەوە بریتییە لە هاوپەیمانی ینک و گۆڕان کە پانزە کاندیدن، دە پیاو و پێنج ژن، یەکێتی یانزە کاندیدی لەو هاوپەیمانییە لە پارێزگای سلێمانی هەیە کە کۆی کاندیدەکانی ئەو حیزبەیە لەهەر پێنج بازنەکەی پارێزگای سلێمانی(حەوت پیاو و چوار ژن)، هەروەها گۆڕانیش چوار کاندیدی (سێ پیاو و یەک ژن، بەمجۆرە: بازنەی١- یەک پیاو، بازنەی٢ – یەک ژن، بازنەی سێ کاندیدی نییە، بازنەی٤ - یەک پیاو، بازنەی ٥ – یەک پیاو).
کاندیدانی تر بەمجۆرە دابەشبوون: نەوەی نوێ پێنج کاندید، هەرکاندیدە و بۆ بازنەیە بەمجۆرە: بازنەی ١ – یەک پیاو، بازنەی٢ – یەک ژن، بازنەی٣ – یەک پیاو، بازنەی٤ – یەک ژن، بازنەی٥ – یەک پیاو.
حیزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان هەشت کاندید، شەش پیاو و دوو ژن، بەمجۆرە: بازنەی١ – دووپیاو، بازنەی٢ – یەک پیاو و یەک ژن، بازنەی٣ – یەک پیاو، بازنەی٤ – یەک پیاو، بازنەی٥ – یەک پیاو و یەک ژن.
قادیمون چوار کاندید دوو پیاو و دوو ژن، پدک شەش کاندید پێنج ژن و یەک پیاو کە بۆهەر بازنەیەک یەک ژنی کاندید کردووە، هەروەها لەبازنەی٥ پیاوێکیشی کاندید کردووە. کۆمەڵی دادگەری چوار کاندید دوو ژن و دووپیاو، هەرکاندیدێک بۆ بازنەیەک بێجگە لە بازنەی١ کە هیچ کاندێکی لەو بازنەیە نییە. زەحمەتکێشان دوو کاندید، بەرەی تورکمانی یەک کاندید، حیزبێکی تری عیراقیش سێ کاندید.
ئێستا ئەگەر بپرسین ئایا چی کاندیدێک ئەگەری دەرچونی هەیە و کام کاندید ئەگەری دەرچوونی مامناوەند یان زۆر لاوازە، ئەوا من پێموایە دەرئەنجامەکان بەنزیکەیی بەمجۆرە دەبن:
ینک زۆرترین کاندیدی دەردەچێت بەمجۆرە: هەشت کاندید ئەگەریان بەرزە و کاندیدەکانی تر ئەگەریان مامناوەند و لاوازە : ئەوانەی ئەگەر دەرچوونیان زۆرە بریتین لە: بازنەی١ (شاسوار ئەمین جەلال و نەرمین مەعروف غەفور)، بەڵام (دانا ئەحمەد مستەفا) ئەگەری دەرچوونی لاوازە و گرێدراوی هەندێ هاوکێشەیە وەک: لەم بازنەیە سێ پیاو دەردەچن، یەکێکیان (شاسوار ئەمین)ە، دووەمیان (ڕێبوار ئەورەحمان) لە نەوەی نوێ کە تاکە کاندیدیانە لەو بازنەیە، سێیەم (شوناس حسێن) کە ئەویش تاکە کاندیدی گۆڕانە، هەروەها بوونی (د.ڕێبوار کریم) وەک سەربەخۆ لەو بازنەیە و بەهۆی نزیکی لە (د.بەرهەم ساڵح) ئەوا هەم خۆی دەرناچێت و هەمیش ئەگەری دەرچونی (دانا ئەحمەد) لاواز دەکات.
لەبازنەی٢ ینک دوو کاندیدی پیاوی هەیە: (ئاسۆ فەرەیدون و بڕیار رەشید) ئەگەری دەرچوونیان بەهێزە، چونکە لەم بازنەیە دوو پیاو دەرئەچن و کێبرکێش لەنێوان ژنەکان بەهێزە نەوەک پیاوان، بۆنمونە نەوەی نوێ و کۆمەڵی دادگەری و پدک و گۆڕانیش کاندیدی پیاویان لەم بازنەیە نییە.
لەبازنەی٣ ینک یەک کاندیدی ژنی هەیە، گۆڕانیش هیچ کاندیدی نییە، هەروەها تەنها یەک کاندیدی ژن لە پدک کێبرکێی کاندیدەکەی ینک دەکات، بۆیە ئەگەری دەرچونی کاندیدەکەی ینک بەهێزە.
لەبازنەی٤ ینک دوو کاندیدی هەیە، کاندیدە پیاوەکە ئەگەری دەرچوونی بەهێزە، چونکە تەنها سێ پیاو لەم بازنەیە چانسیان زۆرە و لە بازنەکەش سێ پیاو دەردەچن، کاندیدێکی کۆمەڵ و کاندیدێکی گۆڕان، بەڵام بۆ کاندیدە ژنەکەی ینک کارەکە کەمێک قورسترە، هەرچەندە من پێموایە دەتوانێت دەربچێت بەڵام ململانێکەی کەمێک قوڕس دەبێت، چونکە هەم پارتی و هەمیش نەوەی نوێ بەتاکە کاندیدێکی ژن ململانێ دەکەن.
