ئا: ئاوێنه
ئەمڕۆ رێكخراوی داعش گرتەی ڤیدیۆیی (جەلال بابان)ی بڵاوكردەوە كە پۆلیسە و دانیشتووی ناحیەی ڕزگاری گەرمیانە، بابان جەلال بابان، لە بنەڕەتدا خەڵكی گوندی نارینی سەر بە ناحیەی قەرەتەپەی پارێزگای دیالەیە، ساڵ و نیوێك لەمەوبەر لەگەڵ ئامۆزایەكیدا بەناوی حەسەن والی لەگوندەكەی خۆیان لەلایەن داعشەوە ڕفێنران، دوای دوو مانگ حەسەن ئازاد كرا، بەڵام جەلال لەوكاتەوە چارەنوسی نادیارە.
زیاد فایەق ئامۆزای جەلال بابان رایگەیاند دوای دوو مانگ لە ڕفاندنی جەلال و ئازادكردنی ئامۆزاكەی تریان، داعش لە ڕێگەی ژمارە موبایلی نەناسراوەوە و لە زنجیرە چیای حەمرینەوە تەلەفۆنیان بۆ كردون، پێیانوتون "جەلال پۆلیسەو مەرجیان هەیە بۆ ئازاد كردنی".
مەرجی چەكدارانی داعش بۆ ئازادكردنی جەلال ئەوەبوو، كەسوكاری جەلال هەوڵی ئازادكردنی ژنێكی ئێزدی بدەن، گوایە هاوسەری یەكێك لەئەمیرەكەیانەو لای دەزگا ئەمنیەكانی هەولێرە.
ئەو ژنەی داعش لەبەرامبەر ئازادكردنی جەلالدا داوایان دەكرد، ناوی (ح ، م) ەو لەكاتی هێرشی داعشدا بۆ سەر شەنگال كەوتبووە دەست ئەو ڕێكخراوە، دواتر یەكێك لەئەمیرەكان لەخۆی مارەی بڕیوەو پێكەوە چوونەتە سوریا.
دوای شكستهێنانی داعش لەسوریا، ئەمیرەكەی داعشو ژنەكە گەڕاونەتەوە بۆ عێراقو لەیەك دابڕاون، دواتر ژنەكە بەناسنامەی ساختەوە لەهەولێر دەستگیركراوەو زیاتر لەساڵێك زیندانی بووە.
زیاد فایەق، ڕوونیكردۆتەوە ئەمیرەكەی داعش، ژنە ئێزدیەكەی بەهاوسەری خۆی ناو بردوەو لەبەرامبەر ئازادكردنی جەلالدا داوایكردووە، ئەو وتی "ئێمەش هەوڵەكانمان خستەگەڕ بۆ ئازادكردنی ژنەكە، تا داعش جەلالمان بداتەوە، فرسەت سۆفی پارێزگاری كۆچكردووی هەولێر زۆر هاوكارمان بوو، ژنەكەمان ئازاد كرد"، بەڵام بەپێی وتەی زیاد، دواتر ئەمیرەكەی داعش لەبەڵێنەكەی پاشگەز بووەوە، لەبەرامبەر ڕادەستكردنی جەلالدا، داوای دەكرد ژنەكەی ڕادەست بكرێت.
فایەق ئاماژەی بەوە كردوە "دەزگا ئەمنیەكان وتیان هیچ یاسایەك و تەنانەت ڕێكخراوە نێودەوڵەتیەكانیش ڕازی نابن، لەبەرامبەر ئازادكردنی كەسێكدا، ژنێكی ئێزدی بدرێتەوە داعش، ڕاستیشیان كرد، ئەوە نەدەكرا، بۆیە ژنەكە ڕۆیشتەوە بۆ نێو خانەوادەكەی، گفتووگۆكانمان لەگەڵ داعش سەرینەگرت، چونكە ئەمیرەكە سەرەتا داوای ئازادكردنی ژنەكەی كرد، ئێمە ئازادمان كرد، دواتر پاشگەز بووەو داوای دەكرد ژنەكەی ڕادەست بكرێت".
زیاد وتیشی "داعش ٦ مانگ لەمەوبەر جەلالی كوشتووە، بەڵام ئەمڕۆ ڤیدۆكەی بڵاو كردۆتەوە".
رێكخراوی داعش، له ناوهڕاستی 2014دا دهستیگرت بهسهر موسڵ و دواتر قهزاكانی تری نهینهوا وهك شنگال، له زێدی ئێزیدییهكاندا زیاتر له شهش ههزار هاوڵاتی بهدیل گرت، زۆرینهیان ژنان بون و وهك كۆیلهی جهنگ مامهڵهی لهگهڵدا كردن.