ئا: ئاوێنە
مەشقو راهێنانی هێزەكانی كۆماندۆو دژە تیرۆرو
تەقە كردنی هەڕەمەكییان، 8 گوندی نزیكی
تاسلوجەیان بێزارو هەراسان كردووە، خەڵكی ئەو گوندانە دەڵێن "ئێمە ژیانمان لەسەر
مەڕو ماڵاتەو ئەو هێزانە دێن بەهەڕەمەكی فیشەك دەنێن بەیاڵەکانی چواردەورمانەوەو
پوشو لەوەڕمان دەسوتێنن".
كاكە حەمە، كە كەسایەتییەكی ناسراوی گوندی
"قەمەرتلی" نزیك تاسلوجەیە لەپارێزگای سلێمانی، بەئاوێنەی راگەیاند ژیانیان
لێتاڵ بوە بەدەست ئەو هێزانەی كە رۆژانە دێن بەناوی مەیدان رەمییەوە بەئارەزوی خۆیان
تەقە لەپوشو لەوەڕگاكانیان دەكەنو زیانیان پێدەگەیەنن، ئەو وتی "گوندەكانی
قەمەرتلی، سورگا، پیسكەنی، قزلەر، هەردوو هەناران، سۆتكەو هەتا دەچێتەوە بۆ لای
كانی بەردینەو فایەڵ، تەواو بێزار بوین بەدەست تەقەكردنی ئەوانەی بەناوی كۆماندۆو
دژە تیرۆرەوە رۆژانە دێنو تەقە دەكەن، پار یەك تۆز لەو پوشو لەوەرگایانەمان دەرنەچوو
كە بژێویی ژیانمانی لەسەرە".
وتیشی "ئێستا با كاربەدەستان بێن سەیری بكەن
بزانن ئەمساڵیش تۆزێك لەوەڕمان ماوە خەریكە ئەویش دەسوتێنن، رۆژانە ئوتومبێلێك كە
چوار پێنج چەكداریان تیایە یان دوو ئوتومبێلو زیاتر دێن فیشەك دەنێن بەو یاڵەوەو
بۆ خۆیان دەڕۆنەوە، لەم رۆژانەدا ئاگر كەوتەوەو ئەفسەرێكیان نەیهێشت ئاگرەكەش بكوژێنینەوەو
وتی: ئەمە مەیدان رەمییە".
كاكە حەمە ناڕەزایی بەرامبەر بەوە دەردەبڕێت كە
بەبێ هیچ پلانێك پوشو لەوەڕی شەش هەزار دۆنم دەخرێتە مەترسییەوە بەناوی مەیدان رەمییەوە،
ئەو وتی "داوامان كردووە لیژنەیەك پێكبهیێنن تا شوێنێك بۆ مەیدان رەمی ئەوانو
لەوەڕی ئێمەش دیاریبكەن".
وتیشی "خۆ ئێمە دنیایامان دیوە لەسەردەمی
بەعسیش وا نەبووە، من تەمەنم 67 ساڵە زەمانی حكومەتی بەعس ئالەو گردەی پشت سەیتەرەكەی
كەڵەوانان مەیدان رەمی بو، ئێ بەخوا كە پوشو پەڵاش وشك دەبو، یەك تەقەیان نەدەكرد،
تەقەشیان بكردایە بەحەفارەو شۆفڵا گڵاو خۆڵیان هەڵئەدایەوەو فیشەك دەرنەئەچو تا
پوشو لەوەڕەكە بسوتێ، بەڵام ئێستا نەشوێنیان هەیە، نەمەكانیان هەیە هەر یەكەو دێو
تەقە ئەكاو ئەڕوات، پار بەكۆپتەریش ئەهاتن رەمیان ئەكرد، ئەی ئێمە هاوڵاتی نینو
كورد نین؟ ئێستا ئێمە چی بكەین بەدەست ئەم حاڵەوە؟".
كاكە حەمە ئەوەش روندەكاتەوە كە چەندین جار بەهۆی
تەقەی ئەو هێزانەوە ئاژەڵو وڵاخیان كوژراوەو شوانیان بریندار بووەو ساڵانە دەبێ
پارەیەكی زیاتر بدەن بەجۆ بۆ مەڕو ماڵاتەکەیان بەهۆی سوتانی پوشو لەوەڕەکەیانەوە،
ئەمە جگە لەوەی خانوەكانیان بەهۆی بەهێزیی تەقینەوەكانەوە زۆربەیان درزیان تێبوەو
تەقیون، ئەو وتی "ئەمە حاڵ نییە ئێمەی تیاین چۆن ئاوا ئیدارە ئەكەین؟! پێرێ
خەریكبو شوانەكەمان بكوژرێ، وامان لێهاتووە چۆڵی بكەین، دو ساڵە خەریكینو لایەنە
پەیوەندیدارەكانمان ئاگادار كردوەتەوە، بەڵام تا ئێستا هیچ شتێكمان بۆ كۆتایهێنان
بەم دۆخە بۆ نەكراوە".
وتیشی "دێن تەقینەوە دەكەن، بەدۆشكە تەقە
دەكەن، بەقەناس تەقە دەكەن، وەختی وایە بەیانی دێن وەختی وایە عەسر دێن، یەكێك دەڵێت
من كۆماندۆم یەكێك دەڵێت ئێمە دژە تیرۆرین یەكێك دەڵێت عایدی فڵانە كەسین، ئێستا
هاتبون لەو پشت یاڵەوە تەقەیان دەكرد پێنج شەش ئوتومبێل بون، ئێمەش نازانین قسە لەگەل
كێ بكەین؟ لەوەڕێكمان هێشتبۆوە پێریو بەسرپێرێ چون ئاگریان پێوە ناوەو سوتانویانە".
ئەم جوتیارە داخی ئەوەیەتی كە لەوەتەی هەن خەڵكی
ئەم گوندانە لەخزمەتی شۆڕشو پێشمەرگەدا بون، بەڵام ئێستا كەس گوێیان لێناگرێ، ئەو
وتی "ئاخر ئەم حاڵمان بێت چۆن دەنگتان بۆ بدەین؟ بۆ ناچن بۆ ئەو خڕەی پشتمان
بەشۆفڵ هەڵبدەنەوەو بیكەن بەمەیدان رەمی، نەئەكێلرێو نەكشتوكاڵی تیا ئەكرێ، پێنج
كیلۆمەتر ئەبێ نەلەوەڕی تیایەو لەنێوانی دو سێ دێشدا هەڵكەوتووە، بۆچی واز لەئێمەی
هەژار ناهێنن كە بەو مەڕو ماڵاتە دەژین؟!".

مانگایەک کە پێرێ لەقەمەرتلی بەهۆی تەقەوە کوژراوە