لەبازنەی پێنج بابەتەکە بۆ ینک و تەنانەت بۆ هێزەکانی تریش کەمێک ناڕوونە، ینک لەم بازنەیە سێ کاندیدی هەیە، ژنێک و دوو پیاو، یەکێک لە کاندیدە پیاوەکان(رزگار) ئەگەری دەرچوونی زۆرە چونکە تاکە کاندیدی (ینک) لە چەمچەماڵ، بەڵام کاندیدەکەی تر (کاروان) چەند هۆکارێک چانسەکەی کەم دەکەنەوە لەوانە (د.غالب) کە جەماوەرێکی زۆری لەگەرمیان هەیە، هەروەها (هۆشیار عومەر) کە تاکە کاندیدی گۆڕانە لەو بازنەیە، واتا بێجگە لەکەلار لە چەمچەماڵ و کفریشەوە لایەنگرانی گۆڕان دەنگی پێدەدەن، هەروەها کاندیدە ژنەکەی ینک دەکەوێتە ململانێی تاکە کاندیدی ژن لە کۆمەڵ، ئەمەش چانسی کەم دەکاتەوە، بەڵام لەلایەکی ترەوە بەهۆی ئەوەی پدک لەو بازنەیە دوو کاندیدی هەیە ئەوا ئەگەری دەرچوونی کاندیدە ژنەکەی کەمدەبێتەوە لە بەرژەوەندی کاندیدە ژنەکەی ینک.
لە لایەنەکانی تریش گۆڕان ئەگەری دەرچوونی هەر چوار کانیدەکەی بەهێزە، بەڵام هەندێ گرفت و ئاڵۆزی هەیە وەک: لەبازنەی١ (شوناس) دەکەوێتە ململانێی (ڕێبوار لە نەوەی نوێ) و (شاسوار و دانا لە ینک)، هەروەها لەوانەیە (د. ڕێبوار)ی نزیک لە بەرهەم ساڵحیش هەندێک دەنگ ببات ئەگەرچی من پێموایە کەمتر لە هەزار دەنگ دەبێت.
لەبازنەی٢ (رێزان احمد هەردی) ئەگەری دەرچوونی بەهێزە، بەڵام بەربەستی زۆریشی لەبەردەمە، چونکە لەم بازنەیە هەشت ژن کاندیدن کە زۆرترین ڕێژەی کاندیدی ژنە لەناو پارێزگای سلێمانی بەراورد بە هەر بازنەیەکی تر، هەروەها هەم پدک و هەم کۆمەڵ و هەمیش نەوەی نوێ هەریەکەیان تەنها یەک کاندیدیان لەم بازنەیە هەیە کە کاندیدەکەیان ژنە.
لەبازنەی٣ گۆڕان کاندیدی نییە.
لەبازنەی چوار تاکە کاندیدی گۆڕان (بەکر بایزە) هەرچەندە ئەگەری دەرچوونی زۆرە بەڵام بەهۆی ئەوەی چەند پۆستێکی کارگێڕی هەبووە هەم لەناو ینک و هەمیش لەناو گۆڕان، و تەنانەت ئێستاش قایمقامی پشدەرە، بۆیە ڕەخنە و گلەیی زۆری هاوڵاتیانی لەسەرە و ئەمەش ئەگەرەکەی کەمێک لاواز دەکات.
ناوچەی سەخت بۆ گۆڕان بازنەی پێنجە، لەم بازنەیە ینک دوو کاندیدی پیاوی هەیە، (د.غالب) وەکو کاندیدی سەربەخۆ کە ڕۆژێک گۆڕانبووە و زیاتر لە حیزبەکەی غەمی خەڵکی خواردووە، وائەکات زۆرێک لە دەنگەکانی گۆڕان ببات و دەرچوونی کاندیدەکەی گۆڕان (هۆشیار عومەر) لاواز بکات.
پارتی ئەگەری دەرچوونی تەواوی کاندیدەکانی لاوازە و من پێموایە هیچ کاندیدێکی لەم پارێزگایە دەرناچێت.
نەوەی نوێ پێموایە لە بازنەی چوار ئەگەرێکی هەیە بەڵام زۆر بەهێزنییە، ئەوەش چونکە کاندیدەکە (سروە عبدالواحید) خوشکی شاسوارە و ئەمەش خەڵک هاننادات بۆ دەنگپێدانی چونکە خەڵک واهەستئەکەن ئەو حیزبەش بووەتە بنەماڵەیی. هەروەها لە بازنەی١ ئەگەری دەرچوونی هەیە، بەڵام لە بازنەکانی تر ئەگەری دەرچوونی زۆر لاوازە.
کۆمەڵی دادگەری ئەگەری دەرچوونی دوو کاندیدی بەهێزە، ئەوانیش بازنەی٣(ئەحمەد حمەرشید) و بازنەی٤(سۆران عومەر)، لەبازنەی١ کاندیدی نییە و لەبازنەکانی ٢ و ٥ ئەگەری لاوازە.
تاکە کاندیدی سەربەخۆش کە ئەگەری دەرچوونی هەبێت بریتییە لە (د.غالب)، (سەرکەوت شمس الدین و د.ڕێبوار کریم) هەرچەندە لەکاندیدە سەربەخۆکانی تر زیاتر دەنگ ئەهێنن، بەڵام چانسی دەرچونیان نابێت. ئەوەی ماوەتەوە بیڵێم: هێزەکانی تر هیچ کاندیدێکیان دەرناچێت و یەکگرتوش هیچ کاندیدێکی لەم پارێزگایە نییە.